دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٧٣

دافیعی ئەلەم

 

 

ئەتۆی حەکیمی هەموو دەرد و دافیعی ئەلەمی                                                                               ئەتۆی کە شافیعی خاوەن گوناهی زۆر وکەمی

 

ئەتۆی که ڕەحمەتەکەی گرتی دار و بەردی وڵات[1]

وەخڕدەکەی بە سەخا و بەزل سفرەکەی حەتەمی



وجوودی تۆ بووه زیبی گوڵ و دڵی بولبول

به بۆنی تۆوه گەیشت، بوو به نۆکەر و خەدەمی



وەنەوشه گەردنی خۆی کرد بڵند له ڕاستت زوو

نەسیمی سوبح سەری کرد نەوی و دای قەسەمی



که تا وجوودی هەیه سەرنخوون و مل‌کەچ بێ

سیاهـ‌پەرده بێ دایم، هـەتاکوو دێ عەدەمی



که سوێسنیش وەزمان‌هات بڵێ منیش جوانم

سەبا به ئەمری جەنابت شەپێکی دا له دەمی

تەماشە نێرگسی خۆشبەخت چۆنی تەرتیب دا
[2]

لە لایێ حوققە و کاغەز، لە لایەکیش قەڵەمی[3]



            لەبەر ئەوه که بنووسێ له مەدحی تۆ دەفتەر

            ببێته زیبی چەمەن، خۆش بێ هاتنی قەدەمی

 

گەردیگلان، ١٣٣١ هەتاوی

(لاپەڕە ٦ و ٧ ی چاپی ئەنیسی و ٢٤٣ ی چاپی جەعفەر)

_______________________________________________

 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "ستایشی پێغەمبەر"ە.

ناوەرۆکی شیعرەکەش هەر پێداهەڵگوتنی پێغەمبەری ئیسلامە. ئەهلی شەریعەت و بە شێوەیەکی زێدەتر، ئەهلی تەریقەت، هەروەها شاعیران و نووسەرانی شوێن هەڵگری ئەوان، هەموو کائینات و بوونەوەران لە ئەزەلەوە تا ئەبەد وەک نیشانەیەک دەناسێنن کە خودا لە خۆشەویستی پێغەمبەری ئیسلام خوڵقاندوونی و ئەو بۆچوونەیان پشت ئەستوورە بە حەدیسێکی قودسی کە لە زمان خوداوە دەڵێ: "لولاک لما خلقت الافلاک"، ئەگەر لەبەر خاتری تۆ نەبوایە ئەفلاکم نەدەخوڵقاند.

لە ماوەی چاردە سەدەی تەمەنی ئایینی ئیسلامدا هەزاران ڕیوایەتی هاوچەشن لە سەر بنەمای ئەو حەدیسە گوتراوە و نووسراوە و خوێنراوەتەوە و بە هەمان حیساب، واهەیە ملیۆن پارچە شیعر بە زمانە جیاجیاکانی ئۆممەتی ئیسلام هۆنراوەتەوە، کە ئەم شیعرەی ئاوات یەک لە نموونەکانیەتی.

بە حیسابی شاعیر لەم شیعرەدا، پێغەمبەری ئیسلام 'حەکیمی هەموو دەرد' و 'دوورخەرەوەی خەم' و 'شفاعەتکاری گوناهکاران' و... هەموو ئەو سیفەتە چاکانەی دیکەیە کە لە شیعرەکەدا هاتوون.

پێشتریش گوتوومە، ئاوات وەک زۆرێک لەو شاعیرە کوردانەی وا شیعری بە کێش و سەروایان گوتووە (ئەگەر بتوانین پێیان بڵێین شاعیرانی کلاسیک)، سڵی لەوە نەکردۆتەوە وشە و تەعبیری فارسی یان عەرەبی بهێنێتەر ناو شیعری خۆیەوە. ئەوەش تایبەتمەندییەکی شیعری ئاواتە و لە بەراوردکردن لەگەڵ شاعیرانی قوتابخانەی سەیف لە موکریاندا، هەندێک تایبەتمەندە. هەژار و هێمن و حەقیقی و خاڵەمین و نووری زیاتر لە ئاوات هۆگری زمانی ڕەسەنی کوردی بوون و کەمتر لەو، وشەی فارسی و عەرەبییان خستۆتە ناو شیعری خۆیانەوە.

هۆکارێکی ڕەوانی و بێ گرێ وگۆڵیی شیعری ئاواتیش واهەیە ئەوە بێت، کە بایەخی زیاتری بە بیر و بۆچوون داوە تا قاڵبی زمانی، و من لە خوێندنەوەی شیعرەکانیدا هیچ هەستێکم بەوە نەکردووە گوشاری خستبێتە سەر خۆی بۆ ئەوەی وشەی ڕەسەن وزاراوەی گوندنشینان یان وشە و تەعبیری زاراوەکانی دیکەی کوردی بهێنێتە ناو شیعرەکانیەوە. بە کورتی، ئاوات سیاسی بووە بەڵام بە شیعرەکانی سیاسەتی نەفرۆشتووە بە خوێنەر، بەڵکوو لەم بارەیەوە لەسەر نۆڕم و ڕەوتی زمانی شیعر و ئەدەبی باوی ئەو سەردەمە ڕۆیشتووە کە قانع و مەلامارفی کۆکەیی و فایق بێکەس و میسباح چەند نموونە بوون و دەیان نموونەی دیکەشیان لە باشوور و باکووری کوردستان هەبووە.

ئەلەم: دەردەداری؛ عەرەبییە و کۆیەکەی دەبێتە ئالام.

ڕەحمەت: میهرەبانی کردن و لێبوردوویی؛ عەرەبییە. چاپی ئەنیسی بە شێوەی 'ڕەحمەتەکەت' تۆماری کردووە. لە کۆتاییدا هەردوو شێوە یەک واتایان هەیە یەکیان وەک دووهەم کەسی ڕێزمانی و ئەویتر وەک سێهەم کەس بەیانی کردووە. تۆ ئەو کەسەی کە ڕەحمەتی ئەو (واتە تۆ!) داروبەردی وڵاتی گرتۆتەوە.

سەخا: بەخشندەیی، دەهەندەیی؛ عەرەبییە.

بەزل: بەخشینەوە؛ عەرەبییە

حەتەم: بە کوردیکراوی ناوی حاتەمی تایی، کەسایەتی ئەفسانەیی/ مێژوویی عەرەبە کە بە دڵئاوایی ناوی دەرکردووە و زۆر جار لە شیعری ئاواتدا بە نموونە هێنراوەتەوە.

زیب: ڕازاوەیی و جوانی؛ فارسییە. بوونی تۆ بووە هۆی جوان بوونی گوڵ و گوڵیش بۆنی تۆی لێوە دەهات، لە ئەنجامدا بولبولیش هەر لەبەر ئەو جوانییە و ئەو بۆنە خۆشەی گوڵ، کە لە ڕاستیدا بۆنی تۆ بوو نەک هی گوڵەکە خۆی، بوو بە ئەوینداری. واتە بولبول لە ئەسڵدا ئەوینداری تۆیە نەک گوڵەکە.

خەدەم: کۆی خادم، خزمەتکارە. بە گوێرەی داڕژانی ڕستەی شیعرەکە، دەبوایە سیغەی فەردی وشە واتە ('خادم') لەو شوێنەدا بهاتبایە بەڵام شاعیر بە هۆی سەروا و کێشی شیعرەکەوە سیغەی کۆی لەجیاتییان هێناوە.

وەنەوشە: فەردی چوارەم و پێنجەمی غەزەلەکە لە پەیوەندی یەکتردان. وەنەوشە چەشنە گوڵێکە ڕەنگی بنەوشی هەیە بەڵام وەنەوشەی سپی یان سپی و بنەوش یان سێ ڕەنگیش هەیە (فرهنگ معین). گوڵی وەنەوشە ڕووی لە زەوییە و بەم بۆنەیەوە لە شیعری شاعیراندا مرۆڤی شەرمێون یان شەرمەزار بە وەنەوشە شوبهێنراوە. واتای سەرجەمی دوو فەردەکە ئەوەیە: وەنەوشە گەردنی خۆی ڕاست ڕاگرت بەڵام بای نەسیمی بەیانی سەری پێ شۆڕ کرد و سوێندی دا هەتا ئەودەمەی هەیە و ماوە سەرنخوون و ملکەچ بێت و تا دەمرێت لە پەردەیەکی ڕەش بئاڵێت. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە بەرانبەر پێغەمبەری ئیسلامدا نەڵێ جوانم!

سیاه پەردە: پەردەی ڕەش، تەرکیبێکی فارسییە. من وای بۆ دەچم نیاز لە سیاهپەردە بوون مانەوە لە ژێر پەردەیەکی ڕەشدا بێت و ئەوە بگەڕێتەوە سەر حاڵەتی پەردەپۆشی کە بە داخەوە لە ئەدەبی کۆنی ناوچەکەدا سیفەتێک بووە بۆ ژنان. بۆ نموونە، بەژنان گوتراوە پەردەنشین. سیاه پەردەبێ بە واتای پەردەی ڕەشی بەسەرەوە بێت و لە خەجاڵەتییان خۆی بشارێتەوە.

سوێسن: یان سوێسنە، چەشنە گوڵێکە زۆر بۆنخۆش (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار). چەشنێک گلایۆلە، پێنج گوڵی هەیە کە یەک یەک دەکرێنەوە و بە هۆی ئەو دەم کردنەوە زۆرانەوە بە خاوەن زمان ناوی دەرکردووە.

شەپ لە دەم دان: دەم پێ بەستن، مۆڵەت نەدان بۆ قسە کردن و خۆ نواندن. تەعبیری هاوشێوە لە شیعری شاعیرانی دیکەشماندا هاتووە. نالی دەڵێ:

"لافی دەمی تۆ غونچە لە دەمیا بوو، بە عەمدا

با خوستی بڕی، خستی، کە مستێکی لەدەم دا"

نێرگس: چەشنە گوڵێکە. بە شێوەی نێرگز و نەرگزیش گوتراوە. "گوڵێکی سپی ناوزەردی زۆر بۆن خۆشە، بنکی هەیە و لە سەرەبەهاردا دەڕوێ" (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار). لە ئەدەبی کۆنی ناوچەکەدا نێرگز قەڵەم بەدەست و نووسەری ناو گوڵانە؛ چاوی خومار و نیوە خەوتووی دڵداریش بە گوڵی نێرگس شوبهێنراوە.

حۆققە: دەوات، جەوهەردان، زەرف.

تەرتیب دان: ڕێک خستن. بە بۆچوونی من ئاماژەیە بە بەرزیی باڵای گوڵی نێرگز و بیچمی گوڵەکە و پەڕەی گوڵەکانی. بەرزیی ئەو بەشەی نێرگز کە لە کۆتاییدا گوڵەکەی دەردەکەوێت، لێرەدا بە قەڵەم و شکڵ و شێوازی گوڵەکە و قووڵ بوونی وەک کاسەی بە دەوات و لاپەڕەکانی بە کاغەز شوبهێنراون. هەموو ئەو تەرتیباتە بۆ ئەوەی بە قەولی شاعیر، نەعت و ستایشی پێغەمبەری ئیسلام بنووسن.

حۆققە و کاغەز: لە هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەردا واوی عەتفی نێوان دوو وشەکە بە دوو واو نووسراوە. من ئەوەم پێ بە زیادی بوو لەبەر ئەوەی هەرکەس بیەوێت ئەو میسراعە لە سەر ئەو کێش و هەوایە بخوێنێتەوە واوەکە درێژ دەکاتەوە و ئیتر پێویستییەک بە نووسینی دوو واو و سەر لە خوێنەر شێواندن ناکات. لە نووسیندا دەبێ هەوڵ بدرێت تا ئەو شوێنەی گونجاوە، باری زیادی نەخرێتە سەر شانی وشە و ڕستە و ئەوەندەی بکرێت بە ساکاریی بنووسرێت.

لەبەر ئەوە...: ئەم فەردە درێژەی فەردی پێش خۆیەتی و ئاماژە بە نێرگز و قەڵەمەکەی دەکات. لێرەدا ئاوات دەڵێ نێرگس کە خۆشبەختە بەوەی بنووس هەڵبگرێت و مەدحی تۆ لە دەفتەری پەڕەکانیدا بنووسێ ئەی پێغەمبەر و بەوەش ببێتە هۆی ڕازاوەیی چیمەن و باغ؛ جا منیش بەو بۆنەیەوە بەخێرهاتنی دەکەم.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:         مجتث مثمن مخبوب محذوف: مفاعلن فعلاتن مفاعلن فعلن


 

[1] چاپی ئەنیسی: ڕەحمەتەکەت

[2] چاپی ئەنیسی: تەماشا

[3] چاپی ئەنیسی و جەعفەر: حۆققە وو کاغەز

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de