دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ٢١ فەلەکی بەدڕەفتار فەلەک! ناڵێم دەگەڵ من ڕاست بە، هەر کەج ڕۆیینە کارت بەڵام ئەوشۆ سەبرکە، پێم دەڵێن تەشریفی دێ یارت ئەگەر مانگ! تۆش لەکەل سەر بێنیەدەر تا ڕۆژێ، یاڕەببی بە ڕووزەردی هەڵێی، شۆقی نەمێنێ نووری ڕوخسارت! نەسیمی شەو! ئەتۆش دەنگت نەبێ ئەوشۆکە تا ڕۆژێ ئەجەل بگرێ هەناسەت هەر نەمێنێ شوێن و ئاسارت! کەڵەشێر! تۆش مەخوێنە، بێ هەرا و بێ دەنگ بە ئەوشۆکە، سەروماڵ پێشکەشی باڵت دەکەم، ڕۆحم فیدای زارت! چرا! تۆش هەڵنەبی، بشکێی و نەوتت لێ بڕێ یاخوا، بەجارێ تێک بچی وا، گەر بە سەد وەستا نەکەن چارت! خروس بێدەنگ، نەسیم بێ هەست، چرا کووژاوە، مانگ خۆی گرت کەچی تۆ ئەی فەلەک، سەبرت نەکرد، هەر بەد بوو ڕەفتارت! (گەردیگلان، ١٣٢٢ ی هەتاوی) لاپەڕە ٢٦ ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________ من لە پەراوێزی پارچە شیعرێکی دیکەی ئاواتیشدا ئاماژەم کردووە و لێرەدا بە راشکاوی دەڵێم مامۆستا سەید کامیل توانایەکی بەرزی چیرۆک نووسین و پەروەردەکردنی توخمی دڕامایی لە شیعرەکانیدا هێندە بەرچاوە کە بە دڵنیایی ئەگەر وەک مامۆستایان هەژار و هێمن بایبدایەتەوە سەر پەخشان نووسین و بەتایبەت چیرۆک نووسین، تا ڕادەیەکی گەلێک زۆر سەرکەوتوو دەبوو. سەیرێکی ئەم شیعرە و ئەو فەزا شانۆییە بکەن کە خوڵقاندوویەتی؛ بزانن بیری تیژ و خەیاڵی بەهێز چەندە لە لووتکەدایە و چۆن لە ماوە و مەجالێکی کەمی تەنیا شەش فەرد شیعردا ئەو هەموو پاڵەوان و کەسایەتییەی چیرۆکێکی سەرکەوتووی پێکەوە کۆکردۆتەوە و وەک دەرهێنەرێکی شانۆ ئەرکی هەموویانی دیاری کردووە! مانگ، تۆ لە فڵانە شوێن (کەل) چاوەڕوان بە، نەسیمی سەحەر، کەڵەشێر، چرا، ئێوەش ئاگادار بن دەورتان لە چیرۆکەکەی مندا ئەوەیە، نەکا ئەرکەکانتان لەبیر بچێت! سەرکەوتوویی کارەکە تەنیا لە ڕیزکردنی پرسوناژەکان و دیاری کردنی دەوریاندا نییە بەڵکوو لەو زمانەدایە کە لەگەڵیان دەدوێت، زمانێکی تەنزئامێز و شیرین بە شێوەیەک کە تەنانەت تووک و نزا کردن و هەڕەشە وگوڕەشە لە کەسایەتییەکانی چیرۆکیش، خوێنەر دڵتەنگ ناکات و بزەی سەر لێوی ناسڕێتەوە: ئەی مانگ ئەگەر بە قسەم نەکەیت ئەوا بە ڕووزەردی هەڵبێیت! کەڵەشێر، سەروماڵ پێشکەشی باڵت دەکەم! چرا گڕسۆزەکە، تۆش وەها تێک بچی کە سەد وەستا نەتوانن چاکت بکەنەوە! تەنز لەوە نەرم ونیانتر و جوانتر ئەویش لە مەجالی بەربەستکراوی شیعردا؟ من بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر شاعیر لەجیاتی غەزەلێکی شەش فەردی چیرۆکێکی دوورودرێژی بەو نەفەسە و بەو بۆچوون و توانایەوە بنووسیایە، چ شاکارێکی دەخستە مێژووی ئەدەبی کوردییەوە مخابن تاقە هونەری نووسراوی ئێمە شیعر بووە بەو هەموو بەندوبەستەوە و بەو دەرەتانە تەکنیکییە کەمەوە کە هەیەتی، هونەرمەندەکانیشمان مەجبوور بوون لەو چوارچێوە بەرتەنگەدا بنووسن و هەست دەرببڕن؛ مەودای بەرفراوانی چیرۆک و نۆوێلیان لە دەست چووە، حەیف و سەد حەیف! شاعیر لە شیعرەکەدا وەک زیندانییەک دەردەکەوێت کە ئەسیری کۆت و زنجیری زیندانەوانێکی دڵڕەقی بێ بەزەییە و لێی دەپاڕێتەوە بۆ جارێکیش بێت تەنیا یەک شەو ئازادیی بداتێ و لێبگەڕێت ئەو شەوە بە دڵی خۆی لەگەڵ دڵدارەکەیدا تێپەڕ بکات. زیندانەوان فەلەکی کەج رەفتارە کە هەزاران جار لە ئەدەبی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکەدا بەو دەورەوە دەرکەوتووە و هەموان ناسیاویمان لەگەڵیدا هەیە. شاعیر وەک زیندانییەک کە داوای مەرەخەسیی و پشووی کاتی لە زیندانەوانەکەی دەکات، لە فەلەک دەخوازێت ئەو تاقە شەوە ئازادی بهێڵێتتەوە و لێبگەڕێت بەدڵی خۆی لەگەڵ گراوییەکەی ىێت کە هەواڵی بۆ ناردووە گوایە ئەو شەوە بەتەمایە تەشریف بهێنێت بۆ لای. کۆتایی شیعرەکە واتە فەردی مەقتەع تەواو دڕاماتیکە. شاعیر توانیویەتی تەنانەت نەسیمی سەحەر بوەستێنێت، کەڵەشێر بێدەنگ بکات، چرا بکووژێنێتەوە و مانگ لە کەلدا قەتیس ڕبگرێت بەڵام نەیتوانیوە دوایین بەربەست کە سەرەکیترینیانە ببەزێنێت: فەلەک وەک هەمیشە، ڕەفتاری بەدی نواند و سەبری نەکرد واتە دەرفەتی پێ نەدا شەوێک بەدڵی خۆی ڕابوێرێت. بە بۆچوونی من، ئەو فەردە شیعرەکەی کردۆتە تراژێدییەکی تەکاندەر؛ هەموو هەوڵێک دراوە و هەموو تەگبیرێک کراوە بەڵام چارەنووس و تەقدیر بە سەر تەگبیردا زاڵ بوون و بڕستیان لە هونەرمەند بڕیوە، ئەویش بە ناچار تەسلیمی چارەنووسی ڕەش بووە و کۆڵی داوە. نازانم چ هونەرمەندێک دەتوانێت بە شەش فەردی کورت تراژێدییەکی وا قووڵ باشتر لە ئاوات بخوڵقێنێت؟[1] *** خاڵێکی نادیار و ناڕوون لە شیعرەکەدا نییە دەست نیشانی بکەم؛ هەندێک تەعبیری جوان هەن وەک: - بە ڕووزەردی هەڵاتنی مانگ و ئیهامی "هەڵاتن" کە دوو واتای دوور ونزیکی هەیە: سەردەرهێنان لە لایەک و دەرچوون و ڕاکردن لە لایەکی دیکە؛ - شوبهاندنی شنەی بای شەماڵ بە نەفەسی گیانلەبەران و نزا لێکردنی کە ئەجەل بێت و هەناسەی بگرێت؛ - ناوهێنانی کەڵەباب بە دوو شێوازی کەڵەشێر و خرووس و سەر وماڵ پێشکەش کردن بە باڵەکانی! و فیداکردنی ڕۆحی خۆی بە دەم و زاری کەڵەشێرەکە، تەنیا بۆ ئەوەی شەوی بۆ درێژ بکاتەوە و هەواڵی بەیانی ڕانەگەیێنێت واتە لە دڵدارەکەی جیای نەکاتەوە؛ - نزایەکی تازە و نەبیستراو لە چرا، کە ئەگەر لە شەوێکدا کە دڵدارەکەی تەشریف دێنێتە لای، هەڵبێت و ماڵی شاعیر ڕوون بکاتەوە، ئەوا نەوتی لێ ببڕێت و بشکێت بە شێوەیەک کە وەستای تەنەکەسازیش نەتوانێت تێکی بەستێتەوە و جۆشی بداتەوە! لەبەر ئەوەی لە شەوێکی وادا دەبێ "ماڵ بێ ئەغیار" بێت و نەیاری ڕەقیب بە هاتوچۆ و پەیوەندییەکە نەزانێت. دژە قارەمان و پرسوناژی نەرێ یی چیرۆکە شیعرەکە، فەلەک واتە گەردوون و ئاسمانە بە بێ ئەو کەسەی وا نیشتەجێیەتی واتە خودا! کە هەر لە کۆنەوە هەرچی خراپەکاریی و بێ بەختی و شکست و سەرنەکەوتنێکە دەدرێتە پاڵ ئەو! فەلەکە، کە دژبەری دڵدارانی دڵسووتاوی چاوەڕوانە و ئەویشە کە ئەرکی ئەزەلی و ئەبەدیی بریتییە لە کەج ڕەفتاری و بەرگری لە چاکە و تەبایی. زمانی بەکارهاتووی ناو شیعرەکە، تێکەڵاوێکە لە بن زاراوەی ناوچەی مەهاباد (دەگەڵ، ئەوشۆ، زار، ئەوشۆکە، ڕۆژێ و شۆق) و بۆکان (نەوت) و سەقز (کەڵەشێر) هەروەها هەندێک ئیستیلاحی فارسی و عەرەبی (کەج، ڕوخسار، ئاسار، نەسیم، ئەجەل، خروس و بەد)، ئەوە نیشانەی دەوڵەمەندیی زمانی نووسینی شاعیرە لە لایەک و لە لایەکی تریش بیرکردنەوەیەتی لە واتا و ناوەرۆک نەک قاڵب و فۆڕم. [1] . من پێش بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە، ناردم بۆ برای بەڕێزم کاک برایم فەڕشی کە شارەزا و پسپۆڕی شانۆیە و تکام لێکرد ڕای خۆی سەبارەت بەو بۆچوونەی سەرەوەی من دەرببرێت. لە وەڵامدا نووسیبووی: "بۆ من شیعرەکە کۆی چەند تابڵۆیە، کە دەکرا ببێتە فیلمێکی ئەنیمیشینی کورت یان فیلمێکی کارتوونی. ڕۆحی تابڵۆکان و هەموو ئەو ئێلێمێنتانەی بەکاری هێناوە زۆرتر جیهانی منداڵ دەنوێنێ، بەڵام ئەوینی دیتنی یار کە ویستی شاعیرە، پیاوانەیە. واتە دوو جیهانی منداڵ و لاو یان پیاوی بە ئامانج نەگەیشتوو تێکەڵ بە یەک بوون. هەمووی لە سەر یەک لە جیهانی نوواندن نزیکمان دەکاتەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی شیعرە و زۆریش کورتە، پرۆسەی دڕامای تێدا تەواو نەبووە، دەکرا ببێتە هەوێنی نووسینی شانۆ یان فیلم بەو تایبەتمەندییانەی کە لە سەرەوە باسم کرد. بەڵام ناکرێ باسی تراژێدی بکرێ، لە بەر ئەوەی ... ڕووداوێکی تراژیک بەرچاو ناکەوێ، گلەییەکانی پێشووتری شاعیر لە فەلەک پێشینەکەی دیار نییە، ئەوەش بگوترێ لە شیعرەکەدا ئێمە دیالۆگ نابینیین و زۆرتر دەستوراتی سەحنە دەبینین کە لە شانۆی سەردەمی ئێستادا باو نییە و هی ئەو سەردەمەیە کە نووسەرەکان دەوری رژیسۆر (کارگەردان) یشیان دەبینی. دوا وتە: ئەو شیعرە پێوەندی یەکجار قووڵی شاعیر لە گەڵ سروشت دەنوێنێ، هەر بۆیە دەڵێم زۆرتر تابڵۆیە، تابڵۆ کە دەتوانێ وێنەی شانۆیی و سینەماییش بێ." |