دیوانی سەید کامیل ئیمامی (ئاوات) |
پارچە شیعری ژماره ٣٢ به‌هارستان
ئه‌وڕۆ[1] به‌هاره، سه‌یری چه‌مه‌ن خۆشه خوار و ژوور ڕازاوه باغ به سه‌رو و چنار و گوڵ و چنوور گیا سه‌وز و جۆگه سه‌وز و گه‌ڵا سه‌وز و بێشه سه‌وز دار سوور و لاله سوور و چه‌مه‌ن سوور و خونچه سوور به‌م سه‌وز و سووره بوو دڵی عاشق که هه‌ڵکزا پشکۆی له دڵ خراوه، ده‌سووتێ وه‌کوو ته‌نوور ناڵینی به‌ربه‌یانی که‌و و کۆتری[2] شاخ و داخ ده‌نگی ژیانه، گیانه، به‌دڵدا ده‌کا عوبوور شمشاڵه، تاره، پیانووه گه‌ر بیانوو ناگری[3] ساقی! که‌ره‌م که پیاڵه، مه‌ترسه، "هوالغفوور" هاتوونه‌وه به جه‌م کوڕ و کیژانی دڵڕفێن هه‌رکه‌س که بێ گوڵ و دڵه، لاچێ، بچێته ژوور[4] زاوایه ئێسته بولبول و گوڵخونچه بووکییه[5] خاوه‌ن سلووکه[6]، که‌وتووه له‌ولا قونه‌و تلوور[7] کوێستانه، پڕ له ڕاز ونیاز و زمانی حاڵ جێگه و هیوای حوزووری دڵه[8]، بۆته کێوی توور[9] له‌م کاته، هه‌رکه‌سێ به خه‌یاڵ و به بیری ژین هه‌ر بولبوله له گوڵ به کوڵه، ماوه بێ مشوور[10] هه‌ر چاوه‌ڕێیه به‌ڵکه ده‌می[11] خونچه پێکه‌نێ هه‌ڵنیشتووه له باغ و ده‌کا زیکری "یا صبور" "ئاوات"ی[12] داخۆ که‌نگێ به‌جێ دێ له گوڵشه‌نا ئه‌و شێت و پێتی دڵ به‌کوڵی مه‌ست و بێ شعوور! (قاقڵاوا، 1342 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 87 و 88 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 31 و 32 ی چاپی ئەنیسی ______________________________________________ ده‌کرێ بگوترێ ئه‌م پارچه شیعره به حیسابی کێش و سه‌روای هاوچه‌شن و هه‌ندێک وێچوویی له ته‌رکیبی ڤوکابیوله‌ریدا، کارتێکه‌ریی شیعره ناسراوه‌که‌ی نالی به سه‌ره‌وه‌یه که ده‌ڵێ: "قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش مروور ئه‌ی په‌یکی ئاشنا به هه‌موو شاری شاره‌زوور...." له په‌راوێزی شیعری سروه‌ی سه‌حه‌ریی دیوانی چاپی جه‌عفه‌ریشدا (ژماره 31 ی ئه‌م کاره‌ی من)، ده‌ست نیشانی ئه‌و بۆچوونه کراوه کاتێ که ده‌ڵێ: "سه‌ید کامیل وێنه‌ی له نامه‌که‌ی نالی وه‌رگرتووه که ناردوویه‌تی بۆ سالم ..." به‌ڵام من زیاتر بۆنی غه‌زه‌لێکی حافز له هه‌ندێک له‌فه‌رده‌کانیدا ده‌که‌م، غه‌زه‌لێک که کێش و سه‌روای نزیک به‌م غه‌زه‌له‌ی ئاواته و به تایبه‌ت له‌م میسراعه‌دا که ده‌ڵێ: "ساقی! که‌ره‌م که پیاڵه، مه‌ترسه، "هوالغفور"، زۆر نزیک ده‌بێته‌وه له‌و فه‌رده‌ی غه‌زه‌له‌که‌ی حافز که گوتوویه‌تی: "می خور به بانگ چنگ و مخور غصه، و‌ر کسی گوید تو را که باده مخور، گو "هوالغفور" هه‌روه‌ها میسراعی: "له‌م کاته هه‌رکه‌سێ به خه‌یآڵ و به بیری ژین..." دوور نییه له‌و میسراعه‌ی حافز که ده‌ڵێ: "گر دیگران به عیش و طرب خرمند و شاد..." من بۆ به‌راوردکاریی زیاتر، سه‌رجه‌می غه‌زه‌له‌که‌ی حافز لێره‌دا ده‌هێنم. وه‌ک ده‌بینین هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌ی حافز وه‌ک صبور، حضور و هوالغفور ده‌قاوده‌ق له شیعره‌که‌ی ئاواتدا هاتوون: "دیگر ز شاخ سرو سه‌ی بلبل صبور / گلبانگ زد که چشم بد از روی گل به دور ای گل! به شکر آن که تویی پادشاه حسن / با بلبلان بی‌دل شیدا مکن غرور از دست غیبت تو شکایت نمی‌کنم / تا نیست غیبتی نبود لذت حضور گر دیگران به عیش و طرب خرمند و شاد / ما را غم نگار بود مایه سرور زاهد اگر به حور و قصور است امیدوار / ما را شرابخانه قصور است و یار، حور می خور به بانگ چنگ و مخور غصه و‌ر کسی / گوید تو را که باده مخور، گو هوالغفور حافظ شکایت از غم هجران چه می‌کنی / در هجر وصل باشد و در ظلمت است نور[13]
عینوانی شیعره‌که له دیوانی چاپی ئه‌نیسیدا "به‌هار" ه. ده‌بێ عینوانه‌کان له‌لایه‌ن ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ره‌وه دانرابێتن. ڕێکه‌وتی گوترانی شیعره‌که 1342 ی هه‌تاوییه که ده‌کاته 1962 و 63 ی زایێنی. ئه‌و ساڵه بۆ مێژووی کورد خاوه‌ن گرنگایه‌تی تایبه‌ته: شۆڕشی ئه‌یلوول تازه ده‌ستی پێ‌کردبوو، به‌شێک له لاوانی نیشتمانپه‌روه‌ری کوردی ڕۆژهه‌ڵات ڕوویان کردبووه باشوور و چووبوونه ناو شۆڕشه‌وه، له ئێرانی سه‌رده‌می محه‌ممه‌د ڕه‌زاشای په‌هله‌ویدا "شۆڕشی سپی" ڕاگه‌یێنرابوو که یه‌ک له شه‌ش ئامانجه‌کانی بریتی بوو له دابه‌شکردنی زه‌ویی خاوه‌ن مڵکان به سه‌ر جووتبه‌نده‌ی گونده‌کاندا- به‌رنامه‌یه‌کی پێشکه‌وتوو که له ماوه‌ی چه‌ندساڵدا ئێرانی له بڕگه‌ی ئابووری - سیاسیی فێئۆداڵی تێپه‌ڕاند و ده‌سه‌ڵاتی بێ سنووری خاوه‌ن مڵکانی نه‌ک هه‌ر سنووردار، به‌ڵکوو به ته‌واوه‌تی بنه‌بڕ کرد. ئیمامی ورده مالیکێکی ده‌ست ته‌نگی هه‌میشه میواندار و هه‌میشه قه‌رزدار بوو، خۆی له سه‌ر زه‌وی وزاری خۆی کاری ده‌کرد و عاره‌قی ده‌ڕشت. به‌ڵام دیسانه‌که‌ش نابێ له‌و گۆڕانکارییانه و له تێپه‌ڕ کردنی ئه‌و ده‌راوه‌دا قولاپه‌ی ته‌ڕنه‌بووبێت، نیازم ئه‌وه‌یه ئیسلاحاتی زه‌ویوزار ده‌بێ کارتێکه‌ری له‌سه‌ر هزر وبیری ئه‌ویش بووبێت و ئه‌و کارتێکه‌رییه له شیعره‌کانیدا ڕه‌نگیان دابێته‌وه. شیعره‌که به گوێره‌ی دیوانی چاپی جه‌عفه‌ر، له به‌حری مضارع مثمن اخرب مکفوف محذوف دا گوتراوه: مفعول فاعلات مفاعیل فاعلن. پارچه شیعری پێشوو (ژماره 31) یش له هه‌مان به‌حردا گوترابوو.
[1] . ئه‌مڕۆ (ئه‌نیسی) [2] . وشه‌ی 'کۆتر' ده‌بێ به یه‌ک بڕگه بخوێنرێته‌وه نه‌ک به دوو: کۆتر نه‌ک کۆ+ تر [3] . شاعیر وشه‌که‌ی وه‌ک پیانوو هێناوه نه‌ک پیانۆ. واهه‌یه له‌به‌ر کێش بووبێت یان دروست کردنی جیناسی نێوانی پیانوو و بیانوو. [4] . واته ئه‌گه‌ر که‌سێک گراوی و یاری نییه با بچێته‌وه ماڵی خۆی و نه‌یه‌ته سه‌یر و سه‌یاحه‌تی ئه‌و ڕوانگه دڵڕفێنانه. واتای "هاتوونه‌وه" م زۆر لێ ڕوون نییه. له کوێ هاتوونه‌ته‌وه؟ واتای ساکار و نزیکی شیعره‌که هاتنه‌وه‌ی ئێوارانی کوڕ و کیژی گونده‌کانه له سه‌ر زه‌ویوزار و ده‌شت وکێو دوای کار و زه‌حمه‌تی ڕۆژانه. به‌ڵام دڵنیا نیم ئایا جگه له واتا نزیکه‌که، واتایه‌کی دووریشی هه‌یه یان نا؟ [5] . "اوحدی مراغه‌ای" (673 تا 738 ک) له غه‌زه‌لێکداباس له زاوایه‌تی بولبول و بووکیه‌تی گوڵ ده‌کات و ده‌ڵێ: " عروس گل ز اطراف چمن در جلوه مي آيد / بيا، گو بلبل مشتاق اگر داماد خواهد شد" [6]. پێگه‌یشتوویی عارفانه، نزیک بوونه‌وه‌یه له خودا. سلووکی عیرفانی جیاوازه له سلووکی فه‌لسه‌فی. خاوه‌ن سلووک بوون واهه‌یه به واتای گۆشه نشینی و چله کێشان بێت، که له ماڵه‌وه دانیشتن و ڕاکشان و نه‌چوونه ده‌ریشی تێدایه. [7] . ڕاکشاوی ده‌مه‌وڕوو (هه‌نبانه بۆرینه) [8] . یه‌کگرتن له‌گه‌ڵ خودا و غایب بوون و دوور که‌وتنه‌وه له خه‌ڵک. (زاراوه‌یه‌کی عیرفانی) [9] . کێوی تووری سینا له شبه جه‌زیره‌ی سینا، شوێنێک که به گوێره‌ی باوه‌ڕمه‌ندانی که‌لیمی، یه‌هوه له‌وێ خۆی وه‌ک بنچکه ئاگرێک پیشانی مووسا دا، موسوڵمانان ده‌ڵێن وه‌ک نوورێک لێی ده‌رکه‌وت. له قورئاندا سووڕه‌ی "مه‌ککی" "طور" هه‌یه به 49 ئایه‌ته‌وه". عطار نیشابوری له شیعرێکدا باس له بوونی مووسا له‌سه‌ر کێوی توور ده‌کات: "شبی موسی مگر می‌رفت بر طور / به پیش او رسید ابلیس از دور..." [10] . کوڵ خه‌م و خه‌فه‌ت. به‌کوڵ بوون واته خه‌مبار بوون و خه‌می شتێک و که‌سێک خواردن. له‌گوڵ به‌کوڵ واته خه‌می گوڵ خواردنی بولبول. مشوور به گوێره‌ی هه‌نبانه بۆرینه ته‌گبیر و ڕایه و سه‌لیقه‌ی کار پێکهێنان وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت "پیاوێکی به مشووره". بێ مشوور مانه‌وه لێره‌دا چاری ناچار و ناعیلاجه و به که‌سێک ده‌گوترێت که له ڕؤستی شتێک و کارێک نه‌یه‌ت. واتای گشتیی شیعره‌که ئه‌وه ده‌بێت که له وه‌رز و سه‌رده‌مێکدا که هه‌موو زینده‌وه‌رێک له خه‌یاڵ و بیری ژیانی خۆیدایه، ته‌نیا بولبوله که مشووری کاری خۆی واته ئه‌وینداریه‌تی گوڵی پێ ناخورێت و خه‌می ئه‌وه‌یه‌تی که‌ی خونجه ده‌کرێته‌وه و گوڵ پێده‌که‌نێت. فه‌ردی دوایی له درێژه‌ی هه‌ر ئه‌م فه‌رده‌دایه. سه‌بوور یه‌ک له ناوه‌کانی خودایه و یا سه‌بوور هانا بردنه به‌ر خودایه. [11] . ده‌قی جه‌عفه‌ر وه‌ک "ده‌مێ" نووسیویه‌تی. من ده‌قی ئه‌میسیم پێ ڕاستتر بوو که وه‌ک "ده‌می" تۆماری کردووه. [12] . ئاوات، ئاره‌زوو؛ ئاوات به‌دی هاتن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بولبول. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه به نازناوی شاعیر. [13] . ماڵپه‌ڕی "گنجور"، غزلیات حافظ، غزل شماره 254.
|