دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ١٢٥
پاییز
ماوم عەجەب لە سونعی خوداوەندی ئینس و جان
قودرەتنوێنی بەرز و نەوی، عەرز و ئاسمان گەردیگلان، 1319ی هەتاوی
_______________________________________________
عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا 'خەزانی گوڵ' ە. ئەگەر خەزان بە واتای پایز بگرین هەردوو عینوانەکە یەک واتایان دەبێت. بەڵام هەندێک جار لە شیعری کوردیدا خەزان واتایەکی جیاواز لە پایزی هەیە: "ڕەنگ زەردیی خەزان خەتای پایزەن / ڕەنگ زەردییەکەی من، دووریی ئازیزەن" [6] لێرەدا خەزان کۆی گەڵایە نەک پایز. هەرچۆنێک بێت هەردوو عینوانەکە یەک بابەت دەگەیێنن ئەویش سەرمای پایز و گەڵاڕێزان و زەردبوونی چەمەن و دار و باغە. هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژاریش بە "دەمی خەزەڵوەر و گەڵاڕێزان" ی واتا کردۆتەوە کە بە شێوەیەک، هەردوو چەمکەکە دەگرێتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی وشەی 'دەم'، کات و وەرزەکە دەگەیێنێت، ئێمە دەتوانین بە پایزی لێ تێبگەین و بڵێین لە ناوچەی ژیانی کرمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی)دا، خەزان پایزە، بەڵام لە هەورامان گەڵایە.
بە بۆچوونی من هیچکام لەو دوو عینوانە پڕبەپێستی بابەتی شیعرەکە نین لەبەر ئەوەی باسی ڕەهای پایز و خەزانی گوڵ تەنیا لە سێ فەردی سەرەتادا کراوە و لە فەردی چوارەمەوە فارس گوتەنی گوریز لێدراوە بۆ ئامانجی سەرەکی شاعیر، کە خەزانی تەمەنی خۆی بێت. تەنانەت باغ و بولبول و سەرو و چناریش کە دوای فەردی حەوتەم دێنە ناو شیعرەکەوە، لە خزمەت هەمان ئامانجی شاعیردان و لە کۆتاییدا، فەردی ١٦ مۆرکی هەمان بابەت لە هەموویان دەدات.
شیعرەکە، لە چاپی ئەنیسیدا چۆتە بەشی 'چامەکان'ەوە؛ دەشزانین ماوەیەکە 'چامە' کراوەتە جێگری کوردی بۆ چەمکی 'قصیدە'ی عەرەبی. قەسیدە شێوازێکی شیعر گوتنی تایبەت بە عەرەبانە و لە نێو کورد دا گرنگایەتی زۆری پێ نەدراوە. بەڵام عەرەب کاتێ کە قەسیدە دەڵێن، ژمارەی فەردەکانیان لە ٤٠ و ٥٠ تێدەپەڕێ و دەگاتە ١٠٠ (هەندێک جار زیاتر لەو ژمارانەش دەبینرێت). ئەم پارچە شیعرە تەنیا ١٦ فەردە و زیاتر بۆ غەزەل دەبێت تا قەسیدە مەگەر لە سەر ئەو باوەڕە بین کە قەسیدە لە کوردیشدا هەیە بەڵام لە چاو عەرەب نەفەسی قەسیدەوێژانی ئێمە، کەمە و ئەوە کەم و زۆر لە زمانی فارسیشدا وەهایە باوەکوو ئەوان لە سەدەکانی پێنج و شەش و حەوتی کۆچیدا شاعیرانی وەک مەنووچیهری و خاقانییان بووە کە کەوتۆونەتە شوێن ئەدەبی عەرەب و هەندێک جار قەسیدەی سەرکەوتوو و دوور ودرێژیان گوتووە.
لە لایەکی دیکەوە پەیوەندی فەردەکان لە قەسیدەی عەرەبدا ئاسۆییە و ستوونی نییە، واتە فەردی قەسیدەکە لەگەڵ فەردی پێش یان دوای خۆی پەیوەندی واتایی نییە و خۆی سەربەخۆیە، بەڵام لێرەدا یەک بابەت خراوەتە بەرباس و بۆ نموونە فەردی دووهەم واهەیە بە بێ فەردی یەکەم (مەتلەع) واتای نەبێت، بە هەمان شێوە فەردی حەوتەم و هەشتەم و نۆهەم و دەهەم کە یەکیان تەواوکەری ئەوی پێش خۆیەتی. هەرچۆنێک بێت، من لام وا نییە ئەم پارچە شیعرەی ئاوات بتوانین بە قەسیدە پێناسە بکەین. ئەوە غەزەلە و واهەیە هۆکار بۆ بە قەسیدە ناسینی ئەوە بووبێت کە ژمارەی فەردەکانی لە ١٤ زیاترە، کە ئەوەش هۆکارێکی بەهێز ناتوانێ ببێت. دووهەم هۆکار دوور نییە ئەوە بێت کە لێرەشدا، بە شێوازی قەسیدەوێژانی کلاسیک، سەرەتا باسی وەرزی خەزان کراوە ئینجا لە درێژەدا شاعیر چۆتە سەر باسی سەرەکی، کە پیری خۆی بێت.
لە شیعرە سەرەتاییەکانی ئاواتە.
سونع:دروست کراو، دەسکرد.
جارێ زەمین دەکاتە سەما: زەمین بە ئاسمان کردن چییە؟ وا هەیە نیازی شاعیر ئەوە بووبێت کە سەما لەبەر چاوی ئاسایی ئێمە ساف و ڕووتەنە و پایزیش دار و باغ دەڕووتێنێتەوە.
بەرگی گوڵاڵە سوورە دەگاتە ستارەگان: واهەیە نیازی شاعیر هێزی بای پایزە بێت کە گیاو گژ و گوڵ لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و بەبایان دەکات. زێدەڕۆییەکیشی لەمەڕ هێزی با تێدایە کە پەڕی گوڵ ئەوەندە بەرز دەکاتەوە دەیگەیێنێتە ئەستێران.
ستارەگان: کۆی ئەستێرەیە لە فارسیدا. لە ڕێزمانی کۆنی فارسیدا دەگوترا، ئەوە پیتی/ه/ ی کۆتایی ستارەیە لە کۆکردندا بووە بە /گ/ و ئیتر نابێ /ه/یەکە خۆی بنووسرێت؛ بەڵام ئێستا ماوەی چەند ساڵێکە ئێرانییەکان هەردوکیان پێکەوە دەنووسن.
گاهێ: فارسییە بە /ێ/ ی کوردییەوە. یەک گاه واتە یەک کاتی کورت، چرکەیەک.
هێندێ: بەو ئەندازەیەی، بەو ڕادەیەی.
هێندێ کە شاعیران بە بەهارن عەلاقەمەند: ڕاست بەو ڕادەیەی وا شاعیران لایەنگری بەهارن... من دەقی چاپی ئەنیسیم پێ باشترە و نازانم لە چاپی جەعفەردا بۆچی بۆتە 'هێندێ کە شاعیرن' ، مەگەر شاعیر خۆی دواتر ئەو گۆڕانەی بە سەر هێنابێت. دیارە ئەویش بێ واتا نییە و نزیکە لە هەمان چەمک.
تێخزان: دەبێ واتای 'لەژێر لێفە کورسیی زستان خزان' بێت یان لە ناو جێگەونوێن خزان. شاعیر لە نێوان خزان و خەزان جیناسی پێک هێناوە و گوتوویەتی: با شاعیرانی دیکە بەهاریان پێ خۆش بێت، بەڵام من لەنێو جێگە خزانی وەرزی خەزانم پێخۆشترە!
مەفتوون: شەیدا، لایەنگری توند وتیژی شتێک یان کەسێک.
بەرگ: بە فارسی گەڵایە.
تۆمار: شاعیر هاتنەخوارەوەی یەک لەدوای یەکی گەڵای پایزی بە تۆماری دەرسی فەقێیان شوبهاندووە و ئەوە کارێکی جوانی هونەرییە.
پیاو و عاقڵان: لە ئەدەبی کلاسیکی هەموو گەلانی ناوچەی ئێمەدا، پیاو بوون گرنگتر بووە لە ژن بوون و دانانی کرداری کەسێک بە پیاوانە، واتای چاکی هەبووە، تەنانەت ئێستاش هەندێک کەس لە قسەکردندا ئەوە دەردەبڕن. لام وایە ئاواتیش وەک لە دەقی چاپی ئەنیسیدا دەبینرێت، بەو ڕبەیەی پێواوە و پیاو و عاقڵی پێکەوە هێناوە. لە چاپی جەعفەردا، بەگوێرەی تێگەیشتنی ئەمڕۆ هەوڵ دراوە ئەو بۆچوونەی بۆ پینە بکرێت، هەربۆیەش کردوویانە بە پیاوعاقڵان واتە پیاوانی عاقڵ بەڵام لەبەر مانەوەی وشەی پیاو لە شوێنی خۆی، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە مەسەلەکە پێک نەهاتووە. نەمانی /واو/ێک بۆتە هۆی لەنگ بوونی شیعرەکە مەگەر خوێنەر لە خوێندنەوەیدا ئەلفی پیاو هەندێک درێژتر بکاتەوە.
ئەو بەرگی دێتە خوار: سێ فەردی دوای ئەم فەردە لە درێژەی بابەتێکدان کە سەرەتای لێرە دامەزراوە.
جەوان: فارسییە بۆ لاو
هەدەر بوون: بەفیڕۆچوون
تەرجومان: کەسێک یان شتێک کە قسەی دڵی خۆی یان کەسێکی دیکە دەرببڕێت. لێرەدا نابێ واتای وەرگێڕی ئاسایی لێ وەربگیرێت.
ڕاز: نهێنی. واتە بای خەزان قسە و پەیامێکی نهێنی پێیە، باغەوان شارەزای زمانی بایە و دەریدەخات.
حاڵی دەکا بە ناڵە: واتە با بە ناڵە و بە سەبرێک بە باغەوان دەڵێ قەدرت نەماوە.
سەبرێکی و بە سەبرە: بە دەنگێکی نزم.
بێدڵ: سیفەتێکە لە ئەدەبی کوردی و فارسیدا بە بولبول دەدرێت، واتە کەسێک کە دڵی خۆی دۆڕاندووە (داویەتی بە گوڵ).
سەروی سەهی: سەهی لە فارسیدا بە واتای ڕاست دێت. سەروی سەهی دارە سەروێکە باڵای بەرز بێت و خوار نەبووبێتەوە.
چەمان: لار بوونەوە واتە هەموو سەروێکی ڕاست باڵا، لە حەسرەت زەردهەڵگەڕانی چەمەن و باغ، باڵایان چەمییەوە.
چەمەن و چەمان جیناسی ناتەواویان پێ دروست کراوە و مۆسیقای ناوخۆیی دەنگی /چ/ و /م/ و /ن/ یان تێدا دەنگ دەداتەوە.
بای بەیانیش دەبێ هەمان حیسابی چەمەن و چەمانیان بۆ بکرێت. مۆسیقای ناوخۆییان لە دەنگی /ب/ و /ی/ پێک هاتووە.
نیگاری ئێمە: نیگاری شاعیر خۆیەتی. دەبێ بەهۆی کێشی شیعرەکەوە 'ئێمە' ی نووسیبێت.
دوڕفشان: بڵاوکردنەوەی مرواری. فارسییە.
مووسم/ مەوسم: سەردەم، کات.
کامیل دڵی چ خۆشە: لام وایە ئەوە بە تەوسەوە گوتراوە، واتە لە فەسڵی خەزانی گوڵدا من بە خۆڕایی دڵم خۆشە!
بێ بەرگ و بێ نیشان: گوڵ بێ بەرگە واتە گەڵای ڕژاوە و کەوتووە. بێ نیشان مانەوەی گوڵیش دوای ڕژانی گەڵاکانیەتی کە ئیتر کەس نایبینێت و سەیری ناکات. ئاوات دڵی خۆیشی بەو گوڵە بێ بەرگ و بێ نیشانە شوبهاندووە.
بەحری عەرووزیی شیعرەکە: مضارع مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول فاعلات مفاعیل فاعلن [1] دیوانی چاپی ئەنیسی: هێندێ کە شاعیران بە بەهاران عەلاقەمەند دیوانی چاپی جەعفەر: هێندێ کە شاعیرن، بە بەهارن عەلاقەمەند [2] دیوانی چاپی ئەنیسی: پیاو و عاقڵان [3] دیوانی چاپی ئەنیسی: گەڵاڕێزانە [4] دیوانی چاپی جەعفەر: باوەشێ [5] دیوانی چاپی جەعفەر: مووسمی خەزانی [6] فۆلکلۆر ( ئەگەر شیعری شاعیرێکی ناسراو بێت، من پێی نازانم).
|