دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژماره ٣١ سروه‌ی سه‌حه‌ر
قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی سروه‌که‌ی سه‌حه‌ر! ئه‌ی شاره‌زا و به‌ڵه‌د به هه‌موو کێو و ده‌شت وده‌ر! کاتی گزنگ چیا به نه‌سیمت مونه‌ووه‌ره ڕه‌نگین ده‌بێ له تۆقی سه‌ری ڕا هه‌تا که‌مه‌ر ئه‌م ڕه‌نگی زه‌رد و سووره له سه‌رڕا به لوتفی خۆت دێنی به هه‌دیه بۆ ده‌ر وده‌شت کاتی گه‌شت وگه‌ڕ چه‌شنی کزه‌ی شه‌ماڵ به، وه‌ره لام به گه‌رم وگوڕ وه‌ک ئاهی من به که‌سه‌که‌م، هێنده سارد و سڕ[1] باش بۆم بگێڕه‌وه چییه باس و خه‌به‌ر له‌وێ لێره، به مه‌رگی تۆ، خه‌مه باس و خه‌مه خه‌به‌ر ئێمه هه‌موو په‌رۆش و په‌رێشان و هه‌ڵوه‌دا وه‌ک تۆ هه‌ناسه سارد و سه‌حه‌رخێز[2] و ده‌ربه‌ده‌ر ئاهه‌نگ و که‌یف و شایی و جێژن و سروورمان ناڵین و ئاخ و حه‌سره‌ت وخوێن خواردنی جگه‌ر ڕۆژێ که[3] جێژنه، کاتی سرووره، که‌چی له‌پڕ ده‌گرێ به بێ موحاسه‌به ده‌رگا به ئێمه، شه‌ڕ پیاوی جحێڵ و پیره له‌پێش تیری دوژمنان وێستاوه بێ په‌نا و په‌سیو، بێ زرێ و سوپه‌ر خێزان و ماڵی دوژمنی مه گوڵ ده‌که‌ن له‌به‌ر خێزان و خاوی ئێمه که‌چی گڵ ده‌که‌ن وه‌سه‌ر به‌رموور و خشڵ و زێوه‌ری ماڵی مه، موورووه یاقووت و له‌عله خشڵی ژنی وان و زێو و زه‌ڕ هه‌ریه‌ک به ئێش و ئۆف و به‌ده‌ردێکه‌وه تلاین هه‌ریه‌ک له‌به‌ر خه‌مـێکه کز و مات و لاڵ و که‌ڕ چاوی ته‌ڕی گه‌له که ده‌بارێنێ[4] خوێنی گه‌رم فرمێسکی سووریانه له جێگه‌ی دوڕ و گوهه‌ر یاڕه‌ببی! چاوه‌ڕێی کزه‌بای ڕه‌حمه‌تین هه‌موو ڕه‌حمێ به ئاگر و کوڵی دڵ که و به چاوی سوور به‌ڵکوو چرۆ وه‌ده‌رکه‌نه‌وه باغی لاوه‌کان بێ سایه‌بان و بێ به‌ر و بێ به‌رگ و بێ سه‌مه‌ر "کامیل"! خودات ده‌گه‌ڵ بێ، به ئاواتی[5] خۆت ده‌گه‌ی ئه‌مجار به ڕه‌حم و لوتفی خودای خاوه‌نی هونه‌ر (گه‌ردیگلان، 1320 ی هه‌تاوی)
لاپەڕە 89 و 90 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 150 و 151 ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________________
ئه‌وه یه‌که‌م پارچه شیعره که دوای چاوپێکه‌وتنی دیوانی چاپی ئاغا سه‌ید جه‌عفه‌ری کوڕی شاعیر ده‌ینووسمه‌وه. له کاره‌که‌مدا، ده‌قی جه‌عفه‌رم، که تازه‌تر و که‌م هه‌ڵه‌تره، به ئه‌سڵ وه‌رگرتووه و به‌راوردم کردووه له‌گه‌ڵ ده‌قی ئه‌نیسی، جیاوازییه‌کانیشم له په‌راوێزدا هێناوه. عینوانی شیعره‌که له دیوانی چاپی ئه‌نیسیدا "ئێمه وئه‌وان" ه. دیاره عینوانه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ره‌وه دانراون و شاعیر خۆی به بێ عینوان نووسیونی. ڕێکه‌وتی گوترانی شیعره‌که 1320 ی هه‌تاوییه که ده‌کاته 1941 ی زایێنی. له مانگی شه‌هریوه‌ر (سێپتا‌مبر) ی ئه‌و ساڵه واته ده‌سپێکی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیدا هێزی هاوپه‌یمانان هاتنه ناو ئێرانه‌وه، ڕه‌زاشای په‌هله‌وییان له‌سه‌ر حوکم وه‌لانا و محه‌ممه‌دڕه‌زاشای کوڕیان کرده جێگری. شیعره‌که وێده‌چێت ڕاست له سه‌رده‌می ئه‌و ئاڵوگۆڕانه یا خود له پێش ئه‌واندا گوترابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌که‌وه پیشانده‌ری بێ هیوایی و خه‌م و په‌رێشانی وهه‌ڵوه‌دایی و هه‌ناسه ساردی و ئاخ و حه‌سره‌تی خه‌ڵکه و له لایه‌کی دیکه‌وه مۆرکی هیوای دواڕۆژ واته دوای دیکتاتۆریه‌تی ڕه‌شی ڕه‌زاشای به‌سه‌ره‌وه ده‌بینرێت. من به حیسابی ئه‌وه‌ی ئه‌و هیوایه، هێزێکی ئه‌کتیڤ و چالاکی به‌کرده‌وه نییه و زیاتر خۆی له دۆعا و پاڕانه‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه لام وایه پێش ڕووخانی حوکمی دیکتاتۆر گوترابێت واته کاتێک که هێشتا خه‌ڵک نه‌هاتوونه‌ته مه‌یدان و "باغی لاوه‌کان" هێشتا "چرۆی ده‌رنه‌کردۆته‌وه"؛ له دوایین فه‌رددا ئه‌و هه‌ڵوێسته به ڕاشکاوی ده‌رده‌که‌وێت کاتێ که ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر خودات له‌گه‌ڵ بێت به ئاواتت ده‌گه‌ی" و ئه‌وه هیچ نیشانێکی له باوه‌ڕ به‌خۆیی و باوه‌ڕ به خه‌ڵکی پێوه دیار نییه ته‌نانه‌ت به پێوانه‌ی ئیمانی ئایینی شاعیریش له‌و باره‌یه‌وه کورتی دێنێت. باوه‌ڕ به هێزی خه‌ڵک ده‌بێ له مانگ و ساڵه‌کانی دواتردا سه‌ری هه‌ڵدابێت که سوپای سووری یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تی "به بڵاوکردنه‌وه‌ی دووپه‌ڕ ئاگاهی ئه‌ڕته‌شی شاهه‌نشاهی بلاوه پێ‌کرد" و کۆمه‌ڵانی گه‌ل هه‌لی هاتنه مه‌یدانیان بۆ ڕه‌خسا. شیعره‌که له ئیستیقباڵی شیعری ناسراوی نالی و وه‌ڵامه‌که‌ی سالمدا گوتراوه: "قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور ئه‌ی په‌یکی ئاشنا به هه‌موو شاری شاره‌زوور...." له په‌راوێزی دیوانی چاپی جه‌عفه‌ریشدا ده‌ست نیشانی ئه‌و ڕاستییه کراوه که نووسیویه‌تی: "سه‌ید کامیل وێنه‌ی له نامه‌که‌ی نالی وه‌رگرتووه که ناردوویه‌تی بۆ سالم و ئاوا ده‌ست پێده‌کا: "قوربانی تۆزی..." له سه‌ره‌تای شیعره‌که‌دا شاعیر ڕوو ده‌کاته سروه‌ی سه‌حه‌ر و هه‌واڵی "ئه‌وێ" ی لێ ده‌پرسێ، به بێ ئه‌وه‌ی ڕایبگه‌یێنێت ئه‌وێ کوێیه و ئێره کوێ. به‌ڵام به حیسابی ساڵی گوترانی شیعره‌که‌دا ده‌توانین بڵێین شاعیر چاوه‌ڕێی هه‌واڵی گرنگ بووه که له پێته‌ختی ئێرانه‌وه بۆی بێت و هه‌ر بۆیه‌ش هه‌واڵ له سروه‌ی سه‌حه‌ر ده‌پرسێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه راست بێت، ئه‌وێ تاران و شاره گه‌وره‌کانی ئێران بێت، ئێره‌ش ده‌بێته کوردستان و گه‌ردیگلانی شاعیر؛ هه‌ر به‌و حیسابه‌ش، "ئه‌وان" ده‌بنه عه‌جه‌م واته زۆرینه‌ی دانیشتووانی ئێران و "ئێمه‌ش" ده‌بێته کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. جگه له نالی (یان سالم)، کارتێکه‌ریی سه‌یفولقوزاتی قازیش به سه‌ر شیعره‌که‌وه دیاره، ئه‌ویش له‌و به‌راوردکارییه‌دا که له نێوان ئێمه وئه‌وانی کردووه و ده‌مانخاته بیری شیعری ناسراوی سه‌یف که ده‌ڵێ: "بۆ وانه هه‌رچی جوانه له جێ و دێ و له ژن، له ماڵ هه‌ر شاخ و داخه بۆ مه، کوڕی ڕه‌ش، کچی دزێو..." وشه و ته‌عبیراتی ئه‌سته‌م له شیعره‌که‌دا نییه، شێوه‌زاری به‌کارهاتووی شاعیر موکریانییه و تێکه‌ڵاوێکه له بن له‌هجه‌ی مه‌هابادی و بۆکانی - سه‌قزی: سه‌ری را، له‌سه‌رڕا، مه، وان، و ده‌گه‌ڵ هی یه‌که‌م و ئێمه، جێژن و له‌به‌ر هی دووهه‌میانه. هه‌ندێک وشه‌ی فارسی وعه‌ره‌بیش له شیعره‌که‌دا هه‌ن: مونه‌ووه‌ر، هه‌دیه، سه‌حه‌رخێز، سروور، موحاسه‌به و... وشه‌ی "سه‌ڕ" له‌جێاتی "سڕ" به واتای ته‌زیو و بێ هه‌ست لێره‌دا هه‌ندێک نائاساییه و ده‌بێ به‌هۆی ڕێکخستنی سه‌رواوه وای به‌سه‌ر هێنرابێت. وشه‌ی زێو به واتای "نوقره" له باشووری کوردستان وه‌ک زیو ده‌گوترێت و ده‌نووسرێت. شیعره‌که به گوێره‌ی دیوانی جه‌عفه‌ر، له به‌حری مضارع مثمن اخرب مکفوف محذوف دا گوتراوه: مفعول فاعلات مفاعیل فاعلن. له دیوانی چاپی جه‌عفه‌ردا ئه‌م پارجه شیعره به‌شوێن شیعرێکدا هاتووه که له سه‌ر کێشی ئه‌م شیعره و له ئیستیقباڵی هه‌ر ئه‌و شیعره ناسراوه‌ی نالی‌دا گوتراوه و عینوانی به‌هارستانی پێدراوه. من دوابه‌دوای ئه‌م شیعره ده‌چمه سۆراغی ئه‌وی تر که ده‌بێته ژماره 32ی ئه‌م زنجیره‌یه.
[1] . سه‌ڕ (ئه‌نیسی) [2] . خیز (ئه‌نیسی) [3] . لام وایه باشتر بێت وه‌ک "ڕۆژێکه" بنووسرێت. ته‌نانه‌ت دووری نازانم له ئه‌سڵدا "ڕۆژێکی" بووبێت. [4] . ده‌بارێنی (ئه‌نیسی) [5] . "ئاوات" ی (ئه‌نیسی)
|