دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 

 

پارچە شیعری ژمارە ٧ ، لاپەڕە ١٦ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

 

تۆبە لە تۆبە

 

واعیزێ دەیگوت "کەسێ زانا بێ، تۆبەی کردووە"

دڵ، بە وەعزی وا، کەچی تۆبەی لە تۆبەی کردووە

ئەو دەڵێ "دوور بە لە یاری شۆخ و شەنگ و نازەنین"

دوور لە یار، شێتە کەسێ وەعزی لە گوێچکەی کردووە

یاری شۆخ و شەنگ و نەرم ونۆڵ و چاوکاڵ و مەمک

دووهەناری گوڵ بەدەم، تازە شکۆفەی کردووە

هەرکەسێ بۆی دەس بدا ساتێ لە ئامێزی گرێ

تا لە دونیادا دەژی، دڵخۆشە، ئۆخەی کردووە

من شەوێکی گرتمە ئامێز و کەچی زەینم کە دا،

وا ڕەقیبی بەد مەزەب لەولاوە کوشمەی کردووە

تێکیدا عەیشم، شکاندی هەم دڵم هەم پیاڵەکەم

ماوەیەک بوو ماڕزە لێم ڕوون بوو سوسەی کردووە

واعیز و سۆفی و ڕەقیب هەرسێ لەگەڵ من دوژمنن

خاسە مام سۆفی لە کاری ئێمە ڕەخنەی کردووە

دڵ وەکوو تەیرە، کە دێتە دەرکی یار، سۆفی دەڵێ

بیکووژن وەیشووم لە سەر وێرانە لانەی کردووە

کوندەبوو بۆخۆیەتی بەو ڕیشەوە، بەو تیشەوە

ڕیشەکەی تیشەی هەزار دەست وپەلی پەی کردووە

هەرکەسێکی گەر ئەویندار و بریندار بێ دڵی

سۆفیانی ڕیش درێژ خوێنیان لە کاسەی کردووە

          بۆ "ئیمامی" واعیز و سۆفی و ڕەقیب فەرقی نییە

          دڵ بە دەست ئەو سیانەوە گوێت لێیە وی وەی کردووە

 

____________________________ 

بابەتی سەرەکی شیعرەکە، بەرانبەر وەستانی مێژوویی ئەهلی عیرفانە لەگەڵ خەڵکانی ئەهلی وەعز کە ئایین دەکەنە دۆگمێکی نەگۆڕ، واتە کێشەی مێژوویی خانەقا و مزگەوت.

شاعیر کە بە هەموو پێوانەیەک موسوڵمانێکی خواناس و ئیماندار و مەلایەکی دوازدە عیلمی نوێژکەرە، لە بەربەرەکانیی عاریفان و ئەویندارانی خودای خاوەن بەزەیی و ناوچاوان کراوەی عاریفان لەگەڵ خودای جەبباری تۆڵەئەستێنی سۆفیانی ڕیش درێژی بیر کورتدا لایەنی یەکەمیان دەگرێت و واعیز و سۆفی دەهێنێتە ڕیزی ڕەقیبی خۆی و بە ڕادەی ڕەقیب ڕقی لێیان دەبێتەوە. هەڵوێست گرتنی ئاوات دژ بە سۆفییان و ئەوانەی وا توێکڵن نەک ناوەرۆک، گەلێک توند و بێ ئامانە. کەمتر شیعری کوردی هەیە کە تێیدا هێرشی وەها ڕاشکاو و توندوتیژی تێدا کرابێتە سەر سۆفییان ئەویش لە لایەن کەسایەتییەکی ئایینی وەک سەید کامیلەوە.

دیارە ئەم هەڵوێست گرتنە بوێرانەیە بۆ ئەندامێکی بنەماڵەی شێخانی زەنبیل هاسان نەبووە، بەڵام ئەوەی ئازایەتی دەربڕینی ئەم هەڵوێستەی بە شاعیر داوە ئەو ڕاستییەیە کە باوک و برای شاعیر شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی بوون و ئەویش وەک هەڵگری ئەو تەریقەتە توانیویەتی باوەڕی عیرفانیی خۆی و خۆشویستنی خودای دڵنەرم و بەخشندەی عارفان بخاتە پێش عیبادەتی ویشک بۆ خودایەکی دڵڕەقی تۆلەئەستێن، بێ ئەوەی لە عیبادەت و عبوودییەتی خودا دوور کەوێتەوە.     

ئەو کەسایەتییە دوولایەنەیە لە زۆرێک لە عاریفان و ئەهی تەریقەتدا بینراوە مەگەر ڕێبەرانی بوێر و ئازای ڕێبازەکە وەک جونەید و شیبلی کە لە وەحدەتی وجوود دا وەها نەتوابوونەوە کە بانگی "اناالحق" یان بە گوێی خەڵکدا دەدا و بەو بۆنەیەوە سەریان دەچووە سەر دار؟

شیعرەکە کێشەی کۆنی نێوان دوو ڕێباز و دوو هەڵوێست یان دوو باوەڕەکە دەخاتە ڕوو. ئەو "یاری شۆخ و شەنگ و نازەنین" ەش کە واعیز نەسیحەتی لێ دوور کەوتنەوەی دەکات، هیچ نییە جگە لە خودا بەڵام خودایەک کە عاریفان عاشقی دەبن نەک خودایەک کە سۆفی لە ترسی ئەو شەو تا ڕۆژ خەوی نییە وتەهلیلە دەکەن بۆ ئەوەی لە قەبردا نەکیر و مونکیری ئەو خودا دڵڕەقە بە گورزی ئاگر و ئاسنەوە نەچنە سۆراغی!

شاعیر گەلێک بوێرە کاتێ سۆفی بە کوندەبوو و ڕەقیب دەشوبهێنێت و دەڵێ ڕیشی سۆفی بۆتە تیشە و هەزار دەست وپەلی بڕیوەتەوە و خوێنی ئەویندارانی لە کاسە کردووە.

شێعرەکە ڕێکەوتی گوترانی بە سەرەوە نییە بەڵام من هەست دەکەم دوای هاتنە سەرکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و دژ بە خومەینی و مەلا مرۆڤکوژەکانی قوم گوترابێت کە لە قووڵایی چاڵی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستەوە بازیان داوەتە گۆڕەپانی ئەم چەرخە و لاپەڕەیەکی ڕەشی چەپەڵیان لە دڵڕەقی و بێڕەحمی تۆمار کردووە. هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی وا ئەو لە شیعرەکەدا دەیداتە پاڵ سۆفی، عەینوبیللا لەگەڵ مەلاکانی حاکمدا یەک دەگرێتەوە. خەڵخاڵی و خومەینی و خامنەییش سۆفییەکی نوێژکەر بوون و هەن کە فەڕزیان نەدەفەوتا و نافەوتێت.

بەڵام شیعرەکە خۆی:

"دڵ، بە وەعزی وا، کەچی تۆبەی لە تۆبەی کردووە": میسراعی دووهەم لە فەردی یەکەمدا، هەندێک پێچ دراوە و ئاڵۆز کراوە. ئەگەر شیعرەکە پەخشانێکی ئاسایی بوایەت، ئەوا بەم شێوەیە دەنووسرا: کەچی دوای ئەو وەعزەی کە واعیز بۆ دڵمی کرد، دڵم لە تۆبەکردنیش تۆبەی کردووە. واتە دوای ئەو وەعزە بێ تام و بێ بنەمایەی سۆفی، من ئەگەر پێشتریش بەتەمای تۆبە کردن بوایەم، ئیتر ئەستەغفیروڵڵا لە تۆبە کردن! ئەگەر لێرە بەدواوە بمەوێت کارێکیش بکەم، تۆبە کردن دەبێت لە تۆبە!

"دوور لە یار، شێتە کەسێ وەعزی لە گوێچکەی کردووە": دەتوانرێت بە دوو جۆر واتا بکرێتەوە: یەکەم، دوور بوون لە یار شتێکی سیر و سەمەرەیە و گونجاو نییە، کەوابوو ئەو کەسەی گوێ دەداتە وەعزی واعیز، شێتە!                                                                                            دووهەم، دوور بێ لە یار، هەرکەس گوێ بداتە وەعزی واعیز، شێتە!

من گومانم لەوەدا نییە کە شێوازی یەکەمیان ڕاستە.      

لە گوێچکە کردن، ژنەفتن و باوەڕ پێکردنە.

"مەمک دووهەناری گوڵ بەدەم...": لە فەردی سێهەمدا دەبێ کۆتایی لەتکە شیعری یەکەم ببرێتە سەرەتای لەتکە شیعری دووهەم و ئاوا بخوێنرێترەوە: مەمک دووهەناری گوڵ بەدەم... دیارە تەنیا لە کاتی خوێندنەوەدا و بەس.

"من شەوێکی گرتمە ئامێز...": وشەی "گرتمە" دەبێ بە دوو بڕگە بخوێنرێتەوە نەک بە سێ بڕگە. لە هەمان فەرددا وشەی "کوشمە" هاتووە. من لە فەرهەنگی خاڵدا ئەم وشەیەم نەدۆزییەوە و لە هەنبانەبۆرینەی هەژاردا بە واتای میوەی ویشک کراو هاتووە، کە لەگەڵ ڕستەکە و چەمکی شیعرەکەدا ناگونجێت. بیچمێکی دیکەی ووشەکە، "کرۆشمە" یە  و من خۆم لە قسە و باسی ڕۆژانەی خەڵکدا بە واتایەکی هاوچەشنی "مل کز کردن" و "خۆ مات دان" و شتی لەو چەشنەم بیستووە لە هەنبانە بۆرینەشدا بە واتای "خۆ کز کردن و مات دانیشتن" هاتووە. کەوابوو، کۆشمە = کرۆشمە.

"ماوەیەک بوو ماڕزە...": واتە ماوەیەک بوو ئەو ماڕزە. "ماڕز" واتە زاڵم و لاسار (هەنبانە بۆرینە). خاسە، واتە بە تایبەت یان بە عەرەبی خاصتا (بە تەنوین). شاعیر مام سۆفی لە واعیز و ڕەقیبیش بە خراپتر داناوە و گوتوویەتی بەتایبەت ئەو! "سووسە" یان "سۆسە" کردن بە واتای پەی بردن بە نهێنییەک (هەنبانە بۆرینە).واتە بە تایبەت سۆفی زاڵمی لاسار پەی بە ڕازی شاراوەی ئەوینی ئێمە بردبوو.

"ڕەخنە": لە فەردی شەشەمدا ڕەخنە بە مانا فارسییەکەی هاتووە کە "نفووز" کردن  بێت و بەم پێیە، واتای "نەقد"ی نییە کە چەند ساڵێکە لە کوردیدا ئەم واتا نوێیەی پێ بەخشراوە.

"دڵ وەکوو تەیرە...": ئەم فەردە لەوپەڕی جوانیدایە. لە کاتێکدا دڵم وەک تەیرێکی جوانکەلانەیە و دەیەوێت بچێت لەسەر دەرگای ماڵی ڕازاوەی یار بنیشێت، سۆفی خۆی دەخاتە ناو باسەکەوە و دەڵێ ئەوە کوندەبووی وەیشوومەیە کە لە سەر وێرانە لانەی کردووە (ئەو بە ماڵی ئاوەدانی یارەکەم دەڵێت کەلەوا!) وفەرمان دەدات ئەو تەیرە چەلەنگە بکووژن! ئاخر، سۆفی هەموو شت بە پێچەوانەی ڕاستی دەبینێت. تەیری جوانی تازە لە گەرمێنەوە گەڕاوە، بە کوندەبوو تێدەگات، ماڵی ڕازاوەی قیبلەی دڵم بە کەلەوا دادەنێت و لەجیاتی ئەوەی دان بە تەیرە ژیکەڵانەکەی دڵم بدات فەرمانی کوشتنی دەردەکات! ئەو مام سۆفییە، بیناسن!

"بەو ڕیشەوە بەو تیشەوە": تیشە لێرەدا وشەیەکی جێگەی باسە. تاقە شتێک کە دەکرێ بیری لێ بکرێتەوە ئەوەیە شاعیر تیشەی بە واتا فارسییەکەی هێنابێت واتە تەشوێ. ئەو ئەگەرە کاتێ بەهێزتر دەبێت کە لە میسراعی دواتری هەمان فەرددا دەڵێ "ڕیشەکەی تیشەی" هەزار دەست وپەلی پەی کردووە. پەی کردن واتە پەڕاندن و بڕینەوە. لێرەدا ڕوونە کە شاعیر ڕیشی سۆفی بە تەشوێ شوبهاندووە و گوتوویەتی ڕیشەکەی کە عەینەن وەک تەشوێیە، ئەو تەشوێیەی وا هەزار دەست وپەلی [خەڵکانی دژبەری خۆی] پێ بڕیەوەتەوە...

"ئەویندار و دڵ بریندار": ئەوانەن وا دڵیان بە ئەوین و خۆشەویستی بریندارە وسۆفییانی ڕیش درێژ دوژمنیانن و خوێنیان لە کاسە کردوون و نۆشیویانە.

"بۆ ئیمامی...": ئەوە پوختەی هەموو باسەکە و گەوهەری سەرەکیی شیعرەکەیە: من کە ئیمامی و شاعیری ئەم شیعرەم هیچ جیاوازییەک لە نێوان واعیز و سۆفی و ڕەقیبدا نابینم و ئەگەر گوێ بدەیە دڵم، دەبیسی کە لەدەست هەرسێکیان هاوار و وەی وەی و زاڵەیەتی.

دوایین قسە:

بە بۆچوونی من، کەمتر شاعیری ئیمانداری کورد بەو ڕاشکاوییە لە بەرانبەر "قشریون" دا وەستاوە و ئاوات بەم شیعرە و بەم هەڵوێستە بەرزە مرۆڤانە و پێشکەوتووانەیەی، چۆتە ڕیزی شاعیرانی عارفی بوێری وەک حافز و مەولەوی بەڵخی ڕۆمی.