دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ١٣
پیری(١) لە ناکاو پیریم لێ وەدەرکەوت بەختیش، هەر وەک خۆم، هات و لێی خەوت دەرکی نەجاتم لێ داخراوە ڕێگەی ڕزگاریم ڕێک خوار وچەوت ڕۆژی ڕووناکم تاریک بوو وەک شەو چرای ژیانم ماوە بێ نەوت فتیلەی حەیات بەحاڵ ڕووناکە هەربینا ئەویش لە سووتان کەوت جێگەی گەڕانم تا سەرچۆمییە، جێی دانیشتنم دەرگای مزگەوت هەی هەی لەم ژینە، لەم بەڕێچوونە! کەچی بەوحاڵەش، دڵ هەر نەسرەوت ئەسپی تەبیعەت هێشتا هەر سوارە هەروا بەکارە، خۆش جڵەو، خۆش ڕەوت چوارینە و هەڵبەست، قەسیدە و غەزەل یەک لەدوای یەک دێن، پێنج و شەش و حەوت! ئەو تەبعە سوارە توند و ڕەوانە، بۆ تۆ ئیمامی، زەحمەت بێ زەوت!
_____________________________ لە ژێر سەردێڕی "پیری" دا دوو پارچە شیعر لە دیوانەکەدا دەبینرێن، کە بەشوێن یەکتریشدا هاتوون. ئەوە یەکەمیانە. شیعرەکە لە دەوری دوو میحوەری سەرەکی دەگەڕێت: پیری و پەککەوتوویی و بێ هیوایی بە دواڕۆژی ژیانی شەخسیی شاعیر، یەکەمیانە و پێداهەڵگوتن بە توانای شاعیریی خۆی، دووهەم. یەکەم بابەت فەردی یەکەم تا پێنجەمی شیعرەکە و دووهەمیان فەردی حەوتەم تا نۆهەم (کۆتایی) یان داگرتووە. فەردی شەشەم، لە نێوان هەردوکیاندا هاوبەشە واتە میسراعی یەکەمی لە درێژەی ڕەش بینی بە ژیانی شاعیر خۆیدایە، بەڵام میسراعی دووهەم سەرەتایەکە بۆ جیابوونەوە لەو فەزایە و چوونە ناو هەوایەکی تازەوە. ڕەش بینی و بێ هیوایی، ناوەرۆکی زۆر شیعری ئاواتن و خوێنەر لەگەڵیدا نامۆ نییە؛ بەڵام گرنگە بزانین کە ئەو ناهومێدی و ڕەش بینییە تەنیا ژیانی شەخسیی شاعیر دەگرێتەوە و کاتێ دەگاتە سیاسەت و داهاتووی گەل و خواستی نەتەوایەتی، ڕوانگەی شاعیر دەگۆڕێت و هیوا و هومێدێکی زیاتر باڵ بە سەر بۆچوونەکانیدا دەکێشێت، گەرچی تەنانەت ئەودەمیش ناگاتە لووتکەی دروشم هەڵگرتن و بەگژ دوژمندا چوونەوە، ئەوەش ئاوێنەی خەسلەتی ڕۆحیی و هێدی و هێمنی کەسایەتی خۆیەتی. لە فەردی یەکەمدا، خەوتنی بەخت لەگەڵ پیریدا واتا پەیدا دەکات؛ کاتێ کە پیری لە شاعیر ئاشکرا دەبێت، بێ بەختی ڕووی تێدەکات وبەخت یانی خۆشبەختی دەچێتە خەو. لە فەردی دووهەمدا دەربڕینێکی ڕازاوە و جوان هەیە: "ڕێک خوار وچەوت"! ڕێکی دژ بە خواری و چەوتی دەوەستێت بەڵام لێرەدا کراوەتە سیفەتێکک بۆ خوار وچەوت و واتای زەق و ڕاشکاو و بێ شاردنەوە دەدات واتە ڕێگەی ڕزگاریم تەواو پێچ و پەنای تێکەوت. ئەو تەعبیرە لە سەر زمانی خەڵکیش هەیە بۆنموونە، دەڵێن: "ڕێک پێم گوت" یان "ڕێک خستمە بەر دەستی" واتە بە بێ پێچ وپەنا و بە ڕاشکاوی پێم ڕاگەیاند. فەردی چوارەم و پێنجەم لە پەیوەندی یەکتردان: ڕۆژ، ڕووناک (٢ جار)، تاریک، شەو، چرا، نەوت، فتیلە و سووتان هەموویان پێکەوە یەک بۆچوون بۆشاعیر دەردەبڕن: شاعیر بێ هیوایە و هەست دەکات کۆتایی ژیانی نزیک بۆتەوە بەڵام ئەو هەستە بە ئیستیعارە دەردەبڕێت. "چرای ژیانم ماوە بێ نەوت" بە بۆچوونی من، هێنانی نەوت و بە زۆر ترینجاندنی لەو میسراعەدا، تەنیا بۆ ڕێکخستنی سەروای غەزەلەکەیە و بەس، هەربۆیەش زۆر سەرکەوتوونییە. بەڵام تەعبیری داهاتنی تاریکی و شەو و ڕووناکایی کەمی پڵیتەی [چرای] ژیان، هاوڕەگەز و هاو واتای یەکترن و لەگەڵ چرا و ڕووناکیدا دژبەرن. "بەحاڵ" واتە زۆر کەم. فەردی پێنجەم ساکارە، شاعیر باس لە بێکاری و بێ تاقەتی و تەنیایی دەکات و لە دووپات بوونەوەی ژیانی ڕۆژانەی خۆی واتە چوونە سەرچۆمی و لەبەر دەرگای مزگەوت دانیشتن ناڕازییە و دەڵێ ئەوانە کوا کارن من دەیکەم! بەڵام چبکەم، چارم چییە؟ وێدەچێ شاعیر کە خووی بە قەرەباڵغیی گوندی زەنبیل و خانەقاکەی گرتووە، لە تەنیایی و بێ هاودەمیی گوندەکەی خۆی واتە گەردیگلان یان قاقڵاوا تاڕەحەت بێت، ئەوەش وا دەگەیێنێت کە لەگوندەکەدا لای کەم لە قۆناغی گوترانی ئەم پارچە شیعرەدا، هاودەمێکی ڕووناکبیر و شاعیری نەبووبێت و هەستی بە تەنیایی زۆر کردبێت. فەردی شەشەم خاڵی وەرچەرخانە لە بابەتی یەکەمەوە بۆ دووهەم، ئەو شوێنەیە کە شاعیر سەرەتا درێژە دەدات بە هەمان بۆچوونی ناو فەردەکانی پێشوو وگاڵتە دەکات بە ژیان و بەڕێچوونی خۆی بەڵام لەپڕ، وەک لەخەوێک ڕابپەڕێت و لە فەزایەکی تەم گرتوو و ژوورێکی تاریکەوە بچێتە ڕووناکایی و هەوایەکی تازە هەڵمژێت، دەڵی سەرەڕای ئەو ڕاستییانەی وا گوتم، هێشتا دڵم هەر نەسرەوتووە، ئینجا بە شوێنیدا دوو فەردی دیکە دەهێنێت کە پشتڕاست کردنەوەی هەمان بۆچوونی تازەن: فەرموون سەیری ئەو شیعرانە بکەن کە دەیانڵێم و بێ ووچان بەشوێن یەکتردا دەیانهێنم: "چوارینە و هەڵبەست، قەسیدە و غەزەل". چوارینە و قەسیدە و غەزەل سێ شێوازی شیعرن. بەڵام بۆچی "هەڵبەست" کەوتۆتە نێوانیانەوە؟ خۆ هەڵبەست چەشنێک لە شیعر نییە و خودی خۆیەتی. تۆ بڵێی ئەوە لە ژێر گوشاری کێش و سەروادا نەگوترابێت؟ لام وایە با، بۆ ڕێک خستنی کێش گوتراوە. بەڵام پێم سەیرە بۆچی بۆ نموونە، "قەتعە" یان شتێکی دیکەی هاوچەشنی لەجێگەی دانەناوە؟ هەرچۆنێک بێت ووشەی هەڵبەست لەگەڵ ئەو سێ ووشەیەی دیکەدا هاوڕەگەز نییە و لێیان ناکاڵێتەوە. بۆ کەسێک کە ناسیاوی کەسایەتی سەیدکامیل و تەوازوع و خۆ بەکەم زانیی ئەوە، واهەیە ئەم سێ فەردە نامۆ بنوێنن و کەسەکە بە خۆی بڵێت باشە، چ قەوماوە کە بە پێچەوانەی زوربەی شیعرەکانی دیکەی لێرە، شاعیر بەخۆیدا هەڵدەڵێت؟ وورد بوونەوە لە فەردی کۆتایی، دەتوانێت وەڵامێک بێت بۆ ئەو پرسیارە: شاعیر شەخسی خۆی لە تەبعی سوار و ڕەوانی بە جیاواز دادەنێت و دەڵێ من نا، ئەوە تەبعی منە لە دەرەوەی دەسەڵاتی من، کە ئەوها سوار و توند و ڕەوانە و بە من زەوت نابێت! هەرچۆنێک بێت، ئەم سێ فەردە چەشنە گۆڕانێک بەسەر ئەو ڕۆحە لەخۆبووردوو و "متواضع" ە دەهێنن و لە واقعی نزیک دەکەنەوە، هەربۆیەش ڕازاوەتر و جوانترن. بە داخەوە شیعرەکە ڕێکەوتی هۆنرانەوەی بەسەرەوە نییە و نازانرێت کەی گوتراوە. بەڵام بە هۆی ئەو ڕاستییەوە کە حەسەن زیرەکی نەمر لە ماوەی هاوکاری کردنیدا لەگەڵ ڕادیۆی کوردی تاران بەشێک لەو شیعرەی وەک مەقامێکی ناوەڕاستی یەک لە گۆرانییەکانی چڕیوە، دەبێ شیعرەکە پێش ساڵانی چل (شەستەکانی زایێنی) یا هەر لەو ساڵانەدا گوترابێت. شیعرەکە لە لاپەڕە ٤١ ی دیوانی چاپی ئەنیسی وەرگیراوە. |