دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 

 

             شیعری ژمارە ٢٦٠

شین بۆ خەمین

 

 

ڕۆیی ئەو بولبولی باغی مەلەکووت

عالم و هۆنەر و عارف بە سبووت

فره کێشاوییه مەینەت بۆ کورد
قەت هەدادانی نەبوو تاکوو مرد

ئەی دەمم بشکێ، کوتم مرد؟ ماوە!
خەوتووه، تۆزێ وەنەوزی داوە

هەربینا ڕابێ لە خەو دووبارە
تێبکۆشێتەوه بۆ ئەو کارە

یانی هەر بۆ گەلی خۆی تێکۆشێ
کەم‌وکووڕی گەلەکەی داپۆشێ

نامرێ پیاوی خودالێ‌خۆش‌بوو
زاهیری ڕۆیی، له پێش چاوان چوو

"شێخ عەلی" کاکه، "خەمین"ی شۆرەت
تەمەنی کەم بوو، بەڵام بێ‌مۆڵەت

ئەجەلی هات و گوڵی عومری ڕفاند
عالەمێکی به غەم و غوسسه مراند

خاوەنی سفره و خوان بوو، ڕۆیی
هاودەمی پیر و جوان بوو، ڕۆیی[1]

ڕەونەقی هۆنەرەکان هەر ئەو بوو
خۆشی ئاواتی دڵان هەر ئەو بوو

ئێسته "ئاوات" بە تەنێ ماوەتەوە
نەتەوی، داوی لە ڕێی ناوەتەوە

هەربینا پێوەبوو ئەو بێ‌چارە
هاته خزمەت تۆ "عەلی" گیان! دیاره

چ بکا؟ ناژی بەبێ تۆ تازە
دوور له تۆ کەوتووه، زۆر بێ‌نازە

ژینی چی، شاعیری چی، هاودەمی چی؟
عومر ئەگەر مابێ له زۆر و کەمی چی؟

هۆنەرێک بووم و له شێعرا زاڵ بووم
بێ تۆ مات و له زمانم لاڵ بووم

تۆ منیشت وەکوو خۆ بێ‌دەنگ کرد
بێ‌وته و بێ‌هونەر و بێ‌ڕەنگ کرد

لێرەدا دوایی دەهێنم به وتار
کوا وتارم هەیه؟ کوا سەبر و قەرار؟
            

(لاپەڕە ٣١٠ و ٣١١ ی چاپی جەعفەر، لە چاپی ئەنیسیدا نییە)
________________________________________ 

ئەم شیعرە لە بەشی مەسنەوییەکانی چاپی جەعفەردا هاتووە.

شیعرێکی شینگێڕییە بۆ کۆچی دوایی شذێخ عەلی خەمین. لە هەندێک بڕگەدا تەعبیری جوان بەکار هاتووە ئەوە نموونەیەکیەتی: "ئەی دەمم بشکێ، کوتم مرد؟ ماوە!"

مەلەکووت: ژیانی ئاسمانان

سبووت: بە سەلمێنراوی

فرە: زۆر

هەدادان: ئیستیراحەت، ماندوو حەساندنەوە

وەنەوز: خەوی کەم ماوە

ڕابێ: هەستێت

شۆرەت: ناوی بنەماڵەیی

بێ مۆڵەت: دەرفەت پێنەدراوی. دەبێ لەگەڵ فەردی دواتردا بخوێنرێتەوە.

غوسسە: خەم

خاوەنی سفرە و خوان: میواندار، نان بدە، دڵئاوا

بەتەنێ: بە تەنیایی

نەتەوی: دوژمن

هەربینا: هەردەم، هەرکاتێ

پێوە بوو: گرفتار بوو

بێچارە: نیاز لە شاعیر خۆیەتی

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:     

  رمل مسدس مخبون محذوف: فعلاتن فعلاتن فعلن

***********


 

[1] چاپی جەعفەر: جەوان. من بۆیە کردوومەتە جوان کە لەگەڵ "خوان"ی میسراعی سەرەوەتردا جیناسێکی کامیلتر پێک بهێنێت.


 

www.rojhalat.de / www.bokan.de