دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٥٦

شەمعی کامیل

 

 

 

 

چۆن دڵت هات تۆ بەجێت هێشتم، بە تەنیا مامەوە؟   

نەتدەزانی دوای نەمانت شێت دەبووم، دەخولامەوە؟

بێ‌خەبەر بووی تۆ مەگەر، پاش تۆ ئەمن حاڵم چییە؟
نەتدەزانی هەر لە بەردەرکت لە قوڕ دەتلامەوە؟

نەتدەزانی تینی لێ‌جوێ‌بوونەوەت دەمکا به چێشت؟
هەر به چەشنی شەم لە جێی خۆم دەس‌بەجێ دەتوامەوە؟

قوڕبەسەر خۆم کاکه، بێ‌تۆ دەربەدەر، مات و هەژار
هەرچی خۆشیم دی، به مەرگی تۆ به ساتێ دامەوە

زامی دڵ دیوەودەره، قوربان! به مەرگی تۆ قەسەم
ڕەنگه زوو بمرم منیش دوای چاوی تۆ بەو زامەوە

وا پڕیشکی ئاوری دووریت کەسم! وای‌کرد له من
شۆڕشی ئەو ئاوره هاتۆته نێو ئەعزامەوە
[1]

          
  شەمعی "کامیل" بووم به هۆنراوەی جوان لای هۆنەران
            ئێسته کاکەگیان! له تۆ دوور کەوتم و کووژامەوە

قاقڵاوا، ١٣٥٣ی هەتاوی

(لاپەڕە ١١٥ ی چاپی ئەنیسی و ٢٢٠ ی چاپی جەعفەر)

_________________________________________ 

بۆ وەفاتی کاکی

بحر رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن.

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "تەنیا مامەوە"یە.

شینگێڕییە بۆ مەرگی براگەورەی شاعیر- سەید محەممەد نوورانی (سەیدی زەنبیل)، کە دەبێ هەر لە ساڵی گوترانی شیعرەکەدا (کە دەکاتە ١٩٧٤ یان ٧٥ ی زایێنی) کۆچی دوایی کردبێت. دیوانی چاپی جەعفەر لە پەراوێزی شیعرەکەدا نووسیویەتی: "بۆ وەفاتی کاکی" و لە بەر ئەوەی سەید کامیل تەنیا یەک برای هەبوو، دەبێ هەمان سەید محەممەدی نوورانی بێت؛ وێدەچێت شاعیر پەیوەندێکی برایانەی گەرم وگوڕی لەگەڵ کاکیدا بووبێت.

شێت دەبووم، دەخولامەوە، حاڵم چییە، دەتلامەوە، دەتوامەوە: ئەو کردارانە هەمووی لە زەمانێکدا گوتراون کە لە باری ڕێزمانەوە زۆر لە شوێنی خۆیاندا نین. کاتێ شاعیر دەڵێ "دوای ئەوەی تۆ بەجێت هێشتم بەتەنیا مامەوە"، قسە کردنێکی ئاساییە و زەمانی کردارەکەش بەڕێ و جێیە واتە دوای تۆ، من بەتەنیا مامەوە. بەڵام کاتێ دەڵێ دوای نەمانت شێت دەبووم یان دەخولامەوە، ئەوانە لەژێر گوشاری کێش یان سەروای شیعرەکەدا گوتراون دەنا ئاسایی نین کەسێک بڵێ بێ خەبەر بووی پاش تۆ حاڵم چییە (لەجیاتی حاڵم چۆنە یان چۆن دەبێت) یان نەتدەزانی ...دەتلامەوە (لەجیاتی دەتلێمەوە). هەرچۆنێک بێت، ئەوە خاڵێکی ئەرێ یی نییە بۆ شاعیر کە سەر وبنی قسەکانی ئاوا پێکەوە جۆش بدات. بنەڵام لە فەردی کۆتاییدا شاعیر بەیانێکی ئاسایی هەیە: دوای دوور کەوتنەوە لە تۆ، کووژامەوە؛ ئیتر ناڵێ دەکووژامەوە.

دەس بەجێ: موعتەریزەیەکە، ڕستەکە پێویست بە بوونی ناکات  بەڵام بۆ ڕێکخستنی کێش خراوەتە ئەو شوێنە. شیعری کلاسیکی ناوچەکە پڕە لەو حەشو و زیادییانە.

هەرچی خۆشیم دی، بە ساتێ دامەوە: میسراعێکی ڕێک و پێک و جوانە: خۆشیم ئیتر نەما.

دیوە ودەر بوونی زام: ئاشکرا بوون و دەرکەوتنی زامێکی لەشە کە پێشتر شاراوە بووبێت و نیشانەی پەرەسەندنیەتی.

دوای چاوی تۆ: تەعبیرێکی جوانە، لەسەر زمانی خەڵکیش هەیە. زۆرکەس بە چاوی خۆشەویستێکی خۆیان سوێند دەخۆن. دوای چاوی تۆ، لە ڕاستیدا یانی دوای تۆ، دوای مەرگی تۆ دوای بئەوەی کە ئیتر چاوت نابینم.

شۆڕش: ڕاپەڕین. شۆڕشی ئاور واتە پڕیشکە لێدانی ئاورەکە.

ئەعزا: ئەندامەکانی لەش.

شەمعی کامیل بووم: شاعیر دەیەوێ بڵێت من کە کامیلی براتم، مۆمێک بووم و دوای ئەوەی لە تۆ دوور کەوتمەوە، کووژامەوە؛ بەڵام ئەوەی بە شێوازێک گوتووە کە ناو، یان ناسناوی خۆی تێکەڵاوی قسەکان کردووە لە ئەنجامدا وشەی کامیل دوو واتای بەخۆیەوە گرتووە: ١. تەواو ٢. ناوی شاعیر، کە ناسناوی شیعریشیەتی.


 

[1] چاپی ئەنیسی: ئەغرامەوە (دیارە هەڵەی چاپە).

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de