دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٣٩

کزەی بای شەماڵ

 

 

 

بە سروەت پێدەڵێم چاوم! کزەی دێ بای شەماڵ ئەمشەو                  

چزەی دێ جەرگی برژاوم بە بێ پۆلوو و زوخاڵ ئەمشەو

ئەوا تیپی بەهاری دەست به نێزه چوونه سەر بەفرێ[1]
شکا پشتی کلیلەی قوڕبەسەر
، وەک پیرەزاڵ، ئەمشەو

سەراسەر فەڕشه چیمەن بۆ قودوومی بووکی گوڵ، بۆیە
زمانی گرتووه هەر چەشنی تووتی، کونده لاڵ ئەمشەو

به تەشریفی شنه، شەوبۆ و نێرگس پاکی پشکووتن
له خۆشیان بولبول و قومری دەکەونه قیل‌وقاڵ ئەمشەو

کوڕوکاڵ دەم‌بەخەندەن، کیژوکاڵ پڕ عیشوه وو نازن
بزەی دێ غەمزه وو ڕەمز و ئیشارەی چاوی کاڵ ئەمشەو[2]

ئەوا هەر چاوەڕێیه نێرگسی شەهلا به تەنیایی
بە جارێ بوو سپی چاوی به ئوممێدی ویساڵ ئەمشەو

به دەنگی بولبول و قومری، تەماشا دڵ چلۆن دەگری!
دەڵێ بگرن به دڵ قەدری جەماڵی کیژوکاڵ ئەمشەو[3]

          "ئیمامی"ش هەروەکوو بولبول به هیوای پێکەنینی گوڵ
           دەناڵێنێ لە سەر هەر چڵ، به یادی خەتت‌وخاڵ ئەمشەو

                                           (شوێن و ڕێکەوتی گوترانی شیعرەکە ؟)

(لاپەڕە ٣٣ و ٣٤ ی چاپی ئەنیسی و ١٧٣ ی چاپی جەعفەر)

_________________________________________

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا 'بووکی گوڵ'ە، کە لە فەردی سێهەمی شیعرەکە وەرگیراوە.

شوێن و ڕێکەوتی شیعرەکە لە هیچکام لە چاپەکاندا ئاماژەیان پێ نەکراوە. بە حیسابی ناوەرۆک، دووری نازانم هی دەوروبەری ساڵی ١٣٣٥ ی هەتاوی بێت و ئەگەر بۆچوونەکەم ڕاست دەرچێت، دەبێ لە گوندی قاقڵاوا گوترابێت کە ئاوات لەو ساڵانەدا لەوێ ژیاوە.

ڕەدیفی شیعرەکە، لە چاپی ئەنیسی، کە لە سەردەمی ژیانی شاعیردا چاپ کراوە، وشەی ئەمشەو'ە. ئەو ڕەدیفە لە چاپی تازەتری جەعفەر و هاوکارانیدا بۆتە 'ئەوشۆ' ڕاست وەک پارچە شیعری پێشوو.[4] ئەم گۆڕانکارییە بۆ من گەلێک سەمەرە دێتە بەرچاو. دوو حاڵەت لەم بارەیەوە گونجاوە:

یەکەم،  شاعیر دوای چاپی یەکەمی دیوانەکەی، ویستبێتی ئەو گۆڕانکارییە وەدی بهێنێت، کە ئەوە مافی خۆی بووە و ئێمە دەبێ ڕێزی لێبگرین، مەگەر بۆ جەدەلی چاک و خراپیی گۆڕانکارییەکە بیخەینە بەرباس.

دووهەم، ئاغا سەید جەعفەر و برادەرانی دیکەی بەرپرسی چاپی دووهەم (شاری دڵ) ئەم کارەیان کردبێت، کە ئاشکرایە هەڵەیەکی زەق بووە و بە هەر ئامانجێک کرابێت، دەست تێوەردان بووە لە شیعری شاعیرێک کە لە ناوماندا نەماوە و ناتوانێ لەبەرانبەر چاک و خراپیی کارەکەدا هەڵوێست بگرێت.

گۆڕانکارییەکە زۆر مەزن نییە و تەنیا شێوەزاری ناوچەی بۆکان و سەقز و شوێنی ژیانی شاعیر لە چاپی تازەدا کراوەتە شێوە زاری ناوچەی مەهاباد و باکووری موکریان (ئەمشەو بووە بە ئەوشۆ).

گۆڕانکارییەکی دیکەی شیعرەکە لە وشەی 'بەفری'دا پێک هاتووە کە لەچاپی جەعفەردا کراوەتە 'بەفرێ'. ئەو /یاء/ ەی وا بە بەرکاری ڕستەکەوە نووساوە، هەرکامیان بێت، هی ناوچەی باکووری موکریانە.

من کە دەست نیشانی ئەو دوو گۆڕانکارییە دەکەم و بە باشیان نازانم، ئاگاداری ئەو ڕاستییەش هەم کە شاعیر هەندێک جار خۆی کەڵکی لەو شێوەزارە باکووریترەی ناوچەی ژیانی خۆی وەرگرتووە و سوار بووە بەسەریدا، کەوابوو لێرەدا خەتایەکی گەورە نەکراوە جگە لەوەی ئەمانەت بە باشی نەپارێزرابێت.

نالی غەزەلێکی بە هەمان ڕەدیفی 'ئەمشەو' هەیە: "شەوی یەڵدایە یا دەیجوورە ئەمشەو". من بەراوردم کرد، نە کێشی غەزەلەکەی ئاوات وەک هی نالییە، نە هیچ تەعبیرێکی لەو وەرگیراوە. تەنیا هاوشێوەییان لەگەڵ یەکتر، ڕەدیفی 'ئەمشەو' و هیچیتر.

سروە: بای بسکان، شنەبا، شنە، کزەبا (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار). وەک دەبینین، هەر چوار واتاکەی وشەی سروە لە پەیوەندی 'با'دایە، تەنانەت 'شنە'ش هەر شنە و جووڵەی بایە، یان لە ئەنجامی ئەودا پێکدێت. کەوابوو واتای 'بە سروە پێگوتن' چییە؟ سرتە کردنە؟ یان لە ڕێگای سروەی باوە هەواڵ بۆ کەسێک ناردنە؟ من دووری نازانم لە هەندێک بن زاراوەی ناوچە کوردییەکان، سرەوە واتای سرتە و قسەی ئەسپاییش بداتەوە.

ئەگەری زیاتری من بە حیسابی ڕستە و ڕاگەیاندنەکە ئەوەیە هەمنان واتای شنەبای هەبێت و شاعیر ویستبێتی بڵێ لە ڕێگای سروەوە پێت دەڵێم لەبەر ئەوەی ئەمشەو کزەی بای شەماڵ دێت و دەتوانم پەیامی خۆمی پێدا بنێرم.

کزە: دەنگی ناسکی سروە، چزە چز (هەنبانە بۆرینە). لێرەدا یەکەمیانە.

زوخاڵ: بە هۆی کێشی شیعرەکەوە دەبێ /واو/ ی زوخاڵ زۆر بە کورتی بێتە سەرزمان، وەک سوخاڵی ناوچەی سنە، نەک وەک زووخاڵ.

تیپ: گرووپێکی سەرباز و سوپاییە. تیپی بەهار بە نێزە[ی شەماڵ]ەوە چۆتە شەڕەجەنگی بەفری زستان.

کلیلە: ڕنوو

پیرەزاڵ: پیری سەرسپی، زیاتر بۆ مێینە دەگوترێت.

قودووم: کۆی قەدەم، هەنگاو.  لێرەدا بە واتای هاتنی بووکە.

کوندەلاڵ: کوندێک کە زمانی قسە کردنی نییە و لاڵە.

زمان گرتن: لە کوردیدا دوو واتای دژ بەیەکی هەیە: یەکەمیان دەسپێکی قسە کردنە و .توانای قسە پەیدا کردن، کەزیاتر بۆ منداڵی ساوا دەگوترێت. دووهەمیشیان گیرانی زمانە لە خەڵکانێکدا کە زمان پاراو نین و زمانیان دەگیرێت. لێرەدا یەکەمیان. شاعیر دەڵێ: کوندی لاڵیش هاتۆتە قسە کردن و ئەوە موعجیزەی بەهار و شەماڵە.

تەشریف: هاتن، بەخێر هاتن.  مۆسیقای دەروونیی پیتی /ش/ لەم فەردەدا بەرچاوە.

پاک: هەمووی

قیل وقاڵ: بە /لام/ ی قەڵەو، قسە وباس، هەراهەرا.

کوڕ وکاڵ: جحێڵ و لاو (هەنبانە بۆرینە).  کاڵ بە حیسابی ڕێزمان 'موهمەل'ە. 

کیژوکاڵ: کیژی جحێڵ و لاو (هەنبانە بۆرینە نەیگرتووە بەڵام یەک لەو واتایانەی وا بۆ وشەی 'کاڵ' ی لێداوەتەوە، 'نەگەیشتوو'ە، کە دەکرێ بە کیژی ناکامڵ لێی تێبگەین). لێرەشدا هەر موهمەلە.

خەت و خاڵ: وابزانم خەت یان خەتی سەوز، ئەو تووکە ناسک و کەمەیە وا لە سەر لێوی گەنجان. بەتایبەت کچان دێت. ئەو خەتە هاوڕێ لەگەڵ خاڵێک کە بە گشتی مێینە لە سەر لێوی خۆیان دەکوتا، پێکەوە دەبنە خەت و خاڵ کە لە ڕابردوودا زۆر پەسندی شاعیران بوون و زۆریان پێدا هەڵگوتوون.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

هزج مثمن سالم: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن


 

[1]   چاپی ئەنیسی: بەفری

[2]   من لەگەڵ دانانی ئەو دوو پیتی /واو/انە نیم و لام وایە نابێ تایبەتمەندییە زمانەوانییەکان کە بۆ نموونە لە کتێبی فەرهەنگ (قامووس)دا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت پێویست بێت بهێنرێنە ناو نووسراوەی ئاسایی خەڵکەوە. من ئەم دەقەم لەبەر نوسخەی شاری دڵ کۆپی کردووە. دڵنیام ئەگەر /واو/ ی عەتف لە هیچکام لەو دووشوێنەی فەردەکەدا نەنووسرایەش دیسان خوێنەر ڕەچاوی کێشی شیعرەکەی دەکرد و بێ هەڵە دەیخوێندەوە. پێم وا نییە ئەوە بیدعەتێکی باش بێت.

[3] . چاپی جەعفەر: قەدری، جەماڵی

[4]   بڕوانە پارچە شیعری ژمارە ١٣٨، 'چ خۆش بەزمێکە، بەزمی یارە ئەمشەو [ئەوشۆ].

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de