دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٩٨

ڕۆژی هەستان

 

 

 

ڕۆژی هەستان و ڕاپەڕینە، وەرن!

مافی خۆتان بە کوردی وەربگرن                                                                                                        
ئێستە شاییم ئەوا لە دڵ دەگەڕێ
بە برا کوردەکانی خوار و سەرێ

گیانی خۆیان بەخت دەکەن بەپەلە
بانگ دەکەن وەرنە پێشێ، ڕۆژی هەلە

خاڵە! کێوی بڵندی ڕزگاری
بۆت بەیان کەم بە کوردی ئاساری

سەخت و هەڵدێر و نالەبار و چڕە
پڕ لە هەوراز و چاڵ و چۆڵ و خڕە

کوردە گیان! سەرکەوە بە چنگەکڕە
سەربەخۆیی بە خوێنی خۆت بکڕە

توێخی دەستت بڵا هەموو لاچێ
شانەبەرد با نینۆکت هەڵپاچێ

ئەوکەڕەت نێوی تۆ لە مەیدانە
پێت دەڵێن قارەمانی تەنگانە

تەمەنی من لە ساڵی سی‌ودوو بوو
ئاگری سەربەخۆیی گەل هەڵبوو

نەکوژاوە گەیشتە حەفتا ساڵ
تەمەنم ئەی عەزیزی کیژ و کاڵ!

ئێستەکەش وا دەزانم هەر لاوم
هەر لە سەر بیر و باوەڕم ماوم

یا بە ئاواتی خۆمەوە دەمرم
یانە ئاوات لە باوەشم دەگرم

وا مەزانن مرۆیەکی سادەم
بۆ شەڕوشووڕ هەمیشە ئامادەم!

من لە ژێر چاوەدێری پیاوێک‌دا
پێگەیشتووم، دەبێ بڕۆم هەروا

پێی دەفەرمووم: مەترسە بۆ پێشێ
چەکی دوژمن برینی نایێشێ

نابڕێ تیغی کۆڵی دوژمنی گەل
قەت مەترسە و مەدە لە دەس خۆ هەل

ئێستە هەڵکەوتووە، دەڕۆم بە پەلە
دەیکەمە گۆمی خوێن و دێمە مەلە

نابێ ترسم هەبێ لە کوشتنی خۆم
هەر بە ڕێگەی ئەوا دەڕۆم و دەڕۆم

"کامیل"م من لە ڕێی خەباتی کورد
گیانی خۆم بەخت ئەکەم بە دەست‌وبرد

                        قاقڵاوا، ١٣٥٢ی هەتاوی

(لاپەڕە ٣١٦ و ٣١٧ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)

___________________________________________

شیعرەکە ٧ ساڵێک دوای چاپی یەکەم دیوانی شیعرەکانی ئاوات لە لایەن مامۆستا ئەنیسییەوە گوتراوە و دیارە لەوێدا نابینرێت. گەرچی ئەگەر پێش چاپەکەش بگوترایەت واهەبوو بە هۆی ناوەرۆکی زەقی ناسیۆنالیستییەوە مۆڵەتی چاپی پێنەدرایەت.

 

ناوەرۆکی شیعرەکە نیشتمانپەروەرانەیە و شاعیر لەوێدا باسی مێژووی خەباتی گەل و لەپەنای ئەودا باسی خۆی دەکات. دەڵێ من ٣٢ ساڵان بووم کە ئاگری سەربەخۆیی خوازی هەڵبوو. ئایا ئەوە ئاماژەیە بە ساڵی ١٣٢٤ (١٩٤٥ز) و کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی خاکەکەمان؟

 

ئاوات، بەگوێرەی سەرەتای دیوانی کاک جەعفەر و هەڤاڵانی، لە ساڵی ١٢٨٢ی هەتاوی (١٩٠٣ز) لە دایک بووە و ٣٢ ساڵ دوای ئەو ساڵە دەکاتە ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی (١٩٣٥ز). ماوەی نێوان ئەو ساڵە و ١٣٢٤ ی کۆمار دەکاتە ٣٦ ساڵ. بەم پێیە ٣٢ ساڵەکەی ناو فەردی نۆهەم لەگەڵ دامەزرانی کۆماردا یەک ناگرێتەوە. بەحیسابی ئەوەی ئاگری سەربەخۆیی خوازی ساڵانێک پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن کۆمەڵەی ژێکافەوە هەڵکرا، ئەگەرێک ئەوە دەبێت کە ساڵی جێی ئاماژەی شاعیر ساڵی دامەزرانی ژێکاف بێت. ساڵی دامەزرانی ژێکافیش بە داخەوە زۆر ڕوون نییە و لە نێوان ١٣١٩ ی هەتاوی (١٩٣٨ز) و ١٣٢١ (١٩٤٢ز) دا باسی لێدەکرێت. حزبی خۆیبوونیش لە لوبنان لە ١٩٢٧ و حزبی هیوا لە باشوور لە ساڵی ١٩٣٧ ی زایێنیدا دامەزراون. ٣٢ ساڵی تەمەنی ئاوات لەگەڵ هیچکام لەو ڕێکەوتانەدا یەک ناگرێتەوە.

 

تەنیا ئەگەرێک بمێنێتەوە ئەوەیە بڵێین لەو سەروحەدی ٣٢ ساڵەدا کە ئاوات دەڵێت ئاگری کوردایەتی لەهەموو بەشەکانی کوردستان خەریک بوو لە ژێر خۆڵەمێشی ساڵ و مانگ بێتە دەرێ و دوو سێ ساڵڵێک دواتر گەییە ئەنجامی دامەزرانی ئەو حزبانە (خۆیبوون، هیوا و بەتایبەت ژێکاف) ئەوە تاقەڕێگەی چارەسەری مەسەلەکەیە بە بۆچوونی من.

 

شیعرەکە کێشەیەکی دیکەشی هەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێت: لە فەردی ١٤ تا ١٦ ی شیعرەکەدا شاعیر باس لە "پیاوێک" دەکات کە ئەوی پێگەیاندووە و هانیداوە لە چەکی دوژمن نەترسێت و بڕواتە پێشەوە. ئەو پیاوە کێیە؟ پێشەوا قازی محەممەد؟ ئیحسان نووری پاشا؟ ڕەفیق حیلمی؟ مامۆستا زەبیحی؟ کێ؟

 

من بیرم بۆ کەسانێکی دیکەش دەچێت: نەمر سەیفولقوزاتی قازی، حاجی بابەشێخی مامی، مەلا ئەحمەدی فەوزی و قازی کاکەحەمەی بۆکان! لە نێو ئەوانەدا ئەگەری زیاتر لای من، سەیفە. سەیف بە مامۆستای شاعیرانی موکریان و بناغەدانەری قوتابخانەیەکی ئەدەبی دەناسرێت کە گەلێک شاعیری ناوداری نەتەوەکەمان وەک هەژار و هێمن و خاڵەمین و حەقیقی و نووری، بە 'ئاوات'یشەوە، ڕێبازی هونەری-سیاسی ئەویان گرتۆتە بەر. سەیف لە ساڵی ١٣٢٣ (١٩٤٥ز) دا کۆچی دوایی کردووە کە دەکاتە دەوروبەری ساڵێک پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان.ئایا مامۆستای جێگەی باس لەم شیعرەدا ئەوە؟ نازانم بەڵام دەکرێ وابێت لەبەر ئەوەی هەژاریش و هێمنیش ئەویان بە مامۆستای شیعری خۆیان زانیوە و دوور نییە ئاواتیش هەر وای بیر کردبێتەوە.

 

ئەگەر بۆچونمان لەمەڕ سەیف هەڵە بێت، سێ کەسەکەی تر واتە حاجی بابەشێخ و فەوزی و قازی کاکەحەمە لەو کەسانەن کە دەکرێ بیریان لێ بکەینەوە. ئێوە سۆراغی کەسێکیترتان هەیە؟

 

مافی خۆتان بە کوردی وەربگرن: واتە مافی کوردبوون و سەربەخۆبوون لە گەلانی دیکە وەربگرن.

 

شایی لەدڵ گەڕان: دڵشاد بوون

 

کوردی خوار و سەرێ: خوارێ باشووری کوردستانە و سەرێ باکوور.

 

کوردی ئاساری: بە شێوەی کوردی، کوردانە

 

هەڵدێر: شوێنی ئەستەمی چیا

 

چڕ: پڕ لەدار ودەوەن

 

خڕ: دۆڵ شاعیر بە دوو وشەی چڕ و خڕ جیناسی ناتەواوی دروست کردووە.

 

چنگەکڕە: چنگ لەشتێک گیر کردن وەک کڕاندنی شوێنەکە بۆنموونە، چوونە سەر لە هەورازی ئەستەمی چیا بە یارمەتی دەست و پەنجە.

 

توێخ: پێست

 

شانەبەرد: بەردی شان. شان ملەی کێوە.

 

تەمەنی من لە ساڵی سی و دوو بوو: سی ودوو ساڵان بووم.

 

نەکووژاوە گەیشتە حەفتا ساڵ: تا کاتێ من گەیشتمە حەفتاساڵان هەر نەکووژایەوە.

 

کیژ وکاڵ: کاڵ وشەی موهمەلە و واتای سەربەخۆی لێرەدا نییە. کیژ وکاڵ: کچان

 

برینی چەکی دوژمن نائێشێ: پەندێکی کوردییە ئاوات لە زمان مامۆستاکەیەوە گوتوویەتەوە.

 

کول: نەبڕ

 

ئێستە هەڵکەوتووە: وێدەچێت ئاماژەبێت بە هەل یان هەل و مەرجێک کە بۆ کورد هەڵکەوتبێت. ئەو هەل و مەرجە لەو ساڵانەدا لە هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان جگە لە باشوور هەڵنەکەوتووە. ساڵی ١٣٥٢ دەکاتە ١٩٧٣ ی زایێنی. تۆ بڵێی ئە فەردە ئاماژە بە ڕێکەوتنی نەمر بارزانی لەگەڵ بەعس و دەرچوونی بەیانی ١١ی ئاداری ١٩٧٤ نەبێت بۆ پەسند کردنی یاسای ئۆتۆنۆمی کوردستان؟ شیعرەکە پێش ئەو یاسایە گوتراوە کە دیارە دەبێ لە کاتێکدا گوترابێت کە شەڕ و پێکدادان لە نێوان شۆڕشی ئەیلوول و حکوومەتی عیراقدا هەر مابێت.

 

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

خفیف مسدس مخبون محذوف: فاعلاتن مفاعل فعلن

www.rojhalat.de / www.bokan.de