دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٣٨ به‌یداغ
هاته ده‌ر ئه‌وڕۆ له میحنه‌ت میلله‌تی مه‌غدووری کورد گه‌ینه ئاوات و مه‌رامی خۆ هه‌موو ڕه‌نجووری کورد بێکه‌س و بێ ده‌ر بوو[1] ئه‌مما تۆ گه‌یشتی، بوویه که‌س هه‌ر بژی بۆ لاگریی مه، ئه‌ی ڕه‌ئیس جمهووری کورد زۆر له‌مێژ بوو کورد ده‌ڕۆیشتن، نه‌گه‌ینه ئاره‌زوو تۆ نزیکت کرده‌وه بۆ ئێمه ڕێگه‌ی دووری کورد[2] موڵکی کوردستان به ده‌ست بێگانه پاک وێرانه بوو تۆ له ده‌ستت سه‌ند و بوویه[3] ئامیری مه‌عمووری کورد ئاوه‌دان و گوڵستان و بێ خه‌زانت کرده‌وه به‌و چله‌ی زستان و ڕێبه‌ندانه خوار و ژووری کورد هیممه‌تی تۆ بوو له سه‌ر هه‌ر هه‌رد و به‌رزایی[4] وڵات ده‌یشه‌کێنێ بای فه‌ڕه‌ح به‌یداغی سه‌وز و سووری کورد هێزی کوردستان ده‌له‌رزێنێ هه‌موو شێری ژیان عه‌رز ئه‌له‌رزێ وا له ژێر پێی ئه‌فسه‌ر و مه‌ئمووری کورد ئه‌ی "زرنگ"! تۆش ڕۆح و گیانی خۆت فیدای ئه‌و زاته که تابڵێن پێت ئافه‌رین ئه‌ی ڕۆڵه‌یی[5] مه‌شهووری کورد! (شوێن: ؟ [ده‌بێ "گه‌ردیگلان" بێت]، ڕێکه‌وت: [8 ی ڕێبه‌ندانی] ساڵی 1324 ی هه‌تاوی، بۆ هه‌ڵکردنی ئاڵا) لاپەڕە 84 ی چاپی جه‌عفه‌ر (ئه‌ویش له ڕۆژنامه‌ی کوردستان، چاپی مه‌هاباد، ژماره 8 ی وه‌رگرتووه)؛ له چاپی ئەنیسیدا نییه. ______________________________________________ ئه‌م پارچه شیعره ته‌نیا له لاپه‌ڕه 84 ی چاپی جه‌عفه‌ردا هه‌یه و له‌وێدا گوتراوه شیعره‌که له ژماره 8 ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ساڵی 1324 [1946] وه‌رگیراوه. من سه‌یری ئه‌و ژماره‌یه‌ی ڕۆژنامه‌ی "کوردستان" چاپی مه‌هابادم کرد و شیعره‌که‌م دۆزییه‌وه. له لاپه‌ڕه 7 ی ڕۆژنامه‌که‌دا، شیعره‌که‌ی سه‌یدکامیل به دوای شیعرێکی مامۆستا خالید حیسامی (هێدی) دا هاتووه که ئه‌وده‌م نازناوی شیعریی "شێواو" بووه. شیعری شێواو بۆ هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له بۆکان گوتراوه به‌ڵام شیعری سه‌ید کامیل ڕێزدانانه بۆ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د.[6] ڕۆژنامه‌که له سه‌ره‌تا و کۆتایی شیعره‌که‌شدا ئه‌م دێڕانه‌ی نووسیوه:
"برای خۆشه‌ویست سه‌ید کامیل ئه‌م شیعرانه‌ی له تاریفی ڕه‌ئیس جمهوری کوردستاندا هه‌ڵبه‌ستووه... و 500 ڕیاڵیشی ده‌گه‌ڵ شیعره‌کان به کۆمه‌کی کارگه‌رانی چاپخانه ناردووه. له لایه‌ن ئیداره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانه‌وه سپاسی لێ ده‌که‌ن."
به‌م پێیه، شیعره‌که له په‌سندی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌ددا گوتراوه و باسێک له هه‌ڵکردنی ئاڵای تێدا نییه. به‌ڵام ده‌زانین له‌و شوێنانه‌ی وا ئاڵای کوردستانی لێ هه‌ڵکرا، یه‌کیشیان گوندی "گه‌ردیگلان" ی مڵکی سه‌ید کامیل بوو که هه‌واڵه‌که‌ی له ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 16، 29 ی ڕێبه‌ندانی 1324 لاپه‌ڕه 4 دا بڵاو بۆته‌وه. که‌وابوو دوور نییه ئاغا سه‌ید کامیل هه‌مان ئه‌و شیعره‌ی وا بۆ پێشه‌وای گوتبوون، 13 ڕۆژ پێش ناردن بۆ ڕۆژنامه‌که، له ڕێ وه‌سمی هه‌ڵکرانی ئاڵا له گه‌ردیگلاندا خوێندبێته‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکار بێت بۆ ئه‌وه‌ی له دیوانه‌که‌دا په‌یوه‌ندیی به هه‌ڵکرانی ئاڵاوه درابێت. له هه‌واڵی ڕۆژنامه‌که‌دا هه‌روه‌ها سه‌ید کامیل به "نایب سه‌دری حزب [ی دیموکڕاتی کوردستان] له بۆکان" ناسێنراوه. واته سه‌ید کامیلی ئیمامی جێگری قازی کاکه حه‌مه‌ی قزڵجی سه‌دری لقی حزب له بۆکان بووه.
ناوه‌رۆکی شیعره‌که، سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه. شاعیر کۆماری کوردستانی ساڵی 1324 به کۆتایی هاتنی میحنه‌تی گه‌لی کورد و دوایی هاتن به وێرانیی کوردستان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و په‌سندی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و "هێز"ی سوپایی کۆمار پێکه‌وه ده‌دات. وشه‌ی "زرینگ" له فه‌ردی مه‌قته‌عی شیعره‌که‌دا ئاماژه‌یه به ناسناوی شاعیر له کۆمه‌ڵه‌ی ژێکافدا و ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌کیشه بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و بۆچوونه که حزبی دیموکڕاتی کوردستان و کۆماری کوردستان له ڕاستیدا درێژه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف بوون و ئه‌ندامانی ژێکاف له کاروبار و ڕێبه‌رایه‌تی کۆمار‌دا ده‌وری سه‌ره‌کییان ده‌بینی. نه‌مر قازی کاکه‌حه‌مه‌ی قزڵجی سه‌دری لقی حزبی دیموکراتی کوردستان له بۆکان، هه‌روه‌ها مامۆستایانی نه‌مر هه‌ژار، حه‌سه‌ن قزڵجی، حاجی ڕه‌حمان ئاغای موهته‌دی، حه‌قیقی، مامه‌قاله‌ی ده‌بباغی و حاجی سمایل ئاغای ئێلخانی زاده که ئه‌وده‌م له بۆکان ده‌ژیان هه‌موویان ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف بوون و دواتر بوون به ئه‌ندامی حزبی دیموکراتیش، ته‌نانه‌ت موهته‌دی و ئێلخانی زاده له کابینه‌ی پێشه‌وادا پۆستی وه‌زاڕه‌تیان وه‌رگرت. هه‌ندێک جیاوازیی بچووک له نێوان ده‌قی دیوانه‌که و ده‌قی ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا به‌رچاو ده‌که‌ون که له په‌راوێزی شیعره‌که‌دا ده‌ست نیشانم کردوون، به‌شێک له جیاوازییه‌کان واهه‌یه به هۆی هاوچه‌شن نه‌بوونی ڕێنووسی ئه‌وده‌م و ئێستاوه خوڵقابێت. وشه‌ی ئه‌سته‌م له شیعره‌که‌دا نابینرێت به‌ڵام وشه‌ی عه‌ره‌بی زۆری تێدایه وه‌ک مه‌غدوور و مه‌عموور و مه‌ئموور و مه‌شهوور و .... به‌یداغ: ئاڵا، عه‌له‌م. وشه‌یه‌کی تورکییه. له فه‌ردی شه‌شه‌می شیعره‌که‌دا هاتووه و جه‌عفه‌ر کردوویه به عینوان بۆ شیعره‌که‌ش؛ به‌ڵام چاپی ڕۆژنامه‌ی کوردستان عینوانی نییه. ئامیر: آمر، فه‌رمانده‌ر. 'ئامیری مه‌عموور' ده‌بێ به واتای فه‌رمانده‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه هاتبێت. ژیان: ئازا، سیفه‌ته بۆ شێر مه: ئێمه به‌حری عه‌رووزی: رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن
[1] . بوون، ڕۆژنامه‌ی کوردستان [2] . تۆ نزیکت کرده‌وه وا له ڕێگه‌ی دووری کورد، ڕۆژنامه‌ی کوردستان [3] . تۆ له ده‌ستت سه‌نده‌وه و بووی، ڕۆژنامه‌ی کوردستان [4] . به‌رزی، ڕۆژنامه‌ی کوردستان [5] . ڕۆضه‌ی، ڕۆژنامه‌ی کوردستان [6] . دوای ئه‌وه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له مه‌هابادی ساڵی 1324 (1946) دا ڕاگه‌یێنرا له زۆر شار و گوندی ده‌وروبه‌ری مه‌هاباد و بۆکان و ئه‌وانی دیکه ئاڵا هه‌ڵکرا و ڕێ و ڕه‌سمی پێشوازی له ئاڵای کوردستان به ڕێوه برا، وتار درا و شیعر خوێنرایه‌وه. له‌و ساڵه‌دا پێگه‌ی شیعر گه‌لێک به‌رز ببووه‌وه و له ڕێ و ڕه‌سمه‌کان و هه‌روه‌ها لاپه‌ڕه‌ی چاپه‌مه‌نییه کوردییه‌کاندا شاعیران هیچ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش وا شاعیر نه‌بوون و به شاعیری نه‌ناسرابوون، شیعریان بۆ کۆمار و پێشه‌وا و ئاڵای کوردستان ده‌گوت. ڕۆژنامه‌ی کوردستان نموونه‌ی زۆری له شیعری ئه‌و که‌سانه تۆمار کردووه و ئێستا له به‌رده‌ستماندایه.
|