دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژماره ٤٢ چ بکه‌م؟
به یادی شه‌معی ڕوخسارێکی، دڵ ئیحیا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ به شه‌وقێکی وه‌ها، چاری شه‌وی یه‌ڵدا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ وه‌کوو مه‌جنوونی ماڵ کاول ده‌ر وده‌شت بۆته مه‌ئوای من له حه‌یفی عاقڵان، خۆم شێتی ڕووی له‌یلا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ له کۆڕی عیشقبازاندا نه‌ماوه قه‌دری ڕۆح و سه‌ر وه‌کوو په‌روانه بۆ ڕووی ئه‌و، به‌ڕۆح سه‌ودا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ ده‌ڵێن یار خاکی به‌رپێی سورمه‌یه، بۆ چاومی دێنم به کوێرایی ڕه‌قیبی لامه‌زه‌ب ئه‌ی وا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ به شه‌رتێ بێته لام، شه‌رته سه‌رم دانێم له پێناوی ئه‌گه‌ر بۆ گاوگه‌ردون[1] ڕۆح و سه‌ر ژێرپا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ له دووریی[2] وی گه‌دام و دێته لام، وه‌ک شا ده‌بینم خۆم له چوون[3] و هاتنی، خۆم وه‌ک گه‌دا، وه‌ک شا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ ئه‌گه‌ر با بۆنی تۆ بێنێ، ئیمامی وا ده‌ڵێ گیانه که من ڕۆح و سه‌رم قوربانی ڕێگه‌ی با نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ (گه‌ردیگلان، 1320 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 140 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 14 ی چاپی ئەنیسی. ______________________________________________ به بۆچوونی من شیعره‌که تاقی کردنه‌وه‌ی مرخی شاعیری و پیشاندانی وه‌ستایی و لێزانیی بواری شیعر و ناسیاوبوونی شاعیره له‌گه‌ڵ سه‌نعه‌ته عه‌رووزییه‌کان. هه‌روه‌ها پێ نانه جێ پێی مه‌حوییه، که ده‌ڵێ:
"به نووری باده که‌شفی زوڵمه‌تی ته‌قوا نه‌که‌م ، چ بکه‌م؟ / به شه‌معێکی وه‌ها چاری شه‌وێکی وا نه‌که‌م ، چ بکه‌م؟"
به‌شێک له شاعیرانی سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له سه‌ر هه‌مان سه‌روا و ڕه‌دیفی شیعره‌که‌ی مه‌حوی و جاروبار به هه‌مان کێش یان کێشێکی هه‌ندێک جیاوازه‌وه ئیستیقباڵی شیعره‌که‌ی مه‌حوییان کردووه. بۆ نموونه، هێمن ده‌ڵێ: "دێت و ڕاده‌برێ وه‌کوو سه‌روی ره‌وان، من چ بکه‌م؟ / که به قوربانی نه‌که‌م ڕۆح و ڕه‌وان، من چ بکه‌م؟"[4]
هه‌ژاریش له شیعرێکدا بۆ پێکه‌نین که له سه‌ره‌تاکه‌یدا نووسیویه‌تی "ده‌مه‌لاسکه‌ی مه‌حویم کردۆته‌وه"، ده‌ڵێ: "له که‌رکووکم به ئاب[5]، ئاره‌ق له‌به‌ر گه‌رما نه‌که‌م، چ بکه‌م؟/ که به‌رچایی به ماستی شل، به پیاڵێک چا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟"
هه‌روه‌ها حه‌قیقی پێنج خشته‌کییه‌کی له سه‌ر هه‌مان شیعری مه‌حوی ]پێک هێناوه که ئاوا ده‌ست پێده‌کات: "نیساری ڕێی که‌سێ سه‌د گه‌وهه‌ری یه‌کتا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟/ به شه‌مسی، مانگی دڵ پڕ شوعله و ئیحلا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟"
له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا چه‌ند شاعیری دیکه‌ی کورد ڕه‌چاوی ئه‌و شیعرانه‌ی مه‌حویی یان هێمنیان کردووه که زیاتر له فه‌یسبووکدا بڵاو بوونه‌ته‌وه. بۆ نموونه، نه‌مر سوله‌یمان چیره (هێرش) شیعرێکی پێنج خشته‌کی له شیعرێکی مامۆستا هێمن و خۆی دروست کردووه که ئاوا ده‌ست پێده‌کات: "دۆست و یاران كـــــــه هه‌موو سه‌ربه‌هه‌وان من چبکه‌م / نــــــــــــه له‌مان سیله نیگایه‌ک، نه له‌وان، من چبکه‌م؟"
به‌شێک له وشه و زاراوه و ته‌عبیره‌کانی ناو شیعری ئاوات له فارسیشدا هه‌ن و زۆر وشه‌ی عه‌ره‌بیشی وه‌ک که‌ره‌سه‌ی شیعرسازییه‌که‌ی خۆی به‌کار هێناوه. پیشتریش دیومانه و گوتوومه که ئاوات په‌روای له که‌ڵک وه‌رگرتن له وشه و زاراوه‌ی عه‌ره‌بی یان فارسی نییه و هه‌ر ئه‌وه‌ش له کاره‌که‌یدا سه‌رکه‌وتووی کردووه. ئاوات لای که‌م لێره‌دا به شوێن دیداری دڵداری شیعره‌وه‌یه و نه سیاسه‌ت ده‌کات و نه له نووسینی ئه‌و ته‌عبیراته عه‌ره‌بی و فارسییه‌دا ده‌ستی ده‌له‌رزێت: "قافیه اندیشم و دلدار من / گویدم مندیش جز دیدار من!" (مه‌ولانای ڕۆمی)
وشه و ته‌عبیری فارسی: ڕوخسار، یه‌ڵدا، عیشق بازان، په‌روانه، و ... وشه و ته‌عبیری عه‌ره‌بی: ئیحیا، مه‌جنوون، له‌یلا، مه‌ئوا، سه‌ودا، ڕه‌قیب، لامه‌ز[ه]ه‌ب، و... وشه و ته‌عبیری تایبه‌ت به موکریان (مه‌هاباد): ڕوخسارێکی، له حه‌یفی، وی.
له حه‌یفی، له داخی
یه‌ڵدا، شه‌وی کۆتایی پایز و سه‌ره‌تای زستان، که درێژترین شه‌وی ساڵه.
کۆڕ، ئه‌نجومه‌ن، کۆبوونه‌وه و دانیشتنی به‌کۆمه‌ڵ.
عیشق بازان، ئه‌وانه‌ی وا کار وپیشه‌یان ئه‌ویندارییه. ته‌عبیرێکی فارسییه؛ بۆ نموونه، نیزامی گه‌نجه‌وی له وتووێژی خوسره و فه‌رهاد (مه‌نزوومه‌ی شیری و فه‌رهاد)دا، ده‌ڵێ: "بگفتا جان فروشی در ادب نیست / بگفت از عشقبازان این عجب نیست!" سه‌عدیش دوای نیزامی ده‌ڵێ: "ای بر در سرایت غوغای عشقبازان / همچون بر آب شیرین آشوب کاروانی!"
سورمه و چاو و کوێرایی، سه‌نعه‌تی مراعات النظیریان تێدا به‌کار هاتووه و به‌رپێ و چاویش سه‌نعه‌تی تضاد.
به شه‌رتێ و شه‌رته پێکه‌وه هێنان له یه‌ک میسراعدا، گه‌لێک کارێکی جوانه.
ژێر پا کردن، واته به په‌له ڕۆیشتن و گوێنه‌دانه هیچ. شاعیر ده‌ڵێ: بۆ ئه‌وه‌ی ببمه گاوگه‌ردوونی یار و بمکه‌نه قوربانیی ئه‌و، هێنده به په‌له ده‌ڕۆم که هه‌مووشتێک به‌ژێر پاوه ده‌که‌م.
کۆکردنه‌وه‌ی سه‌نعه‌تی تضادی نێوان گه‌دا و شا، هه‌روه‌ها چوون و هاتن و دووری و دێته‌لام له لایه‌ک و سه‌نعه‌تی لف ونشری نێوان هه‌رسێکیان له یه‌ک فه‌رددا ئه‌وپه‌ڕی مامۆستایی و لێزانیی ئاوات ده‌گه‌یێنێت. له‌فف و نه‌شره‌که 'موڕه‌تته‌ب' ه نه‌ک 'موشه‌ووه‌ش' واته دووری یار ده‌یکاته گه‌دا و به هاتنیشی ده‌بێت به شا.
شیعره‌که، له دیوانی چاپی ئه‌نیسیشدا هه‌مان عینوانی "چ بکه‌م" ی هه‌یه به‌ڵام به بێ نیشانه‌ی پرسیار و وه‌ک یه‌ک وشه: چبکه‌م.
به‌حری هزج مثمن سالم: مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن [1] . گه‌ردوون، چاپی جه‌عفه‌ر [2] . دوری، چاپی ئه‌نیسی و دووری، چاپی جه‌عفه‌ر [3] . چون، ئه‌نیسی [4] . من ڕێکه‌وتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و شیعره‌ی مامۆستا هێمن نازانم هه‌ربۆیه‌ش ناتوانم بڕیار بده‌م ئاوات چاوی له شیعری ئه‌ویش بووه یان نا. دیاره ئه‌گه‌ر شیعری هێمن دوای 1320 گوترابێت که ڕێکه‌وتی هۆنینه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی ئاواته، ئیتر حیسابه‌که به‌رئاوه‌ژوو ده‌بێت. [5] . مانگی ئاب، مانگی هه‌شته‌می ساڵ، ئوگۆست. |