دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٣٩ دزیومه‌ته‌وه
یار دڵی بردبووم شه‌وێک به‌دزی من به ڕۆژێکی ڕوون دزیومه‌ته‌وه! تا قڕ وفڕ نه‌کا به فیز و بڵێ کۆرپه‌که‌ی من له شیر بڕیومه‌ته‌وه من قه‌ریحه‌م فرۆشتبوو هه‌رزان به گرانتر به‌ڵام کڕیومه‌ته‌وه! چونکێ قافیه‌م نه‌ما، به پاڵه‌په‌سۆ هاتم و گورجێ تێخزیومه‌ته‌وه! له هه‌زار که‌ند و کۆسپ و به‌رز و نه‌وی له سه‌دان چۆم و ئاو په‌ڕێومه‌ته‌وه دێمه مه‌یدانی هۆنه‌رانی به‌ڕێز[1] پایزه وه‌ک گه‌ڵا وه‌ریومه‌ته‌وه گه‌رد وتۆزی گوڵم له گوڵشه‌ندا به په‌ڕوپۆی دڵم سڕیومه‌ته‌وه که نه‌خۆش بووم، بڕابوو کفنه‌که‌شم ئه‌وچه‌لیش خۆ شوکور دڕیومه‌ته‌وه ئه‌وه "ئاوات" بوو وون ببوو لێمان، له که‌ژ وکۆی ئه‌وین بوو، دیومه‌ته‌وه! (قاقڵاوا، 1355 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 216 و 217 ی چاپی جه‌عفه‌ر؛ له چاپی ئەنیسیدا نییه. ______________________________________________ ئه‌م پارچه شیعره له لاپه‌ڕه 216 و 17 ی چاپی جه‌عفه‌ردا هه‌یه و له‌وێدا گوتراوه : "مامۆستا حه‌قیقی و ئاغا سه‌ید قادری سه‌یاده‌ت و حاجی سه‌ید جه‌میلی هاشمی له سه‌ر ئه‌م قافیه و ڕه‌دیفه هه‌رسێکیان شیعر و نامه‌یان گۆڕیبۆوه، ئیمامیش بۆوه‌ی بێ به‌ش نه‌بێ ئه‌م شیعره ده‌ڵێ." به‌داخه‌وه هیچکام له‌و سێ شیعره له په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌که‌دا نه‌هاتوون و من لێره له دووره‌وڵاتی نازانم کامیان یه‌که‌مجار چی گوتووه و ئه‌وانی دیکه چ وه‌ڵامێکیان داوه‌ته‌وه، یان له ڕه‌دیفی ئه‌ودا چی‌یان هێناوه. هه‌رچی هه‌یه، له ڕسته‌ی سه‌ره‌وه وا ده‌رده‌که‌وێت که ئیمامی دوای ئه‌و سێ که‌سه شیعری خۆی گوتبێت. بۆ ڕوون بوونه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که سه‌یری دوو کۆمه‌ڵه شیعری مامۆستا حه‌قیقی واته 'دیوانی حه‌قیقی' و 'کۆلکه‌زێڕینه' ( هه‌ردوکیان چاپی چاپه‌مه‌نی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییووبی له ورمێ) م کرد و شیعرێکی مامۆستا‌م له لاپه‌ڕه 41 ی کۆلکه زێڕینه‌دا بینییه‌وه که وێده‌چێت هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا گوترابێت. شیعره‌که ناوی "بۆ سه‌ید عه‌بدولقادری سه‌یاده‌ت" ه و هه‌ر له یه‌که‌م فه‌ردیدا ده‌رده‌که‌وێت له وه‌ڵامی شیعری ئه‌ودا گوترابێت. که‌وابوو ده‌بێ یان سه‌ید عه‌بدولقادری سه‌یاده‌ت یان سه‌ید جه‌میلی هاشمی یه‌که‌مجار شیعرێکیان له سه‌ر ئه‌و کێش و سه‌روایه گوتبێت ئینجا حه‌قیقی و ئاواتیش وه‌ڵامیان دابێته‌وه. من شاره‌زایی زۆرم له سه‌ر شیعری سه‌ید جه‌میلی هاشمی- برازای ئیمامی، نییه و ته‌نیا بیستوومه شاعیرێکی لێهاتوو بێت. به‌ڵام شیعری سه‌یاده‌تم بینیوه که نازناوی شاعیریی "سه‌یید" ه و هه‌ستم ئه‌وه‌یه سه‌ره‌تا ئه‌و بێت که شیعره‌که‌ی گوتبێت ئینجا مامۆستا حه‌قیقی و پاشان هاشمی و له دواییشدا ئیمامی 'ئیستیقباڵ' ی ئه‌ویان کردبێت. \ئه‌وه شیعره‌که‌ی مامۆستا حه‌قیقییه: عوزر وموزرت قه‌بووڵ نییه سه‌یید! / قافیه‌ت بۆ نه‌هێشتوومه‌ته‌وه! زۆر شوکور جاروباره دێمه‌وه بیر / به چه‌لێکی له‌بیر نه‌چوومه‌ته‌وه له نه‌زه‌ر شاعیرانی هاوچه‌رخم / هه‌ر حه‌قیقیم، مه‌حو نه‌بوومه‌ته‌وه حاسڵی شیعره‌کانی ساڵانم / تازه ئه‌وساڵ بڕێک دروومه‌ته‌وه ئێسته‌که‌ش بووکی جوانی شیعری قه‌دیم / شوێنی ماچی منی به ڕوومه‌ته‌وه! پایزه، کاتی ڕاوه، ساڵی قه‌دیم / بێ نه‌چیرێک و دوو، نه‌چوومه‌ته‌وه ڕاوکه‌رێ کوانێ بێنێ که‌روێشکێ / تا نه‌برشاوه که‌شکی، سوومه‌ته‌وه قافیه‌ت هێنده سه‌خت و ناجۆره / چی وتووته، منیش وتوومه‌ته‌وه جا له‌به‌ر وه‌ی، به قه‌ولی تۆ، ئه‌منیش / هه‌ر بنێشتێکی جووته، جوومه‌ته‌وه من و تۆ ته‌بعمان وه‌کوو مه‌ته‌یه / ده‌یسمین شیعری ڕه‌ق به دوو مه‌ته‌وه! وه‌ک ده‌بینین، شیعری ئیمامی وه‌ک شیعره‌که‌ی حه‌قیقی ته‌نزئامێز و شیرین و له‌به‌ردڵانه. هه‌وڵیداوه له‌و گۆڕه‌پانه به‌رته‌سکه‌ی وا کێش و سه‌روای سێ شیعری پێش خۆی بۆیان هێشتۆته‌وه بابه‌تێکی دۆستانه و به‌تام و ناجیددی بنووسێت که نووسیویه‌تی و زوریش سه‌رکه‌وتوو بووه تێیدا. 'ڕۆژ و شه‌و' هه‌روه‌ها 'دزین و دزینه‌وه'، سه‌نعه‌تی "تضاد" یان تێدا به‌کار هاتووه. قڕ وفڕ ده‌ربڕینێکی فارسییه و واتای خوبادانی هه‌یه. واته نه‌کا یار به فیز و ئیفاده‌وه بڵێ من کۆرپه‌ی شیعری ئه‌وم له شیر بڕیوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌تا ئه‌و قه‌ریحه و مرخه‌ی وا نه‌ممابوو سه‌رله‌نوێ خستوومه‌ته‌وه گه‌ڕ؛ گه‌رچی ئێوه قافیه‌تان بۆ نه‌هێشتبوومه‌وه به‌ڵام من گورجێ تێخزامه‌وه و توانیم شیعره‌که بڵێم! ئینجا هه‌ندێک به شان و باڵی خۆیدا هه‌ڵده‌ڵێت و ڕایده‌گه‌یێنێت که هاتۆته‌وه مه‌یدانی "هۆنه‌رانی به‌ڕێز" که دیاره هه‌مان ئه‌و سێ که‌سه‌ن وا له سه‌ره‌وه باسیان لێوه کرا. دڕیومه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کفن. کفن دڕین واته زیندوو بوونه‌وه و هه‌ڵه‌سوون هێنانه‌وه. ئه‌وچه‌لیش، ئه‌مجاره‌ش وشه‌ی 'ئاوات' ئیهامی تێدایه: واتای نزیکی هیوا وئاواته و واتای دووری نازناوه‌که‌ی خۆیه‌تی واته من سه‌ری خۆم هه‌ڵگرتبوو و چووبوومه کێ وشاخی ئه‌وین به‌ڵام ئێستا گه‌ڕاومه‌ته دواوه و هاتوومه‌ته‌وه ناو جه‌رگه‌ی دۆستان به‌حری عه‌رووزی: خفیف مسدس مخبون محذوف فعلاتن مفاعلن فعلن[2]
[1] . [2] . وه‌ک پێشریش ڕامگه‌یاندووه، زانیاری سه‌باره‌ت به به‌حری عه‌رووزی شێعره‌کان له چاپی جه‌عفه‌ر وه‌رده‌گرم. گه‌رچی خۆم هه‌ندێک له بابه‌ته‌که ده‌زانم به‌ڵام شاره‌زایی ته‌واوم لێی نییه و پشت به‌و زانیارییانه ده‌به‌ستم که له‌و سه‌رچاوه‌یه‌دا ڕاگه‌یێنراوه. هیوادارم که‌سانی پسپۆڕ ئه‌گه‌ر چه‌وتییه‌کیان تێدا به‌دی کرد پێمی ڕابگه‌یێنن. ده‌ستی ئه‌و که‌سه خۆش بێت که کاره‌که‌ی به‌رێوه بردووه.
|