دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە  ١٢٦

ئەی غەریبی خۆشەویست!
 

 

 

ئەی غەریبی خۆشەویست، ئەی دەربەدەر بۆ نیشتمان!

تۆ شەهیدی غوربەتی، ئەی کۆڵ‌نەدەر بۆ نیشتمان!


مەحشەرت هێنا بە مەرگی دڵ‌تەزێنت، موهتەدی!

ماوەیێکی زۆر ئەتۆ مای بێ‌خەبەر بۆ نیشتمان


ساڵی شەست و شەش بوو کۆچی ئاخرت کرد گیانەکەم!

ئاخری کۆڵت نەدا، بوویە سپەر بۆ نیشتمان


کەس نەما، ڕۆین هەموو، ئێمەش بە دووتاندا دەڕۆین

با بسووتێین بەو مەرامە، وشک و تەڕ بۆ نیشتمان


     سەر لە سەر "ئاوات"ی خۆمان دادەنێین، پێمان دەڵێن:

     ئافەرین، داتان لە دەست ڕێک ماڵ و سەر بۆ نیشتمان!

 

                                                      قاقڵاوا، ١٣٦٦ی هەتاوی

(لاپەڕە ١٥٢ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)

_____________________________________________________

 

نەبوونی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا ئاساییە لەبەر ئەوەی ساڵێک پێش گوترانی ئەم شیعرە بڵاو کراوەتەوە.

 

شیعرەکە بۆ مەرگی 'کاک سەعد' یان 'سەعدئاغای موهتەدی' گوتراوە و دیوانی چاپی کاک جەعفەریش ئاماژەی بەو ڕاستییە کردووە کاتێ لە پەراوێزی لاپەرڕەکەدا نووسیویەتی: "شینی کاک سەعدی موهتەدی لە دوور وڵات". دەبێ شاعیر لەگەڵ کاک سەعدیش، وەک پاشماوەی بنەماڵەی موهتەدی، پەیوەندێکی نزیکی بووبێت لەبەر ئەوەی بە 'گیانەکەم' بانگی دەکات و دەڵێ 'ماوەیێکی زۆر ئەتۆ مای بێ خەبەر'، هەروەها مردنەکەی بۆ ئەو 'دڵتەزێن' بووە و 'مەحشەر'ی هێناوە.

. کاک سەعد لە بنەماڵەی ئاغایانی موهتەدیی بۆکان و برای حاجی رەحمان ئاغا و قاسم ئاغا و ئەبووبەکرئاغای موهتەدی و ئەحمەدئاغای ئێلخانی زادە (ی باوکی کاک سوارەی شاعیر) بوو.

کاک سەعد کەسایەتییەکی ناسیۆنالیستی کورد بوو و ئەوەندەی من ئاگادار بم، لای کەم لە ساڵانی دەوروبەری کۆنگرەی دووهەمی حزبی دیموکراتی کوردستاندا ماڵ و مڵکی بەجێ هێشت و لەگەڵ کاک سەلاحی موهتەدی و نەمر کاک محەممەدی ئێلخانیزادە چووە باشووری کوردستان. من ڕادەی دووری و نزیکی یان ئەندامیەتی کاک سەعد لە حزبدا نازانم چی بووە، بەڵام وێدەچێت لە سەردەمی نێوان ناخۆشی و دووفاقە و سێ فاقە بوونی ئەندامانی حزبدا، ئەو لەگەڵ باڵی سێهەم کەوتبێت کە کاک سەلاح و کاک محەممەد 'حزبی ڕزگاری'یان پێکەوە نا. هەرچۆنێک بێت، دوای ماوەیەک گەڕایەوە ڕۆژهەڵات و لەبۆکان نیشتەجێ بووەوە و ئەوەندەی بزانم حکوومەتی ئێران ماوەیەکیش لە کوردستانی دوور خستەوە و گرتی.

بۆئەوەی زانیارییەکی زیاترم لەسەر ژیانی کاک سەعد هەبێت، تکای یارمەتیم لە ڕێزدار 'جەلالی سەیادەت' کرد و ئەویش پەیوەندیی بە ڕێزدار 'عومەری موهتەدی' کوڕی کاک سەعدەوە گرت. ئەم دێرانەی خوارەوەم لە کاک جەلالەوە دوای ئەو پەیوەندی گرتنەی پێگەیشتووە. سپاسی زۆری هەردولایان دەکەم:

"کاک سەعد دۆستی نزیکی ئاغا سەید کامیل و ئەندامی حزبی دیمو کراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٣٤١ و ٤٢ دا چۆتە باشووری کردستان، ماوەی ساڵ و نیوێک لەوێ بووە. پاشان گەراوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵات. پاش ئەوە [لە لایەن حکوومەتی شاوە] دور خراوەتەوە (تبعید کراوە) بۆ زیندانی فەلەک الافلاک لە خۆڕرەم ئاباد[1]، ماوەی ١٨ مانگێک لەوێ ژیاوە. پاشان گەراوەتەوە بۆ بۆ کوردستان. هەر لە سەر دەمی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بە نێوی بزوتنەوەی مقاومەتی کوردستان لە پاش روخانی رژیمی شا، وەک کوردیکی نەتەوەیی لە گەل دەفتەری مامۆستا شیخ عیزەدین بووە و دواتر ناچار بووە بڕوا بۆ سوید و هەتا ئە کاتەی لە ژیاندابوە لەوێ ژیاوە و هەر لە سویدیش فەوتی کردوە."

ساڵی مردنی کاک سەرعد بە گوێرەی شیعرەکە دەبێ ١٣٦٦ ی هەتاوی بێت کە بەرانبەرە لەگەڵ نۆ مانگ و هەشت یان نۆ ڕۆژی ساڵی ١٩٨٩ و دوو مانگ و ٢٠ یان ٢١ ڕۆژی ساڵی ١٩٩٠. لە بەر ئەوەی مانگ و ڕۆژی وەفاتی کاک سەعد دەست نیشان نەکراوە، ناتوانم بەراوردەکان بە وردی بەڕێوە بەرم.

هەندێک وشەی ناو شیعرەکە، وەک غەریب و نیشتمان و شەهیدی غوربەت لە پەیوەندی ئەو سەفەرە و ئەو مردن لە غەریبیەی کاک سەعددایە.

شیعرەکە، وەک زۆرشیعری دیکەی ناو دیوانی ئاوات، شیعری موناسەبەیە و لەو مەقوولەیەدا دەگونجێت. شیعری موناسەبە بۆ پاراستنی یادی ڕووداو یان کەسایەتییەکی تایبەت گەلێک بەسوودن و هەندێک جار ( وەک شیعری فارسیی 'خاقانی شیروانی' بۆ مردنی کوڕەکەی) بایەخی بەرزی هونەرییشیان هەیە. لێرەدا گرنگایەتی بریتییە لە پاراستنی ناوی 'موهتەدی'، کە ناوی کاک سەعدیشی لێ وەردەگیرێت (لە فەردی دووهەمدا) و هەواڵی کۆچی دوایی کردنی لە غەریبی و ڕاگەیاندنی ڕێکەوتی مردنی (لە فەردی سێهەمدا).

شیعرەکە لە پێنج فەرد پێکهاتووە؛ سێ فەردی یەکەمی ڕاستەوخۆ ڕووی لە کاک سەعدە، بەڵام شاعیر لە دوو فەردی دواتردا مەسەلەکە لە فەردییەتی کەسێکەوە گشتی تر دەکاتەوە و دەچێتە سۆراغی 'ئێمە' کە شاعیر خۆی و 'هاومەڕامان'ی کوردایەتی ئەو بن وا 'وشک و تەڕ بۆ نیشتمان دەسووتێن' و 'سەر لە سەر ئاواتی خۆیان دادەنێن'، لە وەڵامیشدا [خەڵک] پێیان دەڵێن 'ئافەرین، داتان لە دەست ڕێک ماڵ و سەر بۆ نیشتمان'.  

ئەو 'ماڵ و سەر' گوتنەی ئاوات لە پەیوەندی کاک سەعد دا دەبێ ئەوە بێت کە مڵک و ماڵی ئەو و هەموو ئاغاکانی دیکەی بۆکان لە لایەن مەلاکانی کۆماری ئیسلامییەوە داگیرکرا و ئەوەندەی من بزانم بە قازانجی گیرفانی سپای پاسداران و ئیتیلاعات، فرۆشران. 'سەر'یش ئاشکرایە دەبێ ئاماژە بێت بە شەهید بوونی ڕۆڵەکانی گەل و لە کەیسی کاک سەعددا، کۆچی دوایی کردنی ئەو لە غەریبایەتی.

شیعرەکە، غەزەلێکی 'مردف' ە و ڕەدیفەکەی بریتیە لە 'بۆ نیشتمان' کە لە کۆتایی هەموو فەردێکدا دووپات بۆتەوە. سەرواکانیشی بریتین لە: دەربەدەر، کۆڵ نەدەر، بێ خەبەر، سپەر، وشک و تەڕ و ماڵ و سەر؛ کە هەمووی لەشوێنی خۆیاندان جگە لە وشک وتەڕ کە تێیدا /ڕ/ کراوەتە جێگری /ر/ ئەوەش بە بۆچوونی من خەسلەتی زمانی کوردی و ئەلف و بێیەکەیەتی و ناتەواوییەکی کاری شاعیر نییە.

 

وشەی 'ئاوات' لە دوایین فەرددا ئیهامی تێدایە واتە لە لایەک بە مانای ئارەزوو و خواست هاتووە و لەلایەکیتریشەوە ناسناوی شاعیر خۆیەتی.

 

سپەر: مەتاڵ

 

ڕێک: هەموو

 

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن


 

 

[1] ئاماژە بە زیندانی فەلەک الافلاکی خوڕەم ئاباد لە پەیوەندی سیاسەتی حکوومەتی شادا بوو کە دوابەدوای ڕاگەیاندنی سیاسەتی ئیسلاحاتی ئەرزی لە ساڵی ١٣٤١ (١٩٦٠)دا، ژمارەیەک لە خەڵکانی ناوبەدەرەوەی کوردستان بە تایبەت خاوەن مڵکەکانی لەوێ زیندانی کرد. من خۆم ساڵ و ڕۆژی گەڕانەوەی کاک سەعد بۆ بۆکانم لەبیر نییە، بەڵام بە باشی لەبیرمە ڕۆژێک کە قاسم ئاغای موهتەدی لە هەمان زیندانەوە گەڕایەوە بۆکان، خەڵک و ترومبیلێکی گەلێک زۆر بە پێشوازیەوە چوون و من تا ئەودەم پێشوازیی وا گەورەم بۆ هیچکەسێکی دیکە نەبینیبوو.


 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de