دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ١٤ (پیری)٢ پیری وا هات و ئەجەل لێم دیارە ڕەنگە ڕامکێشێ بەرەو ئەو خوارە کوێیە ئەو خوارە؟ دەڵێن جێم قەبرە گۆڕە، خۆفناکە، گییان بێزارە ئەی خودایە، بە تەنێ لەو گۆڕە چۆن بمێنم؟ قوڕ و بەردم بارە جاری ئەووەڵ قوڕ و گڵ بووم و خودا گیانی پێدام و کەچی ئەمجارە ووردە ووردە بە خەیاڵە بەدەنم تێک بچێ، بێتەوە گڵ دووبارە بەدەنی ناسک و نەرم و شلی من خۆ لەوێ توعمەیی مشک و مارە بێکەس و بێدەر و ماڵ تاری خۆم چاو دەگێڕم هەر ئەتۆم لێ دیارە ئەی لەهەرجێ هەی و نیشە جێگات! کاتی ڕەحمە بە منی بێچارە گەر لەوێ گرپە نەکا شەمعی کەڕەم، تەنگ و تاریک، دڵەکەم خەمبارە تۆ "ئیمامی"، کە بژیت یا بمری، ئەرخەیان بە بە تەنێ خوا یارە قاقڵاوا، ١٣٦٠ ی هەتاوی [١٩٨١ ز.] ___________________________________
شیعرەکە دارماڵی ترسە لە مردن. ئەو هەستە بۆ مرۆڤێکی ئایینی وەک سەید کامیل بە تایبەت لە ساڵانی پیریدا نائاسایی نییە. شاعیر لە کاتی گوتنی شیعرەکەدا ٧٢ ساڵان بووە. ترس لە مردن بە تایبەت لە نێو موسوڵمانان و بەو هەموو ڕیوایەت و حیکایەتەوە لە جەهەننەم و پردی سیڕات و گۆڕەوشار و نەکیر و مونکیر، جهێگری دڵی هەموو ئیماندارێکە و لە تەمەنی سەرەوەدا زۆر جیددی دەبێتەوە. کەسێکی هەستیاری وەک ئاوات کە خۆی دەڵێ "بەدەنی ناسکی نەرم وشلی" هەیە زۆر سەیر نابێت ئەگەر لە مشک وماری ژێر زەوی بترسێت و هەست بکات هیچ دەرەتانێکی بۆ هەڵاتن لەو بارودۆخە نییە و کەس لە ژێر خاکدا ناتوانێ یارمەتی بدات هەر بۆیەش باوەڕ و ئیمان بە خودای لەو قۆناغەدا بەهێزتر دەبێت و ڕزگاریی خۆی لەدەست ەو هەموو چڕ وجانەوەرە سروشتی و خەیاڵییانە لە دەرگانەی ئەو دەخوازێت. ئەوە ناوەرۆکی سەرجەم فەردەکانی ئەم شیعرەیە. گیان بێزار، واتە دیاردەیەکی گیان ئەستێن یان دژ بە گیان. جاری ئەووەڵ قوڕ وبەرد بووم.... بیرۆکەیەکی شێوە فەلسەفییە بەڵام لە سەر بنەمایەکی ئایین دانراوە و ئاماژەیە بە دروست بوونی مرۆڤ بە دەست خودا لە خاک و فوو پێدا کردن و گیان بەبەرداکردنی. بێتەوە: بە واتای ببێتەوە، سەرلەنوێ ببێت بە هەمان ئەو شتەی وا پێشتر بوو. لە ناوچەی بۆکان کەڵک لەو بیچمەی وشەکە وەردەگیرێت. بێکەس و بێدەر: زاراوەیەکی سەر زمانی خەڵکە بە واتای بێ دەسەڵات و ناچار گرپە کردن: کڵپە، بڵێسە، گڕ (هەنبانە بۆرینە). تەنگ وتاریک دڵەکەم خەمبارە. سیفەتی تەنگ و تاریکی واهەیە بگەڕێتەوە بۆ "لەوێ" واتە لە ناو قەبردا و ئەگەر وابێت باشترە لە نووسینەوەدا وێرگول (فاریزە) یەکی بەشوێندا بهێنین کە لە پاشماوەی ڕستەکە جیای بکاتەوە. ئەگەرێکی لاوازتر ئەوەیە تەنگ و تاریکی سیفەت بن بۆ "دڵەکەم" کە من پێموا نییە وابێت. من تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەو باوەڕەم کە "دڵەکەم خەمبارە" سەربەخۆ و جیاوازە لە ڕستە و ووشەکانی پێش خۆی. "ئیمامی" ناوی بنەماڵەیی یا شوهرەتی سەید کامیلە و ئەوەندەی بزانم لە ناسنامەکەیدا بە "سەید کامیل ئیمامی زەنبیلی" ناودێر کراوە. سەید کامیل هەندێک جار لە جیاتی نازناوی شاعیریی "ئاوات" ئەو "ئیمامی" یەی خستۆتە کۆتایی شیعرەکانی. ساڵی گوترانی شیعرەکە ١٣٦٠ ی هەتاوی واتە دوو سێ ساڵێک دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانە. "ئەرخەیان" وێدەچێت وشەیەکی تورکی بێت بە واتای دڵنیا. شیعرەکە لە لاپەڕە ٤٢ ی دیوانی چاپی ئەنیسی وەرگیراوە.
|