دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
دیوانی سەید کامیل ئیمامی (ئاوات)
پارچە شیعری ژمارە ٢٦ خه‌مێکی دی وه‌کو بیستم خه‌مت خواردم، ئه‌ویش بۆ من خه‌مێکی دی دڵت بۆ ماته‌مم سووتا، ئه‌ویشم ماته‌مێکی دی ده‌مێ نه‌مدی له دونیا هاوده‌مێ غه‌یری خه‌م و ده‌ردم له کوێ په‌یدا بکه‌م یاڕه‌ببی ئاخر ههمدهمێکی دی به داخ ه ده‌ردی تۆوه شه‌رته ئه‌ی باڵابه‌رز، بمرم! ده‌بێ ئه‌و حه‌سره‌ته‌ی خۆم من به‌رم بۆ عاله‌مێکی دی به زولفی خه‌م به‌خه‌م دونیات وه‌ک چێوی خمێ لێکرد که‌چی بۆ گه‌ردنی ئه‌منت درێغ فه‌رموو خه‌مێکی دی "ئیمامی"ت کوشت به تیری غه‌مزه، گه‌رچی چاوته چاره‌ی ته‌ماشای گه‌ر بفه‌رمووی، نایه‌وێ قه‌ت مه‌ڵحه‌مێکی دی (گه‌ردیگلان، 1320 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 86 ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________
ئه‌وه‌ش یه‌کی دیکه له شیعره ته‌رجه‌مه کراوه‌کانی ئاواته و له شیعرێکی فارسی ئه‌بولقاسم لاهووتی کرماشانی وه‌رگیراوه. ئه‌وه ده‌قی شیعره‌که‌ی لاهووتییه که له دیوانی لاهووتی چاپی ئه‌حمه‌د به‌شیری وه‌رمگرتووه (امیر کبیر، تهران صفحه 64):
شنیدستم غمم را میخوری، اینهم غم دیگر / دلت بر ماتمم میسوزد، اینهم ماتم دیگر به دل هر راز گفتم، بر لب آوردش دم دیگر / چه سازم، تا بدست آرم جز این دل محرم دیگر نکشتی آتش خشمش تمام و زود خشکیدی / کمی مانده است از او، ای دیده قربانت، نم دیگر مرا گفتی دم آخر ببینی، دیر شد، بازآ! / که ترسم حسرت این دم برم بر عالم دیگر ز بی رحمی، نماید تیغ خودرا هم دریغ از دل / که داند زخم اورا نیست جز این مرهم دیگر جهانی را پریشان کرد از آشفتن یک م‌و / معاذالله اگر بگشاید از گیسو، خم دیگر به جان دوست، غیر از درد دوری از دیار خود / در این دنیا ندارد جان لاهوتی غم دیگر
شیعری لاهووتی له ئهتهمووڵ و له ساڵی 1920 ی زایێنیدا گوتراوه که ده‌کاته 21 ساڵ پێش شیعره‌که‌ی ئاوات. هه‌ردووکیان غهزهلن. ژماره‌ی فه‌ردی شیعره‌که‌ی لاهووتی حه‌وت و هی ئاوات پێنجه. فه‌ردی یه‌که‌می شیعری ئاوات، میسراعی دووهه‌م له فه‌ردی دووهه‌م، میسراعی دووهه‌م له فه‌ردی سێهه‌م و میسراعی یه‌که‌م له فه‌ردی چواره‌م ده‌قاوده‌ق وه‌ک شیعری بنه‌ما واته کاره‌که‌ی لاهووتین. له فه‌رده‌کانی دیکه‌دا واتاکان هه‌ندێک گۆڕاون و مۆرکی ئاواتیان زیاتر به سه‌ره‌وه‌یه. نموونه، فه‌ردی چواره‌م و پێنجه‌مه که تێیاندا سه‌ربه‌خۆییه‌کی واتایی زیاتر ده‌بینرێت. مه‌قته‌عی شیعره‌که به‌تایبه‌ت فڕی به‌سه‌ر هاوشێوه فارسییه‌که‌ی خۆی واته فه‌ردی پێنجه‌میه‌وه نییه و له فه‌ردی چواره‌میشدا "چێوی خم" بۆ شێواندن، ته‌عبیرێکی کوردییه که بۆ پیشاندانی شێواویی و په‌رێشانی زوڵفی یار هاتووه و له فارسییه‌که‌دا نییه هیچ، ته‌نانه‌ت چه‌مکێکی ته‌واو جیاوازیش ده‌بینرێت که په‌نا بۆ خودا بردن بێت. من پێشتر له کتێبێک‌دا که سه‌باره‌ت به لاهووتیم نووسیوه باسی شوێن هه‌ڵگرتنی هه‌ندێک شاعیری کورد له لاهووتیم کردووه، که یه‌کیان ئاواته (لاهووتی کرماشانی شاعیری شۆڕشگێڕی کورد، بنکه‌ی ژین، سلێمانی 2006، لاپه‌ڕه 146). هه‌رچۆنێک بێت، ئه‌وه له کاره سه‌ره‌تاییه‌کانی ئاواته و له ساڵی 1320 دا گوتراوه. به گوێره‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی ناو دیوانی ئاوات که ڕێکه‌وتی هۆنرانهوهیان بۆ دیاری کراوه، یه‌که‌م شیعر هی ساڵێ 1314 واته شه‌ش ساڵ پێش ئه‌م تهرجهمهیهیه. وشه‌ی ئه‌سته‌م له شیعره‌که‌دا نییه، "خه‌م" ی کۆتایی فه‌ردی چواره‌م، فارسییه و به‌واتای پێچدراو و بادراو هاتووه. له هه‌مان فه‌رد دا، "خه‌م به خه‌م" یش هه‌ر فارسییه و واتای چین به چین و توێ به توێی هه‌یه.
|