دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ٢٤ ئەستێرەی ئاسمان ئەوی خاکی ڕەشی وا بۆتە سەرین ئەوە ئەستێرەیی ئاسمان "پەروین" گەرچی هەر تاڵیی لە ڕۆژگاری چێشت خۆ بەڵام هەرچی وتەی، بوو شیرین خاوەنی ئەو هەموو هۆنراوانە سواڵکەرە ئێستە لە بۆ یەک یاسین چاکە، هاواڵی لەوی یادێ بکەن دڵی بێ یارە هەمیشە خەمگین خۆڵ لە سەر چاو بەخودا ناخۆشە بەردی سەرسنگی گرنگە و سەنگین هەرکەسێ دیویەتی، عیبرەت دەگرێ ئەوی وا چاوی بەهێزە و حەق بین هەرکەسێ گەورە و خاوەن ماڵە، هاتە ئەم جێگە، فەقیرە و مسکین هەردەمێ هات و ئەجەل هێرشی کرد چارەیی دی نییە غەیری تەمکین (قاقڵاوا، ١٣٣٩ ی هەتاوی) لاپەڕە ٤٨ ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________ بەشێک لە پێکهاتەی دیوانی ئاوات، شیعری وەرگێڕراوی شاعیرانی فارس زمانە. ئەوە یەک لە شیعرە تەرجەمە کراوەکانیەتی؛ تەرجەمەی شیعری گەلێک ناسراوی شاعیرەی بە ڕەگەز ئازەربایجانیی فارسی وێژی ئێران - پەروین ئیعتیسامی (١٧/٣/١٩٠٧ تا ٤/٤/١٩٤١). پەروین شیعرەکەی بۆ سەر کێلی گۆڕی خۆی نووسیوە.
پەروین لەو شاعیرە فارسی وێژە هاوچەرخانەی ئێران بووە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و پێش ئەودا شاعیرانی کورد گرنگایەتییان بە کارەکانی داوە. مامۆستا هەژار پارچە شیعری "اشک یتیم" ی ئەوی بە ناوی "فرمێسکی هەتیو"ەوە تەرجەمە کردووە کە ڕۆژنامەی کوهستان چاپی تاران لە ژمارە ٤٣ (یەکی ڕێبەندانی ١٣٢٤ [١٩٤٦] دا بڵاوی کردۆتەوە.[1] هەروەها عەلی بەگی حەیدەری شیعرێکی فارسی بۆ مردنی پەروین گوتووە کە لە دیوانی پەرویندا چاپ کراوە و من بینیومە بەڵام ئێستا لەبەر دەستمدا نییە. پەروین لە دوایین شاعیرانی کلاسیکی ئێرانە و دەگوترێ گەرچی ژن بووە بەڵام پیاوانەی شیعر گوتووە و هەست ونەستی ژنانە لە شیعرەکانیدا دەرناکەوێت. ڕێکەوتی کوترانی شیعرەکە نازانم بەڵام هەرچی هەبێت شاعیر خۆی لە سەردەمی مردندا تەنیا ٣٤ ساڵی تەمەن بوو و شیعری سەرگۆڕ بۆ کەسێکی سی و چەند ساڵە ئاسایی نییە. ئەوە دەقی فارسی شیعرەکەی پەروین خۆیەتی کە کاری مامۆستا سەیدکامیل لەبەر ئەو تەرجەمە کراوە:
اينکه خاک سیهش بالین است/ اختر چرخ ادب پروین است )وەرگیراو لە ماڵپەڕی (Persian Persia.com وەک دەبینین، شیعرەکەی پەروین ١١ فەردە و مامۆستا تەنیا ٨ فەردی وەرگێڕاوەتە سەر کوردی. لە بەراورد دا دەردەکەوێت کە تەرجەمە کوردییەکەی ئاوات فەردی ١ تا ٧ و هەروەها ٩ ی گرتۆتەبەر واتە فەردی ٨ و ١٠ و ١١ ی لێ هەڵاوێرراوە. ئایا ئەو سێ فەردانە پێشتر بوون و فەوتاون یان هەر لە بنەڕەتدا تەرجەمە نەکراون؟ نازانم. بەڵام بەهۆی ناوەرۆکی پڕواتایانەوە هەست دەکەم نابێ مامۆستا چاوی لێ پۆشیبێتن. هۆکارێکی وەرگێڕانی شیعرەکە لە لایەن ئاواتەوە دەبێ ئەو ڕاستییە بێت کە پڕە لە ڕەش بینی و بێ باوەڕی بە ژیان و ترس لە مردن، ئەو بابەتانەش لە زوربەی شیعرەکانی ئاواتدا دەبینرێن و لە سەرەکیترین ناوەرۆکەکانی شیعری ئەون، واتە هاوبیری و هاوبۆچوونی، ئاواتی لە پەروینی ئیعتیسامی نزیک کردۆتەوە. بە هۆی نزیکایەتی زمانی کوردی لەگەڵ فارسی و کارتێکەریی شیعر و ئەدەبی فارسی لەسەر ئەدەبی کوردی و هەروەها ئەو ڕاستییەوە کە شیعرە کوردییەکە وەرگێڕاوی شیعرە فارسییەکەیە، وشە و تێرم و عیبارەتی هاوبەش لە نێوانیاندا زۆرە: خاک سیە لەگەڵ خاکی ڕەش سەرین " بالین اختر " ئەستێرە تلخی " تاڵی ایام " ڕۆژگار صاحب آنهمە گفتار " خاوەنی ئەو هەموو هۆنراوانە خاک در چشم " خۆڵ لە چاو و.... گەلێکی دیکە وشەی ئەستەمم لە شیعرەکەدا بەدی نەکرد، تەنیا سەیری فەرهەنگی خاڵ و هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژارم کرد بۆ تێرمی 'گرنگ' لە میسراعی "بەردی سەرسنگی گرنگە و سەنگین" دا. ویستم بزانم وشەکە واتای "قورس" یشی هەیە یان نا لەبەر ئەوەی شیعرە فارسییەکە لەجیاتی گرنگ و سەنگینەکەی مامۆستا ئاوات، تەنیا سەنگین بە واتای قورسی تێدا دەبینرێت. بەڵام فەرهەنگەکان جگە لە بایەخدار و مهم هیچی دیکەیان نەگرتووە، کەوابوو دەبێ شاعیر بۆ ڕێک خستنی کێش، وشەی گرنگی لە شیعرە فارسییەکە زیاد کردبێت کە ئەوەش لە تەرجەمەی شیعر بە شێعردا کارێکی زۆر ئاساییە مەگەر لە سەر ئەو باوەڕە بین کە 'گرنگ' لە ناو خەڵکی ئاسایی یان لە ناوچەی ژیانی ئاواتدا واتای قورسیشی هەبێت بەڵام فەرهەنگەکان ئاماژەیان پێ نەکردبێت. شێوازی نووسینی وشەکەش دڵنیا نیم ئایا هەر لە دەقی دەستنووسی شاعیردا "گرنگ" بووە یان بەو شێوەیەی وا لە موکریان دەگوترێت "گرینگ"؟
|