دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی
پارچە شیعری سێهەم، لاپەڕە ٦٦ ی دیوانی چاپی ئەنیسی
دەردی دووری تۆ چوویە وڵاتێ کە نەبینم ئەسەری تۆ دوور کەوتی لە من تاکوو نەبیسم خەبەری تۆ ئەی نووری دڵ و قووەتی ئەژنۆم! بە سەری تۆ ڕۆحم وەکو پەروانە گەڕا دەوروبەری تۆ ئەو حاڵەت و هۆش و هونەرەی ئەودەمە من بووم ئێستێ نییە تاقی، هەموو قوربانی سەری تۆ دڵ هەر وەکوو عەوداڵە لە دووت، تاڵە ژیانی چاوم وەکوو ئاوپاشە لە ڕێگە و گوزەری تۆ ڕەحمێ بکە بەم ڕیشە سپی و چاوە پڕئاوە نەتزانی لەدڵ حەستەمە ئاخر سەفەری تۆ؟ ئەی من بە فیدای ڕۆیین و کۆچ و سەفەرت بم! چت کردبوو ئاخر کە وەها دەربەدەری تۆ؟ هەستە، وەرەوە گیانە، وەباڵت بە ملی من وەستۆ دەگرم شەرتە هەموو خێر وشەڕی تۆ! قاقڵاوا، ١٣٤٢ ی هەتاوی
______________________________________ ئەم شیعرەش لە پەیوەندی هەمان ئەو ساڵانە دا گوتراوە کە لە پارچە شیعری ژمارە ١ و ٢ دا باسی لێوەکرا، واتە ساڵانی دوای ١٣٤١ و شۆڕشی ئەیلوول، چوونی زۆر لاوی دڵسۆز و پەرپرس بۆ باشووری کوردستان، کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆنگرەی دووهەمی حزب کە تێیدا نەمر سەیدکامیل بە ئەندامی "غیابی" کومیتەی ناوەندی و سەید تاهیری کوڕی بە ئەندامی کومیتەی چاوەدێریی حزب هەڵبژێرران. ئاغا سەیدتاهیر ئەودەم لە باشووری کوردستان و لەنێو پێشمەرگەکانی حزبدا دەژیا. ئەم شیعرە بە ڕوونی دەردی دووریی باوکێک لە ڕۆڵەکەی دەردەخات و ساڵی گوتنی شیعرەکەش هەمان ئەو ساڵانەیە کە کاک تاهیر لە باشوور بووە. شیعرەکە ڕاستییەکی دیکەش دەردەخات ئەویش بێ هیوایی و دڵساردیی شاعیرە لە بارودۆخەکە و هەست بە مەترسی کردنی گیانی کوڕەکەی، کە وەک بینیمان زۆریش بێ جێ نەبوو وگەلێک لاوی دڵسۆزی گەل لەدرێژەی کارەکەدا شەهید کران. سەیدکامیل لێرەدا بانگی کوڕەکەی دەکات و دەڵێ وەرەوە، من بەرپرسیایەتی چاک و خراپت [لای حکوومەت] وە ئەستۆ دەگرم. شیعرەکە ئاوێنەی هەستی مرۆڤێکە دەرحەق بە جگەرگۆشەکەی و بەم تەعبیرە، زۆر ئینسانی و بەرپرسانەیە. دیاردەیەکی جێگەی باس یان وشە و تەعبیرێکی دوور لە زیهن لە شیعرەکەدا نییە باسی لێوە بکرێت.
|