دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژماره ٣٠ به‌هاری تازه وا هات به‌هاری تازه، شنه‌ی بای شه‌ماڵه دێ ناقووسی ژینی پڕ له هیوای کیژ وکاله دێ قاسپه‌ی که‌وی بنار و که‌ژ و کێو و پاڵه، دێ کۆتر له سه‌ر ڕه‌وه‌ز به گمه و ناڵهناڵه، دێ جیکه‌ی مه‌له، هه‌رایه، وژه‌ی[1] باڵی داڵه، دێ شین بوو زهوییو مێگه‌له مه‌ڕ ڕۆیی بۆ له‌وه‌ڕ پڕ بوو له کاڕهکاڕی مه‌ڕی، شی‌و و ده‌شت و ده‌ر شوانان کهپهنکی تازه‌یی خۆیان ده‌که‌ن له‌به‌ر ههڵدێنه ناو هه‌واره‌وه کیژان به جلکی ته‌ڕ بارانه، بایه، گوڕڕه گوڕی هه‌وری تاڵه، دێ ڕێک چیغ و چادرن دهدرهوشن له سه‌ر چیا وه‌ک خاڵی ڕه‌ش ده‌چن که له سه‌ر ڕوومه‌تێ درا ڕندوو له هه‌رکوێ ما، کوڵێ فرمێسکی هه‌ڵڕژا به‌و بۆنه، چابوو خۆ کوڵی دڵ تۆزێ دامرا کاتی هه‌واره، قیژهیی کابانی ماڵه، دێ دونیا وه‌کوو به‌هه‌شته، سه‌راسه‌ر بووه گوڵووک[2] خونچه، که ده‌ست نهخوردهیه، وا بۆته تازه بووک هه‌رکه‌س گوڵێک به ڕوح نه‌کڕێ، پێی ده‌ڵێن چرووک! کاتی نه‌ماوه کاکه، خه‌م و ئاه و نووکه نووک کیژان له گوڵ‌چنین و بزه‌ی چاوی کاڵه، دێ تیپی گوڵان گه‌یشت و وڵات بوو به زێو و زه‌ڕ بولبول به جۆش و کوڵ له نێوان شه‌و ده‌باته سه‌ر شه‌ونم له سه‌ر چڵۆپی گوڵان که‌وتبوو هبه به‌ر نه‌رگس به به‌رگی زه‌رده‌وه هێناویه خه‌به‌ر یانی گوڵاڵه سووره له خوێندا شه‌ڵاڵه، دێ ئه‌منیش هه‌ژار و دڵ به خه‌م و چاوه‌ڕێی په‌یام کێهه په‌یام؟ په‌یامی ڕه‌فیقانی وه‌ک برام، پاڕامه‌وه له خالیقی بوون و و نه‌بوون، به‌ڵام هه‌روا به داخه‌وه گلهمه، هه‌ر نه‌بوو وه‌ڵام وێرانه ماڵ و حاڵ و سه‌دای کونده لاڵه، دێ خوێندی له گوێسوانه‌یی تالاری سه‌وز و سوور وێرانی کرد و تێکچوو، نه‌ما کۆشکی پڕ سروور ده‌گڕێ دڵی هه‌ژاری "ئیمامی" وه‌کوو ته‌نوور ده‌گری، ده‌ڕێژێ خوێنی گه‌شی، دڵ له خوار و ژوور هه‌رکوێ ده‌چێ له دووی[3] ئه‌وان، زاڵه زاڵه، دێ
لاپەڕە 122 و 123 ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________________ ئه‌و پێنج خشتییهکی به‌هارییه‌ی ئاواته و پڕه له ته‌عبیری جوان به‌ڵام دڵی ناسک و هه‌ستیاری شاعیر که دارماڵی خه‌م و که‌سه‌ره، لێره‌شدا ده‌ست له کۆڵی ناکاته‌وه و لێی ناگه‌ڕێت به شادی و بێ خه‌می بڕوانێته جوانییه‌کانی به‌هار ئه‌ویش له کوردستاندا که ته‌نیا دوو مانگێکی نێوان ڕه‌شه‌مه و جۆزه‌ردان ده‌توانی چێژ له ڕازاوه‌یی سروشت وه‌ربگری. پێشتر سه‌رماوسۆڵ و سه‌هۆڵبه‌ندانه و خاتوو زه‌مهه‌ریر میوانی کووچه وکۆڵانی ماڵان، دواتریش گه‌رما و تۆز و خۆڵ و ڕه‌نگی زه‌ردی مه‌زراکان مه‌نزه‌ره‌ی ده‌شتی سه‌وز و مێرگی نه‌خشین ده‌شێوێنێت و ده‌بێ په‌نا ببرێته به‌ر سێبه‌ری داران و گوێسهبانان. حولـلهی مهرهسێی ئاوات خه‌مه! جا خه‌می تێپه‌ڕ بوونی ته‌مه‌ن بێت و به‌باچوونی لاویه‌تی، یا خه‌می له ده‌ستچوونی به‌هار و سروشتی جوانی کوردستان، یا خه‌می مردن و به گوناهباری چوونه به‌ر قاپیه‌ی خودا، یا خه‌می گه‌ل و وڵات.. به‌و هه‌موو خه‌مه‌و، مامه خه‌مه‌ی ئێمه له‌م شیعره‌شدا سه‌ره‌تا شه‌رحی چه‌له‌نگیی سروشتی وڵات ده‌دات و به وه‌ستاییه‌کی به‌رچاوه‌وه ئه‌و جوانیانه ده‌خاته ڕوو، به‌ڵام دڵی به خه‌فه‌ت ڕاهاتووی ته‌نیا تا چوار به‌ندی شیعره‌که له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌مه‌که‌یدا هاوڕێیه و ئیتر له دوو به‌ندی کۆتاییدا وه‌ک جاران شه‌رحی ده‌روونی خۆی و به‌ختی ناسازگاری هه‌ڵده‌ڕێژێت و سه‌رله‌نوێ "هه‌ژار و دڵ به‌خه‌م و وێرانه ماڵ و کۆشکی سروور تێکچوو و دڵ وه‌ک ته‌نوور گڕاو و چاو به گریان و خوێن له دڵ ڕژاو" خه‌فه‌تی بێ سنووری خۆی به‌هۆی نه‌هاتنی و دۆستانی خۆیه‌وه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر و بیسه‌ری شیعره‌که‌دا داده‌به‌شێت. شیعره‌که چه‌ند ته‌عبیری شاعیرانه‌ی سه‌رکه‌وتووی تێدایه: وژه‌ی باڵی داڵ، ،هه‌وری تاڵ، کوڵی فرمێسک، گوڵ به ڕوح کڕین و چاوه‌ڕێی په‌یام بوون. شاعیر که‌ڵکی له یه‌ک خستن و پێکهوههێنانی هه‌ندێک پیتی ئهلف و بێ وه‌رگرتووه و مۆسیقای ئه‌و پیتانه‌ی خستۆته گوێی بیسه‌ر و خوێنه‌ره‌وه که به‌و مۆسیقایه‌ی وشه‌کان 'مۆسیقای ناوخۆیی وشه' ده‌گوترێت، بۆ نموونه: مێگه‌له مه‌ڕ ڕۆیی بۆ له‌وه‌ڕ (مۆسیقای پیتی /ڕ/)، که‌وی بنار وکه‌ژ وکێو (مۆسیقای پیتی /ک/)، کاڕهکاڕی مه‌ڕ (مۆسیقای پیتی /ڕ/) ئه‌وه‌ش واتای هه‌ندێک وشه به یارمه‌تی هه‌نبانه بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار: چاوی کاڵ، ڕه‌نگی چاوی عابی ئاماڵ زه‌رد؛ ڕه‌نگی چاوی ڕه‌شی ئاماڵ عابی؛ پاڵ، بنار و قه‌ردی کێو (هه‌ڤاڵێن مه دانه پاڵی)؛ مله‌ی کێو (لهوپاڵه سه‌ری ده‌رێنا)؛ ڕه‌وه‌ز، چین چینه به‌ردی ناوقه‌د و سه‌ری کێو؛ داڵ، خهرتڵ؛ مه‌ڕی، شێوازی موکریانی (مه‌هابادی) وشه‌ی مه‌ڕ؛ هه‌وار، وار، زۆزان، زستانه‌وار[4]؛ له عیباره‌تی "ههڵدێنه ناو هه‌واره‌وه" وا تێده‌گه‌م که هه‌وار لێره‌دا واتایه‌کی بچووکتر له چوونه شوێنی هاوینه‌شی هه‌بێت، شوێنێک وه‌ک په‌ناگه و ماڵ یان ڕه‌شماڵێکی سه‌رگیراو که له‌کاتی باران و ته‌ڕ وقوڕیدا خه‌ڵک په‌نای بهرنێ؛ ڕندوو، ڕنوو، که‌ویه به‌فر گوڵووک، خونچه گوڵ ده‌ست نهخورده، ده‌ست لێنه‌دراو (فارسی) چرووک، ڕژد، ده‌س قووچاو زێو، شێوازی موکریانییه بۆ وشه‌ی زیو له باشووری کوردستان، کانزای نوقره؛ چڵۆپ [چڵۆپک]، تروپک، بڵندترین شوێن له دار؛ شه‌ڵاڵ، تێوه‌دراو؛ گله، گله‌یی؛ زاڵهزاڵ، داد وهاوار؛ شاعیر له‌م شیعره‌شدا که‌ڵکی له هه‌ندێک وشه‌ی فارسی و عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه که ده‌کرێ نیشانه‌ی زه‌وقی شاعیریی خۆی و ناسیاویی زۆری له ئه‌ده‌بی فارسی بێت یان کێش و قافیه به سه‌ریدا فه‌ڕز کردبێت: بۆ نموونه: دست نخورده، گله، [1] . وشه‌ی (دیوانی چاپی ئه‌نیسی) [2] . گڵوک (دیوانی چاپی ئهنئسی) [3] . ده‌بێ به شێوه‌ی 'له دوویی ئه‌وان' بخوێنرێته‌وه. [4] . هه‌نبانه بۆرینه ئه‌و واتایای زستانهواره ی هاوڕێ له‌گه‌ڵ بانه‌مه‌ڕ چوون و ییلاقی فارسی پێکه‌وه هێناوه و ههوارگهشی وه‌ک جێگه‌ی ژیان له کوێستان واتا کردۆته‌وه. ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک پێویسته: یهیلاق یا خود یای لیق وشه‌ی تورکی/مغولییه و له به‌رانبه‌ر قیشلاق یان قیش لیغ دا.دێت. یه‌که‌میان هاوینه هه‌واره و دووهه‌میان زستانه هه‌وار. به‌م پێیه ئه‌وه‌ی وا نووسراوه زستانه‌وار نابێ له‌شوێنی خۆیدا بێت.
|