دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٤٤
وه‌ره‌وه گیانه
کێیه وه‌ک تۆ له مه‌به‌ست ڕامێنێ؟ بیر وباوه‌ڕ به گه‌لی بنوێنێ له قوڕی نه‌گبه‌ت و چاڵاوی سته‌م شڕه‌که‌ی خۆی و گه‌لی ده‌ربێنێ کێیه وه‌ک ئێوه به بیر وڕا بێ، مافی کوردان به قه‌ڵه‌م بستێنێ؟ دڵم ئاوێنه‌یه 'ئه‌ی گه‌وره‌ی دین'! جاروبار دیمه‌نی تۆ ده‌نوێنێ وه‌ره‌وه بۆ وه‌ته‌نی کوێستانت چ ده‌که‌ی تۆ له هه‌وای گه‌رمێنێ؟ بۆ ئه‌وه‌ی تۆزی نه‌بێ ڕێگاکه‌ت، چاو ده‌کا تک تکه ئاوپڕژێنێ بۆ سڵاوێکی له هاوڕێکانت دڵه‌که‌م کۆتری هه‌ڵده‌فڕێنێ وه‌ره‌وه گیانه، هه‌واخوات زۆرن یه‌ک له‌وان هۆنه‌ره، بۆت ده‌خوێنێ کوڕی کورد هه‌ر وه‌کوو خۆی ماوه‌ته‌وه تۆوی داوات له وڵات دەڕوێنێ هه‌ر به ئاواته‌وه ماوم، قوربان تاوه‌کوو باغی هیوا به‌ر دێنێ بولبولی باخته 'ئاوات' ی پیر هه‌ر به ئاواته‌وه ده‌چریکێنێ (قاقڵاوا، 1360 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 249 و 250 ی چاپی جه‌عفه‌ر، له چاپی ئه‌نیسیدا نییه.
|
هه‌ست ده‌که‌م یه‌ک یان دوو فه‌ردی سه‌ره‌تای شیعره‌که داکه‌وتبێت.
بابه‌ت و ناوه‌رۆکی شیعره‌که ڕوونه: خه‌باتکارێکی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه چۆته باشوور و ئاوات به‌م شیعره داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لێده‌کات.
ساڵی 1360 [1981 و 82] سێ ساڵێک دوای شۆڕشی ئه‌م دواییه‌ی گه‌لانی ئێرانه که مه‌لاکان دزییان و بردیان بۆ خۆیان. ئه‌وه سه‌رده‌مێکه که حزبه سیاسییه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات دوای شه‌ڕێکی چه‌ند ساڵه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، ناوچه‌که‌یان چۆڵ کردبوو و ئاوای دیوی باشوور ببوون.
شیعره‌که ڕوو له کێ و بۆ کێ گوتراوه:
ئه‌و که‌سه، هه‌رکه‌س هه‌یه، ئاوات سێ جار وه‌ک 'تۆ'، جارێک وه‌ک 'ئێوه' و جارێکیش وه‌ک 'گه‌وره‌ی دین' ڕووی خیتابی تێده‌کات، ڕێزی لێ ده‌گرێت و پێی ده‌ڵێت 'قوربان!' هه‌روه‌ها به خاوه‌ن بیر وڕایه‌کی ده‌زانێ که که‌سی دیکه ناتوانێت وه‌ک ئه‌و 'له مه‌به‌ست ڕابمێنێ'؛ مه‌به‌ست چییه؟ داخوازییه‌کانی گه‌لی کورد؟ ته‌نیا ئه‌وه که 'مافی کوردان به قه‌ڵه‌م ده‌ستێنێ' و 'هه‌واخوای زۆرن'. ئه‌و که‌سه له کاتی هۆنرانه‌وه‌ی شیعره‌که‌دا له گه‌رمێن واته له باشووری کوردستانه به‌ڵام له‌وێ ته‌نیا نییه و ئاوات سڵاو له هاوڕێکانیشی ده‌کات.
که‌سێکی ئه‌وتۆ ده‌توانێ کێ بێت؟
به گوێره‌ی ته‌عبیری 'هاوڕێکان'، ئه‌و که‌سه ده‌بێ ئه‌ندامێکی حزبه سیاسییه‌کانی کورد بێت (دێموکڕات یان کۆمه‌ڵه) که 'مافی کوردان به قه‌ڵه‌م ده‌ستێنێ' و دوور نییه له ڕێبه‌رانی حزبه‌که‌ش بێت. به‌ڵام خیتابی 'ئه‌ی گه‌وره‌ی دین' وا ده‌کات زیاتر بیر له مه‌لا و ڕێبه‌رێکی ئایینی بکه‌ینه‌وه. له‌و ساڵانه‌دا مه‌لا و فه‌قێیه‌کی زۆری کورد له‌گه‌ڵ حزبه‌کان که‌وتبوون و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌سته‌مه ته‌نیا به یارمه‌تی شیعره‌که بزانرێت نیازی شاعیر کامه‌یان بووه. من لێره له دووره وڵاتی و به نه‌بوونی سه‌رچاوه و ده‌ست ڕانه‌گه‌یشتن به که‌س وکاری شاعیر، ئه‌سته‌م بتوانم ئه‌و مه‌ته‌ڵۆکه‌یه هه‌ڵبێنم.
به‌ڵام ڕاست یان هه‌ڵه لام وایه شیعره‌که ڕووی له نه‌مر مامۆستا شێخ عیزه‌دینی حوسه‌ینییه، که هه‌ر له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له زێدی خۆی ئاواره ببوو و له باشووری کوردستان ده‌ژیا وپاشان په‌ره‌وازه‌ی سوئێد بوو. به‌ڵام کاتێ ده‌ڵێ 'دڵم ئاوێنه‌یه و جاروبار دیمه‌نی تۆ ده‌نوێنێ'، ده‌بێ که‌سه‌که دۆستی نزیکی شاعیرش بووبێت، جا نازانم به حیسابی ئه‌و دۆستایه‌تی و نزیکایه‌تییه، بۆچوونه‌که‌ی من له جێی خۆیدا ده‌مێنێت یان ده‌شێوێت؟ هیچ ئاگاداری ئه‌وه نیم په‌یوه‌ندی ئاوات و مامۆستا شێخ عیزه‌دین چه‌نده گه‌رم وگوڕ بووه یان نه‌بووه. با ئه‌و که‌سانه‌ی شاره‌زای مه‌سه‌له‌که‌ن دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته چه‌وتیی بۆچوونه‌که‌م بۆ ڕاست بکه‌نه‌وه.
جگه له مامۆستا شێخ عیزه‌دین، واهه‌یه ئه‌گه‌رێکی دیکه شێخ جه‌لالی حوسه‌ینی سه‌رۆکی ڕێکخراوه‌ی خه‌بات بێت. کێی دیکه؟ که‌سێک له شێخانی زه‌نبیل یان تورجان؟
ڕامان، بیر لێکردنه‌وه
شڕه له قوڕ و له چاڵاو ده‌رهێنان، ڕزگار کردنه
کوێستان، رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
گه‌رمێن، باشووری کوردستان
هه‌واخوا، لایه‌نگر
هۆنه‌ر، شاعیر، نیاز ئاوات خۆیه‌تی
داوات، داوای تۆ، داواکاری و داخوازیی تۆ
ئاوات، ناسناوی شاعیر، هه‌روه‌ها 'ئاره‌زوو'- که بریتی بێت له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
باخته، باخی تۆیه.