دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ٢٧ مه‌زره‌عه‌ی خاڵی
مه‌زره‌عه‌ی خاڵی یی خۆم دیوه من و داسی کۆڵ ئه‌ی خودایا، به چ دروێنه بکه‌م. چی بدرووم؟ من له‌به‌ر نانی به‌هارێ نییه ترس ولهرزم هه‌ر له ئێستاوه له تاو حاسڵی پایز[1] مردووم فه‌سڵی هاوین و به‌هار فه‌رقی نییه بۆ منی زار هه‌موو کاتێ له زه‌واد خاڵییه[2] ماڵ و کهندووم ههرکهسیکه[3] به هیوای حاسڵێ، که‌یفی خۆشه من که نیمه، به هیوای مه‌رحه‌مه‌تی تۆ زیندووم تۆی که ئاودێری هه‌موو دێمی و ڕه‌ززاقی هه‌موو مار ومۆرێکی، بده ڕزقی منیش تا زیندووم با ئه‌وه‌ند لێر وله‌وێ سه‌ر نه‌کوتم ڕۆژ و شه‌وێ قوڕ له ده‌رکت به سه‌را که‌م، بکه‌وم، زۆر ماندووم (قاقڵاوا، 1343 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 71 ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________
من ئه‌م شیعره به ده‌سته قه‌سد به شوێن دوو پارچه‌ی پێشوودا دێنم (25 و 26) که وه‌رگێڕاوی دوو شیعری فارسی بوون. به‌ڵام لێره‌دا خوێنه‌ر ته‌نیا به هۆی کێش و هه‌روه‌ها چه‌ند زاراوه‌ی ناو فه‌ردی یه‌که‌میه‌وه (وه‌ک مه‌زره‌عه و داس) ه، که ده‌که‌وێته بیری شیعرێکی حافزی شیرازی ده‌نا هیچکام له پێنج فه‌رده‌که‌ی دیکه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ک، دوور یا نزیک، هاوشێوه، یان هاو واتای غه‌زه‌له هه‌شت فه‌ردییه‌که‌ی حافز نین. ئه‌و جیاوازییه ته‌نیا له ڕواڵه‌تی فه‌رده‌کاندا نییه به‌ڵکوو له واتادا به‌رچاوتره که هه‌ر به ته‌واوه‌تی له یه‌کتر جیان و هه‌رکام له شاعیره‌کان ناوه‌رۆکی شیعری خۆیان به‌ره‌و ئاقار و ڕێبازێکی جیاواز بردووه. با له‌پێشدا شیعره‌که‌ی حافز بهێنمه‌وه: مزرع سبـز فلك ديـدم و داس مـه نـو يـادم از كِشتهِ خويش آمد و هنگام در‌و گفتم اي بخت بخسبيدي و خورشيد دميد گفت با اينهـمه از سابـقه نـوميد مشـو گر روي پاك و مجـرد چو مسيحا به فلك از فروغِ تو به خورشيد رسد صـد پرتـو تكيه بر اختـرِ شبگرد مكُن كـاين عيـّار تـاج كـاووس ربود و كمـر كـيخسرو گوشوارِ زر و لعل ارچه گران دارد گـوش دور خوبي گذرانـست نصيـحت بشنـو چشمِ بد دور زِ خالِ تو كه در عرصهِ حـُسن بيدقي راند كه بُرد از مه و خورشيد گرو آسمان گو مفروش اين عظمت كاندر عشق خرمن مه به جوي خوشه پروين به دو جو آتش زهد و ريا خرمنِ دين خواهد سوخت حافظ اين خرقه پشميـنه بينداز و بـرو
(حافزی شیرازی) شیعره‌که‌ی حافز له باری واتای فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گه‌لێک به‌رزه و هه‌ڵوێست گرتنێکی زه‌قه دژ به زوهدی ڕیایی و په‌شمینه پۆشیی سۆفیانی ناساف و ته‌بلیغی بێ نیازی و ده‌روێشی و دڵ هه‌ڵکه‌ندنه له دونیا و خوازیاری ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بیری مرۆڤه. له باری زمان و پێکهاته‌ی شیعریشه‌وه ئه‌وه‌نده قورس و قایمه که دڵنیا نیم که‌سێک بتوانێت به شیعر وه‌ریبگێڕێته سه‌ر زمانێکی دیکه. بۆ دڵنیا بوون له‌م بۆچوونه‌ی خۆم سه‌یری کتێبی "شه‌ونم" ی مامۆستا حهقیقیم کرد که وه‌رگێڕاوی کوردیی 100 غه‌زه‌لی حافزه (صلاح ا‌لدین ایوبی، ورمێ، 1370)، هه‌روه‌ها کتێبی "تورکجه حافظ غزللری" م پشکنی که وه‌رگێڕاوی تورکی چه‌ند غه‌زه‌لی حافزه و له لایه‌ن محمد نقی ناصرالفقرا (آذر پویا) وه به‌ڕێوه چووه (نشر مهران، تبریز 1380). له هیچکام له‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌دا وه‌رگێڕاوی ئه‌م غه‌زه‌له‌م به‌رچاو نه‌که‌وت. به داخه‌وه ده‌ستم به کتێبی "حافظ به روایت شهریار" ێش ڕاناگات که ده‌بێ له‌وێدا شه‌هریار 100 غه‌زه‌لی حافزی هه‌ر به زمانی فارسی ئیستیقباڵ کردبێت. ده‌مویست بزانم شه‌هریار چۆن له ڕۆستی ئه‌م غه‌زه‌له هاتووه، گه‌رچی کاره‌که‌ی ئه‌و ته‌رجه‌مه نییه و ئیستیقباڵه. نیازم ئه‌وه‌یه بڵێم وه‌رگێڕانی ناوه‌رۆک و چه‌مکی شیعره‌که‌ی حافز ئه‌ویش به شیعر، ده‌بێ بۆ مامۆستا سه‌ید کامیل هاسان نه‌بووبێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکار بێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی شیعره‌که‌ی حافز به‌ره‌و ئاقارێکی جیاواز به‌رێت و خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و کێشه گه‌وره فه‌لسه‌فییه نه‌دات که ده‌قا وده‌ق کردنی شیعره‌که‌ی حافز و هاوبیری و هاوهه‌ڵوێست بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وی پێویسته! هه‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌بینین شیعره‌که‌ی ئاوات ناوه‌رۆکێکی سه‌دا سه‌د ئایینی و پاڕانه‌وه‌ی ساکار له خودای هه‌یه و ئه‌م ڕوخساره به تایبه‌ت له فه‌ردی 4 تا 6 ی کوردییه‌که‌دا ده‌بینرێت. وه‌ک هه‌موو شیعرێکی دیکه‌ی ئایینی موسوڵمانان، ئه‌م شیعره‌ش پڕه له بێ هیوایی و ترس و له‌رز له خودا و تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ی دواڕۆژی ئه‌و له خه‌ڵکی خراپ و پاڕانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌تاکانی ببوورێت، ئه‌و ڕهززاقه و ئه‌میش ڕزقی لێ ده‌خوازێت به‌ڵام ڕزقه‌که‌ی وا لێی ده‌خوازێت نان و پێخۆری باش نییه، چاوپۆشییه له گوناه. به بۆچوونی من، هه‌ر هه‌موو شه‌ش فه‌رده‌که هه‌ڵگری ئه‌و بیره ئایینییهن ونیاز له مهزرهع و دروێنه و حاسڵی پایز و ماڵ و که‌ندووی به‌تاڵ و خاڵی له زه‌واد، بێ هیواییه له ژیان و چاوه‌ڕوانی کردنی مردنه و پاڕانه‌وه‌یه بۆ لێبووردنی خودا. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌کرا له دیوانه‌که‌دا بخرێته لای چه‌ند شیعره ئایینییه‌که‌ی دیکه له لاپه‌ڕه سه‌ره‌تاییه‌کاندا. وشه‌یه‌کی ئه‌سته‌مم له شیعره‌که‌دا نه‌بینی به‌ڵام سه‌رجه‌م چه‌مک و واتای شیعره‌که پێویستی به ووردبوونه‌وه هه‌یه ده‌نا له ڕواڵه‌ته ئاساییه‌که‌یدا شاعیر وه‌ک سواڵکه‌رێک ده‌رده‌که‌وێت که داواکاری خێر وبه‌ره‌که‌تی ماددی و ڕزقه له ده‌وڵه‌مه‌ندێکی ده‌ست ڕۆیشتوو! له حاڵێکدا وانییه و ئه‌و خۆ بچووک کردنه‌وه‌یه له به‌رانبه‌ر مه‌عبوود دا و ده‌رۆزه لێکردنی، ڕوانگه‌ی گشتیی هه‌موو ئه‌هلی ته‌سه‌ووفه و ئه‌وانه‌ش وا ئاوات بناسن ده‌زانن بێگومان سۆفییه‌کی بێ خه‌وش و به ته‌عبیری ئایینی، عه‌بدێکی له خوداترس بووه. هه‌ر ئه‌وه‌ی وا چنگی بۆ شیعری شاعیرێکی 'متصوف' وه‌ک حافزیش هاویشتووه، ده‌رخه‌ری هه‌ڵوێستی سۆفییایه‌تی ئه‌وه. له گه‌ڕانی ئینترنیت به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه سه‌باره‌ت به‌م شیعره‌دا، تووشی وێبلۆگێکی فارسی هاتم که تێیدا هه‌موو دیوانی حافز به ده‌نگ و به بێ هه‌ڵه تۆمار کراوه و ئه‌م شیعره‌شی تێدایه. بۆ زانیاری و که‌ڵک وه‌رگرتنی خوێنه‌ر، ئه‌درێسی وێبلۆگه‌که لێره‌دا ده‌هێنم که ناوی "1 دووست دات کام" ه. بریا کوردیش کارێکی هاوشێوه‌ی ئه‌و براده‌ره زه‌حمه‌تکێشه‌ی بۆ شاعیرانی خۆی بکردایه. خاوه‌ن وێبلۆگ که ناوه‌که‌شیم بۆ نه‌بینرایه‌وه، ته‌نانه‌ت لاپه‌ڕه‌یه‌کی داناوه بۆ فاڵی حافز که به‌شێک له خه‌ڵکی ئاسایی له ئێران باوه‌ڕیان پێیه‌تی. خوێنه‌ر ده‌توانێت له‌و لاپه‌ڕه تایبه‌ته‌دا کلیک بکاته سه‌ر وێنه‌ی دیوانی حافز بۆ ئه‌وه‌ی خۆ وبهختان غه‌زه‌لێکی ئه‌وی به‌ده‌نگ بۆ بخوێنرێته‌وه: http://www.1doost.com/hafez/407.htm ئه‌وه‌ش ئه‌درێسی وێبلۆگێکی دیکه، که تێیدا وشه‌ی ناو غه‌زه‌له‌کانی حافز و یه‌ک له‌وان ئه‌م غه‌زه‌له (ژماره 391)، واتا کراونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش کارێکی مه‌زنه و ئێمه ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی وا بۆ به‌رهه‌می شاعیرانی کورد بخوڵقێنین. من ده‌قی شیعره فارسییهکهشم له‌به‌ر ئه‌و وێبلۆگه هه‌ڵگرت. وا ده‌رده‌که‌وێت که خاوه‌نی وێبلۆگه‌که، دوکتۆر عبدالحسین جلالیان، کتێبێکی به ناوی "شرح جلالی بر حافز" یش نووسیبێت وبڵاوی کردبێته‌وه: http://jalalian.ir/farsi/index.php?option=com_content&task=view&id=813&Itemid=45
[1] . له دیوانه‌که‌دا، پاییز هاتووه. [2] . له دیوانه‌که‌دا ئاوا هاتووه:"هه‌موو کاتێکه له زاد خاڵییه...." کاک ڕه‌حیم به‌هرام زاده ئه‌م شێوه‌یه‌ی پێشنیار کرد و من به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵیدام. ده‌بێ ڕێزدار ئه‌نیسی یا هه‌ر نوسخه هه‌ڵگرێکی دیکه ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی به سه‌ر قه‌ڵه‌مدا هاتبێت. [3] . له دیوانه‌که‌دا که‌سێکه هاتووه. |