دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٤٥

چ خۆشە

 

 

ئەگەر دڵبەر دڵ ئارا بێ چ خۆشە![1]

به‌زەوق و ئاڵ‌وواڵا بێ چ خۆشە!

شەراب هەرچەنده تاڵ‌وتونه، چاوم!
[2]
که ساقی وا دڵ‌ئاوا بێ چ خۆشە!

کەوا مەستی له نەشئەی چاوی مەستە
بڵێ دەی جامی مەی با بێ، چ خۆشە![3]

له کاتی مردن و دەرچوونی گیانم
[4]
که یادی ویم له دڵ‌دا بێ، چ خۆشە!

له گیروداری ڕۆژی واپەسینم
که سینەم 'لام‌ئەلف‌لا' بێ چ خۆشە!

ئەگەر فکرم له سەر 'لا' بێ چ ناخۆش!
که ئیمانم به ئەولا بێ چ خۆشە!

          "ئیمامی" تۆ که 'لائیللا'یه زیکرت
         
هومێدت هەر به 'ئەڵڵا' بێ چ خۆشە!

 

قاقڵاوا، ١٣٥٤ی هەتاوی

(لاپەڕە ٥٣ و ٥٤ ی چاپی ئەنیسی و ١٨٩ ی چاپی جەعفەر)

_____________________________________   

عینوانی شیعرەکر لەهەردووچاپدا وەک یەکە.

شیعرەکە دەسپێکی غەرامیی هەیە (فەردی ١ تا ٣)، بەڵام لە درێژەدا دەبێتە ئایینی (فەردی ٥ تا ٧)؛ فەردی چوارەم ئاڵقەی پەیوەندیدەری دوو بەشەکەیە و مۆرکی هەردوو بابەتەکەی بە سەرەوە دەبینرێت. ئەو وەرسووڕانە لە یەکەمەوە بۆ دووهەم، لەڕێگەی فەردی چوارەمەوە گەلێک وەستایانە کراوە بە چەشنێک کە خوێنەر کەمتر هەست بە گۆڕانکارییەکە دەکات ئەگەریش کردی، هەڵنابەزێتەوە پێی سەیر بێت.

وەک لە شیعرەکانی پێشتریشدا دیومانە، ترسی مردن وەها بە تان وپۆی وجوودی ئاواتدا گەڕاوە کە لە کاتی خۆشی و شادیشدا وەک مڵۆزمێک سەر هەڵدەدات و لێی ناگەڕێت خۆشی ببینێت. بە سووکە وەرچەرخانێک، باسی دڵبەر و ئاڵ و واڵاییەکەی و شەڕابی دەست و جامی مەی، دەبێتە مردن و دەرچوونی ڕۆح و ڕۆژی واپەسین! ئەوە شاعیرەکەی ئێمەیە و باوەڕ عەقیدەی وەک موسوڵمانێکی ئیماندار.

بەشی دووهەمی شیعرەکە، واتە سێ فەردی کۆتایی، یاری کردنێکی تێدایە بە دوو پیتی لام و ئەلف، کە دوای ئەم لا و ئەولا پێکردنێک، دەیباتەوە سەر شەهادەی موسوڵمانان (لا الە الااللە).

چ خۆشە،: بۆتە ڕەدیف بۆ شیعرەکە؛ سەروای فەردەکانیش پیتی ئەلفە کە لەم وشانەدا دەبینرێت: باڵا، ئارا، با، دا، لا، لا، ڵا.

چەند تەرکیبی جوان لە شیعرەکەدا هەن بۆ نموونە، مەستی لە نەشئەی چاوی مەست؛ یادی یار کردن لە کاتی مردندا؛ یاری کردن بە دوو وشەی لا و ئەولا کە یەکەمیان عەرەبی و دووهەمیان کوردییە.

دڵ ئارا: کەسێک یان شتێک کە دڵ دەڕازێنێتەوە و دڵخۆشکەرە؛ بە گشتی، یار و دڵداری شاعیر. تەرکیبێکی فارسییە.

ئاڵ و واڵا: تەرکیبێکی جوانی کوردییە بۆ دڵدار. کاڵ و کرچی و فاخری و مەزنایەتی هەموویانی تێدایە.

تاڵ و تون: لە کوردیدا تاڵ و توند، وەک سیفەتێک بۆ خواردەمەنییەک هەیە کە تاڵ و تیژ بێت. لێرەدا وێدەچێت بە هۆی کێشی شیعرەکەوە پیتی دالی کۆتایی توند پەڕیبێت و نەمابێت. لە ئەنجامدا ئەنیسی بە 'تون' ی نووسیوە و جەعفەر بە 'توون'. من لام وایە دەبێ شەددەیەک لە سەر پیتی /نوون/ەکەی دابنرێت و وەک توننو بخوێنرێتەوە کە لە توند نزیکترە تا توون کە ئەمیان واتای توونی حەمام دەداتەوە!

دەک: لە هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژاردا بە "وشەی ئاوات خوازی، خەمباری و سەیرمان" واتا کراوەتەوە و لە شیعرەکەدا ڕاست وشەی سەیرمان واتە 'تعجب'ە؛ شاعیر کە شەڕابخۆر نییە، دەڵێ ئەگەر بێت و چاوی مەستی یار نەشئەی مەستیم پێ بدات با جامی مەی (کە چاوی یاریش بەو شوبهێنراوە)م بۆ بهێنن دەیخۆمەوە!

گیرودار: بگرە وبەردە. فارسییە.

واپەسین: دوایی. ڕۆژی واپەسین، ڕۆژی قیامەت؛ فارسییە.

لام ئەلف لا: قەدیم، لە دەرس خوێندنی منداڵانی پۆلی یەکەم و ڕۆژانی سەرەتادای مەکتەبدا، مامۆستا دوای فێرکردنی پیتەکان هەوڵی دەدا تەرکیب و پێکهاتەیەکی دوانە لە پیتەکان فێری منداڵ بکات؛ بۆ نموونە دەیگوت بێ ئەلف = با؛ نوون ئەلف = نا؛ و لام ئەلف = لا.

سینەم لام ئەلف لا بێ: ئاماژەیە بە 'بەشی یەکەمی 'کەلیمەی شەهادەتەین' ی موسوڵمانان: لا الە الااللە،. لە بەشی یەکەمدا دەگوترێت لا الە (هیچ خودایەک نییە) کە دیارە لە ڕوانگەی ئیماندارێکی موسوڵمانەوە کفرە و دەبێ دەست بەجێ بەشوێنیدا بەشی دووهەمی بڵێن کە الاللە (جگە لە خودا)یە. ئاوات لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات و هیوا دەخوازێت کە لە کاتی سەرەمەرگدا ئەو وشانە ببێژێت. بە عادەت خەڵکانی دەوروبەری نەخۆشی سەرەمەرگ هەوڵ دەدەن ئەو 'کلمە شهادتین'ە بە گوێی کەسەکەدا بخوێنن بۆ ئەوەی ئەویش بیڵێتەوە دەنا لایان وایە بە کافری دەمرێت. بابەتی هەرسێ فەردی کۆتایی شیعرەکە ئەو قسەیەیە. لە فەردی شەشەمدا دەڵێ ئەگەر فکرم لەسەر 'لا' بێت چ شتێکی ناخۆشە! وەک گوتم، ترس لەوەیە کەسەکە تەنیا بەشی یەکەمی وشەکان (لا اللە) بڵێت و پێی کافر بێت.

کە ئیمانم بە ئەولا بێت: ئەولا واتە لایەکەی دیکەی ئەو شەهادەیە کە 'الا اللە' بێت. شاعیر جیناسی کامیلی لە نێوان لای عەرەبی و لای کوردیدا دروست کردووە. هەروەها 'ئەولا' دەتوانێت ئاماژە بێت بە ئەو دنیا.

لائیللا: نییە غەیری. تێکەڵاوێکە لە 'لای'ی بەشی یەکەم و 'ئیللا'ی بەشی دووهەم.

هومێد: ئومێد، هیوا.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:      هزج مسدس محذوف: مفاعیلن مفاعیلن فعولن


 

[1]  چاپی ئەنیسی: چخۆشە

[2]  چاپی جەعفەر: توونە

[3] چاپی ئەنیسی: بڵێ دەک

[4] چاپی ئەنیسی: دەرچوونی روحم

 

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de