دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ٢١٧
لەو وەختەوە
لەو وەختەوە بردوویە دڵم چاوی عوقابی ئەو مەست و ئەمیش خەستە عەجەب بۆتە کەبابی! ڕووترشە ئەگەر ساقی، مەزەی بوو بە مەزاقم خوێنی جگەری عاشقیش ئەم جارە شەڕابی ئەو نێرگسە پڕفیتنەیە وا مەست و خەواڵوو[1] بەو حاڵەوە بردوویە، بڵێ مەیدە عەزابی[2] برژاوە بە تینی نەفەس و ئاهی دەروونان[3] زۆر ناسکە، چڕژا بە ئیشارێکی جەنابی هەرکەس نەشکێنێ دڵی وەک شووشەیی عاشق[4] ڕەحمەت لە هەموو قەوم و کەس و دایک و بابی[5] وێنەی قەد وباڵای کە لە نێو چاوی پڕئاوە سەیری کە چلۆن دێتە مەلە مورغەکی ئابی "کامیل" کە لە دووی دڵ چوو، تەماشاکە بە کوڵ چوو[6] مەنعی مەکە ساقی، وەرە بێ دەرد وبەڵابی! قاقڵاوا، ١٣٤٠ ی هەتاوی (لاپەڕە ٦٥ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نییە) _________________________________________ شیعرەکە لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە. غەزەلێکی غەرامیی پاراو و بێ گرێ وگۆڵە و لە کەرەسەی کۆنی شیعری عاشقانەی کوردی و فارسی پێکهاتووە. دڵی بە کەباب برژاوی عاشق و خوێنی جگەری بە شەڕاب کراو و چاوی مەخموور و خەواڵوو و..... کەرەسەی سواوی ئەو چەشنە شیعرانەن کە بۆ شاعیری ئەمڕۆیی ئەستەم بتوانن خوێنەر بدۆزنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شیعرەکە ڕەوان و پاراوە و لە گوێی خوێنەر خۆش دێت. لام وایە یەک لە شیعرە قورس و قایمەکانی ئاوات بێت. عوقاب: هەڵۆ خەستە: بریندار، نەخۆش مەست و خەست: جیناسی ناتەواویان لێ پێکهاتووە. مەزە: ئەو خواردنەی وا لەگەڵ مەی دا دەخورێت. مەزاق: هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار بە 'ئیشتیا' و 'چێژە'ی واتا لێداوەتەوە. لێرەدا "تامی دەم"ە. نێرگس: گوڵێکە و لە لای شاعیرانی کورد و فارس ئیستیعارەیە بۆ چاوی دڵدار. بەو حاڵەوە بردوویە: دەگەڕێتەوە بۆ دڵ. چڕژان: چەشنە شکانێکە زۆرتر وەک سیفەتێک بۆ شووشە کەڵکی لێ وەردەگیرێت. دایک و بابی: ئەو فەردەی شێخ ڕەزای تاڵەبانیمان وەبیر دێنێتەوە کە لە غەزەلە بەناوبانگەکەی "مەربووتە حەیاتم بە سلێمانی و خاکی"دا، کاتێ لە "ئەحمەدی کاکی" واتە کاک ئەحمەدی سلێمانی دەدوێت، دەڵێ:
"دەرحەق بە
حەفیدانی ئەدەب لازمە زینھار مورغەک: باڵندەی بچووک مورغەکی ئابی: مراوی بچووک، باڵندەیەکی بچووک کە لە ئاودا مەلە دەکات. دڵ و کوڵ: جیناسی ناتەواویان پێ دروست کراوە. بەکوڵ چوو: بە جۆش و کوڵەوە ڕۆیشت؛ هاتە کوڵ؛ چوو دەتوانێ واتای لەدەستچوون و فەوتانیش بداتەوە. بێ دەردوبەڵابی: دۆعایە و تەنز و تەوسێکی گلەیی ئامێزیشی تێدایە. [1] لە دەقی کتێبەکەدا وەک خەواڵو هاتووە. [2] لە دەقەکەدا وەک بردویە نووسراوە. [3] لە دەقەکەدا وەک دەرونان نووسراوە. [4] لە دەقەکەدا وەک شوشەیی هاتووە. [5] لە دەقەکەدا وەک داییک نووسراوە. [6] لە دەقەکەدا هەموو واوەکان یەکدانەن
|