دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ١٣٠
حاسڵی من
وەی که هەر کاتێ شین ببێ گوڵی من[1]
که بپشکوێ، چ خۆش دەبێ دڵی من قاقڵاوا، ١٣٦٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ٥٥ و ٥٦ ی چاپی ئەنیسی و
١٥٦ ی چاپی جەعفەر)
عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "مەشقەڵی من' ە و ئەویش وەک 'حاسڵی من' لە دەقی شیعرەکە وەرگیراوە. من 'مەشقەڵی من'م پێ شاعیرانەترە.
شیعرەکە سەراپا حەسرەت و خەم وکوڵە لە 'بێ حاسڵی' و 'سووتان بە ئاواتەوە' و ئەو ڕۆحیەتە لە شیعری ئاواتدا هیچ نامۆ نییە. شاعیر جگە لە ئاواتی شەخسی و تاکەکەسی، مرۆڤێکی خاوەن بڕوای سیاسی و ئەندامی حزبێکی ناسیۆنالیستیی کورد (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بوو. سەرنەگرتن و بێ ئەنجام مانەوەی ئامانجەکانی حزب و بە گشتی گەلی کورد، هەمیشە بارێکی قورس بووە بە سەر شانی شیعری ئاواتەوە و شاعیری لە ژیان ماندوو کردووە. ئەوە لە لایەک و سۆفیایەتییەکەی لە لایەکیترەوە- کە لەوێشدا بایەخی زیاتر بە مردن دەدرێت تا ژیان، بۆتە هۆی ئەوەی وشەی مەرگ و مردن و چاوەڕوانیی مردن و ئامادەیی بۆ مەرگ و ئاواتی مەرگ خواستن گەلێک جار بێتە ناو شیعرەکانیەوە، کە ئەوەش یەکی لەوانە.
فەردی یەکەم کە لەباری ناوەرۆکەوە جیاوازە لە فەردەکانی تر، لەوێدا شاعیر هەستی شادی و خۆشیی خۆی بۆ وەرزی بەهار و پشکووتنی گوڵ دەردەبڕێت و دەڵێ دڵم بە شین بوون و پشکووتنی گوڵ خۆش دەبێت. خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەو فەردە، چاوەڕوانی وەسفی بەهار و پەیامی شادی و خۆشی دەکات، بەڵام گەلێک زوو دەزانێت کە تووشی نایەت و هەر لە فەردی دووهەمدا چاوی ڕەشی کاڵ دەبێتەوە لەبەر ئەوەی بەهار و گوڵ شوێنی خۆیان دەدەن بە قەبر و دڕک وداڵ و زیخ و بەرد، کە ڕاست پێچەوانەی چاوەڕوانییەکەی ئەون، لووتکەی قسەکەش ئەو کاتەیە کە شاعیر لە خوێنەر دەخوازێت چاوەڕوانی بەهار بێت بۆ ئەوەی گوڵ لە گڵی قەبری شین بێت!
ئەو بۆچوونە و ئەو ئەویندارییەی قەبر و مردن لە شیعری ئاواتدا نە تازەیە و نە سەمەرە. من بە هەموو حیسابێک ئاوات بە کەسایەتییەکی عارف دەناسم، کۆڵەکەیەکی عیرفان و تەسەووفی ئیسلامی ڕق بوونەوەیە لە ژیانی ئەم جیهانە کە بەگوێرەی سۆفیانی سافیی، دوورکەوتنەوەی مرۆڤە لە ئەسڵ و جەوهەر واتە زاتی خودا؛ مەرگیش ئەو حاڵەتە خۆشەیە کە کۆتایی بەو دوورییە دێنێت و کەسەکە دەگەڕێتەوە سەر ئەسڵ واتە دەچێتەوە بارەگای خودا. سەبارەت بەو چێژەی وا سۆفییان لە مردنیان بینیوە حیکایەت و گێڕانەوەی زۆر هەیە دەڵێن سۆفییەک بەناوی 'ابوسفیان ثوری' ئاواتەخوازی مردن بوو و هەرکات بینیویە یەک لە موریدەکانی چووە بۆ سەفەر گوتوویەتی ئەگەر مردن لەو شوێنە هەبوو بیکڕە و بۆمی بهێنە! 'اصحاب صفە' چل سۆفی چلەنشین بوون کە دەگوترێت ڕۆژی بە هەر هەموویان یەک دانە خورمایان هەبوو ئەم هەندێکی دەمژی و دەیدا بەویتر! هەموو ئەوانەش وەک بایەخ نەدان بە ژیان و ئامادەیی بۆ مردن.[2]
لێرەدا ئێمە پەسنی مردن بەو شێوە زێدەڕۆییانەیە نابینین و تەنانەت هەندێکیش حەسرەتی ژیان لای شاعیر هەست پێدەکەین لەوەی کە لە ژیانی خۆیدا 'حاسڵی جەفا [بێوەفایی] هەڵگرتووە' و 'بە ئاواتی خۆیەوە سووتاوە' و درەنگ و زوو 'مەشقەڵی ئاگر لەلەشی بەرزدەبێت'. بەڵام هەرچۆنێک بێت، مڵۆزمی چەمکی مردن شیعرە بەهارییەکە لە خوێنەر دەگۆڕێت ولە ناو باغەوە دەیباتە گۆڕستان.
وەی: پیتێکە بۆ ڕوون کردنەوەی 'منادی'[3] کە لێرەدا خۆش بوونی دڵی شاعیرە.
'هەرکاتێ شین ببێ' و 'بپشکوێ' هەردوکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر 'گوڵی من'؛ شێوازی دەربڕین و دابەشکردنیان بە سەر دوو میسراعدا، تازە و جوانە.
گوڵ و گڵ: جیناسی ناتەواویان لێ پێکهاتووە.
خیز: چەو. ئەم وشەیە لە زوربەی بەشەکانی دیکەی کوردستان وەک 'زیخ' دەگوترێت و دەنووسرێت؛ بەڵام وابزانم ئەو شێوازەی وشەکە تایبەت بە بۆکان وناوچەی گەورکایەتی بێت. ئەگەر لە شوێنی دیکەش هەبێت لێی ئاگادار نیم.
پێکوڵ: دڕوو
سەری خەرمان جەفایە حاسڵی من: لەم فەردەدا هەست بە هەندێک گێژوگومی دەکرێت. دوای ساڵێک بەرهەم هێنان، ئەوە کێیە جەفا لە شاعیر دەکات؛ خەڵک؟ یا خود ئەوە شاعیرە جەفا لە باوەڕەکەی خۆی دەکات و خۆی لە بەرانبەر خودادا بە جەفاکار دادەنێت؟ ئەگەر بۆچوونی دووهەم بەڕاست بزانین، ئەم فەردەش لە درێژەی فەردەکانی پێش خۆیدا دەبێت، دەنا تاک دەکەوێتەوە.
مەشقەڵ: گڕی ئاگر. دەبێ 'مەشعەل'ی عەرەبی بێت کە کوردێنراوە. تەرکیبی .مەشقەڵان' ی ئەم وشەیەش لە کوردیدا هەیە. نالی شێوە عەرەبییەکەی لەکار کردووە:
"نالی، سەرت لە گومبەدەکەی خانەقا دەکا گاهێ پڕە لە مەشعەلە، گاهێ لە مەشغەلە"
بەحری عەرووزیی شیعرەکە: خفیف مسدس مخبوب محذوف: فاعلاتن مفاعلن فعلن
|