دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژماره ٤١ ئهمهژینه؟
تۆخوا ئه‌مه ژینه که وه‌ها که‌وتمه شه‌شده‌ر؟ ڕێی چوونهدهرم هه‌ر به خه‌ویش نایه‌ته‌وه به‌ر هه‌رکه‌س به هه‌وایێک[1] و به سازێ له سه‌مایه ئه‌منیش نه هه‌وام ماوه نه ساز و نه ههماوهر خوایه چ ته‌لیسمێکه که من که‌وتمه نێوی! چه‌ند مه‌حکه‌م و بێ ڕێگه‌یه، وه‌ک سه‌ددی سکه‌نده‌ر! ئه‌عزام که به قوڕدا چووه، زیندانی به‌ڵایه ئه‌م مه‌سکه‌نه، جێی بێکه‌س و مسکینه سه‌راسه‌ر هه‌ر چوومه ده‌رێ، خۆزگه به ناوماڵێ ده‌خوازم گه‌ر دێمه‌وه ژوورێ که‌چی ئاواتمه بۆ ده‌ر! زوو سهڵتهنهتم بوو، که‌چی ئێستا ئه‌وه سه‌ڵتم جاران وه‌کوو شا بووم و ئه‌وێستاکه قه‌له‌نده‌ر مه‌نفوور[2] و سه‌گ و بێ ئه‌ده‌ب و شه‌رم و حه‌یایه، هه‌رکه‌س بگرم من چ به نۆکه‌ر چ به سه‌روه‌ر! وه‌خته وه‌کو دێوانه وهکێوی بده‌م ئه‌وڕۆ[3] غه‌م قووتمه، غه‌م بهرگمه، غه‌م هه‌مده‌م و یاوه‌ر (قاقڵاوا، 1337 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 91 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 36 و 37 ی چاپی ئەنیسی.
______________________________________________ شیعره‌که له ساڵی 1337 دا گوتراوه- یه‌ک له ساڵانی ڕه‌شی دوای کۆدیتای 28 ی گه‌لاوێژی 1332 ی شا و سیا دژ به حکوومه‌تی موسه‌ددیق و زاڵبوونی حکوومه‌ت نیزامیی ته‌یمووری به‌ختیار و ڕوکنی دووی ئه‌ڕته‌ش به سه‌ر وڵات‌دا، که له ئه‌نجامیدا ژماره‌یه‌کی زۆری کورد و چه‌پی غه‌یره کورد گیران و خرانه زیندانه‌وه. ئه‌وده‌مه، دوو ساڵێک بوو که حکوومه‌ت نیزامی جێگه‌ی خۆی دابوو به ڕێکخراوه‌ی تازه دامه‌زراوی ساواک و لقی ڕێکخراوه‌که له سنه و سه‌قز و مه‌هابادیش کرابووه‌وه. به ماوه‌یه‌کی که‌م دوای ئه‌و شیعره واته له ساڵی 1338 دا هه‌میسان خه‌ڵکێکی زۆر له موکریان به تاوانی هاوکاری کردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گیران و برانه زیندانه‌کانی ورمێ و ته‌ورێز و قزڵ قه‌لعه‌ی تاران.
ژیننامه‌ی ئاوات به قه‌ڵه‌می خۆی، له سه‌ره‌تای دیوانی چاپی ئه‌نیسیدا (لاپه‌ڕه یازده) باسی دووساڵ گیران و له زینداندا مانه‌وه‌ی خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ "... له سه‌ره‌تای ساڵی 1327 دا ئازاد کرام و هاتمه‌وه ماڵێکی ساردوسڕ و بێ نان و ئاو، چونکه منداڵه‌کانم ورد بوون و ته‌نیا کاکم پێیان ڕاده‌گه‌یشت ئه‌ویش خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوو...".
شیعری سه‌ره‌وه پیشانده‌ری ژیانی ئه‌و ساڵانه‌ی شاعیره، ژیانێک که وێده‌چێ دواتریش سه‌قامی نه‌گرتبێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیننامه‌ی شاعیر له چاپی جهعفهریشدا (لاپه‌ڕه 37) باسی شێواوی ژیانی ده‌کات له ساڵی 1350 دا به هۆی هه‌ڵسووڕاویی سیاسی و چوونه گه‌رمێن و هاتنه‌وه و گیرانی دووباره‌ی، ئه‌وه‌ش ماوه‌ی 12 – 13 ساڵێک دوای گوترانی ئه‌م شیعره‌یه.
شیعره‌که ئاوێنه‌ی ژیانی مرۆڤێکی به‌رپرسی گیرۆده‌ی داوی جاڵجاڵووکه‌ی ساواک و شۆڤار و مرۆڤانی ناپاکی خۆجێ ییه، که نازانێ چۆن له شهشدهریان بچێته ده‌ره‌وه. ناته‌واویی ژیان و ئه‌رکی به‌خێوکردنی خاووخێزان سه‌رباری ده‌ردی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی بووه و له‌و فه‌زا فیکرییه‌دا قه‌تیس ماوه‌ته‌وه. هه‌ندێک خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌بینێت که هه‌رکام به سازێک و هه‌وایێک هه‌ڵده‌په‌ڕن و خه‌ریکی ڕابواردن و خێر وخۆشین، خۆیشی ده‌بینێت که ئه‌و هێزه ئههریمهنییانه په‌راوێزیان خستووه و ده‌ره‌تانیان لێ بڕیوه، ئینجا له نێوان دوو به‌رداش دا گیر ده‌خوات: له لایه‌ک باوه‌ڕی قورس و قایم به ڕێبازه سیاسییه‌که‌ی خۆی که ڕێچکه‌ی خه‌باته و نایه‌وێت به‌جێی بهێڵێت، له لایه‌کیش زه‌خت و زۆری ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و مه‌ئمووره ناوچه‌ییه‌کانیان که ژیانیان لێ تاریک کردووه و لێناگه‌ڕێن به ده‌ردی خۆی داکه‌وێت و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵاتنی ڕۆژی ڕووناک بێت. ئه‌وه ڕاست ئه‌و بارودۆخه‌یه که شیعری 'ئه‌مه ژینه؟' ی تێدا گوتراوه.
عینوانی شیعره‌که له هه‌ردوو چاپی ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ردا، یه‌که.
له شه‌شده‌ر که‌وتن، بێ ده‌ره‌تان و ده‌سته‌وه‌ستان مانه‌وه‌یه.
ڕێگا نه‌هاتنه‌وه به‌ر، بۆ که‌سێکه پێشتر ڕێگای ڕۆیشتنی هه‌بووبێت به‌ڵام دواتر ئه‌و ده‌ره‌تانه‌ی نه‌مابێت. هه‌م ئاوه‌ر، ههماوردی فارسی به واتای حه‌ریف و ڕه‌قیبه گه‌رچی لێره‌دا تا ڕاده‌یه‌ک وێده‌چێت واتای هاوڕێی هه‌بێت.
زیندانی به‌ڵایه، ده‌بێ نیاز له له‌شی خۆی بێت که بۆته زیندانی به‌ڵا بۆ ئه‌ندامه‌کانی له‌شی خۆی و ئه‌وه‌ش بۆچوونێکی سۆفییانه‌یه که چوارچێوه‌ی له‌ش به 'زیندان'ی ڕۆح ده‌زانن و لایان وایه مرۆڤی خوداناس ده‌بێ خۆیان له‌و زیندانه ئازاد بکه‌ن، هه‌ربۆیه‌ش مردن به ڕزگاریی ده‌زانن.شێخ عه‌بدولره‌حمانی تاڵه‌بانی له شیعرێکی فارسی‌دا که ته‌فسیرێکی پڕ ناوه‌رۆکی 18 فه‌ردی سه‌ره‌تای مه‌سنه‌وی مه‌ولانای ڕۆمییه، ده‌ڵێ: "پخته آن باشد که جسم خویش باخت / خویش را از خویشتن بیگانه ساخت مغز را آگند و برافکند پوست / ماند خالی از خود و پرشد ز دوست..." مه‌گه‌ر وشه‌که وه‌ک 'زیندانی' بخوێنینه‌وه و بڵێین به‌ڵا زیندانه‌که‌یه و ئه‌عزای له‌ش بوونه‌ته زیندانیی ئه‌و زیندانه.
'ئه‌م مه‌سکه‌نه' ئیهامی تێدایه: واتای نزیکی له‌شی خۆیه‌تی و درێژه‌ی فه‌ردی پێشووه؛ واتای دووری ده‌توانێ بریتی بێت له کۆمه‌ڵگاکه و شوێنی ژیانی شاعیر واته کوردستان که جێی بێکه‌س و مسکینانه و ئاواتی تازه له زیندان ئازاد کراو خه‌می ئه‌و هه‌ژارییه‌ی خه‌ڵکیه‌تی که دیارده‌یه‌کی هه‌مه‌گیره و شاعیر نازانێ له‌و مه‌سکه‌نه پڕ مه‌ینه‌تییه‌دا بچێته کوێ و چی بکات. دوور نییه له‌و ساڵه ڕه‌شانه‌دا هه‌بووبێتن دۆست و براده‌ری وا که له ترسی ساواک نهیانوێرابێت هاتوچۆی ئاوات بکه‌ن و گه‌رم وگوڕییهکهی جارانیان له‌گه‌ڵیدا نه‌مابێت، ئه‌وه‌ش دڵی ناسک و هه‌ستیاری ئاواتی ڕه‌نجاندبێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چووبێته ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، خێرایه‌ک گه‌ڕابێته‌وه ماڵێ و له ناو قابغی خۆیدا کڕ که‌وتبێت.
سه‌ڵت و سه‌ڵته‌نه‌ت پێکه‌وه هێنان، سه‌نعه‌تی 'تضاد' ه و جوانه. به هه‌مان شێوه شا و قهلهندهریش.
مه‌نفوور، نه‌فره‌ت لێکراو وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه، ئاوات له شیعره‌کانیدا که‌ڵکی له گه‌لێک وشه و ته‌عبیری فارسی و عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه. ده‌قی ئه‌نیسی له جیاتی مه‌نفوور، 'مهبغووز' (مبغوض)ی هێناوه که ئه‌ویش عه‌ربییه و به واتای که‌سێکه که خه‌ڵک ده‌یبوغزێنن واته خۆشیان ناوێت. شاعیر ئه‌و سیفه‌تانه‌ی بۆ خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری خۆی هێناوه، چ ئه‌وانه‌ی وا خزمه‌تی ده‌که‌ن و چ ئه‌وانه‌ی وا خۆی خزمه‌تیان ده‌کات و دیاره ده‌بێ دڵێ زۆر لێیان ڕه‌نجا بێت. ئه‌وه‌ش بۆ که‌سێک که زیندانی سیاسی بووه و دوای هاتنه‌ده‌ر له زیندانیش له‌ژێر چاوه‌دێریی مه‌ئمووران و جاسووسانی ساواکدایه و خه‌ڵک نا‌وێرن ڕووی تێ بکه‌ن یان هاتوچووی ماڵی بکه‌ن، سه‌مه‌ره نییه.
ئه‌نجامی ئه‌و چه‌شنه ژیانه بۆ هه‌ستیارێکی دڵ ناسکی وه‌ک سه‌ید کامیل ده‌بێ چی بێت جگه له‌وی غه‌م بخوات و غه‌م له‌به‌ر بکات و گه‌م ببێته هاوده‌م و یاریده‌ده‌ری؟ که ئه‌وه‌ش مه‌قته‌عی شیعره‌که‌یه.
به‌حری عهرووزییه: هزج مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول مفاعیل مفاعیل فعولن
[1] . ده‌قی جه‌عفه‌ر وه‌ک "به هه‌واڵێک" ی تۆمار کردووه. من ده‌قی ئه‌نیسیم پێ ڕاست بوو و ڕه‌چاوم کرد. هه‌وا واته له‌حن و ئاواز له‌گه‌ڵ ساز و سه‌ما هاوواتایه به‌ڵام 'هه‌واڵ' له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو ته‌عبیره‌ی دیکه‌دا نایه‌ته‌وه. به تایبه‌ت که له میسراعی دووهه‌می هه‌مان فه‌رددا هه‌وا و ساز پێکه‌وه دووپات بوونه‌ته‌وه. لام وایه ئه‌وه‌ی ده‌قی جه‌عفه‌ر هه‌ڵه‌ی جاپه و له چاپه‌کانی دواتردا ده‌بێ ساغ بکرێته‌وه. [2] . مهبغووز: چاپی ئه‌نیسی [3] . ئه‌مڕۆ: چاپی ئه‌نیسی
|