دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢٢٢

 ئەوین و ئەجەل

 

 

ئەجەل! تۆ کێت هێشت، کێت پاماڵ نەکرد؟  

لەشی کێت بە داخ، کۆی زوخاڵ نەکرد؟

کێهە مەجنوونت نەبردە شاخان،

نەتکوشت ئاخری بە ئاخ و داخان؟

پرچی کام لەیلت نەخستە گۆزە؟

تووشی کێت نەکرد گریان و سۆزە؟

لە کام شیرینت تاڵ نەکرد ژیان

لێت نەسەند بەزۆر، بە تۆپزی، گیان؟[1]

 

ئەوین! بە ئایەت ئیشی تۆ زۆرە

برینت لە دڵ زۆر بە ناسۆرە

کام دڵت بە دڵ ئاشنا نەکرد؟

ئەمت بەو، ئەو بەم موفتەلا نەکرد!

کێهە فەرهادت نەکرد ڕەنجە ڕۆ؟

نەتبردە شاخ و دەر و دەشت و کۆ!

کام کاکە مەمت بریندار نەکرد؟

بە خاتوو زینت گرفتار نەکرد!

                   ***

ئەوین و ئەجەل برای هاوپشتن

بۆ دەرد و مەرگ لێدان و کوشتن

پێی دێتە لەرزین لەشی پۆڵایین

لە کاتی خۆیدا، بە دەستی ئەوین

ئەجەلیش پاشان بۆی دێتە پێشێ

گیانی شیرینی لە لەش دەکێشێ

ئەوین هەر تۆزێ لە خوار ئەجەلە!

هاوڕێی یەکترن خێرا و بە پەلە

ئەی ئەوین، ئەوین، هەوێنی بەڵا!

ئەی ڕووخێنەری سەد کۆشک و قەڵا![2]

ماڵ وێرانکەر و قەڵاڕووخێنی

ڕیشە و بناغان لەبن دەردێنی

مۆڵەتمان بدە ساتێ وەرکەوین

لە بستۆی ژیان تۆزێ سەرکەوین[3]

با پشوو بدەین، بحەسێینەوە

کیژ و کوڕ وکاڵ بناسینەوە!

ماوێک بوو لێتان وەدوور خستبووین

لە مە و لە وانیش ڕێتان بەستبووین

لێیان بگەڕێن، توخواکەی، تاوێ

بۆمان وەدەر خەن هەتاوێ، ساوێ!

تۆزێ دانیشین لەگەڵ کوڕ و کاڵ

بگێڕینەوە ڕابردووی ئەمساڵ

            ئەو دوازدە مانگە چۆنمان ڕابوارد

            هەر خۆمان بە دەست هەل وهات سپارد[4]

(لاپەڕە ١٧٣ و ١٧٤ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە)

___________________________________________

مەسنەوییەکە بە ناوەرۆکێکی تازەوە. ئەوین و ئەجەل وتووێژیانە و هەرکام ئەویتر بە ماڵ وێرانکەر و قەڵا ڕووخێنەر تاوانبار دەکات ئینجا شاعیر خۆی دێتە نێو قسەکانیانەوە و ئاوا بڕیاریان لە سەر دەدات: ئەوین و ئەجەل برای هاوپشتن!

ساڵی گوترانی شیعرەکە دەست نیشان نەکراوە بەڵام لە ڕێگەی ناوەرۆکەوە هەست دەکەم دوور نەبێت لەتەمەنی پێش بەساڵاچوون و پیریی شاعیردا گوترابێت.

وەک هەندێک شیعری دیکەی ئاوات، لێرەشدا دوای بابەتە سەرەکییەکە، وەرچەرخانێکی بابەت دەبینرێت ئەویش لە کۆتاییەکاندایە کە شاعیر لە ئەوین دەخوازێت مەجالی بدات وەربکەوێت و سەرکەوێت و بحەسێتەوە و لەگەڵ کیژ و کوڕ وکاڵی خۆیدا، کە ئەوین لێکی دوور خستبوونەوە، یەک بگرێتەوە، پێکەوە دابنیشن و ڕابردووی ئەو ساڵە (کامە ساڵ؟) بۆ یەکتر بگێڕنەوە کە تێیدا خۆیان بە "هەل وهات" سپاردبوو.

ئەو سیمبولانە چین؟ شاعیر باسی چی دەکات؟ چ ساڵێک؟ چ ڕووداوێک؟ ئەو هەل و هاتە چین و چ بوون؟ ئەوانە هیچکامیان لە شیعرەکەدا ڕوون نابنەوە و خوێنەر لە گێژوگومیدا دەهێڵنەوە.

شیعری سیمبولیک لە ئێران، بە تایبەت هی ساڵانی ڕەشی نێوان ١٣٣٣ تا ١٣٥٦ ی هەتاوییە (١٩٥٤ تا ١٩٧٧ی زایێنی)، کە حکوومەت نیزامیی بەختیار و ڕوکنی ٢ ی ئەرتەش و ساواک بڕستی لە ڕووناکبیران بڕیبوو و بۆ نموونە، شاعیران ئەگەر بە کەڵک وەرگرتن لە سیمبول و زمانی ناڕاستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بەرگۆکانی خۆیاندا نەکردایە دەکەوتنە بەر تیغی ئەو دەزگا داپڵۆسێنەرانە و دادگای نیزامی. ئەو دۆخە بەتایبەت لە کوردستان گەلێک قورس و قایمتر بوو و لە ئەنجامدا دەرەتانی قسەی ڕاشکاو تەنیا بۆ ماستاوکەرانی ڕژیم هەبوو. ئەم شیعرە بێگومان لەو سەردەمانەدا گوتراوە و هەر بەو بۆنەیەشەوە ڕەمزاوی و بە تەم ومژە. ئەگەری گونجاوی دووهەم  دەتوانی ئەوەبێت کە لە ساڵانی ئەم دواییەی ژیانیدا گوترابێت کە حوکمی ئیتیلاعاتی سوپای مەلاکان لە حوکمی شا و ساواکیش توندترە.

ئەگەر شیعرەکە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول گوترابێت، دەکرێ بچینە سەر ئەو باوەڕەی کە نیاز لە دووجار ئاماژە بە "کوڕ وکاڵ"، دەبێ پێشمەرگەی سەر چیاکان بێت و یەک لەوان کوڕی خۆی هاوڕێ لەگەڵ زۆر دۆست و برادەی دیکەی کە چووبوونە باشوور. ئەودەم، ساڵی ڕابردووی ناو شیعرەکە واهەیە ساڵی کۆنگری دووهەمی حزبی دیموکراتی کوردستان یان ڕاپەڕینی چەکدارانەی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ و دووبەرەکی نێوان باڵی مەلایی و جەلالی لە ناو پارتی دیمەکراتی کوردستان (١٩٦٤ تا ٦٦) بێت. بەڵام وەک گوتم، بۆچوونەکە سەبارەت بەم ساڵانەی کۆتایی ژیانی شاعیرش دەتوانێ ڕاست بێت.

شیعرەکە هەندێک ئاماژەی بۆ حیکایەتی وەک لەیلی و مەجنوون و شیرن و فەرهاد، هەروەها چیرۆکی مەم و زین تێدایە. هەردوو حیکایەتەکە باوەکوو لەبنەڕەتدا عەرەبی یان فارسی بووبێتن بەڵام دەقی کوردیشیان، بە چیرۆک یان بەیت، هەیە و بەم پێیە، خۆماڵین.

لە هەندێ شوێنی مەسنەوییەکەدا، 'نەزم' و ڕێکخستنی کێش وسەروا نەبێت نیشانەی شیعربوون دیار نییە. بۆ نموونە، میسراعی دووهەمی ئەم فەردە: ئەوین هەر تۆزێ لە خوار ئەجەلە / هاوڕێی یەکترن خێرا وبەپەلە. کە دیارە خێرا و بەپەلە شوێنێکی لە شیعرەکەدا نییەو تەنیا یارمەتی شاعیری داوە کێشی نەزمەکەی بپارێزێت و سەرواکەی ڕێک بخات.

پرچ خستنە ناو گۆزەوە: نەمزانی چییە. بەڵام بەگشتی خستنە ناو گۆزەی شتێک وەک مردن و لەناوچوونی ئەو شتەیە.

سۆزە: سۆز و سۆزە دەبێ گۆرانی خەمبار بن.

ناسۆر: کولانەوەی برینە

تۆپز: کوتەکی سەر بە بزماری قیر تێ هەڵسووڕاوە (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار). بە تۆپزی بە زەبر و زۆر. لە دەقەکەدا وەک تۆبزی نووسراوە. وشەی گیانیش لەوێدا وەک گییان هاتووە.

موفتەلا: شێوازی عامییانەی وشەی 'موبتەللا'یە بە واتای گرفتار و پێوە بوو.

ئەی ئەوین، ئەوین!: هێنانی دووجاری وشەکە، تووڕەیی شاعیر لە ئەوین دەگەیێنێت.

وەرکەوتن: پاڵدانەوە و ئیستیراحەت کردن، پشوودان

بستو: ملەی کێو. لەشیعرێکی مامۆستا محەممەدی نووریشدا هاتووە:" لەسەر بستوی ژیان وەک داری چاکی..."

کوڕ وکاڵ: کاڵ وشەی موهمەلە و خۆی وەک هین و هەرامە و وانێک و شت واتا دەکرێتەوە؛ بە سەریەکیشەوە کوڕوکاڵ واتای کوڕان یان کوڕ و پیاوان دەدەن (هەنبانە بۆرینە)

ماوێک: ماوەیەک

خۆ بەهەل و هات سپاردن: خۆ دانە دەست چارەنووسی نادیار.


 

[1]   لە دەقی کتێبەکەدا وەک تۆبزی هاتووە.

[2]   ئەم فەردە، شیعرێکی نەمر سوارەی ئێلخانیزادەمان وەبیر دێنێتەوە کە بۆ زیندانی 'قزل قەلعە'ی تارانی گوتبوو:

"سوورە قەڵا، دەرد و بەڵا!..." کامیان لەوی دیکەیان وەرگرتووە، ئەوە کاتێ مسۆگەر دەبێت کە ڕێکەوتی گوتنی هەردوو شیعرەکەمان بۆ دەربکەوێت، ئەوەش لای کەم بۆ من ڕوون نییە.

[3]   لە دەقەکەدا وەک ژییان هاتووە

 

     [4]  لە دەقەکەدا ئاوا هاتووە: هەر خۆمان بە هەل، هەل و هات سپارد لام وا نییە بوونی هەلی یەکەم لەوێدا ئاسایی بێت و بە هەڵەی دەزانم..

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de