دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە  ١١٥

مافی گەل


 
 

له قازانی خەمت‌دا هەڵکزاوم[1]
وەکوو قاورمه برژاوم، خوراوم

لەبەر ئەو بەختی سەرسەختی کڵۆڵم
له یار و ئاشنایان هەڵبڕاوم

به ئاوری دووری ئاخر بوومه قەقنەس
ئەگەر ڕاستت دەوێ هێز و هەناوم!

به زیندوویی دەبینم حاڵی مردوو
به گۆڕەوشاری دووریت هەر نەماوم

وەرن ئەی ئاشنا بۆ دڵ‌نەواییم!
هەژارێکی کزۆڵەی دڵ‌شکاوم

ئەرێ ئەی تاوی هاوینی هەژاران!
بکه ڕەحمێ به سەربەرگی دڕاوم

ئەگەر سەد چەل به دووریشت بسووتێم
له دەس نادەم حەقی داگیر کراوم

          دەڵێم هەر مافی گەل دەرمانی دەردە[2]
          ئەگەر چی من به جارێکی نەماوم

 

                                            قاقڵاوا، ١٣٥١ ی هەتاوی

 

(لاپەڕە ٥٠ و ٥١ ی چاپی ئەنیسی و ١١٥ ی چاپی جەعفەر)


 

[2] چاپی ئەنیسی: مافی دڵ

___________________________

 

عینوانی شیعرەکە لە هەردوو چاپەکەدا وەک یەکە.

شیعرەکە بە هەموو حیسابێک، غەرامییە و تێیدا دەبێ ڕووی شاعیر لە دڵدارێک بێت کە لە قازانی خەمیدا هەڵکزاوە ، برژاوە و خوراوە و لە ئاوری دووریی ئەودا بۆتە قەقنەس. بەرگۆی شیعرەکە کەسێکە کە شاعیر بە 'هێز و هەناو'ی خۆی بانگی دەکات. ئەوانە تا فەردی چوارەمی غەزەلەکەن.

لە فەردی پێنجەمدا شاعیر خۆی وەک هەژارێکی کزۆڵەی دڵ شکاو بەخوێنەری شیعرەکە دەبناسێنێت و  [لەبەر ئەو دووری و کزی و ماتییەی وا تووشی هاتووە]، بانگی 'ئاشنایان' دەکات بێن بۆ دڵدانەوەی.

لە فەردی شەشەم و حەوتەمدا شاعیر درێژە بە بابەتی چوار فەردەکەی سەرەتا دەدات و دڵداری خۆی بە 'تاوی هاوینی هەژاران دەشوبهێنێت و دەڵێ بەزەییت بە بەرگی دڕاومدا بێت. ئینجا دەڵێ ئەگەر سەدجاریش بە [ئاگری] دووریت بسووتێم هێشتا 'حەقی داگیرکراوی خۆم' لەدەست نادەم.

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەو حەقە داگیر کراوە چییە؟ شاعیر لەو بارەیەوە چ نادرکێنێت بەڵام بە قەرینەی فەردەکانی پێشتردا واهەیە بزانرێت کە ئەو حەقە، چاوپێکەوتنی یار و تەواو بوونی ماوەی دووری لەو بێت.

فەردی کۆتایی کێشەی لەسەرە! خوێنەر کە حەوت فەردی شیعرەکەی لە فەزایەکی عاشقانەدا خوێندۆتەوە، لەپڕ تووشی دیاردەیەکی هەندێک سەمەرە دەبێت کاتێ لێرەدا لەپڕ مەسەلەی 'مافی گەل' دێتە ئاراوە و ئەو سەرلێشێواوییە کاتێک زیاتریش دەبێت کە دەبینێ لە دیوانی چاپی ئەنیسیدا لەجیاتی مافی گەل، 'مافی دڵ' هاتووە!

دیارە هەردوو چاپەکە، عینوانی شیعرەکەیان بە 'مافی گەل' نووسیوە و خوێنەر نازانێت مامۆستا ئەنیسی ئەگەر لە دەقی شیعرەکەدا مافی دڵی نووسیوە، ئەو مافی گەلەی لە کوێوە هێناوە و مافی گەل لێرەدا چ واتایەکی هەیە؟

دیارە دەبێ کێشەی گرنگی سانسۆر هۆکاری سەرەکی بێت بۆ هەموو ئەو حاڵەتانەی وا بەیان و ڕاگەیاندنێکی سیاسی لە شوێنێکدا خۆ دەنوێنێت، لەبەر ئەوەی سانسۆرچی بە گوێرەی شوغڵی شەریفی، کەسێکی کەمتر خوێندەوار و کەمتر تێگەیشتووە و تەنیا ڕواڵەتەکان دەبینێت و ناتوانێ جەمسەرەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، هەر بۆیەش زوربەی جار لە شوێنی سانسۆر کراوی بابەتێکدا پچڕپچڕی و ناڕێک و پێکی دەبینرێت.

بە کورتی، من وا بۆ مەسەلەکە دەچم کە ناوەرۆکی شیعرەکە غەرامی بێت و ئەو مافی دڵ'ەی ناودیوانی چاپی ئەنیسی پڕ بە پێستی بێت، وەک چۆن شاعیر لە فەردی حەوتەمیشدا قسە لە حەقی خۆی دەکات. بەڵام لە عەینی کاتدا لە قسەکەی خۆم هەندێک دڕدۆنگم لەبەر ئەوەی نازانم ئەو عینوانی 'مافی گەل'ەی وا لەهەردوو چاپەکەدا دەبینرێت، بە تایبەت لە چاپی ئەنیسیدا، لە کوێوە هاتووە؟ ئەگەر شاعیر وای نەنووسیبێت، ئەنیسی لە کاتێکدا هێشتا شاعیر لە ژیاندا بووە، چۆنی توانیوە سووڕێکی وا گرنگ بە ناوەرۆکی شیعرەکە بدات و لە ڕێگەی عینوان گۆڕینەوە شیعرێکی غەرامی بکات بە کۆمەڵایەتی- سیاسی؟  ئەگەریش لە ئەسڵدا وابووبێت، بۆچی لە دەقەکەدا کراوە بە مافی دڵ؟ ئەودەم تەنیا شتێک کە بتوانم بیری لێ بکەمەوە، هەمان سانسۆری حکوومەتی مەلاکانە، سایەیان بەردەوام نەبێت.

قازان: مەنجەڵ

هەڵکزان: بە گوێرەی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار، سوورکرانەوەی گۆشت یان خواردەمەنییەکی دیکە لەسەر ئاگر بەڵام من پێموایە برژاندن یان سوورکردنەوەیەک بێت بە بێ ڕۆن کە دەبێتە هۆی سووتانی خواردەمەنییەکەش.

بەختی سەرسەخت: لە بەخت و سەخت جیناسی ناقیس دروست کراوە

قەقنەس: قوقنووس، ئاماژەیە بە باڵندەیەکی ئەفسانەیی کە گوایە باڵی لێک دەدا تاوەکوو ئاگرێکی لێ دەکەوێتەوە و خۆیشی بەو ئاگرە دەسووتێت بەڵام لە خۆڵەمێشەکەی بێچووە قوقنووسێکی تازە سەرهەڵدەدات. لە کوردیدا واتای سووتاو و بوون بە زوخاڵی لێ وەردەگیرێت. بوومە قەقنەس واتە سووتام و بووم بە زوخاڵ.

هێز و هەناوم! ئەی کەسێک کە هەموو هێز و توانای منی!

گۆڕەوشار: لەو دیاردە ترسێنەرانەی ژیانی موسوڵمانانە و وەک لە ناو موسوڵماناندا باوە، لە شەوی یەکەمی قەبردا زەوییەکە وێک دێت و مردووی گوناهبار دەگوشرێت و ئازار دەدرێت. هەموو موسوڵمانێکی خاوەن بڕوا هەتا هەیە لەو کاتە  دەترسێت و لەخودا دەپاڕێتەوە لە گۆڕەوشار واتە فشاری ناوە گۆڕی بپارێزێت. شاعیر دووریی یاری بە گۆڕەوشار شوبهاندووە.

دڵنەوایی: دڵدانەوە، فارسییە.

تاوی هاوینی هەژاران: ئیستیلاحێکی جوانی ئەدەبییە. لە سەرجەم شیعرەکەدا هەندێک زاراوەی نوێ بەرچاو دەکەوێت کە کارتێکەریی شیعری نوێی کوردی یان فارسییان بە سەرەوە دەبینرێت. ئەو تاوی هاوینی هەژارانە یەکیانە و 'وەرن ئەی ئاشنا' یەکیتریان.

بکە ڕەحمێ بە سە ربەرگی دڕاوم: من بیستوومە بگوترێت 'ڕەحمێکت بەسەر... دا بێت!'  بەڵام نەمبیستووە بڵێن 'ڕەحمێک بە سەر .... دا بکە!' ئەوە تەعبیرێکی تازەیە. مەگەر 'سەربەرگ' بە یەک وشە بگرینە بەرچاو و بڵێین نیازی شاعیر 'سەربەرگ' بووە بە واتای جل وبەرگی سەرەوە، کە بەدڵنیایی نابێ وابێت.

سەد چەل: سەد جار

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

هزج مسدس محذوف: مفاعیلن مفاعیلن، فعولن

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de