دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)
نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
پارچە شیعری ژماره ٤٨
دۆعای ڕۆژان
هه‌ر ڕۆژ هه‌ڵات، دۆعا و ته‌مه‌ننامه تا شه‌وێ کاکه! قه‌زات له خۆم و له هه‌رچی هه‌مه، که‌وێ! قوربان! به زاتی پاکی خوداوه‌ندی زولجه‌لال گه‌ر بمده‌نێ به‌هه‌شتی به‌رین بێ تۆ، نامه‌وێ جاه و جه‌لال و ژین و حه‌یاتم به تۆوه‌یه بێ تۆ وجوودی من چییه؟ که‌وتووم ئه‌وا له‌وێ کاکه! هومێدی من به خودا وایه به‌و زووه سه‌روی قه‌دت له باغی ئه‌ماندایه، نانه‌وێ ڕه‌ببی نه‌وی نه‌بی، نه‌نه‌وی، ون نه‌بی له چاو نه‌چیه ده‌رێ له‌دڵ، که دڵم هه‌ر ئه‌تۆی ده‌وێ هه‌رکه‌س به‌تۆ دژه، نه‌بێ یاڕه‌ب له‌سه‌ر زه‌وی! کوێر وزه‌لیل و که‌ڕ بێ که‌سێکی ئه‌تۆی نه‌وێ! ڕۆحی نیساری خاکی به‌ری پێته "کامیل"ت بۆ چاوه‌نۆڕی سه‌روی قه‌دت، بۆچی ناته‌وێ؟ (قاقڵاوا، 1353 ی هه‌تاوی) لاپەڕە 255 ی چاپی جه‌عفه‌ر و 43 ی چاپی ئه‌نیسی
|
عینوانی شیعره‌که له چاپی ئه‌نیسیدا 'دۆعا وتهمهننا' یه.
له په‌راوێزی شیعره‌که‌ی چاپی جه‌عفه‌ردا نووسراوه: "بۆ خزمه‌ت 'حاجی سه‌ید محه‌ممه‌د نوورانی.'" ڕاگه‌یاندنێکی ئه‌وتۆ له چاپی ئه‌نیسیدا نییه به‌ڵام بێ ئه‌و ڕاگه‌یاندنه و له ڕێگه‌ی خیتابی 'کاکه'وه دوور نه‌بوو بزانرێت شیعره‌که بۆ کاکی گوتراوه و ئه‌ویش حاجی سه‌ید محه‌ممه‌دی نوورانییه که به شێخی زه‌نبیل ناسراوه و ماڵ و خانه‌قای له گوندی زه‌نبیلی نێوان سه‌قز وبۆکان بوو.
نامه‌ی شیعری نووسین بۆ که‌س وکار یه‌ک له‌و ژانرانه‌یه وا له دیوانی ئاواتدا نموونه‌ی که‌م نین و من به‌م شیعره ده‌مه‌وێت ئاگاداری خوێنه‌ر بکه‌مه‌وه که زنجیره‌یه‌ک له‌و شیعرانه هاوڕێ له‌گه‌ڵ شیعری ناسراو به ئیخوانیات واته ئه‌و شیعرانه‌ی وا شاعیر بۆ دۆست و براده‌ر و ناسیاو و هاوکاری خۆی گوتوون، به‌شێک له دیوانی شیعره‌کانی ئاواتیان گرتۆته خۆ و گه‌رچی هه‌ندێک جار زۆریش شه‌خسی و تاکه‌که‌سین، به‌ڵام دیسان هه‌م که‌سه‌کان و هه‌م ڕووداوی جێگه‌ی باسی شیعره‌کان به‌شێک له مێژووی هاوچه‌رخی وڵاته‌که‌مان پێک دێنن و به‌م بۆنه‌یه‌وه ناکرێت بازیان به سه‌ردا بدرێت و چاویان لێ بپۆشرێت.
سه‌ید محه‌ممه‌دی نوورانی براگه‌وره‌ی سه‌ید کامیل بوو و له شوێنی دیکه‌ی دیوانهکهشدا گه‌لێک به ڕێزه‌وه یادی لێ کراوه و ناوی براوه. دیاره ده‌بێ په‌یوه‌ندی برایه‌تییان زۆر گه‌رم وگوڕ بووبێت؛ له ژیننامهکهشیدا ئاماژه به‌وه کراوه که له ماوه‌ی زیندانی بوونی خۆیدا، براکه‌ی واته حاجی سه‌ید محه‌ممه‌د چاوه‌دێری ژن و منداڵی کردوون.
وێده‌چێت سه‌ید کامیل ئه‌م شیعره‌ی له سه‌رده‌می نه‌خۆشیی حاجی سه‌ید محه‌ممه‌د دا گوتبێت و دۆعای چاکبوونه‌وه‌ی بۆکردبێت؛ به زاراوه‌ی به‌کارهاتووی ناوشیعرهکهشدا وا هه‌ست ده‌کرێت که ناوبراو زۆر نه‌خۆش بووبێت. به‌داخه‌وه نازانم ساڵی وه‌فاتی کاکی چه‌نده بووه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئایا سه‌ید کامیل شیعره‌که‌ی له سه‌ره‌مه‌رگی ئه‌ودا گوتووه یان له کاتی نه‌خۆش که‌وتنێکی زووتریدا؟
وشه‌ی ئه‌سته‌م له شیعره‌که‌دا نییه:
ته‌مه‌ننا، داواکاری به پێداگری.
قه‌زای که‌سێک له که‌سێکی دیکه که‌وتن، باوه‌ڕه به قه‌زا و قه‌ده‌ر و داواکارییه بۆ وه‌رسووڕانی ئه‌و قه‌زایه و چه‌واشه‌کردنی به‌ره‌و بێژه‌ری دۆعاکه. به گوێره‌ی باوه‌ڕی فه‌لسه‌فیی 'جبریون'، ڕووداوه‌کانی ژیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی، له ناوچاوانی مرۆڤ ده‌نووسرێت و گه‌ڕانه‌وه و وه‌رچه‌رخانی بۆ نابێت مه‌گه‌ر به ئیراده‌ی خالیق. ناته‌بایی سه‌مه‌ره له‌م کاره‌دا ئه‌وه‌یه تۆ ده‌بێ باوه‌ڕت به قه‌زا و قه‌ده‌ر هه‌بێت یان نه‌تبێت. ئه‌گه‌ر هه‌تبێ و قه‌زا و قه‌ده‌ری نووسراوی ئه‌زه‌لیی بۆ مرۆڤ ڕاست بێت، چۆن ده‌کرێ به دۆعایه‌ک و چه‌ند وشه‌ی عه‌ره‌بی له سه‌ر که‌سه‌که لاببرێت و بکه‌وێته سه‌ر کابرای دۆعاگۆ؟ دیاره باوه‌ڕمه‌ندانی ئه‌و بۆچوونه چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌شیان کردووه و ئیراده‌ی خوڵقێنه‌ر ده‌خه‌نه ژوور هه‌موو بڕیار و قه‌زایه‌کی نووسراوه‌وه!
جاه و جه‌لال، گه‌وره‌یی
ژین و حه‌یات، ژیان
سه‌رو، دارێکی ڕاستی باڵا به‌رز
قه‌د، باڵا
سه‌روی قه‌د، به‌رزیی باڵا، باڵای به‌رز
سه‌روی قه‌دت له باغی ئه‌ماندایه و نانه‌وێ، شاعیر له ژێر گوشاری کێشی شیعره‌که‌دا، له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێ 'له ئه‌ماندا بێت'، گوتوویه‌تی 'له ئه‌ماندایه'.
به‌و زووه، به‌م زووانه.
واتای سه‌رجه‌می شیعره‌که ئه‌وه‌یه: کاکه، داواکارییم لای خودا ئه‌وه‌یه سه‌روی قه‌دت له باخی ئه‌ماندا بێت و به‌م زووانه نهنهوێت و نه‌که‌وێت، واته هه‌ر به سه‌ر پێوه بی و له جێگه‌دا نه‌که‌ویت و به‌م زووانه‌ش نه‌مریت.
نه‌وین و نه‌وی بون، نزم بوون و که‌وتن
بۆ چاوه‌نۆڕی سه‌روی قه‌دت بۆچی ناته‌وێ؟ ده‌کرێ به‌م شێوه‌یه‌ش بنووسرێت و بخوێنرێته‌وه: "بۆ چاوه‌نۆڕی سه‌روی قه‌دت، بۆچی ناته‌وێ؟" له‌م شێوازه‌ی دووهه‌مدا عیباڕه‌تی "بۆ چاوه‌نۆڕی سه‌روی قه‌دت" له‌گه‌ڵ میسراعهکهی پێش خۆی ده‌که‌وێت و له "بۆچی ناته‌وێ؟" جیا ده‌بێته‌وه. به‌ڵام له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا ڕسته‌که واتای هاوشێوه‌ی هه‌یه و شتێکی ئه‌وتۆی لێ ناگۆڕرێت.
به‌حری عه‌رووزی:
مضارع مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول فاعلات مفاعیل فاعلن.