دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ١٣٦
بێشکەی شکاو
من فەقیرێکی ڕەش و ڕووت و لەدەرکان دەرکراو
تۆش خودایێکی کەریم و دەرکه ئاواڵەکراو قاقڵاوا، 1355ی هەتاوی
(لاپەڕە ٧٩ ی چاپی ئەنیسی و ١٣٦ ی چاپی جەعفەر) _____________________________________________ عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا 'خودایێکی کەریم'ە، هەردوو عینوانەکە لە دەقی شیعرەکە وەرگیراون. ئەنیسی لایەنی ئیمانداری و لەخوداترسییەکەی شاعیری وەرگرتووە و کردوویەتە عینوان، لەکاتێکدا جەعفەر حاڵەتی ڕۆحیی شاعیری گرتۆتە بەرچاو و ئەو سیفەتانەی وا شاعیر بە خۆی داون. یەک لەو شیعرە زۆرانەیە وا ئاوات لەر پەسندی خودادا هۆندوویەتەوە و ئیمانداری و باوەڕە ئیسلامییەکەی دەگەیێنێت. کە دەڵێم ئیسلام، دیارە لە شیعرەکەدا ئاماژەیەکی تایبەت بە ئایینێک نابینرێت، بەڵام ئەو ڕوانینە بە زاتی خودادا و بچووکی و ناچیزیی مرۆڤ لەبەرانبەر ئەودا، تایبەتمەندە بە ئیسلام وئایینی مووسایی. شاعیر خۆی بە فەقیرێکی ڕەش وڕووت و شەرمەسار و ڕووڕەشی دەرگانەی خودا دەوزانێت و داوای لوقمەیەک واتە بەزەییەک و لێبووردنێکی لێدەکات کە بۆ موسوڵمانێکی نەریتی بۆچوونێکی ئاساییە. لە باری زمانی شیعری و زاراوە شیعرییەکانەوە، دیاردەیەکی سەرنجڕاکیش لە شیعرەکەدا هەیە. شاعیر هەندێک تەرکیبی دوور ودرێژی پێکهاتوو لە سی یان چوار وشەی دروست کردووە کە هەر هەموویان وەستایانە خوڵقێنراون و گرێ وگۆڵیان تێدا نییە هەربۆیەش تەنانەت لە خوێندنەوەی ئاسایی شیعرەکەدا هەستیان پێ ناکرێت مەگەر خوێنەر لێیان ورد بێتەوە: "لەدەرکان دەرکراو"، "دەرکە ئاواڵەکراو"، "زۆر مل کەچ"، "ماڵی هیچ تێدا نەماو" و "بەندی جەرگ و دڵ پساو". تەنانەت تەرکیبە دوانەکانیشی باوەکوو تازە نین، بەڵام جوانن: ڕەش و ڕووت، ئابڕوو تکاو، دار وپەردوو، هێز وهەناو، چۆڵ وهۆڵ. دار و پەردوو: پێکهاتەیی بینا، چوارچێوەکەی. هەنبانە بۆرینە بە "داروبەرد و هەڵاشی خانوە ڕووخاو" ی واتا کردۆتەوە.
بێشکە: لانکە سیپەلاک: سی، جەرگی سپی، ڕیە. هەناو: ناو، جەرگ و ناو، احشاء (هەنبانە بۆرینە) قاڵب: ئیسکلێت، چوارچێوە و داروپەردووی لەشی بوونەوەری زیندوو. تۆ عەجایب مای: جێگەی سەرسووڕمانە تۆ مایەوە و نەمردی! بەحری عەرووزیی شیعرەکە: رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن
|