دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ١٧ خەڵات بۆ گەلی تێکۆشەرە ئیمڕۆکە، هات هاتی هەموو کۆمەڵە وا ڕۆژ، هەڵات تینی ئەوا دا بە هەموو نیشتمان چاکە دەبووژێتەوە بۆ کارەسات سوێند بە کەسێ هەر بووە، قەت نامرێ هەر ئەوە بێ وێنە بە زات و سیفات موژدە دەبەم بۆ گەلی ئازا و نەبەز گەل لە پەت و بەند و قەنارە دەرات یا خۆ ئەگەر پیر و لەکارکەوتە بووی کوا دەس و گۆچانت و شان و عەبات؟ پیری، جحێڵی، بە جەهەننەم! وەرە بمرە لە ڕێی پڕ دڕوداڵی وڵات یا نە، خەڵاتت دەدەنێ بێت و مای یا کە شەهید بووی، ئەوە چاتر خەڵات (قاقڵاوا، ١٣٤٠ ی هەتاوی) لاپەڕە ١٠٨ ی دیوانی چاپی ئەنیسی ___________________________ شیعرەکە سەرتا پا سیاسییە، هاندەری خەباتە و شادی دەربڕینی شاعیرە بە هۆی ڕووداوێک و بارودۆخێکەوە، کە لە شیعرەکە دەرناکەوێت چییە و تاقە کلیلی تێگەیشتنی واهەیە ڕێکەوتی کۆتایی شیعرەکە بێت: ١٣٤٠. ساڵی ١٣٤٠ ی هەتاوی کەم و زۆر بەرانبەرە لەگەڵ ساڵی ١٩٦١ ی زایێنی. ڕووداوێکی سیاسی کە شاعیری وەها دڵشاد کردبێت، دەبێ شۆڕشی ئەیلوول واتە ڕاپەڕینی کورد لە باشووری کوردستان دژ بە حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم بێت و هیچیتر. ئەوەی دەڵێ "تینی ئەوا دا بە هەموو نیشتمان" دەبێ نیازی لە کاریگەریی شۆڕش و ڕێبەرەکەی بێت لە سەر خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئەوەش بۆ کەسێک کە ئەو ساڵانەی لەبیرە و دەزانێ شۆڕشەکەی باشوور بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ بزووتنەوەیەکی مەزنی خستە ڕێ و ساواک و حکوومەتی شا بۆ چەواشە کردنی خەڵک و فریودانیان چۆن ڕۆژنامەی کوردستانیان بڵاو کردەوە و ئێزگەی کوردی ڕادیۆ کرماشانیان دانا، ڕاست دەنوێنێت. شاعیر پێی وایە گەلی ئازا و نەبەز- کە دەبێ گەلی کورد بێت، لە پەت و بەند و قەنارە ڕزگاری هاتووە و پیر و لاو و تەنانەت لەکارکەوتە و گۆچان بەدەست و عەبا لە شانیش بانگ هێشتنی بەشداری لە شۆڕش دەکات و شەهید بوونیان لەبەر چاو شیرین دەنوێنێت. دەشزانین کە زۆرێک لە لاوانی کوردی ڕۆژهەڵات هەمان ئەو ڕێگایەیان هەڵبژارد و چوونە ناو شۆڕشەوە، بەڵام بە ماوەیەکی کەم دوای دەسەڵات سەندنی ساواک لە نێو هەر دوو بەرەی لێک دابڕاوی شۆڕش، لە کارەکەیان دڵسارد بوونەوە و گەڕانەوە. من ئاگادار نیم لە کەس وکار و نزیکانی سەید کامیل کێ چوو بۆ ناو شۆڕش یان نەچوو، بەڵام دەزانم دۆست و ناسیاوێکی زۆری چوون و پاشان گەڕانەوە. بابەتێکی لێڵ و ناڕوون لە شیعرەکەدا نییە. فەردی یەکەم دەڵێ ئەمڕۆکە هات و بەخت بۆ گەلی تێکۆشەرە (کە گەلی کورد بێت)، ڕۆژهەڵاتنیش هەڵاتنی ڕۆژی بەختە کە دەڵێ بۆ هەموو کۆمەڵ واتە هەموو خەڵکە. دەرات = دەرهات بێت و مای = ئەگەر زیندوو مایەوە |