دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژمارە 2
خاسەکەوی دووهەم
نەمر سەیدکامیل ئیمامی (ئاوات) پارچە شیعرێکی دیکەشی هەیە کە هەر ناوی "خاسەکەو" ە و لە باری ناوەرۆکەوە هاوشێوەی خاسەکەوی یەکەمە کە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە وتارە تەرخانی ئەو کراوە. دیارە دەبوایە دوای بڵاوکردنەوەی خاسەکەوی یەکەم دەست بەجێ لێرەدا خاسەکەوی دووهەم بڵاو بکرێتەوە بەڵام لەبەر هۆکارێک خۆ لەم کارە دەبوێرم.
هۆکارەکە ئەوەیە خاسەکەوی دووهەم لە دیوانی چاپی کاک نەجمەددینی ئەنیسیدا نییە و کارەکەی منیش لە چوارچێوەی ئەو دیوانە چاپکراوەدا بەڕێوە دەبرێت. دووهەم، ئەو راستییەش کە وه‌ک بیستوومه، کەسانێک لە ناوخۆی ووڵات خەریکی ئامادەکردنی شیعرە چاپ نەکراوەکانی ئاواتی نەمرن و من نابێ دەست لەکاریان وەردەم یا بەرنامەیان لێ بشێوێنم.
کەوابوو، لێرەدا خۆ لە بڵاوکردنەوەی دەگرم و ڕادەوەستم تا بەرهەمی کاری ئەوکەسانە بگاتە ئەنجام و دیوانێکی پاک و پوخت و بێ هەڵەی شیعرەکان بڵاو ببێتەوە و ئەم شیعرە بەرزەشیان لەگەڵ بێت. بەڵام وەک پێویست لێرەدا ئاماژەیەک بە ناوەرۆکی خاسەکەوی دووهەم دەکەم:
شیعری خاسەکەوی دووهەم، وەک گۆرانی یان سروودێک گوتراوە و وێژەری بەشی دووهەم لە زنجیرەی سێ بەرنامەی "دیرۆک" ی تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستانیش بەشێکی لێ خوێندۆتەوە[1]. شیعرەکە ئاوا دەست پێدەکات:
"خاسەکەوێ لە بەندەنێ
دیتم خۆش خۆش پێدەکەنێ
بە کێ، بە چی؟ بە من، بە تۆ
بە ژینی وا بێ تان و پۆ...... "
کە لە ڕاستیدا درێژەی هەوڵ و هەواڵ و پەیام و ناوەرۆکی خاسەکەوی یەکەمە بەڵام تەنز و تەنانەت "پێکەنین" واتە سەرکۆنەیەکیشی لێ زیاد کراوە کە ڕووی لە هەمان ئەوکەسانەیە وا خاسەکەوی یەکەمیان بۆ گوترابوو و پێیان دەڵی ئەو خەباتە بێ بەرنامەیە، ئەو سەرلێشێواوییە، ئەو یەکتر پووچاندنەوەیە کە بە "ژینی بێ تان وپۆ" ی دەشوبهێنێت، بەکەڵکی چی دەێت؟ بۆچی لێک دابڕاون؟ بۆ یەک ناگرنەوە؟ مەگەر نازانن دەستێک بە تەنیا تەقەی نایەت و کەو (واتە پێشمەرگە) ی تەنیاکەوتوو و لە پۆلی کەوان دابڕاو، زوو دەکەونە داوی دوژمنەوە؟
لێرەشدا وەک خاسەکەوی یەکەم، پرسیاری ئێمەی خوێنەر ئەوە دەبێت کە شاعیر ڕووی قسەی لەکێیە و شیعرەکەی بۆ کێ گوتووە. شیعرەکە بەداخەوە ڕێکەوتی ساڵ و مانگی بەسەرەوە نییە و نازانرێت شاعیر لە چ بارودۆخێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی کوردستاندا گوتوویەتی. بەڵام بە ناوەرۆکەکەیدا دوور ونزیک یەک دوو مەسەلەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە:
یەکەم، شاعیرهەر لە سەراتاکانی شیعرەکەدا پەیامێکی گرنگ ڕادەگەیێنێت و دەڵێ: "ئێوە لە گەرمێنن/ لە کوێستانڕا بۆو دەخوێنن (بۆتان دەخوێنن)". ئەوە ئاماژەیەکی ڕوون و بێ گرێ وگۆڵە بە مەسەلەی چوونی پێشمەرگە و خەباتکاری کورد لە کوێستان (واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ەوە بۆ گەرمێن (باشووری کوردستان) و بوونیان لەوێ، کە ئەوەش ساڵانی شۆڕشی ئەیلوول و دەوروبەری کۆنگرەی دووهەمی حزبی دیموکڕاتی کوردستان (٢٦/٨/١٣٤٣) دەگرێتەوە. ئەوەش وا بۆیان دەخوێنێت، هاوبیر و هاوسەنگەرێکی خۆیانە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بانگیان بەگوێدا دەدات و لۆمەی یەکنەگرتووییان دەکات، شاعیر خۆیەتی و زۆرینەی گەلی کوردی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە ناوچەی وەک موکریان و سنە.
دوەوهەم، لە درێژەدا دەرسی یەکگرتن و یەکپارچە بوون بە گەرمێن نشینەکان دەدات و دەڵێ "نەمدی کەس تەنیا سەرکەوێ ..... یەک کەونەوە لەمنووکەوێ!" ئەوەش ئاماژەیە بە دووفاقە بوون و لەبەریەکچوونی بەژنی سەرەکی حزب و پێکهاتنی باڵی شۆڕشگێڕ واتە کێشەی نێوان عەبدوڵڵای ئیسحاقی و پاشماوەی ڕێبەرایەتی وئەندامانی چەکداری حزب لە باشوور.
کەوابوو، من ئەم شیعرەش وەک شیعرەکەی پێشوو لە پەیوەندی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتدا دەبینم و ئەو ڕاستییەش کە شاعیرخۆی بە غیابی، وەک ئەندامێکی کومیتەی ناوەندیی حزبی دیموکڕاتی کوردستان هەڵبژێررابوو و کوڕەکەشی لەگەڵ پۆلی مێرخاسان (خاسەکەوان) کەوتبوو، بۆچوونەکە بەهێزتر دەکات.
دیارە پەیامی هاوپشتی و یەکگرتنی شاعیر دەتوانێ ڕووی لە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولیش بێت کە لە هەمان سەردەمی کۆنگرەی دووهەمی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران‌دا تووشی دووبەرەکی هاتبوون و لە ساڵی ١٩٦٦ گەیشتبووە ئەوەی باڵی دەفتەری سیاسی لە ڕێبەرایەتی شۆڕش جیا بێتەوە. ئەو بۆچوونەش کە پشتگیریی لە ئەگەرێکی ئەوتۆ دەکات واهەیە قسەیەک بێت کە لە سەر زاری هەندێک کەسە و دەگوترێت گوایە خاسەکەوی یەکەم بۆ نەمر مەلامستەفای بارزانی گوتراوە.
من ئاگاداری ئیرادەت و خۆشەویستیی سەیدکامیل نیسبەت بە بارزانی هەم و دەشزانم کە شیعرێکی حەماسی هەیە بۆ ئەوی گوتووە و لەوێدا بە ڕاشکاوی وەک "قارەمانی نەبەزی کوردستان" ناوی لێدەبات و ڕێزی لێ دەگرێت، کەوابوو ناکرێ ئەو ئەگەرە بەتەواوەتی بدەمە دواوە و ڕەتی بکەمەوە.
بەڵام ئەوە ئەگەرێکی گەلێک لاوازە و لام وایە کەسایەتی "متواضع" و شەرمێون و خۆبەکەمزانی ئاوات ئیجازەی پێ نەدەدا نەسیحەتی قارەمانێکی نەتەوایەتی وەک بارزانی بکات کە ئەو هەمووە ڕێزی بۆی هەبووه. ڕاستەقینە ئەوەیە ئاوات بە بارزانییدا هەڵدەگوت، بەڵام نەسیحەتی نەدەکرد! کەوابوو، نە ئەم پارچە شیعرە و نە خاسەکەوی یەکەم هیچکامیان بۆ بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول و دەفتەری سیاسی پارتی نەگوتراون و بە پێچەوانە، ڕووی قسەی شاعیر لە هەردوکیاندا لە پێشمەرگەی لاو و کەم ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە کوڕەکەی خۆی یەک لەوان بوو. وەک ئەندامێکی فەخریی کومیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستان و باوکی کوڕەکەی و کاڵ و مامی پێشمەرگەکان و کەسێکی بەتەمەنی دونیا دیتوو نەسیحەتیان دەکات و پەیامی یەکگرتووییان بەگوێدا دەدات کە ئەوه چی دەکەن و بۆچی بەسەر هەڵەی وا گەورەدا کەوتوون و بۆچی یەک ناگرنەوە؟ ئەوە گەلێک ئاسایی و سروشتیترە لەوەی نەسیحەتی بارزانی بکات و پێی بڵێ "گوێ لە ئامۆژگاریم بگرن..."!
بە کورتی، هەم خاسەکەوی یەکەم و هەم دووهەم ڕووی قسەیان لە ئەندامانی حزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێرانە لە بڕگەی کۆنگرەی دووهەمی حزب (١٣٤٣ ی هەتاوی و ١٩٦٤ ی زایێنی) دا و هیچ کەسێکی دیکە؛ ئەوەش لە ڕێز و ئیحتیرام وئیرادەتی شاعیر بۆ "قارەمانی نەبەزی کوردستان" واتە بارزانی نەمر کەم ناکاتەوە.
***
دوای نووسینی ئه‌م دێڕانه، شیعری خاسه‌که‌وی دووهه‌مم به چاپکراوی له سه‌رچاوه‌یه‌کدا بینی.
ڕۆژنامه‌ی کوردستان ئۆرگانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له ژماره 7 ی گه‌لاوێژی ساڵی 1350 (ئووتی 1971) دا سه‌رجه‌م 12 فه‌ردی شیعره‌که‌ی به بێ ناوهێنانی شاعیر چاپ کردووه و به‌م بۆنه‌یه‌وه هه‌ست ده‌که‌م چیتر به‌ربه‌ست بۆ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و 12 فه‌رده لێره‌دا نامێنێت. به‌لام له ڕاستیدا شیعره‌که گه‌لێک له‌وه دوورودرێژتره و من ده‌قی هه‌موویم لایه. هۆکاری ئه‌وه‌ی که به ناته‌واوی لێره‌دا چاپی ده‌که‌م ئه‌و ڕاستییه‌یه که نامه‌وێت ده‌ست له کاری ئه‌و که‌سانه بده‌م وا له ناوخۆی وڵات به‌ته‌مان دیوانی ئاوات سه‌ر له‌نوێ چاپ بکه‌نه‌وه.به‌ڵام هێنانی ئه‌م 12 فه‌رده که پێشتر بڵاو بۆته‌وه به‌ربه‌ستێکی بۆ نییه. که‌وا بوو، ئه‌وه ده‌قی شیعره‌که‌یه له‌به‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه نووسیومه‌ته‌وه.
یه‌ک له ناته‌واوییه‌کانی ده‌قی چاپکراوی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ئه‌وه‌یه فه‌ردی سێهه‌می لێ ههڵاوێرراوه، فه‌ردێک که ته‌می گومان له سه‌ر هۆکاری هۆنرانهوهی شیعره‌که داده‌ماڵێت:
"ده‌یگوت ئێوه له گه‌رمێنن
له کوێستانڕا بۆو ده‌خوێنن"
بوونی ئه‌و فه‌رده له ناو شیعره‌که‌دا دوو مه‌سه‌له ڕوون ده‌کاته‌وه:
یه‌که‌م، ڕووی قسه‌ی شاعیر له لاوانی پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه که ئه‌وده‌م له گه‌رمێن واته له باشووری که‌وردستان ده‌ژیان نه‌ک که‌سێکی تر!
دووهه‌م، ڕۆژنامه‌ی کوردستان ئه‌و فه‌رده و 15 فه‌ردی کۆتایی شیعره‌که‌ی چاپ نه‌کردووه. بۆچی؟ من لام وایه مه‌سه‌له‌که هۆکاری ئه‌منییه‌تی هه‌بووه و نه‌یانویستووه ساواک به سۆراغی شاعیر بزانێت که له کوێستان واته له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ژی و باسی "نیشتمانی پیرۆز" ده‌کات و بانگی خه‌بات دژی داگیرکه‌ری ئێران ده‌دات. هه‌رچۆنێک بێت، من ده‌ست ڕاده‌گرم تا ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌می شیعره‌که له شوێنێکی دیکه چاپ بێت ئینجا پێداچوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م. به‌ڵام تا ئه‌و کاته، ئه‌وه ئێوه و ئه‌وه 12 فه‌رده‌که‌ی چاپی ڕۆژنامه‌ی کوردستان:
خاسه که‌و
خاسه که‌وێ له به‌نده‌نێ
دیتم خۆش خۆش پێده‌که‌نێ
به چی؟ به کێ؟ به من، به تۆ
به ژینی وا بێ تان و پۆ[2]
ده‌یگوت ئه‌من به بیر وڕام
گه‌رمێن و کوێستانان گه‌ڕام
نه‌مدی که‌س ته‌نیا سه‌رکه‌وێ
یان به دڵێکی خۆش وه‌رکه‌وێ
هه‌رکه‌س به ته‌نیا مایه‌وه
داویان له سه‌ر ڕێ نایه‌وه
به ده‌ندووک پێوه‌بوو وه‌ک که‌و
ڕۆژی ڕووناکی بوو به شه‌و
گوێ له ئامۆژگاریم بگرن
نه‌ک بکه‌ونه داوێ و بمرن
یه‌کێ لێره و یه‌کێ له‌وێ
یه‌ک که‌ون له منتان که‌وێ
به‌س به‌ش به‌ش و لێک پساو بن
به‌س بێ بیر و به‌شخوراو بن
ده‌ستێک ته‌نیا ده‌نگی نایه
منداڵێک بۆی ناکرێ کایه
به دوو ده‌ست چه‌پڵه لێ ده‌درێ
به دوو منداڵ گه‌مه ده‌کرێ
له کۆتایی شیعره‌که‌شدا نووسراوه: "له لایه‌ن کاک س – م وه ناردراوه. سوپاسی ده‌که‌ین."
شیعره‌که هیچ وشه‌یه‌کی ئه‌سته‌می تێدا نییه واتاکردنه‌وه‌ی پێویست بێت تێیدا که‌ڵک له هه‌ندێک په‌ند و مه‌ته‌ڵی کوردی وه‌رگیراوه وه‌ک به ده‌ندووک پێوه بوون و به دوو ده‌ست چه‌پڵه لێدران. ساڵی هۆنرانهوهی شیعره‌که دیاری نه‌کراوه به‌ڵام په‌یامه‌که‌ی ڕوونه: "نه‌مدی که‌س ته‌نیا سه‌رکه‌وێ ... ده‌ستێک ته‌نیا ده‌نگی نایه."
وه‌ک له سهرهوهتریشدا تاوتوێیم کرد، دیاره ڕووی قسه‌ی شاعیر له ڕێکخراوه سیاسی و حزبییه‌کانی کوردستانه و دوای لێک دابڕان و ئینشیقاقێکی ئه‌وان گوتراوه. به‌ڵام کورد په‌ندی وای زۆر به خۆی داوه و نازانرێت ده‌بێ ڕووی قسه‌ی شاعیر له کام حزب و کام بڕگه‌ی مێژوویی و کام دووکه‌رت بوون بێت. ئه‌گه‌ر ساڵی گوترانی شیعره‌که‌مان بزانیایه هاسانتر ده‌مانتوانی وه‌ڵامی پرسیاره‌که بده‌ینه‌وه به‌ڵام ئێستا که ئه‌و ڕوون نییه ده‌بێ به هه‌ندێک نیشانه‌ی دیکه‌دا بۆی بچین.
شیعره‌که له مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1350 ی ئێرانی و یووتی 1971ی زایێنیدا چاپ کراوه و به‌م پێیه، ده‌کرێ ڕووی له حزبه سیاسییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه بێت: پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عیراق و حزبی دیموکڕاتی کوردستانی ءێراق سه‌ره‌کیترین ڕێکخراوه‌ی سیاسیی ئه‌و ساڵانه‌ن. باوه‌ڕ ناکه‌م ڕووی قسه‌ی شاعیر له هیچ ڕێکخراوه‌یه‌کی سیاسی دیکه له تورکیا و سووریا بێت. ئینشیقاقی ناو پارتی و جیابوونه‌وه‌ی کومیته‌ی ناوه‌ندی واته برایم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانی له به‌ژنی سه‌ره‌کی حزب به ڕێبه‌رایه‌تی مسته‌فا بارزانی پێنج ساڵێک پێش ئه‌وه واته له 1966 دا ڕوویداوه.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش دوای کۆنگره‌ی دووهه‌می حزب له ساڵی 1343 (1964) دا بووه به دوو به‌شه‌وه.به کورتی، لام وایه شیعره‌که ڕووی له‌م دووفاقهبوونهی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه نه‌ک له پارتی. سه‌ید کامیل وه‌ک پێشتریش گوترا، ئه‌ندامی فه‌خریی حزبه‌که بوو و کوڕه‌که‌شی له هه‌ڵسووڕاوانی هه‌مان حزب بوو و ئاساییه وا بیر بکه‌ینه‌وه که زیاتریش له بیری ئه‌و حزبه‌دا بووبێت تا پارتی.