ژنێک لە دارگێلاس

 

پشکۆ نەجمەدین

 پێشکەشە بە تۆ کە پێت خۆش بوو بۆ تۆ بێ

 

''پێم خۆشه‌ میوانی من بیت

هه‌میشه‌ جیرانی من بیت''  فۆلکلۆر

 

 

میوانم به‌!

له‌ به‌فرستانی مه‌نفادا، شاری تیشکین، شاری شیعر،

له‌وێنده‌رێیه‌ ماڵی من!

له‌ شه‌قامی ئه‌و په‌یڤانه‌ی له‌نێو رۆحمدا  هه‌ڵده‌فڕن،

ماڵێک هه‌یه‌ به‌ ناوی ژن!

ئادرێسی من:

کوچه‌ی باران،

 ته‌لارێک به‌ ڕه‌نگی ڕووبار،

نهۆمێک دراوسێی هه‌ور،

ده‌رگایه‌ک به‌ ده‌نگی ئه‌شق و

 ڕاڕه‌وێک له‌ بۆنی مێخه‌ک

له‌وێنده‌رێیه‌ ماڵی من.

 

به‌ربه‌یانێک میوانم به‌

که‌ په‌نجه‌ره‌ په‌لی تیشکێک ده‌کێشیته‌ ژێر پێخه‌ف و

په‌نجه‌کانی یاریی به‌ ژێی دڵم  ده‌که‌ن.

میوانم به‌!

له‌ ماڵێکی گه‌رموگوڕی بێئاگردا،

له‌ ماڵێکی تیشکباری بێچرادا

ماڵێک، ساپیته‌ی شه‌به‌نگ و

دیواری ‌ چلچرای خه‌ون!

 

میوانم به‌!

ساتێ مه‌نفا له‌نێو به‌فردا خه‌وتووه.‌

ساتێ به‌فر بۆ ساتێکیش چاو لێک نانێ!

به‌فر خانه‌خوێیه‌کی نانبده‌،

به‌فر کابانێکی ده‌ستته‌ڕ

به‌فر به‌وه‌فاتر له‌ پاشاکانی نیشتمان،

به‌فر به‌ئه‌مه‌کترین دۆستی من و

 گه‌رمترین کفنی شه‌هید!

 

له‌ ماڵی مه‌نفادا

له‌ ماڵی به‌فردا

له‌ ماڵی باراندا

له‌ ماڵی شیعردا

له‌ ماڵی شه‌هیددا

ئێمه‌ میوانێکی خاوه‌نماڵین.

 

 

زه‌رده‌په‌ڕێک میوانم به‌

من، تۆ، شه‌هید و به‌فر و شه‌ڕه‌تۆپه‌ڵ..

من، تۆ، شه‌هید و شیعر و  سه‌ماکانی زۆربا!

من و تۆ و ماڵێک، خه‌مه‌کانی له‌ یادگارییه‌کانی شه‌هید،

خه‌نده‌کانی له‌ زه‌رده‌ی سه‌رلێوی  به‌فر.

 

میوانم به‌

 تۆ ئه‌ی دارگێلاسی ڕۆحم!

  ئه‌گه‌ر نا، من به‌م ئادرێسه‌ میوانتم:

 

به‌فرستانی مه‌نفا

شاری شیعر

شه‌قامی ژن

کوچه‌ی باران

ئه‌پارتمانی رووبار و

نهۆمێک دراوسێی هه‌ور..

ئه‌مه‌ ماڵی خه‌ونه‌کانی من و تۆیه‌!

 

ئاپریڵی   ٢٠٠٦