دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٤٠ زستان[1]
یاخودا زستان به‌خێرێ، چونکه وه‌ک یاری منه! سارد وسڕ، بێ میهر و بێ مه‌یله، جه‌فاکاری منه ڕووی له سه‌ر کوێستانه‌کان تاڵه، به ڕق هاتۆته‌وه هه‌ر وه‌کوو یار دێته‌وه ماڵێ، به ئازاری منه به‌رگ وباری دار وگوڵزاری به شه‌خته کرد نه‌خۆش هه‌ر وه‌کوو جه‌رگ و دڵ و گیانی برینداری منه تک تکه‌ی گوێسوانهکانی وه‌ک زوخاوی[2] من ده‌چێ ڕه‌نگی سیخواری وه‌کوو ڕیشی سپیکاری منه بۆ سپیکاری عه‌جه‌ب وه‌ستایه زستان، چاوه‌که‌م! وه‌ک خه‌می من مووی سپی کردووم و میعماری منه چه‌رخی گه‌ردوون بۆ له‌سه‌ر من، به‌ختی من، نادا[3] خولێک؟ هه‌ر له‌سه‌ر یه‌ک لاته‌نیشته، هه‌روه‌ها باری منه پێچه‌وانه‌ی خۆی، که جاران چه‌رخ و خول بوو، کاری[4] ئه‌و هه‌ر ده‌ڵێ شان و ملی کامیل وه‌فاداری منه! (قاقڵاوا، 1356 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 206 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 22 ی چاپی ئەنیسی.
______________________________________________ شیعره‌که ته‌نزێکی نه‌رم ونیانی تێدایه. شوبهاندنی یاری بێ میهر به زستانی ساردوسڕ ته‌عبیرێکی تازه‌یه و هه‌ربۆیه‌ش، جوانه. له پێنج فه‌ردی سه‌ره‌تادا شێعره‌که غه‌رامییه و گله‌ییه له یاری بێوه‌فای جهفاکار که ئازاری شاعیر ده‌دات، به‌ڵام له دوو فه‌ری کۆتاییدا سووڕێک به ناوه‌رۆکی شیعره‌که ده‌درێت و ده‌بێته گله‌یی له چه‌رخی گه‌ردوون که جۆچی به پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی ئه‌و ده‌گه‌ڕێت.
له شیعره‌که‌دا، هه‌وری زستان وه‌ک ڕووی یاری شاعیر، تاڵه و تووڕه‌یه و سه‌رما وسهخڵهت ده‌بارێنێ و ئازاری شاعیر ده‌دات. 'ڕوو تاڵ بوون' سیفه‌تێکه بۆ هه‌وری ڕه‌ش که بارشتی به‌دواوه‌یه. به‌رگ وبار: گه‌ڵا و میوه‌ی دار. شه‌خته: سه‌رمای پاییز که زه‌رعات خراپ ده‌کا؛ سه‌هۆڵ؛ سۆڵ؛ یه‌خ؛ به‌سته‌ڵه‌ک (هه‌نبانه بۆرینه) شاعیر جه‌رگ و دڵ و ئه‌ندامی خۆی، که برینداری ده‌ستی جه‌فای یارن، به به‌رگ وباری شه‌خته لێدراو وبرینداری ده‌ستی زستان ده‌شوبهێنێت. هه‌روه‌ها زووخاوی دڵی خۆی به‌هاوشێوه‌ی دڵۆپه ئاوی گوێسوانان ده‌زانێت و 'ڕیشی ئاماڵ سپی' خۆیشی وه‌ک ڕه‌نگی سیخواران (زوقم) ده‌بینێت که سپییه. گوێسوان: گوێسوانه، گوێسه‌بانه، پاساره، سوانه (هه‌نبانه بۆرینه)؛ ئه‌و به‌شه‌ی سه‌ربانه که له دیوار دێته پێشه‌وه بۆئه‌وه‌ی باران به دیوار و په‌نجه‌ره‌کاندا نه‌یه‌ته خواره‌وه و خشتی دیوار نهتلیسێنێتهوه. سیخوار: سیخار، سیخ، زوقم، خووسار، خوبز، ئاڵشت، خووس (هه‌نبانه بۆرینه). ئه‌گه‌ر شاعیر له فه‌ردی چواره‌مدا 'سپیکار' ی هرک ئاوه‌ڵناو و به واتای 'ئاماڵ سپی' و هاوڕه‌نگی سیخوار هێنابوو، له فه‌ردی دواتردا به‌واتای کرداری سپی کردنه‌وه‌ی دیواری ده‌هێنێت و ده‌ڵێ زستان وه‌ستایه‌کی سه‌یری سپیکاری کردنه و وه‌ک چۆن خه‌مه‌کانم موویان لێ سپی کردووم، ئه‌ویش لێم بۆته وه‌ستا و میعمار و سپیکاریم بۆ ده‌کات! پێکهوههێنانی سێ وشه‌ی سپیکاری و وه‌ستا و میعمار له‌م فه‌رده‌دا، که‌ڵک وه‌رگرتنه له سه‌نعه‌تی جیناس یان 'مراعات النظیر'. چه‌رخی گه‌ردوون بۆ له‌سه‌ر من....: شاعیر ده‌ڵێ له‌به‌ر به‌دبه‌ختی منه که چه‌رخی گه‌ردوون له‌سه‌رم ناکاته‌وه و لایه‌نم ناگرێت ده‌نا ده‌بوایه خولێکی بخواردایه و به باری چاکدا بسووڕایهت. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌پرسێت بۆچی چه‌رخی گه‌ردوون له سه‌ر لاتهنیشتێکدا که‌وتووه و ناجووڵێت و ناگۆڕێت؟ له عه‌ینی کاتدا باری قورسی سهرشانیشمه. له‌سه‌ر لاته‌نیشت بوون و به‌لادا که‌وتن واته خواربوونه‌وه و وه‌رگه‌ڕان و له دۆخی ئاسایی ده‌رچوون. واهه‌یه هاوشێوه‌ی ئه‌و ته‌عبیره له زمانی فارسی‌دا بریتی بێت له "چپ افتادن" و به سه‌ر شانی چه‌پدا که‌وتن و چاکه‌ی شاعیر نه‌ویستن. له ئه‌ده‌بی کۆنی ناوچه‌که‌دا هه‌میشه لای ڕاست چاکه و لای چه‌پ، خراپ. هه‌موو شا و حاکم و ده‌سه‌ڵاتدارێکی نه‌ریتیش، به گوێره‌ی ئه‌و باوه‌ڕه، وه‌زیرێکی ده‌سته ڕاستی هه‌یه که ته‌نیا خوازیاری کاری چاکه‌یه و وه‌زیرێکی ده‌سته‌چه‌پ که خراپه و خواروخێچی لێ داوا ده‌کات. فه‌ردی کۆتایی له ڕاستیدا درێژه‌ی فه‌ردی پێش خۆیه‌تی و له‌وێدا ڕووی قسه‌ی له چه‌رخی گه‌ردوونه که ده‌ڵێ: ئه‌و چه‌رخه‌ی وا جاران هه‌ر خه‌ریکی چه‌رخ و خول و وه‌رسووڕان بوو، بۆچی ئێستا له سه‌ر شان وملی منی شاعیر چه‌قی به‌ستووه و لاناچیت؟ لێره‌دا شاعیر ئه‌و بۆچوونه‌ی وه‌رگرتووه که چه‌رخ هه‌میشه بۆ هونه‌رمه‌ند و مرۆڤی باش و زه‌حمه‌تکێش پێچه‌وانه ده‌سووڕێت نه‌ک به مه‌ڕامی دڵی. به‌و ته‌عبیره، گه‌ردوون هه‌میشه بارێکی قورسه به سه‌ر شانی خه‌ڵکانی کردارچاکهوه. حافزی شیرازیش گله‌یی له‌به‌ختی خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ: "چرخ گردون گر دو روزی بر مراد ما نگشت / دایما یکسان نماند حال دوران، غم مخور" لێره‌دا، جیاوازی نێوان هه‌ڵوێستی دوو شاعیر واته ئاوات و حافز ئه‌وه‌یه حافز هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گله‌یی و بناشت له بارودۆخی ئێستای ژیانی خۆی و خه‌ڵک ده‌کات، به دواڕۆژی ژیانیان گه‌ش بینه و دڵی خۆی ده‌داته‌وه که خه‌م مه‌خۆ، حاڵی ده‌وران وه‌ک ئێستا نامێنێت! به‌ڵام گه‌ش بینییه‌کی ئه‌وتۆ له‌م شیعره‌ی ئاواتدا به‌دی ناکرێت و شاعیری ئێمه، له‌ژێر کارتێکه‌ریی سۆفیایهتیدا، دواڕۆژێکی ڕوون بۆ خۆی و بۆ خه‌ڵک نابینێت؛ گه‌رچی له شیعره سیاسییه‌کانیدا گه‌لێک گه‌شبینتر ده‌رده‌که‌وێت. چاره‌نووس دانه ده‌ست چه‌رخ و گه‌ردوون و کائینات، ئه‌گه‌ر لێی بکۆڵییه‌وه، چه‌شنه بیدعهتێکه و له‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ری باوه‌ڕی ئیسلامی‌دا یه‌ک ناگرێته‌وه. به‌گوێره‌ی فێرکردنه‌کانی ئیسلام، سه‌ره‌هه‌ودای هه‌موو کارێکی ئه‌م جیهانه، له ده‌ست خودادایه و جگه له‌و، هیچ مرۆڤ یان دیارده‌یه‌کی دیکه ناتوانێت چاره‌نووسی که‌ون دیاری بکات. ئه‌م شیعره‌ی جه‌لاله‌دین مه‌وله‌وی له به‌رانبه‌ر بۆچوونی حافز و ئاواتدا ده‌وه‌ستێت یان به گوێره‌ی سه‌رده‌می ژیانیان، باشتره بڵێم ئه‌وان له به‌رانبه‌ر مه‌وله‌ویدا ده‌وه‌ستن: "این رسن های سبب ها در جهان / هان و هان، زین چرخ سرگردان مدان!" که چه‌رخی گه‌ردوونی به چه‌رخ و گوریسی سه‌ر چاڵاو شوبهاندووه و به به‌رگۆی شیعره‌که‌ی ده‌ڵێ ده‌ستم به داوێنت، سه‌ره‌په‌تی هۆکاره‌کان له ده‌ستی چه‌رخێکدا مه‌بینه که خۆی سه‌رگه‌ردانه و نازانێت بۆ کوێ ده‌چێت! له فه‌ردێکی دیکه‌ی هه‌مان ئه‌و شیعره‌دا مه‌وله‌وی ده‌ڵێ "تۆ چه‌رخ و گوریس (که ئامڕازی ئاوهه‌ڵکێشان له بیری ئاون) ده‌بینی، به‌ڵام هۆکاری گه‌ڕان و سووڕانی ئه‌و چه‌رخه نابینی و نازانی چ ده‌ستێک ده‌یسووڕێنێت"- که دیاره مه‌نزووری خودایه. به‌حری عه‌رووزی شیعره‌که: رمل مثمن محذوف، فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن.[5] [1] . عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا "ڕیشی سپیکار" ه. دیاره عینوانه‌کان هی شاعیر خۆی نین و به گوێره‌ی سه‌لیقه‌ی ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ر دانراون. [2] . 'زووخاوی' له چاپی جه‌عفه‌ردا. ئه‌نیسی وه‌ک 'زوخاوی' تۆمار کردووه. به بۆچوونی من نابێ واوه‌که زۆر درێژ بکرێته‌وه ده‌نا کێشی شیعره‌که تووشی گرفت دێت. هه‌ر بۆیه‌ش من به یه‌ک واوی ده‌نووسم. [3] . '‘به‌ختی من نادا' له چاپی ئه‌نیسیدا [4] . 'چه‌رخ و خول بو کاری ئه‌و' له چاپی ئه‌نیسیدا.
[5] . وه‌ک پێشتریش گوتوومه، ته‌قتیعی عه‌رووزیی شیعره‌کان خۆم نه‌مکردوون و ڕاسته‌وخۆ له چاپی جه‌عفه‌رم وه‌رگرتوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا باوه‌ڕی زۆرم به لێزانی خۆم نییه. جا تکایه هه‌رکه‌س هه‌ڵه‌یه‌کیان تێدا به‌دی ده‌کات با ئاگادارم بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌که ساغ بکه‌مه‌وه.
|