دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ١٧٨
یار ڕۆیی
دەڵێن یارم لە بۆکانێ بە سەد ئاه و فوغان ڕۆیی
زەدەی پەیکانی حەسرەت بوو، وەکوو تیری کەوان ڕۆیی
برام سەردەستەیی پاکی ڕەفیقانی جەفاکێش بوو نەمابوو هاودەمی، بۆیه لە دووی کاروانی وان ڕۆیی
لەبەر ناڕێکوپێکی مەوقیع و کات و زەمان ڕۆیی
لەبەر بێبەرگوباری و ڕەنگ و بۆنی گوڵستان ڕۆیی
به دەنگی بولبولی باغی بەهەشتی جاویدان ڕۆیی
لە جێی خۆی "سادقی" دانا، ئەویش زوو، ناگەهان ڕۆیی
بنێرن باری دۆعا، سەروەری دانیشوەران ڕۆیی[1]
ڕەفیقی زۆر لە سەر شانسووکی هەر پیر و جەوان ڕۆیی
ئەتیببا کوێر و دەرمان قات بوو، وا ئەو بێوچان ڕۆیی؟
ئەویش دڵ پڕ له کوڵ خێرا لە پێش کاتی خەزان ڕۆیی
به زاری بانگی هاواڵان بکا: ئارامی گیان ڕۆیی
(لاپەڕە ١١٢ و ١١٣ ی چاپی ئەنیسی و ٢٥٦ و ٢٥٧ ی چاپی جەعفەر) ___________________________________________________
عینوانی شیعرەکە لە چاپی جەعفەردا "ڕۆیی"یە، بەڵام ئەوەی چاپی ئەنیسی گەلێک لەدڵ نزیکتر و خۆمانەترە گەرچی بە هەمان ڕاستەڕێی ئەویتردا دەڕوات و جیاوازیی زۆری لەگەڵیدا نییە. من عینوانی چاپی ئەنیسیم لێرە داناوە.
یەک لە شیعرەکانی ئاواتە لە مەقوولەی ئیخوانییاتدا.
بە حیسابی ناوی سادق و قزڵجی و بابی سدیق و بۆکان، شیعرەکە خۆی، ڕوونی دەکاتەوە کە بۆ کۆچی دوایی نەمر مەلا محەممەد سادقی قزڵجی (قازی کاکەحەمەی بۆکان) گوترابێت، بەڵام لە چاپی جەعفەردا ئەو مەسەلەیە بە ڕاشکاوی ڕاگەیێنراوە: "بۆ کۆچیدوایی خوالێخۆشبوو قازی کاکەحەمە".
قازی کاکەحەمە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا "سەدری کومیتەی حزبی دیموکراتی کوردستان" لە شاری بۆکان بوو و دوای هەرەسی کۆمار، هاوڕێ لەگەڵ مەلا سدیقی کوڕی، چەند ساڵ ئاوارە بوو و پێکەوە لەگەڵ مامۆستا هەژار و مامۆستا حەسەنی قزڵجی (ئامۆزای خۆی) و کەسانێکی دیکەش، پەنایان بردبووە بەر ماڵی نەمر شێخ لەتیفی حەفید. مامۆستا هەژار لە کتێبی 'چێشتی مجێور' دا باسی ئەو ڕۆژانەی کردووە. ئاوات دۆستایەتییەکی نزیکی لەگەڵ بنەماڵەی قازی کاکەحەمە و شەخسی خۆیدا هەبوو و وێنە هەیە کە پێکەوەیان پیشان دەدات، تەنانەت لام وایە خزمایەتییەکی 'سەبەبی'شیان لە نێواندا هەبێت. شاعیر لێرەدا قازی کاکە حەمە بە "یارم" ناودەبات و ئەوە نیشانەی ئەو نزیکایەتیەیە.
ئاه و فوغان: گریان و ڕۆڕۆ، دەبێ هی ئەوخەڵکە بێت کە تەرمەکەیان بەڕێ کردووە. تەرکیبێکی فارسییە.
پەیکان: نووکی تیر کە بە کەوان دەهاوێژرێت.
زەدەی پەیکان: تەرکیبێکی فارسییە هاتۆتە ناو زمانی کوردییەوە، بەواتای کەسێک کە پەیکان پێکاویەتی.
حەسرەت: دەبێ بگەڕێتەوە بۆ خەم و پەژارەی هەرەس هێنانی کۆمار و ئاوارەییەکەی قازی کاکە حەمە.
ڕەفیقانی جەفاکێش: دەبێ ئەندامان و لایەنگرانی حزبی دیموکراتی کوردستان یان بەگشتی دڵسۆزانی کوردایەتی بن. سەردەستە ئاماژەیە بە سەرۆکایەتی قازی کاکە حەمە لە حزبەکەدا لە بۆکان. کاروانیش هەر هاودەم و هاوبیر و هاوحزبییەکانی ئەون لەو ساڵانەدا، کە لە کاتی کۆچی دواییەکەیدا چیتر لە ژیاندا نەمابوون.
لەگەڵ...: ئەم فەردە ڕووی لە مەلاسدیقی کوڕی قازی کاکە حەمەیە کە بە 'مەلا سدیقە گڕوێ' دەناسرا و دوای هەرەسی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ لەگەڵ باوکیدا پەنای بردبووە باشووری کوردستان.
ئەهلی وەفا: دڵسۆزانی کوردایەتی ئەو سەردەمانە و دوای ئەویش.
سادق و سەدیق: ناوی باوک و کوڕ. لە شیعرەکەدا جیناسی ناتەواویان لێ پێک هاتووە.
ڕاس: ڕاست، دژی خوار
ڕاس و سەرو: شاعیر بە هێنانی ئەو دوو وشەیە لە فەردێکدا، لەلایەکەوە مراعات النظیر و لەلایەکی دیکەوە جیناسی دروست کردووە. سەرویش دارێکە ڕاست هەڵدەکشێت.
گوڵستان: کۆمەڵگای کوردەوارییە. بێ بەرگ و باری و [بێ] ڕەنگ و بۆنی سیفەتن بۆ کۆمەڵگای بێدەنگی دوای ساڵانی هەرەسی کۆماری کوردستان.
جانان: لە زاراوای سۆفیاندا سیفەتێکە بۆ خودا. واهەیە شاعیریش نیازی هەر ئەو بووبێت؛ بەڵام دەکرێ ئاماژەش بێت بۆ هەمان کۆمار و سەرۆکەکەی واتە پێشەوا قازی محەممەد.
قزڵجی: لێرەدا نیاز مەلا محەممەد حەسەنی باوکی مەلا محەممەد سادق یان مەلاعەلی باپیریەتی کە بە عەللامەی قزڵجی ناسراوە. من زیاتر بۆ باپیری دەچم. ئەو سیفەتی "کانی فەیز و عیلم و زانین"ەش زیاتر لەگەڵ ئەودا دێتەوە. بەڵام کاتێ دەڵێ لەجێی خۆی سادقی دانا، ئەودەم دەبێ بێینە سەر ئەو باوەڕەی کە مەلا محەممەد حەسەنە.
کان: سەرچاوە.
دانیشوەر: زانا، خاوەن دانش. فارسییە.
زۆر لەسەر شان سووک: سیفەتە بۆ قازی کاکە حەمە کە بەگوێرەی شاعیر هاوڕێیەکی بێ ئەرک و بێ زەحمەت بووە.
تەبریز، تەورێز: شارێکی گەلێک کۆنی مێژووییە و ناوەندی ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتە لە ئێران. لە فارسی و تورکیدا تەبریز و لە کوردیدا تەبرێز و تەورێز دەگوترێت. وێدەچێ قازی کاکەحەمەیان بۆ عیلاجی نەخۆشیی سەرەمەرگی بردبێتە ئەو شارە و ئەوەش بۆ خەڵکی ناوچەکە کارێکی ئاسایی ڕۆژانە بوو و تەنانەت ئێستاش هەر هەیە. بەهۆی نەبوونی دوکتۆر و دەرمان و نەخۆشخانەی ڕێک و پێکەوە، ئەو خەڵکانەی وا لە موکریان نەخۆش دەکەوتن زۆر جار دەچوون یان دەبرانە تەورێز. من خۆم چەندجار بۆ عیلاج و عەمەلیات چوومەتە تەورێز و واهەیە دەیان کەسیشم لە خزم و کەس وکار بۆ هەمان ئامانج بردبێتە ئەوێ.
تەبرێز و تەب ڕێژ: بنەچە و واتای وشەی تەبرێز ڕوون نییە، دەگوترێت وشەیەکی پەهلەوی بێت باوەکوو ئاشورییەکانیش شارەکەیان ناسیوە و لە سەرچاوەکانی پێش ئیسلامدا وەک "داورێژ'یش هاتووە، بەڵام خەڵکانی ئاسایی لە ئێران بۆ ڕوونکردنەوەی 'وجە تسمیە'ی شارەکە، ڕواڵەتی ئێستای وشەکە دەگرن کە بریتی بێت لە "تەب+ریز" واتە شوێنێک کە یاو و تەب لە لەش دوور دەخاتەوە کە دیارە ئەوە واتاکردنەوەیەکی تەواو نییە هیچ، هەڵە و نازانستییانەیە، بەڵام شاعیر لێرەدا هەمان ئەو واتایەی سەر زمانی خەڵکی لە وشەکە گرتووە و گوتوویەتی خەڵک دەچن لە تەبرێز گەرمای لەشیان بێتە خوارەوە، ئەی بۆچی لەو تەبڕێزە تەبی ئەو نەڕژا و عیلاجی نەخۆشییەکەی نەکرا؟
ئەتیببا: تەبیبان، جمع مکسری طبیب ی عەرەبییە. بۆ مەگەر دوکتۆرەکان کوێر بوون ودەرمان دەست نەدەکەوت کە نەخۆشییەکەی ئەویان پێ چارەسەر نەکرا و خێرایەک کۆچی دوایی کرد؟
کوڵ: خەفەت
خەزان: پایز، کۆچی دوایی قازی کاکە حەمە لە بەهاردا بووە. من ئەو ڕۆژەم لەبیرە و قوتابخانەکانی بۆکان بەو بۆنەیەوە ڕۆژێک داخران.
فەیز: داڕژانی زۆری ئاو، بەخشینەوە. 'فیض'ی عەرەبییە(فرهنگ معین)
بەحری عەرووزیی شیعرەکە: هزج مثمن سالم: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن |