دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
پارچە شیعری ژمارە ١١٧
ڕەش و سپی
ڕووم ڕەش بووه به مەعسیەت و مووم سپی به خەم
چارەی ڕەش و سپی بکه، ئەی خاوەنی کەڕەم! قاقڵاوا، ١٣٥٥ی هەتاوی
(لاپەڕە ٨٠ و ٨١ ی چاپی ئەنیسی و ١٣٦ ی چاپی جەعفەر)
___________________________
عینوانی شیعرەکە لە هەردوو چاپدا وەک یەکە و لە فەردی یەکەمی غەزەلەکە وەرگیراوە. هەڵبژاردنێکی بەڕێ وجێیە و لەگەڵ ناوەرۆکی شیعرەکەدا یەک دەگرێتەوە.
شاعیر لە ساڵی گوتنی شیعرەکەدا ٧٣ سالان بووە.
یەکی دیکە لەو پارچە شیعرە زۆرانەی ناو دیوانی ئاواتە کە تێیدا شاعیر خۆی بە تاوانبار و گوناهکار دادەنێت و لە خودا دەپاڕێتەوە لێی ببوورێت و خراپەکارییەکانی ببەخشێت. پێشتریش گوتوومە لە شیعری شاعیرانی کلاسیک (و هەندێک شاعیری نویخوازیشمان) دا وەک چۆن عیشق مەجازییە و مەعشووقێکی حەقیقی کەمتر بوونی هەیە؛ یان چۆن باس لە شەڕاب خواردنەوە و سەرخۆش بوون تەنیا قسەیە و لە جیهانی واقیعدا زوربەی ئەو شاعیرانە واهەیە ڕەنگی شەڕابیشیان نەدیتبێت، ئەم مەسەلەی گوناه کردنەش مەقوولەیەکە لەو چەشنە و وەک ویردی سەر زمانی ئیماندارانی ئاسایی موسوڵمان، شاعیرانی موسوڵمانیش خێرا خێرا دەپاڕێنەوە و لەخودا دەخوازن گوناهیان ببەخشێت، کەسیش نازانێت ئەوە چ گوناهێکە وا لە ڕۆژی 'قالووبلا' وە تا هەزارساڵەی دەشتی قیامەت دەبێ هەر داوای لێبووردنی بۆ بکرێت! داوای لێبووردن دەبێ جارێک و دوان بێت و بەرگۆی پاڕانەوەکە دەبێ ئەوەندە گەورەیی لە زاتدا هەبێت کە داواکارییەکە قەبووڵ بکات و خەیاڵی کەسەکە ئاسوودە بکات، بەڵام ئەو تاوانە نادیارەی موسوڵمانان و داوای لێبووردنەکەی، ئەزەلی و ئەبەدییە و بە هیچ کلۆنجێ کۆتایی نایەت. نە موسوڵمان دەستی لێ هەڵدەگرێت و نە نیشانەیەکیش بەدەستەوەیە خودا قەبووڵی بکات و ئاوێک بە ئاگردا بکرێت!
دیارە ئەو بەڕواڵەت تاوانە، لە ڕاستیدا مەقوولەیەکی فەلسەفی و باری قورسی بەرپرسیایەتییە کە بۆ هەمیشە لە سەر شانی مرۆڤی بەرپرس دەمێنێتەوە و لاناچێت. لە میتۆلۆژیی کۆنی یۆنانەوە مرۆڤ ئەو بارەی هەڵگرتووە و وەک 'سیزیف' دەیکێشێت و دەیبات، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە جێ لە سەر شانی خللۆر دەبێتەوە و دەبێ سەرلەنوێ بگەڕێتەوە سەری، بیخاتەوە سەرشان و بەو چەشنە لە ئەزەلەوە تا ئەبەدی نادیار ماندوو بێت و عارەق بڕێژێت و نەحەسێتەوە. ئەو ئەمانەتەش وا حافزی شیرازی باسی دەکات هەمان بەرپرسیایەتییەکەیە:
"آسمان بار امانت نتوانست کشید قرعە فال بە نام من دیوانە زدند."
ئاواتیش موسوڵمانێکی خاوەن بڕوایە و لەسەر هەمان ئەو ڕێچکەیە دەڕوات کە ئەوان دەڕۆن، دەنا ئێمەی خوێنەر هەرگیز نازانین چ تاوانێکی کردووە وا لەو هەموو شیعرانەدا بۆی دەپاڕێتەوە و دەلاڵێتەوە و پاکانە دەخوازێت.
مەعسیەت: گوناه
خەم: خەمی ئەو مەعسیەت کردنە
ڕەش و سپی: سەنعەتی مطابقە
ڕوو و موو: جیناسی ناقیس
لێبووردنە لە ڕووڕەشی وەک من: 'داوا'ی لێبووردنە لە ڕووڕەشی وەک من
ڕوو لەتۆ دەکەم: دەبوایە 'ڕوو لە تۆ دەکات' بوایە و بگوترایە "بۆیە پیرێکی ڕیش سپیی و فەقیر ڕوو لە تۆ دەکات'؛ بەڵام بۆ پاراستنی سەروا، 'دەکات' کراوە بە 'دەکەم'.
هەراو: ئاوالە و فراوان. لە دەقی چاپی جەعفەردا 'هەراوە' بووە بە 'کراوە'. لەبەر ئەوەی لە خوێندنەوەی شیعرەکەدا واهەیە خوێنەر 'کراو' بە بەرکاری کرداری کردن بزانێت و خراپی بخوێنێتەوە من دەقی ئەنیسیم پێ باشتر بوو و ڕەچاوی ئەوم کرد. هۆکارێکی دیکەم بۆ جاروبارە هەڵبژاردنی دەقی ئەنیسی لەو شوێنانەدا ئەوەیە لە سەردەمی ژیانی شاعیردا چاپ کراوە و ئەگەری سەلیقەی خەڵکانی دیکەی تێدا کەمترە.
تۆبی خوداییت: لە چاپی ئەنیسیدا 'تۆ و خوداییت' هاتووە. هەردوو شێوازەکە واتە 'تۆ و خوداییت' و 'تۆبی خوداییت' لە سەر زمانی خەڵک هەن. واتە 'خودایە، سوێندت دەدەم بە خودایی خۆت!'
بیسات: سفرە
تێشوو: زەخیرەی خواردنی ڕێگای سەفەر؛ لە باوەڕی ئیمانداراندا بریتییە لە چاکەی ئەم دنیایە بۆ ئەوەەی لەو دنیا کەڵکی لێ وەربگیرێت و لە بارتەقای خراپەکارییدا دابنرێت.
سەفەر: لێرەدا کۆچی دواییە، مردن.
بەحری عەرووزیی شیعرەکە: مضارع مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول فاعلات مفاعیل فاعلن
|