دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢١٩

سروە بای بەهار

 

 

هات سروە بای بەهاری

بۆ ناوچەی کوردەواری

بوو بە هیوایەک لە نوێ

ڕۆژمان دەرکەوت لە سوێ

بە شنەشنی شەماڵ بوو

جێ دانگەی دێ بەتاڵ بوو

دای لە تۆقی سەری، توند

پرش و بڵاوی کرد کوند

شوانی هەوەڵ لە خۆشیان

کەوتە هەڵپەڕکێ و گەڕیان[1]

مەڕی جێ هێشت بۆ هاواڵ

بۆخۆی ڕووی کردە سەر یاڵ

ئەو کاتە بێ ترس و خەم

فیتووی لێدەدا بەدەم

لە بلوێری دەتووڕاند

کەیف و خۆشی خۆی دەنواند

بانگی کردە کیژ وکاڵ

دەیگوت دەرکەون لەماڵ!

هات کاتی بانەمەڕێ

تین لە وڵات دەگەڕێ

مەڵبەندمان گەرم دادێ

چ لە شار و چ لادێ

لاوان ڕێک بە دەستی جەم

دێنە دەر بێ ترس و خەم

هەرچی لەدڵیاندا بێ

ئەگەر لەبیریان مابێ

دەگێڕنەوە بۆ هاواڵ

وەخەبەر دێن کوڕ وکاڵ

مێگەل لەدێ دەرکەوتن

لەبن ڕەوەزان خەوتن

شوان هەڵترووشکان لایان

لە نسار و چیایان[2]

خەم و پەژارەی زستان

هەموویان بردە کوێستان

کوێستان بەدەم بایدا دا

سەد چەل بەملا ولایدا دا

تا بوو بە تۆز پەژارە

ڕفاندی بۆ ئەو خوارە

ڕابردووی خۆی لەبیرچوو

لەپڕ خوێندی کوندەبوو

دالەرزی، ترسا دیسان

دەیگوت بێ بیرم ئینسان

کوند لە هەرکوێ بخوێنێ

ڕیشەی لەبن دەردێنێ

ئەو کوردەوارییە، پاکی

بەکوند وێرانە خاکی

شوانێکی دی لە سەرا

هاتە خوارەوە خێرا

گۆپاڵێکی پێبوو شوان

شێری دەهێنا ئامان

هەرگیز لە دەست نادەن هەل

کاتی بەهار، بەکۆمەڵ

دەبینن مەڵبەندی وان

چەند ڕەنگینە، چەند جوان[3]

بێری چوونە مەڕدۆشین

بە پەنجەی نەرم و ڕەنگین

یەک خاتووزین، یەک شیرین

شیرینتر بوون لە هەنگوین

خەجێ و مەجێ و فاتمۆکێ

دەرکەوتن بۆ مەندۆکێ

بە هەڵپەڕکێ و پێکەنین

چوون بۆ مەندۆکان چنین

بزەیانە کیژ وکاڵ

بەزەیان نایە بەحاڵ

دەستی یەکتریان دەگرت

چەند جوان بوون درێژ و کورت!

سازیان دەکرد هەڵپەڕکێ

لە سەربان و بەردەرکێ

دەڵێن جەژنی سەری ساڵ

پیرۆز بێ لە کیژ وکاڵ

جێژنێکی کۆنی کوردە

وەرنە نێو وردە وردە

کەس نەمێنێ پیر ولاو

چ مێ، چ نێر، ژن و پیاو

دەست بگرن، ڕۆژی هاتە

وەدی هات ئەو ئاواتە،[4]

کە بوویان لە زستانێ

دەیانگوت ئاخ کوێستانێ![5]

خاڵ و بەڵەک بێتەوە

بەفری لێ بتوێتەوە

چیغ و چادر دەرکەون

بێری دۆشان سەرکەون

تێکەڵ ببن کیژ وکاڵ

شەنگ و شۆخ و چاو کەژاڵ

            ئەو چەلیش ئەوا دیمان

            ئەو ئاواتەی وا بوومان!

(لاپەڕە ١٦٥ تا ١٦٨ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نییە)

_________________________________

شیعرێکی بەهارییەی لەبەر دڵانە. مەسنەوییەکە لە کێشی شیعری فۆلکلۆریکدا. چاپی جەعفەر تۆماری نەکردووە. 

ئاوات کە خاوەەن مڵک و لەعەینی کاتدا وەرزێرێکی گوندنشینی ناوچەیەکی شاخاویی لای گەورکایەتی نێوان بۆکان و سەقز و سەردەشتە، لەم شیعرەشیدا وەک زۆر شیعری دیکەی، خۆشەویستیی بەهار و ژیانەوەی سروشت و لاچوونی بەفر و نەمانی سەرما وسۆڵ، کە ئاواتی گوندنشینان بە ئاغا و ڕەعیەتەوەیە، بە باشی دەردەکەوێت.

شیعرەکە بە زمانێکی گەلێک ساکار و لەسەر کێش وهەوایەکی شاد و بزوێنەر گوتراوە بەڵام لە عەینی کاتدا گەلێک وشە و زاراوەی سروشتی و وەرزێریی تێدا بەکار هاتووە.

هونەری شاعیر پیشاندانی دیمەنی سروشتە لە کوردستان بە چیا و بەفرەوە، بە مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەوە، بە شوان و مەڕەوە، بە کیژ و کوڕەوە، بە هەڵپەڕکێ و مەڕدۆشین و مەندۆک چنینەوە و....هتد.

کەم و زۆر هەموو ئەو وشانەی من لێرەدا بە دوو واوم نووسیون لە دەقەکەدا بە یەک واو نووسراون.

 

سروەبا: شنەبا

سوێ: ئاسۆ

کوردەواری: لێرەدا شوێنی ژیانی کورد واتە کوردستانە.

جێ دانگە: دانگە بریتییە لە "جێگەی گیاداخستنی ئاژەڵ لە زستاندا (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار) شاعیر دەڵێ شنەی شەماڵ بەفری بردۆتەوە و هەموو جێیەک ڕەشانگە، ئیتر پێویست بە دانگە ناکات.

شوانی هەوەڵ: لێرەدا ئەو کەسەیە کە مەڕەکە بۆ شوانی دووهەم کە هاواڵی خۆیەتی بەجێ دەهێڵێ و بەردەبێتە هەڵپەڕکێ.

گەڕیان: چەشنێک هەڵپەڕکێی لەسەرخۆی کوردییە زیاتر لە سنە و سەقز و ئەو ناوچانە باوە.

سەریاڵ: زینوو، ملەی کێو (هەنبانە بۆرینە)

تێ تووڕاندن: فوو پێدا کردن، لێدانی شمشاڵ یان ئامێرێکی دیکەی با.

کاڵ: وشەیەکە لە جیاتی تشت، هەرامە، هین (مەلا وکاڵ، سۆفی و کاڵ) (هەنبانە بۆرینە) لێرەدا کیژ وکاڵ بە واتای کچان هاتووە. 

بانەمەڕ: مانگی دووهەمی ساڵی هەتاوی و کاتێ کە سەربانی ماڵان بەفری لێ نەماوە و دەکرێت مەر و بزن ببرێنە سەربانان یان حەوش و حەساران و لەوێ ئاڵفیان بدرێتێ.

مەڵبەند: ناوچە

دەستی جەم: دەستەجەم، پێکەوە، بە کۆمەڵ

مێگەل: گەلە، کەرک؛ بە فارسی گەلـلە، ڕەمە (هەنبانە بۆرینە)

ڕەوەز: چین چینە بەردی ناوقەد و سەر کێو (هەنبانە بۆرینە)

نسار: بەر سێبەر

چەل: جار، کەڕەت

کوندەبوو: وێدەچێت شاعیریش وەک زوربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێمە باوەڕی بەو ئەفسانە بێ بنەمایە بووبێت کە کوند لە سەر هەر ماڵێک بنیشێت وێران دەبێت. ئەوە لە چوار فەردی ئەم شیعرە دەردەکەوێت.

دەیکوت بێ بیرم ئینسان: مرۆڤ دەیگوت بیرەوەریم نییە و ڕابردووم لەبیر دەچێتەوە. ئەم شیعرە دەگەڕێتەوە بۆ چەند فەرد پێشتر کە گوتی شوانەکان خەم و پەژارەی زستانیان بردە کوێستان و لەوێ بە بایاندا دا.

ئەو کوردەوارییە پاکی/ بە کوند وێرانە خاکی: نیاز لە کوند واهەیە داعبایەکی وەک باڵندەی کوندەبەبوو نەبێت و مرۆڤی خراپ و جاش بێت.

گۆپاڵێکی...: ئەوەش بەشێکە لە وەسفی دیمەنەکانی ژیان لە گوندێکی کوێستان. شوان و گۆپاڵێک کە بۆ پارێزگاری لە خۆی و ئاژەڵەکانی بە دەستیەوە گرتووە.

بێری: مەڕدۆش، زیاتر کچان و ژنان

مەجێ: دەبێ مەنیج بێت

مەندۆک: گیایەکی کوێستانی بەناوبانگە (هەنبانە بۆرینە)

بزە وبەزە: زەردەخەندە و ڕەحم؛ جیناسی ناتەواو بەو دوو وشەیە دروست کراوە.

بەحاڵ: بە حاڵی کوڕەلاوان

هات: بەخت و ئیقباڵ

ئەو ئاواتە: پێنج فەردی دوای ئەو فەردە، لە ڕاستیدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەم وشەیە: شاعیر دەڵێ ئەو ئاواتانە وەدی هاتن کە کیژ وکاڵ لە زستاندا هەیانبوو (بگەڕێوە بۆ ٧ فەرد پێشتر) و دەیانویست کوێستان بەڵەک بێتەوە، بەفر بتوێتەوە، چیغ و چادرهەڵدرێنەوە و ....

کەوابوو، وەک لەسەرەوە گوتم، وشەی ئاوات لێرەدا بریتی نییە لە ناسناوی شاعیریی شاعیر و هەر بۆیەش نابێ بخرێتە ناو دوو کەوانووکەوە وەک لە دیوانەکەدا، خراوە.

خاڵ و بەڵەک: خاڵ خاڵ و بەڵەک بوون نیاز لە چوونەوەی کەم وزۆری بەفرە لە هەندێک شوێنی سەر زەوی و دەرکەوتنی ڕەشانگ هاوڕێ لەگەڵ بوونی بەفر.

سەرکەون: بێرییەکان بۆ دۆشینی مەڕ و ماڵات بەرەو بەرزایی کوێستان بڕۆنە سەرێ.

چاو کەژاڵ: چاوکاڵ

ئەوچەلیش ئەوا دیسان/ ئەو ئاواتەی وا بوومان... پاشان چی؟ لام وایە شیعرەکە ناتەواو بێت و لای کەم یەک دوو فەردی چاپ نەکرابێت . خوێنەر دەیەوێت بزانێت ئەو ئاواتەی وا بوومان چی لێهات، ئایا وەدی هات؟ شیعرەکە وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە، هەر بۆیەش من بە ناتەواوی دەزانم. مەگەربڵێین شاعیرنیازی لە خۆی و تەمەنیەتی و ئاواتەکەش بە هاتنەوەی بەهار بزانین کە ئەودەم شیعرەکە تەواوە و تێگەیشتنی خوێنەر لێی ئەوە دەبێت کە باش بوو ئەمساڵیش نەمردین و هاتنەوەی بەهارمان بە چاو بینی و ئاواتی هاتنەوەی بەهارمان وەدی هات.


 

[1]    لە دەقەکەدا وەک گەڕان هاتووە، کە هەڵەیە.

[2]   لە دەقەکەدا وەک چییایان هاتووە.

[3]   لە دەقەکەدا وەک چووان هاتووە.

[4]  لە دەقەکەدا "ئاواتە" خراوەتە نێوان دوو کەوانووکەوە، کە بە واتای  ناسناوی شیعریی شاعیر بێت. من ئەو پەیوەندیدانە بە هەڵە دەزانم لەبەر ئەوەی واتای سەرەکی ڕستە و میسراعەکەی پێ لەدەست دەچێت کە ئارەزوو و خواست بێت. گومان لەوەدا نییە کە وشەی ئاوات ئیهامی تێدایە و هەم خواست و ئارەزوو هەم ئاواتی شاعیر خۆی دەگرێتەوە؛ ئەوە بە بێ کەوانووکەش هەر لە شوێنی خۆیدا دەبێت و پێویست بە ئاڵۆزکردنی مەسەلەکە ناکات.

[5]   لە دەقەکەدا کوێسانێ نووسراوە. دڵنیام هەڵەی تایپە، دەنا سەروای زستانێ دەبێ کوێستانێ بێت.

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de