دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٣٤ چش له‌م و له‌و![1]
ئه‌ی خالیقی ڕۆژ و شه‌و، ڕۆژم ڕه‌شه هه‌ر وه‌ک شه‌و شه‌و هه‌ر له خه‌یاڵی ئه‌م، ڕۆژیش به هومێدی ئه‌و تا که‌ی به هومێدی ئه‌و، تاکه‌ی به خه‌یاڵی ئه‌م؟ یاڕه‌ب ئه‌و و ئه‌م به‌س بێ، هه‌م چش له‌و و هه‌م چش له‌و! ڕۆژ و شه‌وی عومری من پاکی به عه‌به‌س ڕۆیی ڕۆژ خواردنه فکری من، شه‌و هه‌ر به خه‌یاڵی خه‌و ئه‌م عاله‌مه فانی بوو، ئیتر به خه‌یاڵی چی؟ کوا شاهی سوله‌یمان[2] و ئه‌سکه‌نده‌ر و که‌یخوسره‌و؟[3] هه‌سته بڕۆ به‌ر ده‌رکی خاسانی خودا، "کامیل"! بمره، که له‌پاش فه‌وتت هه‌ر عیشقه ده‌دا پڕته‌و[4] (قاقڵاوا، 1360 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 170 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 79 ی چاپی ئەنیسی ______________________________________________ غه‌زه‌لێکی کورتی پێنج فه‌ردی به‌ڵام به ناوه‌رۆکه. پێش ئه‌وه‌ی بتوانین به حیسابی پاڕانه‌وه‌ی شاعیر له خودا، شیعره‌که به ئایینی دابنێین، ده‌بێ له هه‌ندێک وشه و ته‌عبیراتی ورد بینه‌وه. ئه‌و ده‌مه‌یه که تێده‌گه‌ین شیعره‌که ناوه‌رۆکی عیرفانی و سۆفیایه‌تی هه‌یه که باوه‌کوو ئیسلامیش بێت به‌ڵام جیاوازه له شیعری ئایینی. گه‌وهه‌ری شیعره‌که بریتییه له ڕق بوونه‌وه له "عاله‌می فانی" و بێزاری له ژیانی ئاسایی ڕۆژانه، که سۆفییانی سافی شێوه ژیانی ئه‌وتۆیان داوه‌ته دواوه و به "خورد و خه‌وی حه‌یوانی" و دوورکه‌وتنه‌وه له فیکری قووڵ و بیرکردنه‌وه له واتای ژین و ئامانجی ژیانیان زانیوه. جیهان، به ته‌عبیری ئه‌وان، به‌قا و وه‌فای بۆ مرۆڤ نییه وه‌ک چۆن بۆ گهورهگهورانی مێژوو وه‌ک سوله‌یمان و ئه‌سکه‌نده‌ر و که‌یخوسره‌ویش نه‌یبووه؛ که‌وابوو، که‌سانی تێگه‌یشتوو نابێ دڵی پێ خۆش بکه‌ن و بکه‌ونه شوێن فرت وفێڵ و ڕه‌نگ و ڕواڵه‌تی. ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌که‌ی من زیاتر ده‌سه‌لمێنێت دوایین فه‌ردی شیعره‌که‌یه که شاعیر داواکاره بچێته به‌ر ده‌رکی "خاسانی خودا" و "عیشق" به دیارده‌یه‌کی ئه‌به‌دی داده‌نێت که دوای مردنی مرۆڤیش هه‌ر شه‌وق ده‌داته‌وه. جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه بزانین که عیشق "گرنگترین ڕوکنی ته‌ریقه‌ته"[5] گومان له عیرفانی بوونی شیعره‌که‌ش ناکه‌ینه‌وه. ره‌نگه خوێنه‌ر گومان له‌وه‌دا بکات وبڵێ عیشقی جێگه‌ی باسی شاعیر ئه‌وه نییه وا سۆفییان به عیشقی حه‌قیقی ده‌زانن و به عیشقی مه‌جازی واته ئه‌وینی مرۆڤێکی دابنێت که بۆ مرۆڤێکی دیکه‌ی هه‌یه. ئه‌و بۆچوونه له شوێنی خۆیدا نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر به ڕاشکاوی چش له هومێد و ته‌نانه‌ت خه‌یاڵاتی ئه‌م خه‌ڵکی سه‌ر زه‌وییه ده‌کات و ده‌ڵێ ڕۆژ وشهوم به بێهووده ڕۆیوه و ڕایده‌گه‌یێنێت که ئه‌م عاله‌مه عاله‌مێکی هه‌میشه‌یی نییه و، ده‌فه‌وتێت. له خۆیشی ده‌خوازێت چش له‌و ژیانه بکات و له "خاسانی خودا" نزیک بێته‌وه، گومان له‌وه‌دا ناکرێت که ئه‌و خاسانی خودایه‌ش ده‌بێ ڕێبه‌رانی دینی یان ته‌ریقی بن. بنه‌ماڵه‌ی شێخایه‌تی و په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌کانی ئاواتیش ده‌بێ بۆ ئه‌و باسه بگیرێنه به‌رچاو. شێخانی زه‌نبیل پیری ته‌ریقه‌ت بوون و کامیل شا باوه‌کوو به ڕه‌سمی شێخایه‌تی نه‌کردبێت به‌ڵام به‌شێک بووه له‌و سیسته‌مه. ڕێکه‌وتی ساڵی 1360 کۆتایی شیعره‌که‌ش نیشانه‌یه‌کی دیکه‌یه بۆ ئه‌و ڕاستییه. له‌و ساڵه‌دا شاعیر که‌م وزۆر 78 ساڵی ته‌مه‌ن بووه[6] و ته‌نیا 8 ساڵ دوای ئه‌و ژیاوه. له‌و ته‌مه‌نه‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وینی ئاسایی بۆ که‌سێکی وه‌ک کامیل شا گه‌لێک لاوازتره له‌وه‌ی وا "متصوفان" به عیشقی حه‌قیقی واته عیشقی خودایی ناو ده‌به‌ن. وشه‌ی ئه‌سته‌م له ده‌قی شیعره‌که‌دا نییه. عه‌به‌س، بێهووده‌یه. سوله‌یمان، شای مووساییان و کوری داوده، له ئیسلامدا به پێغه‌مبه‌ری به‌نی ئیسڕائیل ناوده‌برێت و له ڕیوایاتدا هاتووه که حاکمی ئینس و جین بووه. ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌قدوونی کوڕی فیلیپ، شای مه‌قدونییه. که‌یخوسره‌و، سێهه‌مین شای زنجیره‌ی که‌یانیان، کوڕی سیاوه‌ش و فهڕهنگیسی کچی ئه‌فراسیاو.[7] به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که: هزج مثمن اخرب: مفعول مفاعیلن مفعول مفاعیلن. [1] . عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا "پرته‌وی ءیشق" ه. [2] . له هه‌ر دوو ده‌قه‌که‌دا "کوا شاه سوله‌یمان..." هاتووه، من بۆ کێشی شیعره‌که و ڕه‌وان بوونی زیاتر به شاهی سوله‌یمانم نووسی که له‌سه‌ر زمانی خه‌ڵکیش هه‌ر وا هه‌یه. [3] . سوله‌یمان، [4] . پرته‌و، ده‌قی چاپی ئه‌نیسی [5] . محه‌ممه‌د عه‌لی سوڵتانی، "جه‌زبه‌ی عیشق – دیوانی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی تاڵه‌بانی (خالیس)"، ئه‌کادێمیای کوردی، هه‌ولێر 2014، ل. 34 [6] . به گوێره‌ی سه‌ره‌تای دیوانی چاپی جه‌عفه‌ر، سه‌ید کامیل له ساڵی 1282 ی هه‌تاویدا له‌دایک بووه و له 1368 یشدا کۆچی دوایی کردووه. [7] . زانیاری له سه‌ر ئه‌و سێ که‌سه‌م له "فرهنگ معین" وه‌رگرتووه.
|