دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢١٨

بای وادە (٢)

 

 

هەڵنایە هەتاوی کاتی زستان

هەڵڵایە برا لە ڕۆژپەرستان!

ڕۆژێ لە نەکاو هەتاو وەدەرهات

ڕەحمێ بوو لە لای خودای سەماوات[1]

هات سروەیی بای خۆشی بەهاری

بەوبۆنەوە بۆنی گوڵ دەباری

شەونم لە گوڵان لەبەر دڵانە

جامێکی شەڕابی بولبولانە

جەرگ و دڵی عاشقی بڕیوە

ئەو خونچە کە وا یەخەی دڕیوە

نۆشی دڵییانە ئەو شەڕابە

وا جەرگی شەقایقیش کەبابە

دەنگی کەو و مەل لە کۆهساران

کاڕەی بز و مەڕ لە نێو حەساران

ناقوسی ژیانی کیژ وکاڵن[2]

ڕێک چاوبڕی ڕێگەیی شەماڵن

بای وادە، بەخێرێ، وا بەڕێوە

پێی سەر سەرە چونکە ژینی پێوە

دەژیێتەوە هەرچی مرد بە زستان

دەشواتەوە چڵکی چاو و دەستان

هەی هەی چ بەهارێ دڵگوشایە!

سفرێکە کە خاوەنی خودایە

ڕەنگین بە هەزار جۆر و ڕەنگە

دێوجامەیی خۆیەتی، چ شەنگە!

هەرچی هەیە مار ومێرو، یا مەل

دەوری دەگرن بە گەل، بە کۆمەڵ

هەریەک بەشی خۆی دەبا جوێ جوێ

بەو سفرە، جیهانە جەرگی توێ توێ[3]

ئەو خاوەنی سفرە، هەر خودایە

هەر بووشە، دەبێ، هەتاهەتایە[4]

چەند شا و وەزیر و حاتەمی تەی

لەو ڕێگەیی سفرە پێ دەکەن پەی

چاو با لەوە پاش نەچێت و بنوێ

بنواڕێتە ئەو جیهانی لەنوێ

ڕازاوەتەوە بە ڕەنگ سەراسەر

خشڵی گوڵوکاتی کردەوە بەر

هەر جێگە دەبینی زێڕ وزێوە

هەر تیشکە لە هەرچی ژینی پێوە

وا دای لە کلیلە دوورزەنی هەور[5]

تێکچوو بە بروسکە لەشکری جەور

ئەو خێوەتی وا سپی سپی بوو،

بەو دوورزەنی هەورە تێک تەپیبوو[6]

لەو جێگە، کلیلە جوان و چاتر

وا گوڵ هەڵیداوە چیغ و چادر

کوێستان هەموو سوور و شین و زەنوێر

کانیاوی بەجارێ بوونە ئەستێر[7]

ئەستێرەشە وا دڵی کزەی دێ

بۆ هاتنی سەر زەوی بزەی دێ

بۆ کاتی پشوو کە دێتە عەرزی

ماندوو بوو، بەزی، تەزی، لەبەرزی[8]

مانگیش کە بە وێنە دێتە ئاوێ

خۆزگە لەپڕا دەکەوتە داوێ

هەرگیز نەدەهاتە دەر لە گۆمان

دەستی دەبڕا لە عەرز و ئاسمان

ئەو کاتەیە، خاڵە، لێم بەقینە

تەسخیری کورات لەسەر زەمینە

وانە کە دەڵێن دەچیتە ئاسمان

ناچن بە خودا، مەگەر بە سوڵتان

زانینە مرۆڤ دەباتە بەرزی

بڕوانە نەزانە هەر لەعەرزی

ئێمە لە زەوی، لە کا کەشانێ

ئەو عالەمە گەینە کاکەشانێ!

            فەرقی مە دەگەڵ ئەوان بزانە

            هەرلێرەوە تاکوو ئاسمانە[9]

(لاپەڕە ١٦٢ تا ١٦٤ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نییە)

__________________________________

عینوانی شیعرەکە لە فەردی نۆهەمی خۆی وەرگیراوە. پێشتریش پارچە شیعرێکی دیکە بە هەمان ناومان بینیوە (ژمارە ٧٦ ی ئەم زنجیرەیە، وەرگیراو لە لاپەڕە ١٥٣ و ١٥٤ ی چاپی ئەنیسی و ٦٦ و ٦٧ ی چاپی جەعفەر). من بۆ ئەوەی سەر لە خوێنەر نەشێوێت ناوی ئەم مەسنەوییەی ئێرەم ناوە بای وادەی ژمارە دوو.

لە چاپی جەعفەردا نەمدۆزییەوە، هۆکارەکەشی نازانم.

مەسنەوییەکی ڕازاوەیە لە وەسفی سروشتی ناوچەی ژیانی شاعیر وەک بەشێک لە موکریان. ساڵ و شوێنی گوترانی شیعرەکە دیار نییە بەڵام بە ئەگەری زۆر دەبێ هەر لە گوندێکی وەک قاقڵاوا و گەردیگلان، یان گوندێکی نزیک ئەوان لە نێوان بۆکان و سەقز گوترابێت و ئەو وەسفەش، هی سروشتی هەر ئەو شوێنانە بێت. کێشی مەسنەوییەکە زۆر سوار و حەماسی و بن بزۆکەیە، واتە خاو و بێ هەست نییە.

شیعرەکە بەوە دەست پێدەکات کە کاتی زستانە و هەتاو هەڵنایەت بەڵام ڕۆژێک لە ناکاو هەتاو دەردێت و ئیتر بەشوێن ئەودا پەسنی بەهارە و کارتێکەریی بای خۆشی بەهاری لەسەر سروشت. شاعیر، بە گوێرەی بڕوای قایمی ئیسلامیی خۆی، هەموو ئەو ڕازاوەیی و جوانییە دەباتەوە سەر خودا و بەخششی ئەو. هەروەها هەموو ئەو ڕەنگ و بۆنەی گوڵ و گیای بە سفرەیەک ناساندووە، کە خودا دایخستووە بۆ کەڵک وەرگرتنی مرۆڤ.

لە پێنج فەردی کۆتایی شیعرەکەدا ئاوات دەچێتە سەر زانست و "تەسخیری کورات" لە لایەن مرۆڤەوە. هەر لە ڕێگەی ئایینیشەوە بۆ بابەتەکە دەچێت کاتێ کە دەڵێ ئەم کارانە بە بێ "سوڵتان" ناکرێت و ئەوەش ئاماژەیە بە ئایەتێکی سووڕەی الرحمن لە قورئاندا کە دەڵێ: إِنِ اسْتَطَعْتُمْ أَن تَنفُذُوا مِنْ أَقْطَارِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ فَانفُذُوا لَا تَنفُذُونَ إِلَّا بِسُلْطَانٍ. ئەوەندەی من بزانم شڕۆڤەکاران واتە 'مفسران' ی قورئان ئەو 'سوڵتان'ە بە عیلم لێکدەدەنەوە بەڵام عیلمێک کە خودا داویەتە مرۆڤ و بەم پێیە، چوونی مرۆڤ بۆ مانگ و کوراتی دیکە، یان ناردنی مانگی دەستکرد بۆ ئە شوێنە دوورانەی کائینات بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە کاری خودا دەزانن نەک مرۆڤ. مەلا و مالم و قەشەی لە قافڵەی زانست بەجێماو هیچ چارێکی دیکەیان نییە جگە لەوەی بە شەلەشەڵ بکەونە شوێن علوومی ئەمڕۆیی و بیانوویەکیان بۆ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە خەیاڵ نەهێڵن لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئایین بچنە دەرەوە و خۆیان بێکار بمێننەوە! 

ئاوات ناچێتە ناو ئەو باسەوە و بە هێنانی ناوی "سوڵتان" ئەرکی خۆی بە تەواو بوو دەزانێت؛ ئیتر لەوێ بەدواوە تەنیا لە زانست دەدوێت و گرنگایەتییەکەی بۆ مرۆڤ. بەڵام ئەوە تەنیا تا دوو فەردی کۆتایی بڕ دەکات کە لەوێدا پێ لە جیاوازییە ڕاستەقینەکان دەنێت و داخ و حەسرەتی خۆی لە دواکەوتوویی "ئێمە" واتە گەلی کورد دەردەبڕێت؛ لەئەنجامدا دەڵێ جیاوازیی ئێمە لەگەڵ ئەوان، کە دیارە دەبێ وڵاتانی ئورووپایی و بە گشتی ڕۆژئاوا و وڵاتە پیشەسازییەکان بن، لێرەوە هەتا ئاسمانە!

هەندێک فەردی شیعرەکە تەنزئامێزن؛ بۆ نموونە، خۆزگە لەپڕا دەکەوتە داوێ! کە باسی مانگە لەو کاتەدا وا دێتە ناو ئاوی سەر زەوی بۆ سەیری جوانییەکانی.

هەڵڵا: هەرا و داد و فریاد و قەرەباڵغی

ڕۆژپەرستان: ئەوانەی وا ڕۆژ و دەرکەوتنی هەتاویان دەوێت. واهەیە ئاماژەیەک بێت بۆ پەیڕەوانی ئایینی میتراییش.

نەکاو: ناکاو، لەپڕ

سەماوات: ئاسمانان

سروە: شنەبا، کزەبا، بای بسکان (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار)

نۆشی دڵییانە ئەو شەڕابە: دەگەڕیتەوە بۆ دوو فەرد پێشتر کە گوڵی شەقایقی بە جامی شەڕابی بولبولان دانابوو.

کاڕە: دەنگی بەرزی پەز و بەرخ (هەنبانە بۆرینە). بەڵام کاڕە بە دەنگی بزن و گیسکیش دەگوترێت و هەربۆیەشە ئاوات لە پەیوەندیی دەنگدا، "بز" و "مەڕ"ی پێکەوە هێناوە.

بز: بزن

حەسار: حەوشی ماڵان

کاڵ: وشەیەکە لە جیاتی تشت، هەرامە و هین (مەلا وکاڵ، سۆفی و کاڵ) (هەنبانە بۆرینە)  لێرەدا کیژ وکاڵ دەبێتە کیژان و ژنان کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەموو ئەرک و کاری قورسی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە سەر شانی ئەوانە.

ناقووس: زەنگی کلیسە، کە لە هەندێک بۆنەدا دێتە دەنگ. لێرەدا شاعیر دەنگی بزن و مەڕ بە ناقووسێک دەشوبهێنێ کە کیژ وکاڵ بانگ دەکات بچنە مەڕدۆشین.

چاوبڕ: چاوی کیژ وکاڵ کە بڕاوەتە سەر ڕێگای بای شەماڵ بۆ ئەوەی بێت و بەفر بباتەوە.

بای وادە: بایەک کە لە کاتی خۆیدا دێت و بەفر دەباتەوە.

پێی سەر سەر: بەخێر بێت! پێی لە سەر سەری من دانێت.

ژینی پێوە: دوای چوونەوەی بەفری زستان گیا وگژ لە زەوی سەردەردێنن و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەن.

دڵگوشا: شتێک کە دڵ دەکاتەوە؛ دڵخۆشکەر.

سفرێکە: سفرەیەکە

دێوجامە: دیجامە؛ چەند پارچە پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگە لێکی دەدەن لە ڕاوەکەودا  دەکاری دەهێنن (هەنبانە بۆرینە).

شەنگ: جوان

بەگەل: بە کۆمەڵ

جوێ جوێ: جیاجیا

توێ توێ: توێژ توێژ

هەر بووشە: هەر بووە

پێ دەکەن پەی: پەی بوون شکانی لاقە. پێیان پەی دەبێت، لاقیان دەشکێت.

چاو با...: دوای ئەو هەموو پێداهەڵگوتنەی من، با مرۆڤ چاوی خۆی نەقووچێنێت و بە شێوەیەکی نوێ بڕوانێتە جیهان.

خشڵ: زێڕ و زێو و مووروو بۆ ڕازاندنەوەی ئەمندام و جل وبەرگ.

گولۆکات: گوڵۆک خونچەی گوڵ و دارە + ات کە نیشانەی کۆیە.

کلیلە: ڕنوو

دوورزەن: فارسییە. تفەنگێک کە لە دوورەوە ئامانج دەپێکێت؛ شاعیر هەور و دەنگەکەی لە بەهاردا، بە تفەنگی دوورزەن دەشوبهێنێت.

برووسکە: ڕنوو بە دەنگی بەرزی هەور لە چیا جیادەبێتەوە و دەخزێتە ناو دۆڵ.

ئەو خێوەتی: بەفری سەرچیا پێش ئەوەی بە ڕنوو بتەپێت و بکەوێتە خوارەوە، وەک خێوەتێکی سپی وایە.

لەو جێگە کلیلە...: واتە دوای کەوتنە خوارەوەی کلیلە، لەو جێگەیەی وا ڕنوو خەیمەی سپی لێدابوو، گوڵ چیغ و چادری هەڵداوە و لە خەیمەکەی ئەو جوان و چاترە!

زەنوێر: جێگەی بڵندی هەوا سازگار (هەنبانە بۆرینە)

کزەی دڵ: حەسرەت خواردن، ئیرەیی بردن. واتە تەنانەت ئەستێرەش بەو جوانییە، بە کوێستانە سوور و شین و زەنوێرەکە ئیرەیی دەبات و پێی خۆشە بێتە سەر زەوی سەیری بکات.

بۆکاتی پشوو: دەگەڕێتەوە بۆ ئەستێرە، کە دێتە سەر زەوی بۆ سەیری جوانییەکان و لەوێ دەبەزێت و دەتەزێت!

مانگیش...: شاعیر کەوتنە ناو ئاوی وێنەی مانگ، بەوە دادەنێت کە ئەویش ویستوویەتی بۆ سەیری جوانییەکان بێتە سەر زەوی. ئینجا ئاواتی ئەوەی خواستووە بکەوێتە ناو تەپکە واتە ئەو دێوجامەیەی وا لە سەر زەوی پانیان کردۆتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ ئاسمان. جا ئەگەر بکەوتایەتە ناو داو، ئیتر دەستی دەبڕا و لە ئاسمان دەرنەدەکەوت!

خاڵە: ڕووی شاعیر لە خوێنەری شیعرەکەیە کە بە خاڵە بانگیان دەکات.

تەسخیر: زاڵ بوون بە سەر شتێکدا، دەست بەسەردا گرتن

وانە: ئەوانە. ئەو کەرەسانە (ئەو مانگی دەسکردانە)ی وا دەچنە ئاسمان.

سوڵتان: لە وشەی عەرەبی سلطە بە واتای هێز و دەسەڵات وەرگیراوە. وەک لە سەرەوە گوتم ئیماندارانی موسوڵمان دەستڕاگەیشتنی مرۆڤ بە سەر کوراتی دیکەی کائینات بەهۆی زانستەوە گونجاو دەبینن بەڵام ئەو زانستەش هەر بە کاری خودا دادەنێن و بۆ بۆ ئەوەش کەڵک لە ئایەتێکی قورئان وەردەگرن کە ئاماژە بەو وشەیە دەکات و من لە سەرەوەتر هێنامەوە.

کا کەشان و کاکەشان: جیناسی تەواویان لێ دروست کراوە.  کا کەشانی یەکەم بە واتای کێشانی کایە لە سەر زەوی و ئەویش کاری ئێمەی کوردە! بەڵام کاکەشانی دووهەم هەمان کەهکەشان یان کائیناتی دەرەوەی کورەی زەوییە کە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕێگەی ناردنی مانگی دەسکردەوە خەریکن دەیکەنە مڵکی خۆیان. ئاوات خەمی ئەو جیاوازییەی ئێمە لەگەڵ ئەوان دەخوات کە دەڵێ هێندە زۆرە بەقەدرایی ڕێگەی نێوان عەرز و ئاسمان دەبێت!


 

[1]    لە دیوانەکەدا وەک ڕەحمی هاتووە.

[2]    لە دەقەکەدا وەک ژییانی هاتووە

[3]   لە دەقەکەدا وەک جۆی جۆی و تۆی تۆی هاتووە بەڵام ئەوانە دەبێ کێشەی تایپ و نەبوونی پیتی بەڕێ وجێ بۆ وشە کوردییەکان لەو چاپخانەیە بێت کە کتێبەکەی تێدا چاپ کراوە.

[4]    لە دەقەکەدا وەک بوشە هاتووە.

[5]   لە دەقەکەدا وەک دوڕزەنی هاتووە. هەروەها  چەند وشەی دیکەش بە یەک واو نووسراون: دوڕ، تێکچو، بروسکە.

[6]    لێرەشدا وەک دوڕزەنی هاتووە. واوەکانیش بە یەک واو نووسراون: بوو، دوڕ، بو.

[7]    لە دەقەکەدا وەک بونە نووسراوە.

[8]    لە دەقەکەدا وەک ماندوبو هاتووە.

[9]   لە دەقەکەدا وەک تاکو هاتووە.

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de