دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
شیعری ژمارە ٢٢٩
پێناو
کە برژۆڵم لەسەر چاوم شەتڵ بوو بە دڵ زانیم لە ژێر پێتا چەقڵ بوو سەر و چاوم بە جووت ڕۆنا لە پێناو نەشت وێرا قەدەم دانێیە سەر چاو بە ڕێی تاریک و باریکی خەیاڵم بەڕێ بووی، چووی، دڵت بردم، دەناڵم لە دووی ئەو پارچە گۆشتەی کوفتەیی دەست بە دووی ئەو نەختە خاڵەی عاشق و مەست وەدووی کەوتم دەر و دەشت و بیابان کەژ و کێو، قوژبن و ئاوا و وێران بزانم داخۆ مەڵبەندی لە کوێیە دەوای ڕوون و هیوایی ئەو بە کێیە زەنبیل، ١٣٥٤ ی هەتاوی (لاپەڕە ٢٠٦ ی چاپی ئەنیسی، لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە) ____________________________________ شیعرێکی غەرامییە. ساکار و ڕەوانە و وێنەی خەیاڵی دروست کردن بە شێوەی مامۆستا گۆران تێیدا بەرچاوە. باوەکوو ڕواڵەتی شیعرەکان لەیەکتر ناچن، بەڵام من بۆن و بەرامەی شیعری "سکاڵا"ی گۆران لەم شیعرە دەکەم: "مەلی ناو فەزای ناموتەناهیم دڵی لاوم ڕۆ! مانووی ئینتیزار ڕێی وەعدەی واهیم نووری چاوم ڕۆ!" ئاوات شوێنی زۆری لە گۆران هەڵگرتووە و ئەوە تاقە یەک نموونەیەتی. شیعرەکە ناتەواوە یان پەیامی شاعیر بۆ خوێنەر هەر ئەوەندەیە بڵێ عاشق بووم و بە شوێن دڵی وونبوومدا دەر و دەشت و بیابان و ئاوایی و کەلاوە گەڕام بەڵکوو بزانم لە کوێیە و هیوای بە کێیە. شاعیر لە درێژەدا ڕوونی ناکاتەوە ئایا دڵە وون بووەکەی دۆزیوەتەوە یان نا و ئەوە دەتوانێ خوێنەر بخاتە بیر کردنەوە و پرسیار لە خۆکردن سەبارەت بە چارەنووسی دڵی شاعیر بۆ ئەوەی بزانێت ئەو وونبوونە تەنیا بۆ ئەو دڵە نییە و زۆرێکی دیکەش هەن کە دڵیان وێڵی سەحرای ئەوینە و هەرگیزیش ڕێگەی گەڕانەوە نادۆزنەوە! ئێمە پێشتریش چەند جار بینیومانە کە ئاوات خۆی لە دڵی خۆی یان لە عەقڵ و فامی خۆی بە جیا دادەنێت وەک سێهەم کەسێک باسیان لێوە دەکات. لێرەشدا دڵ لە شاعیر جیاواز دانراوە. برژۆڵ: برژانگی چاو شەتڵ: شتڵ (نشای فارسی) (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار) شەتڵ بریتییە لە گیا و سەوزەیەک کە تازە سەری دەرهێنابێت و هەر لەو دۆخەشدا لەشوێنێکەوە ببرێتە شوێنێکی دیکە و لەوێ بچێنرێت- وەک شەتڵی برنج و گوڵ. برژۆڵ لەچاو شەتڵ بوون بریتییە لە هەڵچەقینی برژۆڵ لە چاو. دیارە ئەوە ناخۆشە و ئازاری کەسەکە دەدات. چەقڵ: چقڵ، دڕوو ڕۆنان: دانان لە پێناو: لە ڕێگەی، بۆ خاتری ڕێی تاریک و باریکی خەیاڵ: تەعبیرێکی جوانە کوفتەیی دەست: باش نازانم چییە؟ بەڵام کوفتە ئەگەر کوتراو بێت، 'کوفتەیی دەست' دەبێ واتای بە دەست کوتراوی هەبێت. ئەو دەستەش وا دڵی شاعیری کوتاوە جگە لە دەستی دڵدارەکەی دەستێکی دیکە دەتوانێ ببێت؟
|