دیوانی سەید کامیل ئیمامی (ئاوات)
پارچە شیعری ژماره ٣٣ یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ
زوڵفی ڕه‌شی له سه‌ر ڕوو، وه‌ک نیلوپه‌ڕ له ئاوا په‌خش و بڵاو و ئاڵۆز، لوول و درێژ و تاتا هاوریشمێکی خاو بوو، به ناز و عیشوه[1] بایدا[2] وه‌ک ماری زامدار بوو، هاڵا له‌به‌ژن و باڵا کۆشی ده‌کرد به‌لادا. یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ کوانێ خوریی شه‌کی کاڵ. بکڕم به ڕۆحی شیرین؟ بیده‌م به ده‌ستی یارم بایدا به ناز و ته‌مکین شی کاته‌وه به شانه، به قامکی نه‌رم و ڕه‌نگین بیدا ئه‌ویش به نووکی ته‌شی جوان[3] و نه‌خشین بۆ پارچه‌یه‌کی[4] په‌شمین، یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ مه‌حبووبی نازدارم گرتی ته‌شی به ده‌ستی ڕیسی موحه‌ببه‌ت[5] و مه‌یل خاوبوو، به کرژی به‌ستی گرێی دڵان پساندی، به لێو و ده‌ستی به‌ستی توولی ئه‌مه‌ل درتێژ بوو، سه‌نگینی کرد و خستی بۆی دانه‌وی به چوستی، یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ له باغی سێ‌و وههرمێ قه‌ده‌م قه‌ده‌م به نه‌رمی ده‌چێته پێش له گوڵزار به سه‌برێ ، جوانه شه‌رمی له باوه‌شی به پیتی، ده‌گرێ دڵان به گه‌رمی بولبول ده‌هاته سه‌یری له کاتی به‌زم و ڕه‌زمی به‌و لار وله‌نجه حه‌تمی یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ کۆڵان و کووچه‌یی دێ ده‌ڕوا به ناز و عیشوه ده‌گرێ له پیر و له جوان ئه‌و شۆخه باج و ڕیشوه جحێڵ به زوڵفی[6] لوولی ده‌کا لغاو و ڕه‌شوه به‌و مه‌کر و فێڵ و حیله، وه‌دیاره مه‌یلی به شوه! فیکرێکی بیکری کردوه! یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ هۆنراوه‌که‌ی من ئه‌وچه‌ل، خاوێن و بێ بنووکه[7] وا ڕیسه‌که‌ی به ده‌ستی مه‌ستێکی تازه بووکه ڕازیم به سه‌ردڕی وی، دا پێی بڵێن به سووکه ده‌یکه‌م به چۆغه بۆخۆم، بیڕێسه، هه‌سته، زووکه تۆزێ به نووکه نووکه! یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ کاکی "ئیمامی"! ڕه‌نگه چۆغهت هه‌موو دڕابێ به شێتی ڕیسی ڕستی، مه‌علووم ده‌بێ پسابێ پرسه له کاکی جۆڵا، داخۆ[8] له بۆی کرابێ؟ دوێنێ گله‌م که لێ کرد، ڕه‌نگه دڵی شکابێ قه‌یناکه، بێ به‌ڵا بێ، یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ (قاقڵاوا، 1342 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 271 و 272 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 129 و 130 ی چاپی ئەنیسی ______________________________________________
پێنج خشته‌کییه‌کی ته‌نزئامێزه. و پێویست به گوتن ناکات له ژێر کارتێکه‌ریی شیعری ناسراوی "شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ" ی میرزا عه‌بدولڕه‌حیمی وه‌فایی شاعیری سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا گوتراوه، له‌جیاتی 'شیرین' ی وه‌فایی 'یارم' ی هێناوه. له کۆتایی هه‌ر به‌ندێکی پێنج خشتهکییهکهشدا "یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ" ی دووپات کردۆته‌وه. ڕاده‌ی کارتێکه‌رییه‌که‌ی وه‌فایی له‌سه‌ر ئاوات زۆر نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی به‌ره‌و ئاقارێکی جیاواز بردووه و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ته‌نزئامێزی کردووه له‌کاتێکدا شیعری وه‌فایی جیددییه. بابه‌تی شیعره‌که ساکاره: شاعیر له "خوریی شه‌کی کاڵ" ده‌گه‌ڕێت به هه‌ر نرخێک ته‌نانه‌ت به نرخی ڕۆحی شیرینی خۆیشی بێت، بیکڕێت، به‌ڵکوو بیداته ده‌ستی یاره‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ی به ناز و ته‌مکین و به قامکی نه‌رم و ڕه‌نگین به شانه‌ی بکات و شی بکاته‌وه، ئینجا به نووکی ته‌شیدا بدات، به‌ده‌ستی بیگرێت، به ڕیسی خۆشه‌ویستی بهکرژی له ناو باغ و گوڵزار و له کووچه وکۆڵانی دێ‌دا بیڕێسێت و بیکات به کووتاڵێکی په‌شمین بۆ ئه‌وه‌ی بسپێررێته ده‌ستی جۆڵا و له ئه‌نجامدا چۆغه‌یه‌کی بۆ شاعیر لێ به‌رهه‌م بێت. به‌ڵام جحێلی سه‌ر کۆڵان لێ ناگه‌ڕین و یاره‌که‌ی شاعیر ده‌خه‌نه سه‌ر هه‌وای شووکردن! شاعیریش که دیاره چیتر جحێڵ نه‌ماوه، خێرایه‌ک مه‌یدان چۆڵ ده‌کات به‌ڵام پارچه‌که‌ی له‌بیر ناچێته‌وه و داوا ده‌کات سه‌ردڕ واته کووتاڵه چنراوه‌که بکاته چۆغه بۆخۆی وله جیاتی چۆغه شڕه‌که‌ی له‌به‌ری بکات! من شیعره‌که‌م له‌گه‌ڵ سێ ده‌قی جیاوازدا به‌راورد کردووه: دوو ده‌قی چاپکراو (جه‌عفه‌ر و ئه‌نیسی) و ده‌قی تۆمارکراو به ده‌نگی مامۆستا هه‌ژار. ده‌قی ده‌نگه‌که‌م له سه‌ر به‌شی تایبه‌ت به کاک جه‌عفه‌ر حوسه‌ینپوور (هێدی) له ساوند کڵاود وه‌رگرتووه که ئه‌وه پهیوهندهکهیهتی: https://soundcloud.com/hedi-jh-3/lqhbo3xm8cmf شیعرێکی ڕووخۆش و له‌به‌ردڵانه و جیاوازه له هه‌ندێک شیعری دیکه‌ی ئاوات که ترس له خودا و بێ هیوایی سه‌باره‌ت به ژیانی سه‌ر ڕووی زه‌مین و خه‌می مردن به گوناهباری مڕچ و مۆنی کردوون. هه‌ندێک وشه‌ی ناو شیعره‌که جێگه‌ی روونکردنه‌وه‌ن و بۆ ڕوونکردنه‌وه‌یان که‌ڵکم له هه‌نبانه بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار وه‌رگرتووه:: نیلووپه‌ڕ، لێڵووپهڕ، لولوپه‌ڕ، لیلوفهڕ و نیلووفه‌ڕ، گوڵێکه. په‌خش وبڵاو و ئاڵۆز سه‌نعه‌تی مراعات النظیریان تێدا به‌کار هاتووه سه‌نعه‌تی "تضاد" ی نێو لوول و درێژ و تاتا هه‌ندێک سه‌مه‌ره‌یه: زولفێک که هه‌م لوول و تاتا بێت و هه‌م درێژ ده‌بێ جوان بێت. شه‌ک، به‌رخی دوو به‌هار دیتوو شه‌کی کاڵ، به‌ربه‌ران جوان، به‌هۆی کێشی شیعره‌که‌وه ده‌بێ به جووان بخوێنرێته‌وه؛ له ده‌قی ئهنیسیشدا هه‌ر جووان هاتووه و مامۆستا هه‌ژاریش به جووانی خوێندۆته‌وه. بۆپارچهیهکی په‌شمین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له‌ته شیعری پێش خۆی نه‌ک بۆ یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ. هه‌ر سێ کرداری سه‌نگینی کرد و خستی و بۆی دانه‌وی به چوستی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕیسی موحه‌ببه‌ت. چوستی، خێرایی، به‌کاری باغی سێ‌و و هه‌رمێ جگه له واتای نزیکی باغی ئاسایی سێ‌و و هه‌رمێ، واتایه‌کی دووریشی هه‌یه که سینگ و مه‌مکی یار بێت. باوه‌شی به‌پیت، باوه‌شی به به‌ره‌که‌ت و فه‌ڕ؟ نه‌مزانی چییه و بۆچی شاعیر سیفه‌تی به پیتی بۆ باوه‌شی یار هێناوه؟ پیت واتای که‌میشی هه‌یه، بڵێی نیازی شاعیر باوه‌شی به قه‌واره بچووکی یاره‌که‌ی نه‌بووبێت؟ به‌زم و ڕه‌زم به سه‌ریه‌که‌وه شادی و که‌یفن. ڕیشوه، به‌رتیل ڕه‌شوه، ڕه‌شمه، هه‌وسار وه‌دیاره، وا دیاره، وا وێده‌چێ ئه‌وچه‌ل، ئه‌مجاره بنووک، قرپۆکی خوریی له شانه دراو، زبڵی خوری ڕیس به ده‌ستی که‌سێک بوون، هه‌وساری کار به ده‌ستی که‌سێک بوونه. سه‌ردڕ، ته‌نراو (وه‌ک جۆڵایه‌ک که ڕازی نه‌بێ به سه‌ردڕی خۆی) به شێتی ڕیسی ڕستی... بکه‌ری کرداره‌که کێیه؟ به بۆچوونی من یاری شاعیره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دواتر ده‌ڵێ له کاکی جۆڵا بپرسه بزانه بۆی کراوه واته بۆی ته‌نراوه و خه‌تاکه‌ش ده‌هێنێته‌وه سه‌ر خۆی که ڕۆژی پێشتر گله‌یی لێ کردووه و ئێستا دڵنیگه‌رانی ئه‌وه‌یه لێی تۆرابێت و کاره‌که‌ی باش بۆ جێ به‌جێ نه‌کردبێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاعیر ههریارهکهی خۆش ده‌وێت و دۆعای بێ به‌ڵا بوونی بۆ ده‌کات! هه‌ر له په‌یوه‌ندی ڕستن و چنین و جۆڵایی کردندا، با ئاماژه به وتارێک بکه‌م که له بڵاوه‌ی زانکۆی ئه‌ده‌بی زانستگه‌ی ته‌ورێزدا چاپ بووه: ابراهیم معروفی، "جولایی یا جولاهگی در کردستان"، نشریه دانشکده ادبیات و علوم انسانی تبریز، شماره 117، سال 1355 [1976]. شیعره‌که له ساڵی 1335 دا گوتراوه. ساڵانی دوای کۆدیتای 28 ی گه‌لاوێژی 1332 [1956] به گشتی ساڵانی مات و بێده‌نگیی سیاسیی خه‌باتکاران و زاڵ بوونی ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌ت نیزامیی ته‌یمووری به‌ختیار بوون به سه‌ر وڵات‌دا؛ له‌و سه‌رده‌مه دا به‌شێکی به‌رچاو له خه‌باتکارانی کورد له زیندان خراون و ژماره‌یه‌کیشیان له باشوور به نهێنی ده‌ژین. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ڕێکخراوه‌ی 'ساواک' ی ئێران داده‌مه‌زرێت، شوێنی حکوومه‌ت نیزامیی به‌ختیار ده‌گرێته‌وه و دره‌نگتر په‌ره ده‌ستێنێت. به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که: مضارع مثمن اخرب: مفعول فاعلاتن، مفعول فاعلاتن [1] . عیشوه‌ی، دیوابنی چاپی ئه‌نیسی [2] . عیشوه‌ی بادا، ده‌نگی مامۆستا هه‌ژار [3] . جووان، دیوانی چاپی ئه‌نیسی و ده‌نگی مامۆستا هه‌ژار. له ڕاستیدا به هۆی کێشی شیعره‌که‌وه ده‌بێت هه‌ر واش بخوێنرێته‌وه. [4] . گه‌رچی له هه‌ردوو سه‌رچاوه‌که‌دا وه‌ک "پارچه‌یه‌کی" تۆمار کراوه به‌ڵام لام وایه ڕه‌وانتر ده‌بوو وه‌ک "پارچه‌یێکی"بنووسرێت. [5] . مه‌حه‌ببه‌ت، دیوانی چاپی ئه‌نیسی و ده‌نگی مامۆستا هه‌ژار [6] . زولفی، دیوانی چاپی ئه‌نیسی [7] . بنۆکه، دیوانی چاپی ئه‌نیسی [8] . داخوا، دیوانی چاپی ئه‌نیسی و ده‌نگی مامۆستا هه‌ژار
|