دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە  ١٠٥

پێ پەستم


 
 

  

وەک قەڵەم دایمەن سیاکارم[1]

بۆیه بەو زولفی تۆوه دڵ بەستم

گەرچی پیرم، به عیشقی تۆ سەیرە
کەچی جوانه کەلام و هەڵبەستم

چاوەکەم! چاوی تۆ به وشیاری
دەڕفێنێ دڵم، دەڵێ مەستم!

چوومه باغی گوڵان و لێی کەوتم
وەک جله، بێ‌سەدا و پێ‌پەستم

بەڵکوو تۆ بێیته باغ به سەر من‌دا
ڕابری؛ بۆیه مات و بێ‌هەستم

به ڕەقیبی سەگم بڵێ بەس بێ!
هێنده هات ئەو له دووم، له پێی خستم

دەچمه کێوان دەڵێم منم مەجنوون
وێڵی مەعشووقەیێکی ژێردەستم

وەکوو چۆن "قەیس"ی کرده ماڵوێران
ئەمنی خست له پێ که هەڵنەستم

          بمکوژێ و بمبڕێ به خەنجەر و شیر
         
وەک "ئیمامی" له پێشی ڕاوەستم

 

                                     گەردیگلان، ١٣١٧ی هەتاوی

 

(لاپەڕە ٤٨ و ٤٩ ی دیوانی چاپی ئەنیسی و ١١٩ ی چاپی جەعفەر)

 

[1] .  چاپی ئەنیسی و جەعفەر: داییمەن

 

_____________________________________________

عینوانی شیعرەکە لە دیوانی چاپی ئەنیسیدا 'سیاکار'ە کە ئەویش وەک ئەمیان لە وشەگەلی ناو شیعرەکە وەرگیراوە.  من 'سیاکار'ی چاپی ئەنیسیم پێ جوانە بەهۆی ئەو ڕاستییەوە  کە لە فەردی یەکەمی شیعرەکە وەرگیراوە و ئەو فەردە لەوانیتر ڕازاوەتر و ناسکتر دەبینم. بەڵام زیاتر پێم باشە لەسەر پێ و شوێنی دیوانی جەعفەر بڕۆم کە تازەترە و ئێستا لەبەر دەستی خەڵکدایە. بەگشتی کەمتر دەمەوێت سەر لە خوێنەر بشێوێنم.  

شوێن و ساڵی گوترانی شیعرەکە لە هەردوو دیواندا هەر یەکن.

لە شیعرە سەرەتاییەکانی ئاواتە و لە تەمەنی٣٥ ساڵیدا گوتوویەتی.

شیعرێکی ساکارە لە بەحرێکی ساکار و ڕەواندا گوتراوە، وشەی ساکاری تێدا بەکار هێنراوە و ئیستعارە و تەشبیهاتی کەم بەڵام جوانی هەیە. من تا ڕادەیەک بە سهل و ممتنعی دەزانم.

وەک قەڵەم...: شوبهاندنێکی زۆر جوانە. زوربەی قەڵەم بە ڕەش دەنووسن و ڕەشی بڵاو دەکەنەوە، هەر بۆیەش شاعیر بە سیاکاریان ناودەبات و دەڵێ من کە دایم دڵم بە زولفی یارەوە بەستووە و ئەویش ڕەشە، کەوابوو هەمیشە وەک قەڵەم، کارم سیاکارییە.

جوان: ئیهامی تێدایە. واتای نزیکی ڕازاوەیە بە واتای شیعرەکانم ڕازاوە و جوانن. بەڵام واتای دووری 'گەنج و لاو'ە  کە دەتوانێ ئەوە بێت سەرەڕای پیری و بە ساڵاجوویی خۆم، بە هۆی عیشقی تۆوە، کەلام و هەڵبەستەکانم لاو و گەنجن.

عیشق: ئەوین. لە باشووری وڵات لە ژێر کارتێکەریی زمانی تورکیدا وشەکە شێوازی 'عەشق' ی بە خۆیەوە گرتووە.

چاوەکەم...: تەنزێکی نەرمی تێدایە. چاوت بە وشیاری دڵم دەدزێت بەڵام پاشان دەڵێ سەرخۆش بووم و نەمزانی!

لێی کەوتم: ڕاکشام

جلە: دەبێ ڕیشەی داری قەراغ ئاو بێت گەرچی لە هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژاردا واتای دیکەشی بۆ لێدراوەتەوە وەک گیایەکی سەرئاوی وەک قەوزە و تەنانەت جانەوری بچووکی ناو ئاو و هەشت پێ.  هەرکام لەوانە مەنزووری نەزەری شاعیر بووبێت دەبێ واتای بەرپێ کەوتووی پێشێلکراو و بێ هەست و خوستیشی تێدا بێت.

پێ پەست: پێخوستکراو. واتایەکی دیکەی پەست، نزم بوونە.  پێ پەست دەبێ کەسێکی بێدەنگ و سەدا و گۆشەگیری لە کۆمەڵگادا زۆر بە هەند وەرنەگیراو بێت.

بەڵکوو تۆ...: ئەم فەردە لە پەیوەندی فەردی پێشتردایە و دەڵێ من بۆیە بوومەتە پێ پەست و پێخوست کراوی خەڵک، کە تۆ بێی و پێ لە سەر سەرم دابنێی.

ڕەقیبی سەگ: شاعیر لە ڕەقیبی عیشقی خۆی زۆر تووڕەیە و هەر بۆیەش سیفەتی سەگی پێدەدات کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا جوان نییە و سووکایەتی تێدایە.

لەپێی خستم: ماندووی کردم، توانای ڕۆیشتنی بۆ نەهێشتم. 

مەعشووقەیێکی ژێردەست: کێیە ئەو دڵدارەی شاعیر کە ژێردەستەیە؟ ئایا تاکێکە؟ خۆ بەگشتی هەموو کچ و ژنێکی کۆمەڵگای سوننەتی ئێمە ژێر دەستەن. چی دیکە دەتوانێ ببێت؟ بڵێی نیازی بە گشتی 'کچی کورد' وەک بەشێک لە کۆمەڵگای ژێردەستی کورد نەبێت؟

قەیس و مەجنوون: ئاماژەیان بۆ حیکایەتی لەیلا و مەجنوون تێدایە.

بمکوژێ و...: واتای هەردوو ڕستەی ناوە فەردی کۆتایی ڕوونە بەڵام لەباری ڕێزمانەوە  دەبوایە کرداری داهاتووی 'ڕادەوەستم' بوایەت کە دیارە شاعیر بەهۆی کێشەی کێشەوە ئەوەی بۆ نەکراوە و بە 'ڕاوەستم' ی نووسیوە.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

خفیف مسدس مخبون محذوف: فاعلاتن مفاعلن فعلن

 

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de