دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژماره ٤٣ بۆ هاواڵی ڕۆیشتوو
له‌و وه‌خته‌وه ڕۆیشتووه لام هێزی دوو ئه‌ژنۆم هاوڕه‌نگی گوڵی زه‌ردم و هاوده‌نگی کزه‌ی خۆم په‌روانه‌م و ئه‌مما نییه[1] شه‌معێ که بسووتێم خه‌م بوو[2] که وهراندوویه له‌من هه‌رچی په‌ڕ وپۆم یا بولبولم و نیمه گوڵی باخ و له داخان له‌م قۆنجڕه هێلانه‌یه، وێرانه‌یه، ناڕۆم! هه‌سته وه‌ره‌وه ڕۆحی ڕه‌وان، مایه‌یی ژینم هه‌رچێکی خه‌تای تۆیه، ئه‌من ده‌یخه‌مه ئه‌ستۆم 'کامیل' به ته‌نێ مایه‌وه، ئه‌ژنۆیه‌تی هاواڵ بۆیه به خه‌م و ده‌رده‌وه ئێستێ دهسهوئهژنۆم! (قاقڵاوا، 1341 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 133 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 92 ی چاپی ئەنیسی. ______________________________________________ عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا 'بولبولی بێ گوڵ' ه.
گومانم له‌وه‌دا نییه ئه‌م شیعره‌ش له سه‌رده‌مێکدا گوترابێت وا سه‌ید تاهیر ی کوڕی شاعیر و چه‌نده‌ها که‌سی دیکه له لاوانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات چووبوونه یاریده‌ی شۆڕشی ئهیلوول له باشوور و له‌وێ کۆنگره‌ی دووهه‌می حزبی دیموکڕات له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د ته‌وفیق (عه‌بدوڵڵای ئیسحاقی) دا، به‌سترا. سه‌ید تاهیری کوڕی شاعیر یه‌ک له‌و که‌سانه بوو و خه‌ڵکانی ناسراوی دیکه‌ی ئاوات وه‌ک کاک سه‌لاحی موهته‌دی و نه‌مر محه‌ممه‌دی ئێلخانی زادهشی له‌گه‌ڵ بوون که دۆست و هاوبیری ئاوات و کوڕه‌که‌ی بوون.
به بۆچوونی من 'عینوان' ی شیعره‌که به هه‌ڵه دانراوه و ئه‌و شیعره بۆ هاواڵ [هه‌ڤاڵ] ی شاعیر نه‌گوتراوه که بۆ نموونه، ده‌یتوانی یه‌ک له‌و دوو که‌سه بێت وا له سه‌ره‌وه ناوبردهم کردن. به‌ڵکوو ڕووی قسه‌ی ئاوات ڕاسته‌وخۆ له سه‌ید تاهیری کوڕیه‌تی، ئه‌وه‌ش به چه‌ند نیشانه‌ی ناو شیعره‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت: 1. ته‌عبیری وه‌ک 'هێزی دوو ئه‌ژنۆم' و 'ڕۆحی ڕه‌وان' و 'مایه‌ی ژین' ده‌بێ بۆ که‌سێکی گه‌لێک نزیکی شاعیر بێت نه‌ک ناسیاو و دۆست؛ 2. خاڵی له‌وه‌ش به‌هێزتر ئه‌و شوێنه‌ی شیعره‌که‌یه وا ده‌ڵێ: "هه‌سته وه‌ره‌وه ... هه‌رچێکی خه‌تای تۆیه، ئه‌من ده‌یخه‌مه ئه‌ستۆم". بۆچوونی من ئه‌وه‌یه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئاشکرایه که به‌رگۆی شیعره‌که، سه‌ید تاهیری کوڕی شاعیره که باوکی ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه و خۆیشی ببێته زامن و که‌فیلی بۆ ئه‌وه‌ی ساواک ده‌ستی له‌کۆڵ بکاته‌وه.
له‌بیرمان نه‌چێت که له ماوه‌ی هه‌ر ئه‌و ساڵانه‌دا به هۆی ناکۆکییه‌کانی ناو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له لایه‌که‌وه و هه‌وڵی ساواک و سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی ئهیلوول بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران و دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش له لایه‌کیتر، هه‌روه‌ها به هۆی ناکۆکی نێوان بارزانی و ده‌فته‌ری سیاسی (برایم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانی)یه‌وه، زۆرێک له‌و لاوانه‌ی وا چووبوونه گه‌رمێن، گه‌ڕانه‌وه ئێران و ئه‌مان نامه‌یان وه‌رگرت، یان له‌گه‌ڵ باڵی "شۆڕشگێڕ" ی حزب که‌وتن و شه‌هید بوون.
له به‌شه‌کانی پێشووی ئه‌م زنجیره‌یه‌دا باسی دوو پارچه شیعری دیکه‌ی ئاواتیشم کردووه که له هه‌مان ئه‌و ساڵانه و ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌دا گوتراون و ڕوویان له سه‌ید تاهیره.
به‌ڵام هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی له چاپی جه‌عفه‌ردا عینوانی هه‌ڵه بۆ شیعره‌که دانراوه ده‌بێ مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسی بێت و ئه‌و ڕاستییه‌ی که کۆماری ئیسلامی و دام و ده‌زگای سانسۆڕ له وه‌زاڕه‌تی ئیڕشاد له به‌رانبه‌ر ڕاستییه‌کانی خه‌باتی کورد له‌و ساڵانه‌دا حه‌ساسن و به دڵنیایی عینوانه‌که، یان جه‌عفه‌ر خۆی بۆی داناوه یان له قۆناغی ئیجازه وه‌رگرتنی چاپ لای وه‌زاڕه‌تی ئیڕشادی مه‌لاکان، مه‌جبوور کراوه بیگۆڕێت و ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌رهێناوه.
دیاره من له دووره وڵاتی ئه‌و بۆچوونانه ده‌رده‌بڕم و که‌ره‌سه‌ی پێویستم بۆ پرس وجۆ و لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی نییه و هه‌ربۆیه‌ش گه‌لێک گونجاوه هه‌ڵه بکه. که‌وابوو، ئه‌گه‌رێکیش ئه‌وه ده‌بێت شاعیر شیعره‌که‌ی بۆ هاوڕی و دۆست و هه‌ڤاڵێکی نزیکی خۆی گوتبێت که زۆری خۆش ویستووه و به نووری چاوی خۆی زانیوه. به‌و بۆچوونه‌وه‌وه ده‌توانم بڵێم عینوانی دانراوی جه‌عفه‌ر بۆ شیعره‌که له شوێنی خۆیدایه به‌ڵام بۆ کێ گوتراوه، نازانرێت.
وشه و ته‌عبیری ناو شیعره‌که:
په‌ڕ وپۆ، باڵ وپه‌ڕ
قۆنجڕ، نه هه‌نبانه بۆرینه‌ی هه‌ژار و نه فه‌رهه‌نگی خاڵ ئه‌م وشه‌یه‌یان نه‌گرتووه[3]. من وا هه‌ست ده‌که‌م واتای شوێنێکی ته‌نگه‌به‌ر بداته‌وه. گومان له‌وه‌دا نییه که نیازی له شوێنه‌که، هێلانه واته ماڵی خۆیه‌تی که به وێرانه‌ی داده‌نێت ئه‌ویش دوای 'ڕۆیشتنی هێزی دوو ئه‌ژنۆی' واته ئه‌و که‌سه‌ی وا شیعره‌که بۆ ئه‌و گوتراوه.
ته‌نێ، ته‌نیا و بێ هاوده‌م
'هاوده‌نگی کزه‌ی خۆ بوون' و 'به خه‌م و ده‌رده‌وه دهسهوئهژنۆ بوون' دوو ته‌عبیری جوانن.
به‌حری عه‌رووزیی شیعره‌که: هزج مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول مفاعیل مفاعیل فعولن |