دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ٢٠٢
سەفەری حەستەم
ئەو دەردی ئەوساڵ لە من ڕوویداوە ئەو کۆڵەی بە پشت مندا دراوە،[1]
قاقڵاوا، ١٣٥٣ی هەتاوی (لاپەڕە ١٩٧ ١٩٨ ی چاپی ئەنیسی و ٣٢٦ و ٣٢٧ ی چاپی جەعفەر) __________________________________ عینوانی شیعرەکە لە هەردوو چاپدا وەک یەکە.
شیعرەکە شین گێڕییە بۆ مەرگی براگەورەی شاعیر، حاجی سەید محەممەدی هاشمی (سەیدی زەنبیل) گوتراوە و ئەو ڕاستییە هەم لە ناوەرۆکی گشتی شیعرەکە و هەم لەو میسراعە دەردەکەوێت کە دەڵێ: "بۆ خزمەت کاکم دەڕۆم". ساڵی گوترانی شیعرەکەش ١٣٥٣ ی هەتاوی و ١٩٧٤ ی زایێنییە؛ بە حیسابی ئەوەی شاعیر هەر لەم شیعرەدا گوتوویەتی: "ئەو دەردی ئەوساڵ لە من ڕوویداوە..." دەبێ ساڵی وەفاتی سەیدی زەنبیلیش هەر ئەو ساڵی ١٣٥٣ یە بووبێت.
فەزای گشتی شیعرەکە، مردن و چاوەڕوان بوونی مەرگی شاعیر خۆیەتی کە دیاردەیەکی ناسراوی ناو شیعری ئاواتە و لە بەشەکانی پێشوودا دەیان جار تووشی هاتووین. بەڵام ئەوەی وا کێشەی مردنی لە شاعیر قووڵتر کردۆتەوە، کۆچی دوایی کاکیەتی، کە لە شیعرەکان و لە ژیننامەی شاعیر وا دەردەکەوێت پەیوەندێکی گەرم و گوڕ و برایانەیان لەگەڵ یەکتردا بووبێت.
هەرچۆنێک بێت، ئاوات لە شیعرەکانیدا بانگدەری بێ هیوایی بە ژیان و چاوەڕێیەتی مەرگە. هەربۆیەش لە ژیانی سەر دنیا سکاڵایەتی: "نه لێره کەس بوو ماڵئاواییم کا" و لەعەینی کاتیشدا لەژێر کارتێکەریی باوەڕە ئایینییەکەیدا، خۆی بە کەسێکی گوناهبار دەزانێت کە تەنیا بەزەیی خودا دەتوانێت لە سزای ترسناکی ئەودنیا بیپارێزێت. بەم پێیە، وەک لە هەڵس وکەوت و ژیانی ڕۆژانەشی دەردەکەوت، تەنیا و بێ وزە و بێ هیوا ژیا و ئاواتی گەورەی ئەوە بوو بکەوێتە بەر بەزەیی خودا و ژیانی دوای مردنی لە هی سەر دنیا باشتر بێت.
ئەم بۆچوونە، بە خوێندنەوە و پێداچوونەوەی ٢٠٠ پارچە شیعری ئاوات لای من دروست بووە و دڵنیام شاعیر لە هەموو ماوەی تەمەنیدا بەو شێوەیە ژیاوە، مەگەر هەندێک بڕگەی وەک سەرهەڵدانی کۆماری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول، کە لە باسکردنی ئەوانەدا تەمی ئەو بێ هیواییە دەڕەوێت و شاعیر هێز و هیوایەکی دێتەوە بەر. هەرئەوەندەش کە ئەو کاخی ئاواتانەی دەڕووخێت، وەک جاران و خراپتر لە جاران دەچێتەوە ناو جڵدی خۆی و چارەنووس دەداتەوە دەست عیزڕائیل! ئەو ترس لە مردن و لێپرسینەوەیە بڕستی لە شاعیر بڕیوە و ناهێڵێت نەفەسێکی ڕاحەت هەڵکێشێت.
حەستەم: ئەستەم، پڕ زەحمەت
پوان: ڕزین و خراپ بوون و لەناوچوون
سەرسەری: بێکارە، وازوازی، سەرچڵ (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار)
تێشوو: ئازووقەی ڕێگا، ئەو کارە چاکانەی وا کەسێکی ئایینی دەبێ بیانکات تا لە حیساب و کیتابی قیامەتدا بە هانایەوە بێن. وەک 'تۆشە'ش دەگوترێت کە لە هەندێک شوێنی کوردستان واتای کولێرەی شێرینی هەیە.
تەی کردن: پێوان (طی عەرەبییە).
کاکم گیرفانی پڕ بوو لە تێشوو: کاکم کاری چاکەی زۆر کردبوو و کردبوونیە پاشەکەوت و تێشووی دواڕۆژ بۆ خۆی.
خێرا زوو بەزوو: تەنیا بۆ پێکهێنانی سەروای شیعرەکە لێرەدا هاتووە دەنا زیادییە، بەڵام واتایەکی ئەوەشی هەیە کە زوو جیهانی بەجێ هێشت.
ئەولیای قوبوور: دەبێ نەکیر و مونکیر واتە ئەو دوو فریشتەیە بن کە بەگوێرەی باوەڕی موسوڵمانان لە ناو قەبردا دەچنە سۆراغی مردووەکە و پرس وجۆی کارەکانی سەردەمی ژیانی لێدەکەن و سزای تاوانەکانی بە گورزی ئاسن دەدەنەوە.
زاد: تێشوو، ئەو خواردەمەنییەی ڕێبوار لەگەڵ خۆیدا هەڵیدەگرێت و لەکاتی برسییەتیدا دەیخوات. لێرەدا زادی ئاخیرەتە.
زار: لاواز، زەعیف
بازاڕ کەساد: کەسێک کە بابەتی بۆ فرۆشتن هەیە بەڵام بەهۆی خراپیی جنسی کالاکەوە، کڕیاری نییە.
ماڵ ئاوایی: سپاسی میوان لە خانەخوێ لەکاتی ڕۆیشتندا، خواحافیزی
دڵنەوایی: دڵدانەوە
شیرین سوار: سوارچاک. دەکرێ نیاز لە پێغەمبەری ئیسلام بێت یان لە کاکی شاعیر. من زیاتر بۆ دووهەمیان دەچم. بەحرێ عەرووزیی شیعرەکە، متقارب مثمن اثلم (هجایی): فعلن فعولن// فعلن فعولن [1] چاپی ئەنیسی: ئەو کۆڵی بە پشت [2] چاپی ئەنیسی: قبور [3] چاپی ئەنیسی و جەعفەر: خزمەت. بۆ پاراستنی کێشی شیعرەکە واهەیە بکرێت وەک "خزمەتی" بنووسرێت.
|