دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:á ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢١٠

چوارینەکان (ئایینی / عیرفانی)

 

 

(١١ تا ١٧)

١١

نایێته زمان و قەڵەم و بیر و ڕا
تاریفی خوداییت، چ بکەم من ئەی خوا!
هەر هێنده بەسه بڵێم که تاق و تەنیای
هەر بووی و دەبی، هەتا هەتا بێ دنیا
[1]

 

١٢

"کامیل" سەری سوڕماوه له ئاکاری تۆ!
ئاسمان و زەوی و گوڵشەن و گوڵزاری تۆ
هەرکەس که گرفتاری بەڵا بێت و خەمێ،
یا ڕەببی! به لوتف و مەرحەمەت، یاری تۆ
[2]

 

١٣
هەر تۆ له نەبوون ئەمەت دروست کرد خوایە!
هەرکەس که شکێ بکا له تۆ، گومڕایە
هەر تۆشی له بوونەوە دەمانخەیته نەبوون
[3]
ئەم بوون و نەبوونه گشت له دەس تۆدایە
[4]

 

١٤
هەر تۆشی هەڵتبژارد له عالەم پیاوێ

دوای نێوی ئەتۆ ئەوه، ئیتر پێی ناوێ
تاریفی بکەم که پاڵەوانانی جیهان
[5]
دەشکان له بەرامبەری، نەوێستان تاوێ

 

١٥

ئەوکاته به لەشکر و سپا،  سەردار بوو

لێزان و بەبێ یاریدەدان زۆردار بوو
نەیتوانی که پشتی لێ‌بسێنێ دوژمن
کاتی شەڕوشۆر و جەنگ، گەلێ وشیار بوو
[6]

 

١٦

ئەوەندەی ڕووڕەش و خاوەن گوناهم

ئەوەندەش خاوەنی فەریاد و ئاهم

بە ئاهم بەخشە یا ڕەببی! گوناهم

سپی کە تۆ خوداییت ڕووی سیاهم

(قاقڵاوا، ١٣٥٨ ی هەتاوی)

 

١٧

دەڵێی بەفری سەرانە پرچ و ڕیشم

کەچی هەر چارەڕەش، هەر پیسە ئیشم

کە لەم دونیایە بێ بەش مام و ڕووڕەش

خووا! باقڵ نییە دونیایی دیشم

 

 (چەند بەشێکی  لاپەڕە ٢١٠ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ تا ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

______________________________

ناوەرۆکی ئەم چوارینانە، بە گشتی ئایینیە. چوارینەی ژمارە ١١ تا ١٣ لە نەعتی خودادان.

چوارینەی ژمارە ١٤ ش هەر بە ستایشی خودا دەست پێدەکات بەڵام لە ڕێگەی ئەوەوە بادەدرێتەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام و بەودا هەڵدەگوترێ. چوارینەی ژمارە ١٥ش ستایشی ئازایەتی پێغەمبەرە لە شەڕدا.

شاعیر لە چوارینەی ژمارە ١٦ و ١٧ دا باس لە خۆی دەکات بەڵام باسێکی چۆن؟ پاڕانەوە لە خودا بۆ لێبووردن و بەخشینی گوناه و ئەوەی ئەم دنیایەی لە دەست چووە و لەوە دەترسێت قیامەتیشی لە ژیانی ئێرە باشتر نەبێت.

پەیامی ناو چوارینەکانی تر، بێ بایەخی و بێ ئامانجیی ژیان، حەقانییەتی مردن و پێداویستیی چاوەڕوانیی ڕۆژی حەشر و نەشرە، ڕاست وەک ئەوانەی وا لە شێعری خەییامدا هەن. بۆ نموونە، ئەم فەردە:

"هەر تۆشی له بوونەوە دەمانخەیته نەبوون

ئەم بوون و نەبوونه گشت له دەس تۆدایە"

 

تاریف: ، نەعت، ستایش، پێداهەڵگوتن، کوردێنراوی'تعریف' ی عەرەبییە.

ئەی خوا: هەم هاوارە لەخودا، هەم وەڕەزییەک دەگەیێنێت: خوایە من چ بکەم!

یا ڕەببی: ئەی خودای من!

ئەمە: ئێمە

گومڕا: ڕێ وون کردوو، بێدین

پیاوێ: نیاز پێغەمبەری ئیسلامە

دوای نێوی ئەتۆ، ئەوە: دوای نێوی خودا، نێوی پێغەمبەرە.

ئیتر پێی ناوێ: ئیتر با ببڕێتەوە! کۆتایی قسە

پاڵەوانانی جیهان: یەک لەو سیفەتانەی وا شاعیر دەیداتە پاڵ پێغەمبەری ئیسلام، ئازایەتی و شەڕانخێوییەتی. دەڵێ پاڵەوانانی جیهان لە شەڕدا دەرەقەتی نەدەهاتن.

دەشکا و نەوێستان: زەمەنی کردارەکان یەک ناگرێتەوە. هەندێ جار شاعیران، بۆ پاراستنی کێش و سەروا، ئەو سنوورانە دەبەزێنن.

زۆردار: خاوەن زۆر، پاڵەوان، بەهێز و ئازا. ئەوەش سیفەتێکە شاعیر داویەتە پاڵ پێغەمبەری ئیسلام.

بە بێ یاریدەدان: واتە سوپای ئەو بە بێ یارمەتیدانی کەسێک خاوەن هێز بوو.

پشت لێ ئەستاندن: لە شەڕی کلاسیکی ناو مەیداندا ئەگەر سوپایەک بتوانێت ڕێگە بدۆزێتەوە بۆئەوەی بچێ پشتی سوپای دوژمن بگرێت و لە هەردوو بەرەوە هێرشی بکاتە سەر، زووتر سەردەکەوێت. هەر بۆیەش سوپا هەوڵ دەدەن پشتیان لێ نەستێنرێت.

شەڕ و شۆر: شۆر (یان بە شێوەی چاپی جەعفەر، شووڕ) لەفزی موهمەلە و لەگەڵ شەڕدا واتای شەڕی هەیە.

سپی کە: دەیان جاری دیکەش دیومانە کە ئاوات وەک موسوڵمانێکی ئیماندار خۆی هەمیشە بە تاوانبار دەزانێت و لەخودا دەپاڕێتەوە لێی ببوورێت. زاراوەی ڕووڕەشی نازانم لە کوێوە هاتووە و ڕەنگی دەم وچاو چ پەیوەندێکی بە تاوان کردنەوە هەیە، بەڵام لە باوەڕی موسوڵماناندا ئەوەی چاکەکارە ڕووسپییە و گوناهکاران ڕووڕەشن.

ئەو شێوە هەڵسەنگاندنانە لە جیهانی بچووکی ئێمەدا کە پێست ڕەش و سپی و قاوەیی هەمووی هەن و لە شارێک و هەندێک جار لە ماڵێکدا پێکەوە دەژین، بایەخی نییە و دەبێ لە قسەکردنماندا وریا بین هەڵەیەکی وا نەکەین کە بە ڕەگەزپەرستی دابنرێت.

بەفری سەران: پێشتر لە ڕوونکردنەوەی پارجە شیعرێکی دیکەی ئاواتدا زۆر چوومەتە سەر باسی بەفری سەران و بەفری بەران و پرسیاری دۆست و برادەریشم کردووە.  سەبارەت بە بەفری سەران لەسەر ئەو باوەڕەم کە بریتی بێت لە بەفرێک وا سەرەتا لە سەر چیاکان دەبارێت پاشان کڕێوە هەڵیدەگرێت و دەیهێنێتە داوێن و لە کەلێن و قوژبنی لای خوارەوەتری کێوەکانی دەکات.

باقڵ: بە عەقڵ، بە عەقڵی خۆم، لام وایە، پێم وابێت.


 

[1]  چاپی ئەنیسی: بوی... دونیا

[2] چاپی ئەنیسی: مەڕحەمەتت. بەم گۆڕانکارییە تازەیە، کێشی شیعرەکەش چەشنە دەستکارییەکی بەسەردا دێت. لە چاپی جەعفەردا سەکتەیەک هەیە و لەچاپی ئەنیسیدا هەست بە زیادەیەک دەکرێت.

[3] چاپی ئەنیسی: هەرتۆشی لەبوون دیسان دەمانخەیتە نەبوون

[4] چاپی ئەنیسی: لەدەست تۆڕایە

[5] چاپی ئەنیسی: لە پاڵەوانانی جیهان

[6]  چاپی جەعفەر: شەڕ و شووڕ.   چاپی ئەنیسی: گەلی (دەبێ هەڵەی تایپ بێت)

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de