دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ٢٢٤
دڵی نەکوڵاو
زێدە لە شەوان، ئەمشەو دڵ کەیلە شەماڵ هێنەری مەیلەکەی لەیلە تاسەم کردبوو، بەخێر بێتەوە بەشکم بەو بۆنە، دڵ بژیێتەوە دڵیش چ دڵێک! پارچە گۆشتی کاڵ نە کوڵا، نە برژا و نە بوە کۆی زوخاڵ شارەزای مەینەت، هەڵگری خەمە بۆ بوردەباری هاواڵی کەمە! بە ئاگری دووری لەیلا هەڵقرچا بەڵام هەر ماوە، تەواو نەبرژا کام لەیل؟ ڕەشتاڵەی شۆخی جەرگبڕ ئەوەی قەبیلەی مەجنوونی کرد قڕ ئەم هەرا و بەزم و بەند و بیساتە ئەم هەموو دەرد و تاسە و ئاواتە ئەوینە، ئەوین، هەوێنی وانە دڵێ تووشی بێ، ماڵی وێرانە دڵ لە قیس من چوو، منیش لەقیس دڵ هەردوک تاسەی یەک دەبەینە ژێر گڵ ئەی گڵ! تۆش تۆخوا باشمان وەرگرە بۆ دیتن، جارجار سەرمان هەڵبڕە چاوێ بخشێنین لە کیژوکاڵان سەیرانێ بکەین لە چیا و نواڵان[1] کە مەجنوون دڵی پڕ لە ئەوین بوو، زامدار و بە ئێش، پڕ لە برین بوو، دڵی لەیلاشی وێرانتر لەو بوو خەم و پەژارەی گرانتر لەو بوو هەردوک بە ئەوین سەرگەردان و کەیل لەیلا بۆ مەجنوون، مەجنوونیش بۆ لەیل (لاپەڕە ١٨١ و ١٨٢ ی چاپی ئەنیسی؛ لە چاپی جەعفەردا نییە) __________________________________________ شیعرێکی ساکاری غەرامییە. تێدا شاعیر لەدەست ئەوین دەناڵێت و لە دوورییەک دەدوێت کە دەکرێ عیشقێکی سەرنەکەوتووی سەردەمی لاویەتی خۆی بێت. شاعیر لەم شیعرەدا هیچ نەچووە بە لای ئایین و سۆفیایەتییەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ وبێ پێچ و پەنا لەو عیشقە دەدوێت کە ناکام بووە و نەگەیشتۆتە ئەنجام، بێ ئەوەی سەرەهەودایەکمان بداتە دەست بۆ ئەوەی بزانین کامە عیشقە و کەی. وشەی ئاڵۆز و نەدیتوو یان نەبیسراوی تێدا نییە. کەیل: خەمبار بەشکم: بەڵکوو، گەلۆ بوردەباری: سەبر و تەحەممول. فارسییە ڕەشتاڵە: مەیلەو ڕەش، پێستی نە زۆر سپی مرۆڤ بەند و بیسات: بەزم و هەرا. فارسییە تاسە: بیر کردن و چاوەنواڕیی کردنی کەسێک یان کەسانێک هەوێن: ئامیان، مایە (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار) وان: ئەوان لەقیس چوون: لە دەستدان، فەوتان کیژ وکاڵ: کچان و ژنان نواڵ: شیوەڵەی بچووک لە قەدی چیا (هەنبانە بۆرینە)
|