دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٤٥
ڕۆژگاری تاڵ
گڕی ته‌نووری کڵۆڵیم به تین بوو، بوومه پنه‌ی نزیک بوو ده‌رچێ گیانم[1] له‌به‌ر گڕ و گرپه‌ی که‌چی به‌داخه‌وه ترشا هه‌ویر و پێزی نه‌ما منیش که ڕۆیبوو هێزم، کوتم ئه‌جه‌ل، سا ده‌ی! له ساڵی سی ویهکهوه تا گه‌یشته په‌نجا و پێنج، نه‌بوو سه‌عاتێکی ئاسووده بم، بڵێم ئۆخه‌ی! چ ڕۆژگارێکی تاڵ بوو که من تێیا ده‌ژیام! له کاتی ڕۆژ وشه‌وان هه‌ر کوتم خودایا، وه‌ی! به ئاخ وداخه‌وه نووستم[2] ، به ئێشی دڵ هه‌ستام دڵم ئه‌وه‌نده زه‌عیف بوو، له‌پڕ دڕا په‌رده‌ی کڵؤڵی ده‌وری تهرنیبووم، نه‌مابوو ڕێگه هه‌ڵێم نیشانی دا به منی هه‌ڵوه‌دا خودا، ڕێگه‌ی به پیری مه‌رگه‌وه ڕۆیم که‌چی به لوتفی خودا نه‌سیمی ژینی نوێ هات، ژیاوه[3] دڵ به شنه‌ی گه‌ڕاوه لام هه‌موو فیکر و خه‌یاڵی ڕابردووم به زیکری حه‌ول و قه‌وه‌ت بۆ خودای باقی و حه‌ی به پیری که‌وتیه چاڵ و نه‌جاتی دای یه‌زدان له بیری قه‌ت مه‌به‌وه تۆ ئیمامی! تاکوو هه‌ی![4] (قاقڵاوا، 1355 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 191 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 54 ی چاپی ئه‌نیسی [1] . چاپی ئه‌نیسی: گییانم (دیاره به هۆی کێشی شیعره‌که‌وه ده‌بێ هه‌ر واش بخوێنرێته‌وه). [2] . هه‌ردوو دیوانی ئه‌نیسی و جه‌عفه‌ر: نوستم [3] . چاپی ئه‌نیسی: ژییاوه (پیتێکی /ی/ به زیادی دانراوه و پێویستیش نییه). [4] . چاپی ئه‌نیسی: هه‌رتا هه‌ی
|
عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا 'ته‌نووری کڵۆڵی' یه، که له فه‌ردی یه‌که‌می شیعره‌که وه‌رگیراوه. عینوانی چاپی جه‌عفه‌ریش هه‌ر له فه‌ردی چواره‌م وه‌رگیراوه و وادیاره شاعیر خۆی عینوانی بۆی دانه‌ناوه ده‌نا ده‌بوو هه‌ردوولا ڕه‌چاویان بکردایه.
شیعره‌که ساکاره به‌ڵام گرێیه‌کی گه‌وره‌ی تێکه‌وتووه. شاعیر چه‌رده‌یه‌ک له ژیانی تاڵی خۆی ده‌گێڕێته‌وه و له ساڵی 1331 به‌دواوه تا ساڵی 1355 واته ساڵی گوترانی شیعره‌که (1953 تا 1976 ی زایینی) هه‌مووی به دوور له ئاسووده‌یی و تاڵی و ئاخ وداخ و ئێشی دڵ وه‌سف ده‌کات. جێگه‌ی پرسیاری من ئه‌وه‌یه ئایا له ساڵی 1355 دا چ قه‌وماوه که 'به لوتفی خودا نه‌سیمی ژینی نوێ هاتووه و دڵی شاعیری خستۆته‌وه شنه'؟ من به هه‌واڵی هیچ ڕووداوێکی گرنگی سیاسی یان کۆمه‌ڵایه‌تی چ له کوردستان و چ له ئێران نازانم که له‌و ساڵه‌دا کارتێکهیی ئه‌وه‌ی بووبێت ژیانی که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک سه‌ید کامیل تووشی گۆڕانێکی وا گرنگ بکات و بکرێ شاعیر کات و ساتی دوای ئه‌و به 'ژینی نوێ' بزانێت، مه‌گه‌ر بڵێین ڕووداوه‌که شه‌خسی یان بنه‌ماڵه‌یی بووه وه‌ک ڕزگار بوونی خۆی له نه‌خۆشییه‌ک و....شتێکی هاوشێوه. من هیچ زانیارییه‌کم له‌وباره‌یه‌وه نییه.
له دوو فه‌ردی یه‌که‌می شیعره‌که‌دا شاعیر کڵۆڵیی خۆی به ته‌ندوورێکی به‌تین و گڕ و گرپه ده‌شوبهێنێت که نزیک بووه گیانی لێ بستێنێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ته‌ندووره گه‌رمه، هه‌ویر [ی خواست وئاواتی؟] ده‌ترشێت و [به‌هۆی پیرییه‌وه] وه‌ها بێ پێز ده‌بیت که خۆی به ته‌ندووره‌وه ناگرێت و ده‌که‌وێته خواره‌وه و ده‌سووتێت، واته نان [ی ژیانی] لێ به‌رهه‌م نایه‌ت و له ئه‌نجامدا، شاعیر به‌ره‌وپیری مه‌رگ ده‌چێت. ئه‌و ڕه‌وته ناخۆشه‌ی ژیانیش هه‌ر له ساڵی 1331 ه‌وه بووه هه‌تا 1355 و ئه‌وده‌م به هۆی ڕووداوێکه‌وه که پێمان ناڵێت چییه، "به لوتفی خودا نه‌سیمی ژینی نوێ هه‌ڵیده‌کات و دڵی به شنه‌ی ئه‌و نه‌سیمه ده‌ژیێته‌وه، فیکر و خه‌یاڵی ڕابردووی ده‌گه‌ڕێته‌وه لای و ....بۆ ئه‌و یارمه‌تییه گه‌وره‌یه‌ش، ده‌بێ خودا قه‌ت له‌بیر نه‌باته‌وه."
هیچکام له دوو ژیننامه‌ی شاعیر که له دیوانه چاپکراوه‌کاندا هه‌ن، باسێک له‌و ساڵی 1355 ه ناکه‌ن. جه‌عفه‌ر ده‌ڵێ سه‌ید کامیل "له ساڵی 1350 دا بۆ ماوه‌ی ساڵێک تووشی زیندان بۆته‌وه" و ئیتر شوێنی چوار ساڵ دواتری ناگرێت. تاکه شتێک که بمێنێته‌وه و بکرێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه په‌نای بۆ ببرێت، ئه‌و شوێنه‌ی شیعره‌که که ده‌ڵێ "دڵم ئه‌وه‌نده زه‌عیف بوو، له‌پڕ دڕا په‌رده‌ی". واهه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌ش کلیلی کردنه‌وه‌ی مهتهڵۆکهکه بێت. به گوێره‌ی شیعره‌که، دوور نازانرێت شاعیر له ساڵی 1355 دا به ئازاری دڵ نه‌خۆش که‌وتبێت یان تووشی وه‌ستانی دڵ هاتبێت، ئیتر به هۆی عه‌مه‌لیاتێکی سه‌رکه‌وتووی دڵه‌وه، مه‌ترسی مردنی له سه‌ر ڕه‌ویبێته‌وه و گهڕابێتیهوه سه‌ر ژیانی ئاسایی. هه‌ر بۆ ئه‌و یارمه‌تییه گه‌وره‌یه‌ش منه‌تباری خودایه و ده‌ڵێ ده‌بێ هه‌رگیز له بیری نه‌که‌م.
ئه‌وه ئه‌گه‌ری یه‌که‌مه ده‌توانم له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا به ڕاستی بزانم و له شیعره‌که‌ی هه‌ڵکڕێنم. ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌که له شوێنی خۆیدا بێت، شاعیر تاوانی کڵؤلی و نه‌خۆشی و زه‌عیفی و ئازاری دڵی خۆی هه‌موو ده‌خاته ئه‌ستۆی بارودۆخی ناله‌باری سیاسی دوای ساڵی 1331 که ده‌یگه‌یێنێته ڕووداوه ناخۆشه مه‌ترسیداره‌که‌ی ساڵی 1355.
ئه‌گه‌ری دووهه‌م ده‌کرێ ئه‌وه بێت که سه‌ید کامیل له ساڵێ 1355 دا چووبێته سه‌فه‌ری حه‌ج و وه‌ک ئیماندار و سۆفییه‌کی ڕاسته‌قینه، به‌و کاره گه‌یشتبێته هێمنایه‌تییه‌کی ڕۆحی. ئه‌وه‌ش بۆچوونێکی زۆر لاواز و نزیک به سیفره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیننامهکانی ناو هه‌ردوو چاپی دیوانه‌که‌ی ئاماژه به بوونی ناکه‌ن و وێناچێت هه‌ر ڕوویدابێت.
- ته‌نوور، ته‌ندوور
- پنه، ته‌خته‌یه‌ک که گونتکه نانی له‌سه‌ر پان ده‌کرێته‌وه (هه‌ژار، هه‌نبانه بۆرینه)
- پێز، کێش و هێز(هه‌ژار، هه‌نبانه بۆرینه)
- ساڵی 1331 ساڵی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێرانه دژ به حوکمی په‌هله‌وی که گه‌یشته ئه‌نجامی کۆدیتای 28 ی گه‌لاوێژی ساڵی 1332 ی ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاواییه‌کان، گیرانی دوکتۆر محه‌ممه‌دی موسه‌ددیق و گه‌ڕانه‌وه‌ی محه‌ممه‌د ڕه‌زاشا بۆ سه‌ر تاج و ته‌ختی ئێران. ئه‌و ساڵه، به تایبه‌ت له مێژووی ناوچه‌ی بۆکانیشدا گرنگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناو شار و گونده‌کانی ناوچه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی دوو ڕاپه‌ڕینی هاوکاتیان دژ به ئاغاواتی چه‌وسێنه‌ری شار ودێ به‌خۆیه‌وه بینی، که دوا به‌دوای کۆدیتاکهی تاران، ئه‌وانیش به پیلانی حکوومه‌تی نیزامی شا و ئاغاواتی ناوچه‌که سه‌رکوت کران. من ئاگاداری هه‌ڵوێستی ئاوات له‌و ساڵه‌دا نیم به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌ن مڵکیش بوو، لام وا نییه لایه‌نی خه‌ڵکی به‌ردابێت و پشتی چه‌وسێنه‌رانی گرتبێت.
- ساڵی 1355، لووتکه‌ی زه‌بر وزه‌نگی ڕژێمی په‌هله‌وی بوو له ئێران. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له 1356 به‌دواوه له کزیی دا و له 1357 دا ڕووخا.
- نووستم، خه‌وتم
- به زیکری حه‌ول و قه‌وت بۆ خودا، واته خوێندنه‌وه یان وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئایه‌ی 'لاحول و لا قوة الابالله'.
- یه‌زدان و ئێزه‌د له سه‌رده‌می زهردهشتایهتیدا به ورده خودا واته ئه‌و خودایانه ده‌گوترا که له چاو ئه‌هورامه‌زدا گرنگایه‌تی پله‌ی دووهه‌میان هه‌بوو (بۆ نموونه، میترا و ئاناهیتا). به‌ڵام له فارسی نوێ‌دا واتای ڕه‌های خودای هه‌یه.
به‌حری عه‌رووزی:
مجتث مخبون محذوف: مفاعلن فعلاتن، مفاعلن فعلن.