دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ٢٨ ستایشی خودا ڕووم له ده‌رگاته وه‌کوو سائیلی ڕووت سائیلێکم به‌خودا ڕووت و قووت من و‌دڵ نیوه‌شه‌و و کاتی به‌یان دێینه به‌ر ده‌رکی ئه‌تۆ هه‌ردوو به‌جووت به‌هومێدی که‌ره‌مێکی زۆرین له خودای وا به جه‌لال و جه‌به‌ڕووت به نه‌سیمی که‌ره‌مت کۆلكه دره‌خت تازه بوو، خونچه‌یی کرد و پشکووت پشتی من ئاسنه، پۆڵایه مه‌گه‌ر، که له ژێر باری گوناها نه‌بزووت؟ ئیتتیکام ئایه‌تی "لاتقنطوا" ه ناهومێدم مه‌که، بۆ خۆت فه‌رمووت ئاهی من وه‌ک نه‌فه‌سی سوبحدهمه که‌چی هه‌ر هات و نهلیچ کوێ نهنگوت! شاهیدی حاڵی منه خوێنی دڵم که به عه‌ینی ده‌تکێ وه‌ک یاقووت غه‌یری لای تۆ نه‌بێ، ئه‌م قوڕبه‌سه‌ره هیچ په‌نای دی نییه، مات و مه‌بهووت لاپەڕە 2 ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________ ئه‌وه یه‌که‌م شیعری ئایینی و یه‌که‌م شیعری ناو دیوانی ئاوات چاپی ئهنیسییه. گومان له‌وه‌دا نییه که ئاوات ئیماندارێکی قورس و قایم و له بنه‌ماڵه‌ی شێخ و مه‌لایان و هه‌رخۆیشی مه‌لای دوازده عیلم بووه. نووسینه‌وه‌ی دیوانی ئاوات به بێ شیعره ئایینییه‌کانی وه‌ک مرۆڤێک وا ده‌بێت که لاقێک یان ده‌ستێکی نه‌بێت. عینوانی شیعره‌که فارسییه و له ناو شیعره‌که‌شدا تێرم و ته‌عبیری فارسی و عه‌ره‌بی که‌م نین، به‌شێکیان وه‌ک دۆعا و پاڕانه‌وه‌ن که تێکه‌ڵاو له‌گه‌ڵ ده‌سته‌وشه‌ی ئیسلامی کراون و به‌شێکی دیکه هه‌ر ئه‌و وشانه‌ن وا به ئاسایی له عه‌ره‌بییه‌وه چوونه‌ته زمانی فارسی و کوردیشه‌وه. له فه‌ردی یه‌که‌مدا سه‌نعه‌تی ئیهام به ڕوونی له وشه‌ی "ڕووت" دا ده‌بینرێت که به هه‌ردوو مانای "بی به‌رگ" و "ڕوخساری تۆ" هاتووه. سائیل، ده‌رۆزه‌که‌ر، سواڵکه‌ر جه‌لال و جه‌به‌رووت، گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵات و قودره‌ت، دوو سیفه‌تن بۆ خودا که‌ره‌م، به‌خشنده‌یی ته‌عبیری "تازه بوو" به واتای "تازه بووه‌وه" له فه‌ردی چواره‌می غه‌زه‌له‌که‌دا، ناته‌واوییه‌کی بچووکه و وا ده‌رده‌که‌وێت که شاعیر نه‌یتوانیوه چه‌مکی تازه بوونه‌وه‌ی دیارده‌یه‌کی کۆن به باشی له شیعره‌که‌دا بگونجێنێت. وه‌کی دیکه‌ش هه‌ر ئه‌و فه‌رده وا هه‌یه جوانترین فه‌ردی ناو غهزهلهکهش بێت: کۆلکه داری مردوو به شنه‌ی شه‌ماڵی که‌ڕه‌می خودا تازه ده‌بێته‌وه، خونچه ده‌کات و ده‌پشکوێت. به بۆچوونی من ئه‌و هه‌موو باسی گوناهه‌ی وا شاعیر ده‌یکات بنه‌مایه‌کی عه‌ینیی بۆ نییه. ئه‌و که‌سانه‌ی وا ئاواتیان ده‌ناسی و له هه‌ڵس وکه‌وتی ڕۆژانه‌دا بینیبوویان ده‌زانن مرۆڤێکی بێ وه‌ی و هێدی بوو وجگه له‌وه‌ی له سه‌رده‌می لاویه‌تیدا لاویه‌تی کردبێت یان چه‌ند جاری ژن هێنابێت یان وه‌ک ئاغا و خاوه‌ن مڵکێک ڕه‌عیه‌تی چه‌وساندبێته‌وه، من بیرم بۆ هیچ "گوناه" ێکی دیکه ناچێت. نوێژکه‌ر و ڕۆژووگر بووه، خێر وخێرات و ده‌سگرۆیی کردووه، له میوانداریدا قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌بووه، خه‌باتکاری سیاسی و حزبی بووه، له دۆستایه‌تیدا سادق و راست بووه و... زۆرێکی دیکه‌ش له‌و خه‌سله‌ته باشانه. ئه‌ی کامه گوناه؟ مه‌گه‌ر بڵێین ئه‌ویش وه‌ک ئه‌و شاعیرانه‌ی که ڕه‌نگی شه‌ڕاب و عاره‌قیان نه‌بینیوه به‌ڵام قسه له خواردنه‌وه و مه‌ستی و خوماریی ده‌که‌ن، به ڕه‌سمی سۆفییانی ساف، خۆی به تاوانبارێکی هه‌میشه‌یی زانیبێت. ئیتتیکا، پاڵدان به شتێک و که‌سێکه‌وه لاتقنطوا، ئایه‌ی قورئانه: "لاتقنطوا من رحمة الله..." له به‌زه‌یی خودا ناهومێد مه‌بن. بۆخۆت فه‌رمووت، واته خودایا تۆ له قورئاندا فه‌رمووت: "قل يا عبادي الذين أسرفوا على أنفسهم لا تقنطوا من رحمة الله إن الله يغفر الذنوب جميعا إنه هوالغفور الرحيم الزمر:53 نهنگووت، نهئهنگووت، نیشانه‌ی نه‌پێکا. مات و مه‌بهووت، دۆش داماو
|