چاپێکی نوێی دیوانی مامۆستا سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
سه‌ید کامیل ئیمام زه‌نبیلی (کامیل شا)، "شاری دڵ- دیوانی ئاوات"، ئاماده‌کار سه‌ید جه‌عفه‌ر ئیمام زه‌نبیلی، پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د مه‌ولانی و سه‌لاحه‌ددین ئاشتی. چاپی ئانا، تاران 1392(2013)، ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه کتێبی کانی (سنه) و فه‌رهه‌نگ سه‌رای هونه‌ر و ئه‌ندیشه (سه‌قز)، کوردی و فارسی، 463 لاپه‌ڕه.
خوێنه‌ری به‌ڕێز، ماوه‌ی زیاد له ساڵێکه به شێنه‌یی خه‌ریکی ساغ کردنه‌وه، نووسینه‌وه و په‌راوێز نووسین بۆ شیعره‌کانی دیوانی شاعیری به‌رپرسی کورد مامۆستا سه‌ید کامیلی ئیمام زه‌نبیلی (ئاوات)م و بنه‌مای کاره‌که‌م له سه‌ر ئه‌ساسی دیوانی شاعیر چاپی ڕێزدار سه‌یید نه‌جمه‌ددین ئه‌نیسی داناوه که تاقه سه‌رچاوه‌ی به‌رده‌ستم بوو. ئه‌م کاره‌م تا ئێستا بۆ 30 پارچه شیعری ناو دیوانی شاعیر به‌ڕێوه‌بردووه و هه‌ر مانگه‌ی یه‌ک دوو به‌شی کاره‌که‌م له سه‌ر ماڵپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵات- بۆکان بڵاو کردۆته‌وه که ئێستا له‌به‌ر ده‌ستدایه و ده‌توانرێت سه‌یر بکرێن. نزیکه‌ی مانگێک پێش ئێستا ڕێزدار که‌ریم ئێلخانی ئیمه‌یلێکی بۆ ناردم که تێیدا نووسیبووی دیوانێکی تازه‌ی ئاوات به هیممه‌تی ڕێزدار سه‌ید جه‌عفه‌ر ئیمام زه‌نبیلی کوڕی مامۆستا سه‌ید کامیل و به یارمه‌تی دوو شاره‌زای دیکه‌ی شیعره‌کانی ئاوات چاپ کراوه و له ناوخۆی وڵاته‌وه دوو نوسخه‌یان بۆ ئه‌و ناردووه که ده‌توانێت یه‌کیان بۆ من بنێرێت. به بیستنی هه‌واڵه‌که گه‌لێک خۆشحاڵ بووم و تکام له خزمه‌ت کاک که‌ریم کرد گه‌وره‌یی بکات و زه‌حمه‌تی ناردنیم بۆ بکێشێت. له ماوه‌ی سێ ڕۆژدا چاوم به دیتنی کتێبه‌که ڕوون بووه‌وه و هه‌ر لێره‌دا سپاسی گه‌وره‌یی ئه‌و براده‌ره خۆشه‌ویسته ده‌که‌م بۆ دیارییه به‌نرخه‌که‌ی. پێش چاوپێکه‌وتنی ئه‌م دیوانه نوێیه، وه‌ک گوتم، تاقه سه‌رچاوه‌ی به‌رده‌ستی من چاپی یه‌که‌می دیوانی ئاوات بوو که به هیممه‌تی مامۆستا سه‌ید نه‌جمه‌ددینی ئه‌نیسی له تاران و له بارودۆخێکی خراپی سیاسیی ساڵی 1365 (1986) دا چاپ کراوه. دیاره له‌و ساڵانه‌دا کۆماری خومه‌ینی ته‌نیا به زمانی گولـله‌ی پاسدار و به‌سیجی و ئه‌ڕته‌ش له‌گه‌ڵ کورد ده‌دوا و که‌س نه‌یده‌توانی چاوه‌ڕوان بێت کوردێکی وه‌ک مامۆستا ئه‌نیسی له بنی مه‌نجه‌ڵ بدات و هه‌موو ئه‌و شتانه سه‌باره‌ت به شیعری بنووسێت که خوێنه‌ری دیوان چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد. هه‌ر بۆیه‌ش دیوانه‌که هه‌م له باری ڕوونکردنه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی خوڵقانی به‌شێکی به‌رچاو لهشیعرهکان ناته‌واو بوو و هه‌م له‌باری تێکنیکی و تایپ و ههڵهبڕییهوه. من زوربه‌ی ئه‌و هه‌ڵه وپهڵانهم بۆ ئه‌و سه‌رده‌م و ئه‌و بارودۆخه ناله‌باره به ئاسایی ده‌زانی و هه‌ر بۆیه‌ش له‌گه‌ڵ ساغکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کاندا هه‌رگیز خه‌تام نه‌خسته سه‌ر شانی مامۆستا ئه‌نیسی و ئێستاش هه‌ر نایخهم هیچ، سپاسی زۆری ده‌که‌م بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ی کردی و شیعره‌کانی ئاواتی بۆ پاراستین به شێوه‌یه‌ک که ڕێزدار سه‌ید جه‌عفه‌ر و که‌سانی دیکه‌ش بتوانن له سه‌ر بنه‌مای کاره‌که‌ی ئه‌و دیوانێکی ڕێک وپێکتر و شیاوی شاعیری مه‌زنی گه‌له‌که‌مان پێک بهێنن. دیاره ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که به‌شێک له‌و ناته‌واوییانه به تایبه‌ت کێشه‌ی تێکنیکی، ده‌کرا له دوو چاپی ساڵانی دواتری دیوانه‌که‌دا چاره‌سه‌ر بکرایه‌ن که له‌ڕێگه‌ی سه‌ره‌تای کاک جه‌عفه‌ره‌وه ده‌زانم نه‌کراون. دیوانی نوێی چاپی ئاغا سه‌ید جه‌عفه‌ر به‌شێکی زۆری ئه‌و ناته‌واوییانه‌ی ته‌واو کردووه و خوێنه‌ر به متمانه‌ی زیاتره‌وه ده‌توانێت بڕوانێته ده‌قی شیعره‌کان و بۆ نموونه خه‌می هه‌ڵه‌ی تایپی زۆر نه‌بێت؛ به تایبه‌ت که دوو شاره‌زای شیعری کوردی و ناسیاوی نزیکی مامۆستا سه‌ید کامیل واته به‌ڕێزان ئه‌حمه‌د مه‌ولانی و سه‌لاحه‌ددین ئاشتی پێیدا چوونه‌ته‌وه و به سێ قۆڵی به‌رهه‌مێکی به‌نرخیان خستۆته به‌ر ده‌ستی ئه‌ویندارانی شیعری کوردی؛ سه‌ره‌تا پوخت و پاراوه‌که‌ی مامۆستا هه‌ژاریشیان که بۆ دیوانی چاپی ئه‌نیسی نووسرا بوو له سه‌ره‌تادا هێناوه‌ته‌وه. له ڕوانگه‌ی منه‌وه لایه‌نی گرنگی چاپی دیوانی نوێ بریتین له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه: یه‌که‌م، هه‌ندێک شیعری کوردی و فارسی تێدا بڵاو کراوه‌ته‌وه که له دیوانه‌که‌ی پێشوودا نین (دیاره پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته و من له خواره‌وه ئاماژه به‌هه‌ردووکیان ده‌که‌م). بۆ ئه‌م کاره، هه‌موو شیعره‌کانم به‌رانبه‌ر یه‌ک داناون بۆ ئه‌وه‌ی بزانم کام پارچه شیعر له کامیاندا هه‌یه و له‌وی دیکه‌دا نییه. که‌م وزۆریی فه‌رده‌کانی هه‌رکام و جیاوازیی نێوانیان له کاتی خۆی و ئه‌و ده‌مه‌ی وا شیعره‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنم، ده‌خه‌مه ڕوو. با سه‌ره‌تا چه‌ند به‌راوردکارییه‌ک له نێوان دوو چاپی ئه‌نیسی و سه‌ید جه‌عفه‌ردا به‌ڕێوه‌به‌رم:
خشته‌ی ژماره 1، ژماره‌ی شیعره کوردییه‌کان به گوێره‌ی چه‌شنایه‌تی شیعر:
*قصیده. ** نامه‌ی که‌سانی تر بۆ ئاوات له‌م خشته‌یه‌دا حیسابی بۆ نه‌کراوه.
خشته‌ی ژماره 2، ژماره‌ی شیعره فارسییه‌کان به گوێره‌ی چه‌شنایه‌تی شیعر:
*له هه‌ردوو دیوانه‌که‌دا ته‌نیا غه‌زه‌ل و ڕوباعی له‌یه‌کتر جیا کراونه‌ته‌وه. وێده‌چێت شیعره فارسییه‌کانی ئاوات ته‌نیا له‌و دوو شێوازه‌دا گوترابێتن.
خشته‌ی ژماره 3، سه‌رجه‌م ژماره‌ی شیعره‌کان:
چه‌ند به‌راوردکارییه‌کی وردتر:
*ئه‌م به‌شه له هه‌ردوو دیوانه‌که‌دا ئاڵۆزه و شیعری خه‌ڵکانی دیکه‌ی تێکه‌ڵ کراوه که ده‌بێ لێکیان جیا بکه‌مه‌وه؛. دواتر له درێژه‌ی کاردا پێیان راده‌گه‌م. دووهه‌م، له‌م دیوانه‌دا، ساڵی گوترانی هه‌موو شیعره‌کان له کۆتاییاندا نووسراوه و ئه‌وه یارمه‌تی که‌سانێک ده‌دات که ده‌یانه‌وێت بزانن شێعره‌که له چ ساڵێکدا گوتراون بۆئه‌وه‌ی بیبه‌نه‌وه سه‌ر بارودۆخی سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌مه‌که؛ ئیتر بۆ یه‌کی وه‌ک من که به پێی توانا هه‌وڵی هه‌ڵسه‌نگاندنێکی شێعره‌کانیش ده‌دات، هه‌ر نرخیان ته‌واو نابێت؛ سێهه‌م، بۆنه، واته موناسه‌به‌تی گوترانی هه‌ندێکی زیاتر له شیعره‌کان له په‌راوێزدا ڕاگه‌یێنراوه که ئه‌وه ئه‌گه‌ر باڵی به سه‌ر پاشماوه‌ی شیعره‌کانیشدا بکێشایه ده‌بووه کارێکی مه‌زن به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و زه‌حمه‌ته به ته‌واوه‌تی نه‌کێشراوه. به بۆچوونی من هۆکاری ئه‌م ناتهواوییهش هه‌ر بارودۆخی سیاسی ئێران و زاڵبوونی دیکتاتۆریه‌تی مه‌لاکان به‌سه‌ر کوردستانه‌وه‌یه. که‌س ناتوانێت دڵنیا بێت ئه‌م دیوانه شیعرییه له پێداچوونه‌وه‌ی ئیداره‌ی نگریسی سانسۆری کۆماری ئیسلامی‌دا، که ئێستا لقی له شاره کوردییه‌کانیشدا کراوه‌ته‌وه، چی به‌سه‌ر هاتووه و کام به‌شی لابراوه و کام به‌شی دیکه‌ی گۆڕاوه[1]؛ چواره‌م، هه‌موو پارچه شیعرێک ته‌قتیعی عه‌رووزی کراوه و کێشی شێعره‌که له په‌راوێز دا ڕاگه‌یێنراوه. ئه‌م کاره گه‌لێک به‌جێیه و گه‌رچی واهه‌یه خوێنه‌رانی لاو که مێشکیان به شیعری نوێ زاخاو دراوه گرنگیی ئه‌وتۆی پێنه‌ده‌ن، به‌ڵام به هۆی ئه‌و ڕاستییه‌وه که شیعره‌کان سه‌رجه‌م کلاسیکن و له به‌حری عهرووزییدا گوتراون، پێداویستییه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره و ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌یانکردایه، که‌سانی دیکه ده‌بوو بیکه‌ن؛ پێنجه‌م، شیعره‌کان دوای ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی چه‌شنایه‌تی شیعر واته غه‌زه‌ل و مه‌سنه‌وی و پێنج خشته‌کی و ته‌رکیب به‌ند و... ڕێک خراون، ئینجا به حیسابی پیتی ئهلف و بێی کۆتایی میسراع و فه‌رده‌کان به‌شوێن یه‌کتردا هاتوون، له کاتێکدا شیعره‌کانی چاپی مامۆستا ئه‌نیسی له سه‌ر بنه‌مای ناوه‌رۆک ڕێک خراون و ته‌رتیبی ئهلفباییان تێدا نه‌گیراوه‌ته به‌رچاو؛ ئه‌و ڕێکخستنه نوێیه له بارێکه‌وه باشه که خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌پێی ئهلف و بێ هه‌موو شیعره‌کان له شوێنی خۆیاندا بدۆزێته‌وه. به‌ڵام له سه‌رێکی دیکه‌وه باش نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سانێک که بیانه‌وێ بزانن بۆ نموونه شیعری ئایینی یان سیاسی یان غه‌رامیی ئاوات کامانه‌ن، له دیوانه تازه‌که‌دا ده‌بێ هه‌موو شیعره‌کان یه‌که یه‌که بخوێننه‌وه. دیاره دیوانی چاپی ئهنیسیش ته‌نیا شیعره ئایینییه‌کانی له سه‌ره‌تادا هێنابوو و ئه‌وانی دیکه لێک جیا نه‌کرابوونه‌وه. من به نیازم له کۆتایی کاره‌که‌ی خۆمدا شیعره‌کان سه‌ره‌تا به پێی ناوه‌رۆک لێک جیا بکه‌مه‌وه پاشان له هه‌رکام له‌و به‌شانه‌دا غه‌زه‌ل و ته‌رجیع به‌ند و چوارینه و... جیاواز له‌یه‌ک و به شوێن یه‌کتردا بهێنم یان پێرستێکی مه‌وزووعی بۆ شیعره‌کان دروست بکه‌م که یارمه‌تیده‌ری خوێنه‌ر بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی شیعر یان بابه‌تی دڵخواز، به‌ڵام جارێ با کاری هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان ته‌واو بکه‌م و لێیان دڵنیا بم کامیان کامه‌ن، ئینجا ئه‌و جیاکردنه‌وانه له کاتی چاپی دیوانه‌که‌دا ئه‌سته‌م نابێت. شه‌شه‌م، له دیوانی چاپی جه‌عفه‌ردا دوو چه‌شنه پێرست بۆ شیعره‌کان ئاماده کراوه، یه‌کیان به گوێره‌ی عینوانی شیعره‌کان و ئه‌ویتر له ڕێگه‌ی چاپی یه‌که‌م میسراعی یه‌که‌م فه‌رده‌وه. دیوانی چاپی ئه‌نیسی ته‌نیا یه‌ک پێرستی هه‌بوو ئه‌ویش به گوێره‌ی عینوانی شیعره‌کان و ئه‌وه‌ش گرفتێکی بۆ خوێنه‌ر دروست ده‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عینوانه‌کان شاعیر خۆی داینهناون و، وه‌ک له سه‌ره‌وه گوتم، به سه‌لیقه‌ی هه‌ردوو ئاماده‌کاری دیوانه‌کان دانراون له ئه‌نجامدا زۆرێک له شیعره‌کان بوونه‌ته خاوه‌نی دوو عینوان که ده‌توانێ سه‌ر له خوێنه‌ر بشێوێنێت؛ بۆ نموونه کاری منیان ئه‌سته‌متر کردۆته‌وه و بۆ کاری بهراوردکارییهکهم ناتوانم پشت به پێرستی عینوانه‌کان ببه‌ستم که یه‌کده‌ست نین، به‌ناچار ده‌بێ یه‌که یه‌که سه‌ردانی هه‌موو شیعره‌کان بکه‌م. دیاره گوڵی بێ دڕوو که‌مه و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو کاره چاکه‌ی وا بۆ چاپی تازه‌ی کتێبه‌که کراوه، هه‌ندێک ناته‌واویی به‌رچاویشی تێدا ده‌بینرێت که نابێ ده‌ست نیشان نه‌کرێن: 1. په‌راوێزی پێویست بۆ شیعره‌کان نه‌نووسراوه؛ بۆ نموونه شوێن هه‌ڵگرتنی شاعیر له شاعیرانی دیکه پشت گوێ خراوه. ئاوات کارتێکه‌ریی گه‌لێک شاعیری کورد هه‌ر له نالییه‌وه تا گۆران و شاعیرانی فارس له نیزامی و سه‌عدی و حافزه‌وه تا لاهووتی و ڕههی موعهییری له‌سه‌ره و به‌شێک له شێعره‌کان له ژێر ئه‌و کارتێکه‌ریی ئه‌واندا گوتراون. کاک جه‌عفه‌ر و دوو هاوکاره‌که‌ی واهه‌یه باشترین که‌سان بوایه‌ن بۆ ده‌ست نیشان کردنی ئه‌و ته‌ئسیراته؛
2. هیچ ته‌فسیرێک بۆ زوربه‌ی شیعره‌کان نه‌نووسراوه و خوێنه‌ر زۆرجار به‌تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی وا موناسه‌به‌ی گوترانی شیعره‌کانیش ڕانهگهیێنرابێت، نازانێت و ناتوانێت په‌یوه‌ندیی بابه‌ت و ڕووداوه‌کان به‌یه‌که‌وه بدات. بۆ نموونه له شیعری "بۆ پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست" دا خوێنه‌رێکی ئاسایی وه‌ک من نازانێت ئه‌و شیعره بۆ چوونه حه‌جی خۆی گوتراوه یان بۆ که‌س و کار و دۆست و براده‌رێکی که تازه له سه‌فه‌ری حه‌ج گه‌ڕاونه‌ته‌وه. گه‌لێک باشتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر کوڕ، یان ئه‌و دوو دۆسته نزیکه‌ی شاعیر ئه‌و راستییانهیان بۆ خوێنه‌ری شیعره‌کان ده‌ربخستایه. ئاوات له ناو شاعیرانی مه‌کته‌بی موکریان‌دا تاقه که‌سێکه که شیعری زۆری بۆ بنه‌ماڵه و که‌س وکاری خۆی گوتووه، دیاره به‌شێکیان ڕوونن یان ڕوون کراونه‌ته‌وه و ده‌زانرێت بۆ کێ گوتراون (باوک و مامی شاعیر یان عهلیشای برای، سه‌ید ئه‌نوه‌ری برازای و سه‌ید عه‌بدولقادری ئامۆزای)، به‌ڵام زۆرێکی دیکه‌یان له خوێنه‌ر ئاشکرا نین و باشتر بوو نه‌هێڵن شته‌که له تاریکیدا بمێنێته‌وه؛
3. وه‌ک له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م پێ‌کرد، کێشه‌یه‌ک له سه‌ر عینوانی شیعره‌کان دروست بووه ئه‌ویش به‌و بۆنه‌یه‌وه که وێده‌چێت شاعیر خۆی عینوانی بۆ هه‌موو یان به‌شێک له شیعره‌کان دانه‌نابێت و ئاماده‌کاری دوو دیوانه‌که له سه‌ر زه‌وق و خواستی خۆیان عینوانی جیاوازیان بۆ شیعره‌کان داناوه. بۆ نموونه شیعری "نه‌ته‌نیا به‌نده‌یی...." له دیوانی چاپی ئه‌نیسیدا (لاپه‌ڕه 26) عینوانی "غه‌وغای مه‌حشه‌ر" ی پێ دراوه، له کاتێکدا هه‌مان شیعر له دیوانی چاپی جه‌عفه‌ردا (لاپه‌ڕه 176) عینوانی "باڵای مه‌وزوون" ی هه‌یه. من لام وایه ئه‌گه‌ر شاعیر خۆی عینوانی بۆ شیعره‌که‌ی دانه‌نابێت باشتره ئێمه‌ش خۆ له‌و کاره سه‌لیقه‌ییه بپارێزین و لێ بگه‌ڕێین خوێنه‌ر به‌گوێره‌ی سه‌لیقه و ڕوانینی خۆی شیعره‌که بناسێت؛
4. شیعری ته‌رجه‌مه کراو له شیعره‌کانی شاعیر جیا نه‌کراونه‌ته‌وه و ئه‌وه یه‌ک له ناته‌واوییه گه‌وره‌کانی هه‌ردوو دیوانی ئاواته. مامۆستا سه‌ید کامیل، وه‌ک زوربه‌ی زۆری شاعیرانی هاوچه‌رخی کورد له موکریان، چاوی به شیعری فارسی پشکووتوه و له حوجره‌دا به ده‌رس خوێندبوویهتی و هه‌ر له شاعیرانی سه‌ده‌کانی پێشوو وه‌ک مه‌وله‌وییه‌وه هه‌تا شاعیری هاوچه‌رخی وه‌ک په‌رته‌وی کرماشانی، کارتێکه‌رییان له سه‌ر به‌شێک له به‌رهه‌مه‌کانی هه‌یه. هه‌ندێک جار کار به شوێن هه‌ڵگرتنێکی ساکاریش ته‌واو نه‌بووه و مامۆستا به‌شێک له شیعره‌کانی ئه‌وانی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر کوردی. به داخه‌وه له دیوانی تازه‌شدا وه‌ک ئه‌وی پێشتر، سه‌رنج نه‌دراوه‌ته ئه‌و خاڵه گرنگه و له ئه‌نجامدا بۆ نموونه، شیعری شه‌ونم (لاپه‌ڕه 28) به شێوه‌یه‌کی ئاسایی له به‌شی غه‌زه‌له‌کان و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا هاتووه به‌ڵام له داوێنی لاپه‌ڕه‌که‌دا نووسراوه "وه‌رگێڕاوی شیعری په‌رته‌وی کرماشانی"! که‌وابوو ئه‌و شیعره هی ئاوات نییه و ته‌نیا له به‌شی ته‌رجه‌مه‌دا جێی ده‌بێته‌وه، به‌شێک که ده‌بوایه پێک بهاتبایه- وه‌ک چۆن له کتێبی 'بۆ کوردستان' ی مامۆستا هه‌ژاردا به‌شی ته‌رجه‌مه جیاواز له شیعری خۆی پێک هێنراوه.
ده‌زانم یه‌ک له که‌م و کورتییه‌کانی ئه‌م کاره‌ی ئێستای منیش ئه‌وه ده‌بێت که ناتوانم به ته‌واوه‌تی شیعره وه‌رگێڕاوه‌کانی ناو دیوانه‌که ده‌ست نیشان بکه‌م. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی که له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێکیاندا هه‌ست ده‌که‌م ده‌قی فارسییانم بینیوه یان ته‌عبیری وای تێدا به‌کار هاتووه که پێم وایه له فارسی وه‌رگیراون به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێیان دڵنیا نیم و ده‌ره‌تانی ته‌واوم بۆ ناسینه‌وه و جیاکردنه‌وه‌یان نییه، واهه‌یه به‌سه‌ریاندا تێبپه‌ڕم. سه‌د خۆزگه ئاغا سه‌ید جه‌عفه‌ر و هاوکاره‌کانی به یارمه‌تی شاره‌زایانی دیکه‌ی شیعری فارسی ئه‌و ئه‌رکه‌شیان ڕاپه‌ڕاندایه و نه‌یانهێشتایه خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کاندا دڵ کرمێ بێت و نه‌زانێت کامیان ئه‌سڵ و کامیان ته‌رجه‌مه‌ن. هیوادارم له چاپه‌کانی دواتری کتێبه‌که‌دا ئه‌و ناته‌واوییه نه‌هێڵن، ده‌نا ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین له داهاتوودا خه‌ڵکانی دیکه به‌و ئه‌رکه هه‌ستن.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌و پێداویستییه‌ش تاقه یه‌ک نموونه ده‌هێنمه‌وه گه‌رچی نموونه‌ی دیکه‌ش زۆرن: شیعرێک به‌م مهتلهعهوه له هه‌ردوو دیوانه چاپکراوهکهدا هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی ڕایبگه‌یێنن ته‌رجه‌مه‌یه: "نه ته‌نیا به‌نده‌یی باڵایی مهوزوونت سنه‌وبه‌ر بوو، عه‌له‌م بوو، سه‌رو بوو، هه‌م نه‌یشه‌که‌ر بوو، نه‌خلی نه‌وبه‌ر بوو..." (لاپه‌ڕه 26 ی چاپی ئه‌نیسی و 176 ی چاپی جه‌عفه‌ر) له کاتێکدا ئه‌و شیعره له فارسییه‌وه وه‌رگێڕراوه‌ته سه‌ر کوردی و فارسییه‌که‌ی هی شاطر عباس صبوحی (1315 – 1275 ک) شاعیری خه‌ڵکی قوم و تارانه و ئه‌وه‌ش مهتلهعیهتی: "نه تنها بنده بالای موزونت صنوبر شد علم شد، سروبن شد، نیشکر شد، نخل نوبر شد..."
هه‌ر چۆنێک بێت، چاپی تازه‌ی دیوانی ئاوات ڕووداوێکی گرنگه و من به‌م بۆنه‌یه‌وه پیرۆزبایی و ماندوو نه‌بینی له کاک جه‌عفه‌ر و هاوکاره‌کانی ده‌که‌م. ئێستا به بڵاوبوونه‌وه‌ی دیوانه‌که، ئه‌رکی من له درێژه‌ی کاره‌که‌دا زیاتر ده‌بێت و لێره به‌دواوه ده‌بێ به‌راوردی هه‌ردوو نوسخه‌که پێکه‌وه بکه‌م. ئه‌گه‌ر دوای دیتنی دیوانه تازه‌که هه‌ستم بکردایه چیتر پێویست به کار وه هه‌ڵسه‌نگاندن و واتاکردنهوهکانی من نییه هه‌ر لێره‌دا کۆتاییم به کاره‌که‌م ده‌هێنا به‌ڵام نایشارمه‌وه که پێموایه هێشتا پێداویستی بۆ ئه‌و چه‌شنه کاره هه‌ر هه‌یه و ده‌بێ به گوێره‌ی توانا و له په‌راوێزی کاری ئه‌و چوار مامۆستایه‌دا هه‌ندێک قسه‌ی نه‌گوتراو و ڕاستیی شاراوه‌ی ناو شیعره‌کان ده‌ربخه‌م- کارێک که واهه‌یه به هۆی بارودۆخی سیاسیی ناو ئێرانه‌وه ده‌ره‌تانی بۆ ئه‌وان نه‌لوابێت، به‌ڵام منی داشه‌هاره بتوانم بیانکه‌م! که‌وابوو، کاره‌که‌ی من له ژێر ڕووناکایی هه‌ر دوو دیوانه‌که‌دا درێژه‌ی ده‌بێت و لێره به‌دواوه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر پارچه‌یه‌ک له شیعره‌کان به‌راوردی هه‌ردوو دیوانه‌که ده‌که‌م. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌م یه‌که یه‌که به 30 پارچه شیعره ڕاگه‌یێنراوه‌که‌ی پێشووشدا بچمه‌وه و زانیاریی وه‌رگیراو له دیوانه تازه‌که بخه‌مه کۆتایی هه‌رکام له به‌شه‌کانی پێشووه‌وه. له کۆتاییدا تکا له ئاماده‌کارانی هه‌ردوو چاپه‌که، هه‌روه‌ها خوێنه‌رانیش ده‌که‌م بۆ ڕێز گرتن له مامۆستای نه‌مر ئاوات و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئه‌ده‌بی گه‌له‌که‌مان ئه‌گه‌ر ڕا و بۆچوونێکیان سه‌باره‌ت به هه‌رکام له شیعره‌کانی ئاوات یان ههڵسهنگامدنهکانی من هه‌یه یان زانیارییه‌کیان له لایه که له کتێبه‌کاندا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه، له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵات – بۆکانه‌وه پێمانی رابگه‌یێنن به‌ڵکوو به یارمه‌تی هه‌موولایه‌ک و له سه‌ر بنه‌مای کاری ئه‌و به‌ڕێزانه توانیمان دیوانێکی شیاوی که‌سایه‌تی ئه‌و شاعیره به‌رپرسه بخه‌ینه کتێبخانه‌ی کوردییه‌وه. زانیارییه‌کان به ناوی خاوهنیانهوه بڵاو ده‌کرێنه‌وه. بابزانین ته‌مه‌ن و توانا تا کوێ بڕ ده‌که‌ن! یادی شاعیری گه‌وره‌ی کورد "سه‌ید کامیل ئیمام زه‌نبیلی (ئاوات)" به‌خێر بێت! ئه‌نوه‌ر سوڵتانی 5/6/2014
[1] . نموونه‌یه‌ک ده‌هێنمه‌وه: له چاپی دووهه‌می کتێبی کاکم واته "سرود پرستو" دا، که چوار پێنج ساڵێک پێش ئێستا له تاران به‌ڕێوه برا، نه‌ک هه‌ر ناوه‌رۆک و ده‌قی شیعره‌کان به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت به‌شێک له ناوی ئه‌و که‌سانه‌ش که شیعرێکی پێشکه‌ش کردبوون که‌وتبووه به‌ر چه‌قۆی سانسۆری وه‌زاڕه‌تی ئیڕشادی ئایه‌توڵڵاکان!
|