دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
پارچە شیعری ژمارە ١٠٦
دەوای دڵی زارم
به گوێی زەمانه بگا، گیانه، ئاخۆ هاوارم؟[1]
وەڕەز له ژینم و بوونم، هەراس و بێزارم
دوو ماچی لێوه، ئەویش پێوه دەمرم و نابێ
(لاپەڕە ٦٩ و ٧٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی و ١٢٠ ی چاپی جەعفەر) ___________________________________________
عینوانی شیعرەکە لە دیوانی چاپی ئەنیسیدا 'دەردی ئەوین'ە و هەردوکیان لە وشەگەلی ناو فەردی پێنجەمی غەزەلەکە وەرگیراون. دەردی ئەوین زیاتر پڕ بەپێستی شیعرەکە دەبینم تا 'دەوای دڵی زارم' لەبەر ئەوەی شاعیر دەڵێ دڵی زارم هەر چارە و دەرمانی بۆ نییە و ئەوەش پەیامی سەرەکیی شیعرەکەیە. شوێن و ساڵی گوترانی شیعرەکە لە هەردوو دیواندا هەر یەکن. غەزەلێکی عاشقانەیە. شاعیر ٦٩ ساڵان بووە کاتێ شیعرەکەی گوتووە و ١٧ ساڵ دواتریش کۆچی دوایی کردووە، بەم حیسابە، زۆر سەیر نییە ئەگەر دەڵێ "تەمەن تەواو بووە". بێ هیوایی، کە بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی ئاواتی داگرتووە، لێرەشدا بە ڕوونی دەردەکەوێت: وەڕەز له ژینم و بوونم، هەراس و بێزارم، وەکوو مەجنوون له زەرد و ماه و تەلانم، ڕەفیقی جانەوەرانم و... بەڵام جیا لەو فەزا گشتییەی ناو شیعرەکە، دیاردەیەکی دیکەشی تێدا بەرچاو دەکەوێت کە دڵداری و ئەوینداریی شاعیرە: تەماع لە بەژنی بەرز و له ئاکاری جوانی دڵدار، ئەسیری بەندی ئەوین[1]، نەخۆشی دەردی ئەوین، چاوەڕێ مانەوە بۆ دوو ماچی لێوی دڵدار و... ئەگەرێک بۆ ئەو ئەویندارییە دەکرێت ئەوە بێت کە مرۆڤ بە پێی سروشتی خۆی دەتوانێت تا کۆتایی تەمەن عاشق بمێنێتەوە و دڵداریش بکات باوەکوو پێگەی کۆمەڵایەتی و دۆخی بنەماڵەیی لە کۆمەڵگایەکی نەریتیی وەک کوردستان و بنکەیەکی ئایینی- عیرفانی وەک زەنبیل دەرەتانی دەربڕین و درکاندنی ئەو دڵدارییەی پێ نەدەن و هەستەکە لە پەردەدا بمێنێتەوە و ڕانەگەیێنرێت؛ بەڵام بە بۆچوونی من مەسەلەکە لێرەدا ئەوە نییە و شاعیر کە دڵێکی ناسک و مرخێکی ڕەوانی شاعیریی هەبووە، وەک زوربەی شاعیرانی سەردەم و هاودەمی خۆی، تەنیا بە قسە عاشق بووە و ئەویندارییەکی واقیعی بە واتای خۆش ویستنی کچ و ژنێکی ڕاستەقینەی نەکردووە. دڵدارەکەشی هەر لە خەیاڵدا بۆخۆی دروست کردووە بێ ئەوەی نموودی دەرەوەیی بووبێت. لە فەردی دووهەمدا شاعیر شێوەیەک لە سەنعەتی "ذم شبیه بە مدح" ی خستۆتە ناوشیعرەکەوە ئەویش کاتێکە لە دەڵێ تەماع وەک خۆی ما (زەممی خۆی)، بەڵام لە میسراعی دواییدا دەڵێ ئەو تەماعە لە بەژنی بەرز و له ئاکاری جوانی دڵدارەکەمە (مەدحی خۆی). کاتێ کە دەڵێم 'مەدحی خۆی'، لەبەر ئەوەیە کە مانەوە و دەوامی عاشق لە سەر عیشق و تەمادار بوونی لوتفی یار تا سەردەمی پیریش، نیشانی وەفادارییەتی و ئەوەش لە زیهنی خوێنەری شیعرەکەدا کارێکی جێگەی پەسند و مەدح کردنە. 'هەمیشە ڕووتەڵ'، تەرکیبێکی جوان و تازەیە واهەیە شاعیر خۆی، دروستی کردبێت. 'کوێر چاوەڕێیه چاوی هەبێ'، کەڵک وەرگرتنە لە پەندێکی کۆنی کوردی کە دەڵێ: کوێر چی دەوێ؟ دوو چاوی بینا! واتای هەندێک ووشە بە یارمەتی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار: ماه: زەرد، تیشە شاخی زۆر بڵندی لووس تەلان: بەندەن، بەرزایی کێو پێوە مردن: بە کەسێک و شتێکەوە زۆر ماندوو بوون بەحری عەرووزیی شیعرەکە: مجتث مثمن مخبون محذوف، مفاعلن فعلاتن مفاعلن فعلن [1] . ئەوین، شێوازێکی دیکەی گوتن و نووسینی وشەی ئەڤینە بە واتەی عاشقێنی، و هیچ پەیوەندێکی بە ناوی زیندانی ئەوینی تارانەوە نییە باوەکوو ئەسیر و بەندی ئەوین واهەیە هەندێک خوێنەر بباتە سەر ئەو بۆچوونە. |